حسێن سەلامی، فەرماندەی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دوایین لێدوانی خۆیدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا ڕایگەیاند، "دواین کەس کە هێڵی (بەرخۆدان لە سوریا)یان بەجێهێشت، ئەندامانی سوپای پاسداران بوون.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای سەر بە ئێران، سەلامی وتویەتی" هەندێک کەس چاوەڕێی ئەوە دەکەن لەبری سوپای سوریا بچین شەڕ بکەین، ئایا دەگونجێت ئێمە هەموو سوپای پاسداران و بەسیج سەرقاڵ بکەین بۆ شەڕکردن لە وڵاتێکی تر؟، لە کاتێکدا سوپای ئەو وڵاتە سەیری چیرۆکەکە دەکات؟"

ئەم وتانەی فەرماندەی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئێران دوای ئەوە هات، زۆرێک لە هێزەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی ڕەخنەیان لە نەبوونی ئامادەیی سەربازی لەو وڵاتە و پێشگرتن لە ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد گرت.

فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە درێژەدا وتی: بەڕاستی سوپا شەو و ڕۆژ هەوڵی دەدا تا دەتوانێت هاوکاری بکات. "دەبێت لەگەڵ واقیعەکانی سوریادا بژین".

دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو "هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکانی سوریا لە ژووری فەرماندەیی ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی بۆ دانراوە".

خامنەیی لە یەکەم وتارەکەیدا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند "بەڵگەکان هیچ بوارێک بۆ گومان ناهێڵنەوە کە بریکار و پیلانگێڕی سەرەکی ڕووداوەکانی سوریا" ئەمریکا و ئیسرائیل بوون.

ناوبراو لە وتارەکەیدا لە حوسێنییە سەر بە ئیمام خومەینی لە تاران وتی: حکوومەتێکی دراوسێی سووریا ڕۆڵێکی ئاشکرای بینیوە و تا ئێستاش دەیگێڕێت، بەڵام ژووری فەرماندەیی سەرەکی لە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە.

پێدەچێت ڕێبەری ئێران ئاماژەیە بۆ ڕۆڵی تورکیە لە پشتیوانیکردنی یاخیبووانی بەشار.