نەخشەی بڵاوکراوەی پلانی گواستنەوەی غازی قەتەر بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی سوریا و تورکیاوە
سنورمیدیا ـ

دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، دەسەڵاتداران و میدیاکانی تورکیا باس لە ئەگەری زیندووکردنەوەی پلانی گواستنەوەی غازی قەتەر بۆ ئەوروپایان لە ڕێگەی توركیا و سوریاوە بڵاوكردووەتەوە.

ئالپ ئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزەی تورکیا سەبارەت بە ئەگەری زیندووکردنەوەی پلانی گواستنەوەی غازی قەتەر بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی سوریا و توركیاوە وتی "بۆ سوریایەک کە یەکڕیزی و سەقامگیری بەدەستهێنابێت، بۆچی نا؟".

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ نووسیویەتی، پلانی دروستکردنی بۆری غازی قەتەر-تورکیا کە لە ساڵی 2009 ڕاگیرابوو، دوای ڕووخانی ئەسەد گەڕایەوە بۆ بەرنامەی کار.

بەپێی ئەو نەخشەیەی ئەنادۆڵ بڵاویکردووەتەوە، بۆرییەکە لە قەتەرەوە بە خاکی سعودیە و سوریادا تێدەپەڕێت تا دەگاتە تورکیا و دواتر بولگاریا و ئەوروپا.

ئەم بۆرییە لە نزیک سنووری عێراقیش تێدەپەڕێت و لقێکیشی دەتوانێت پێداویستییەکانی غازی عێراق دابین بکات.

میدیاكەی سەر بە حكومەتی توركیا نووسیویەتی، ئەم پڕۆژە پێشنیار کراوە لە ساڵی 2009ەوە لە بەرنامەی کاردا بوو و بڕیار بوو بە سعودیە و ئوردن و سوریادا تێپەڕێت، بەڵام بەهۆی دژایەتی ئەسەدەوە وەستا.

هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە هۆكاری سەرەكی دژایەتی كردنی بەشار ئەسەد بۆ ئەم پڕۆژەیە، دەگەڕێتەوە بۆ گوشارەكانی ڕوسیا بۆ سەر ئەسەد، چونكە لە ئێستادا بەشێكی زۆری غازی ئەوروپا ڕوسیا دابینی دەكات.

حکومەتی ئەسەد وێڕای دژایەتیکردنی ئەم پڕۆژەیە، پلانی "بۆری غازی عەرەبی"ی ڕاگەیاند، کە بڕیار بوو میسر بە تورکیاوە ببەستێتەوە، بەڵام دوای ململانێکانی سوریا، نەتوانرا هیچ پلانێک جێبەجێ بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە لە ساڵی 2013 کۆماری ئیسلامی و عێراق و سوریا ڕێککەوتننامەی هەناردەکردن و ترانزێتی غازیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا غازی ئێران بۆ ئەو وڵاتانە و پاشان بۆ لوبنان و ئەوروپا هەناردە بکرێت، هەروەها ڕێککەوتن کرا کە غازی تورکمانستان لە ڕێگەی ئێران و تورکیەوە بگاتە ئەوروپا.

لە ساڵی 2006 تاران و ئەنقەرە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و بەپێی ئەو یاداشتە بڕیار بوو ئێران بەشێک لە گازەکەی لە ڕێگەی تورکیەوە هەناردەی ئەوروپا بکات.

ئەمریکا دژی ئەم پلانە وەستایەوە و دوای ئەوە هیچ کام لە پلانەکانی گواستنەوەی گازی ئێران بۆ ئەوروپا جێبەجێ نەکراوە.