ناتالیا کاڤاڵکانتی دەڵێت، بە قازانجی کاری سێکسی خانوویەکی دروستکردووە

سنورمیدیا - 

دایان لیت، هەرگیز بەنیازی ئەوە نەبووە ببێتە لەشفرۆش، بەڵام کاتێک تەمەنی 17 ساڵ بوو، هاوسەرەکەی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا و توانای پرسە دانان و بەخاكسپاردنی نەبوو.

شارۆچکەی ئیتایتوبای زێدی خۆی لە ویلایەتی پارای باکووری بەڕازیل لە ناوەندی کاروباری نایاسایی کانگاکردنی زێڕی وڵاتەکەیدایە، بۆیە هاوڕێیەکی پێشنیاری کردووە پارەکە بەدەستبهێنێت لەڕێگەی سێکسکردن لەگەڵ کانگەرەکان (ئەو پیاوانەی لە كانەكاندا ئیشدەكەن) لە قووڵایی جەنگەڵەکانی ئەمازۆن.

ئەو دەڵێت: "چوون بۆ کانەکە قومارێک بوو، چونکە ژنانی ئەوێ زۆر زەلیلن، ڕەنگە شەق لە دەموچاویان بدرێت و هاواریان بەسەردابكرێت و ئەشكەنجەبدرێن".

ئەو بیری دێنێتەوە و دەڵێت: "جارێک لە ژووری نووستنەکەمدا خەوتبووم، پیاوێک لە پەنجەرەکەوە بازێکی دا و دەمانچەیەکی خستە سەر سەرم و بەزۆر سێكسی لەگەڵداكردم، پیاوانی ئەوێ كە پارەت دەدەنێ دەیانەوێت ببنە خاوەنت".

لە ماوەی 16 ساڵی ڕابردوودا، وەک زۆرێک لە ژنانی دیکەی ئیتایتوبا، جارجارە دەگەڕایەوە بۆ کانەکان بۆ ئەوەی وەک چێشتلێنەر و جلشۆر و خزمەتکار و لەشفرۆش کار بکات، ئێستا خێزانێکی حەوت کەسی هەیە کە دەبێت بە جۆرێک پشتگیریان بکات و بەخێویان بكات.

دایان لە تەمەنی 12 ساڵییەوە لە کانەکانی زێڕدا کاردەکات

ناتالیا کاڤاڵکانتێ، کە لە تەمەنی 24 ساڵیدا بوو بە لەشفرۆش لە یەکێک لە کانە دوورەکانی ناوچەکە و دەڵێت "نامەوێت بڵێم هەموو ژنانی شارەکە سەرقاڵی ئەم کارەن، بەڵکو بەشێکی بەرچاو لەوان کاری لەشفرۆشی دەکەن. واقیعەکە ئەوەیە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بووەتە شتێکی ئاسایی و ئێمە لە ڕاستیدا زۆر گرنگی پێنادەین”.

دوای چوار ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ خاوەن باڕێک کرد و وازی لە لەشفرۆشی هێنا تا ببێتە سەرۆکی خانەیەکی لەشفرۆشی، بەڵام لەم دواییانەدا بۆ ئەوەی ئاگاداری خوشکەزاکەی بێت، دەستی لەم کارە کێشاوەتەوە.

حکومەتی بەرازیل دەڵێت لە نێوان 80 بۆ 800 هەزار پیاو لە كێڵگە نایاساییەکان کاردەکەن

ژیان لە گوندەکانی کانگا کە دەکەونە ناو دارستانە باراناوییەکانەوە زۆر سەختە، بەڵام کانگەرەکان خۆیان لە شوێنە دوورترەکان، لە کۆشکەکاندا دەژین کە لە دار و تەرپۆلین دروستکراون.
ئەو ژنانەی لەم شوێنانە کاری چێشتلێنەر دەکەن، ناچارن لەگەڵ پیاوان لەم کەمپانەدا بژین.

ناتالیا دەشڵێت، کانگەرەکان هەرکاتێک زێڕیان دۆزییەوە لە گوندەکاندا دەردەکەون و پارەیان هەبێت بۆ خەرجکردن. خانمان دەڵێن هەندێکجار دەبێت پێش سێکس ڕازی بکرێن خۆیان بشۆن، چونكە ماوەیەكی زۆر خۆیان ناشۆن و بۆنی ناخۆشیان لێدێت.

بەڕێوەبردنی خانەی لەشفرۆشی بەپێی یاساکانی بەرازیل نایاساییە، بەڵام ناتالیا دەڵێت هیچ پارەیەک وەرناگرێت، تەنها کارمەند بۆ باڕەکە بەکرێ دەگرێت و ژوورەکان بەکرێ دەدات، ژنە گەنجەکان تەلەفۆنی بۆ دەکەن و داوای کار دەکەن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەستی ناخۆش نییە کە ژنانی دیکە كردووە بە لەشفرۆش دەڵێت: هەندێکجار لە دڵی خۆمدا بیر لەوە دەکەمەوە کە من لەو دۆخەدا بووم و زۆر باش نەبووە، بەڵام ئەم کچانە پێویستیان بە کار هەیە، یەك دوانێكیان بە تەمەن منداڵان و ئەوانیش دەبێت بژێوی ژیانیان دابین بکەن، بۆیە ئێمە ئەم دۆخە قبوڵ دەکەین”.

ناتالیا تەنانەت پێش هاوسەرگیریش پارەیەکی زۆری بەم كارە دەستکەوتبوو، ئێستا خاوەنی خانوویەکی تایبەتە لە ئیتایتوبا و ماتۆڕسکیلێک و بڕێکی بەرچاو زێڕی هەیە، کە هەندێکجار لە شێوەی دوو سێ گرام وەک کرێی کاری سێکسی وەریدەگرت.

ئامانجی ئێستای خوێندنی یاسا یان ئەندازیاری بیناسازییە.

ئەو دەڵێت هەندێک لە ژنانی ئیتایتوبا کە نازناوی شاری زێڕیان لێنراوە، بەو پارەیەی کە بەدەستی دەهێنن، بزنسی باشیان دامەزراندووە.

بەڵام چوونە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی کانگاکان و ژینگە سەخت و بێ یاساییەکەی، مەترسییەکی گەورەیە.

لە کاتێکدا زیانە ژینگەییەکانی ئەم کانانە بە باشی ناسراوە، بەڵام تێچووی مرۆیی ئەوان - کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت توندوتیژی، ئیستغلالکردنی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەخۆدەگرێت - تاڕادەیەکی زۆر نادیارە.

بازرگانێکی کانزا بەنرخەکان بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، زێڕی نایاسایی ئەم کانانە بەزۆری وەک زێڕی هاوبەشی کانگەرەکان کۆتایی دێت و پێش ئەوەی هەناردە بکرێت دووبارە ناوی لێدەدرێتەوە و بۆ دروستکردنی زێڕینگەریی یان پارچەی مۆبایل یان کاڵا ئەلیکترۆنیەکانی دیکە بەکاردەهێنرێت.

کەنەدا، سویسرا و بەریتانیا سێ کڕیاری سەرەکی زێڕی بەڕازیلن، بەپێی ئاماری دامەزراوەی بیرکردنەوەی سکۆهاس، زیاتر لە ٩٠%ی هەموو هەناردەکردنی زێڕ بۆ ئەوروپا لەو ناوچانەوە دێت کە کانگاکردنی زێڕی نایاسایی تێیدا بەردەوامە.

ڕایلا سانتۆس لە شارۆچکەیەکی کانگاکان بەهۆی ئەوەی ڕەتیكردەوە سێكس لەگەڵ پیاوێک بكات، کوژرا.

کوشتنی ژنان لە گوندە کانگاکان دەگمەن نەبووە، ساڵی ڕابردوو ڕایلا سانتۆس تەمەن 26 ساڵ لە ژوورێکی نزیک کانگای زێڕی کۆیۆ-کۆیۆ کە 11 کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل لە ئیتایتوبا دوورە، بە مردوویی دۆزرایەوە.

ڕەیلین، خوشکە گەورەکەی ڕایلا، دەڵێت پیاوێک پارەی بۆ لەشكڕین پێداوە و ئەویش ڕەتیکردووەتەوە، بۆیە دواتر پیاوەکە دۆزیویەتیەوە و لێیداوە و کوشتوویەتی.

ڕەیلین دەڵێت "ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەمرن، من لە تەنیشت کانەکەوە لەدایک بووم، لە تەنیشت کانەکەوە گەورە بووم، بەڵام ئێستا دەترسم لە تەنیشت کانەکەوە بژیم".

کەسێک لە پەیوەندیدار بە کوشتنی ڕەیلا دەستگیرکراوە، بەڵام تا ئێستا دادگایی نەکراوە، ئەم پیاوە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە ئاراستەی دەکرێت.

ڕووبەری کانگاکردنی زێڕی نایاسایی لە بەرازیل لە ماوەی 10 ساڵدا تا ساڵی 2023 زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 220 هەزار هێکتار - کە ڕووبەرێکە لە ناوچەی گەورەی لەندەن گەورەترە.

کەس نازانێت چەند ژن لەو ناوچانە کار دەکەن و تەنانەت چەند کانگەری نایاسایی تێیدا کار دەکەن. حکومەتی بەرازیل دەڵێت، دوایین ئامارەکان دەتوانن لە هەر شوێنێکەوە بێت لە 80 هەزار بۆ 800 هەزار.

لە سەردەمی سەرۆکایەتی لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، حکومەت ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ داخستنی کانە نایاساییەکان و ڕێگریکردن لە بازرگانەکان بۆ کڕینی ئەو زێڕەی بەرهەم هێنراوە، بەڵام گرانی نرخی زێڕ هێشتا وەسوەسەی زۆرێک لە پیاوان دەکات بۆ ئەوەی بەختی خۆیان لەو کانانەدا تاقیبکەنەوە.

دایان دەیەوێت واز لە کارکردن لە ناوچە کانگاکان بهێنێت بەهۆی مەترسییەکان و ئەو کاریگەرییە سەختانەی کە لەسەر جەستەی دروستی دەکات.

ئەو پلانی ئەوە دادەنێت کە هیوادارە دوا گەشتی بێت، ئامانجی ئەو ئەوەیە کە پارەیەکی ئەوتۆ بەدەستبهێنێت لە کاتی گەڕانەوەیدا لە دوو سێ مانگدا نانەواخانەیەک بکاتەوە، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە ڕەنگە نەتوانێت بگاتە ئەو ئامانجە.

دەڵێت هەرکاتێک بەتەنها بێت و لە کێودا پیاسە بکات، خەمی منداڵەکانی دەبێت.

ئەو دەڵێت "بەردەوام دەبم لە هەوڵدان، تا ئیتر ناتوانم چونکە پێموایە ڕۆژێک منداڵەکانم دەڵێن: دایکمان زۆر ماندوو بووە". "ئەو بەرگەی ئەوەی بەسەریدا هات بۆ ئێمە و هەرگیز وازی نەهێنا".