دەیڤد بارنیا و بنیامین ناتانیاهۆ

بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد(دەستگای هەواڵگری ئیسرائیل) فشاری خستووەتە سەر سەرکردایەتی ئیسرائیل بۆ ئەوەی سەرنجیان لەسەر هێرشکردنە سەر ئێران بێت، وەک ڕێگەیەک بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی میلیشیای حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری ئیسرائیل دژایەتی ئەو پێشنیازەیان کردووە.

ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ و ئیسرائیل کاتز، سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری ئیسرائیل، پێشنیاری دەیڤید بارنیا، سەرۆكی مۆسادیان ڕەتكردووەتەوە، بۆ ڕاستەوخۆ هێرشكردنە سەر خاكی ئێران، لەبری هێرشكردنەسەر حوسییەكان.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامە ئیسرائیلییە، سەرۆكی مۆساد ئاماژەی بەوەكردووە، سێ گەڕی ڕابردووی هێرشەكانیان بۆسەر حوسییەكان كاریگەری نەبووە، هەربۆیە تا ئێستاش حوسییەكان بەردەوامن لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆسەر ئیسرائیل، هەربۆیە پێشنیاری ئەوەی كردووە هێرش بكرێتەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران و سەرچاوەی سەرەكی پارە و چەكی حوسییەكان بنەبڕبكەن.


هەروەها کەناڵی 13ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سەرۆکی موساد بە بەرپرسانی ئەمنیی ڕاگەیاندووە: "دەبێت ڕاستەوخۆ دژی حکومەتی ئێران مامەڵە بکەین، ئەگەر تەنها هێرش بکەینە سەر حوسییەکان، دڵنیام ناتوانین ڕێگرییان لێ بکەین".

هەردوو ڕۆژنامەی هائارێتز و کەناڵی 13ی ئیسرائیل ئەم قسانەیان لە سەرچاوەگەلێکەوە وەرگرتووە کە ناو و ناونیشانیان ڕانەگەیەندراوە.

بەگوێرەی کەناڵی 13، ناتانیاهۆ لەگەڵ هەڵسەنگاندنی بارنیادا نەبووە و ڕایگەیاندووە، ئێران "پرسێکی جیاوازە و لەکاتی گونجاودا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".

لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا حوسییەکان پێنج مووشەکی بالیستیک و لانیکەم پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە مەراسیمی داگیرساندنی مۆمی هانۆکا بۆ فەرمانبەرانی ئۆفیسی سەرۆک وەزیران لە قودس، نەتانیاهۆ بەڵێنیدا حوسییەکان تووشی هەمان چارەنووسی دوژمنانی دیکەی ئیسرائیل دەبن لە ناوچەکەدا.

ناتانیاهۆ هەڕەشەیەكی توندی لە لایەنگرانی ئێران كردووە و وتی، حوسییەکان هەمان شت فێر دەبن کە حەماس و حزبوڵڵا و ڕژێمی ئەسەد و ئەوانی تر فێری بوون. "تەنانەت ئەگەر کاتیشی بوێت، ئەم وانەیە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەكەین ".

سەرۆکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل جەنەراڵ تۆمەر بار ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی "لە هەر شوێنێک پێویست بێت بە هێزەوە مامەڵە دەکات".

وتیشی: سێ جار هێرشمان کردووەتە سەر حوسییەکان لە یەمەن. دەشڵێت: "بە خێرایی و چڕی هێرشەکانمان بەردەوام دەبین و تا ئەو جێگایەی پێویست بێت ئەو هێرشانە زیاد دەکەین".

لە کاتێکدا پێدەچێت ئیسرائیل خۆی ئامادە بکات بۆ لێدانی گورزێکی بەرچاو لەو گرووپە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، پێگەی هەواڵی ینێت ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، هیوایەکی کەم لە قودس هەیە کە هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان ڕابگرێت.

سەرەڕای سێ گەڕی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حوسییەکان، بەڵام حوسییەكان درێژەیان بە هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل داوە.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری شرۆڤەکارانەوە ڕایگەیاندووە، دووری ئیسرائیل لە یەمەن تەحەددایەکی ئۆپەراسیۆنییە کە تەنیا بە پشتیوانی ئەمریکا یان زلهێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوا دەتوانرێت تێپەڕێنرێت.

هەروەها ماڵپەڕی ینێت، بە پشتبەستن بە سەرچاوەی بێ ناو، بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە ئێستادا تەنها توانای ئەوەی هەیە هێرشی حوسییەكان كەم بكاتەوە، ئەم كارەی بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی لە 20-1-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كۆشكی سپی، پاشان بە پشتیوانی ئەوان حوسییەكان لەناودەبەن.

ڤاینێت لە زاری یەکێک لە سەرچاوەکانییەوە نووسیویەتی: حوسییەکان باجی زۆر دەدەن، هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر دەبن. بەڵام ئەم هێرشانە هیچ نین بە بەراورد بەو شتانەی کە دوای چوونە ناوەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی ڕوودەدەن”.


یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکا پشتیوانی لە بیرۆکەی هاوکاریکردنی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا لە دژی حوسییەکان کرد و وتی کە ئەمە ڕێگا بۆ هەنگاوی هاوبەش لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆش دەکات.

حوسییەکان بەڵێنیان داوە تا کۆتایی شەڕی کەرتی غەززە بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل.