سنورمیدیا - بی بی سی فارسی

بەشار ئەسەد لە ماوەی نزیکەی 25 ساڵی سەرۆکایەتی سوریادا یەک هاوەڵی بەردەوامی لە تەنیشتی هەبووە، ئەویش ئەسمای هاوسەری كە لەدایکبووی بەریتانیایە.

ئەم ژنە تەمەن 49 ساڵە، کە سەردەمانێک هێمای سوریایەکی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز بوو، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ماڵوێرانکەری ئەو وڵاتە لە مانگی ئازاری ساڵی 2011ەوە، ئامادەیی گشتیی کەمی هەبووە و لەچاوی میدیاكان دووركەوتەوە.

ئەسما ئەخرێس، لە شاری ئەکتۆنی لەدایکبووە کە ناوچەیەکی ڕۆژئاوای لەندەنە، لە دایک و باوکی بەڕەگەز خەڵكی سوریان، باوکی پزیشکی دڵ و دایکی دیپلۆماتکار بووە. لە قوتابخانەیەکی ئەهلی خوێندوویەتی و هاوڕێکانی لەوێ پێیان وتووە "ئیما".

دوای ئەوە لە کۆلێژی بەناوبانگی کینگ لە لەندەن زانستی کۆمپیوتەری خوێندووە و چووەتە ناو پیشەی بانکی وەبەرهێنانەوە. ئاشنابوونی لەگەڵ بەشار ئەسەد کە ئەوکاتە لە لەندەن خەریکی خوێندنی نەشتەرگەری چاو بوو، هەر لە هەمان شاردا بوو.

ئەسما ساڵی 2000 ڕووی لە سوریا کرد و هەمان ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ بەشار ئەسەد کرد. ئەم هاوسەرگیرییە تەنها چەند مانگێک دوای ئەوەی بەشار ئەسەد لە شوێنی باوکی حافز ئەسەد وەک سەرۆک کۆمار دەستبەكارببوو.

ساڵانێک ڕۆژئاوا هیوای خواست کە پاشخانی بەریتانی ئەسما بتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ چاکسازی سیاسی لە سوریا. بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیایەکی PRی بەریتانی بەکرێ گیرا بۆ ئەوەی یارمەتی بدات و ببێتە ڕووخساری نێودەوڵەتی وڵاتەکە.

لەو کاتەدا زۆر کەس ئەو هاوسەرگیرییەیان وەک دەرفەتێک دەزانی بۆ تێکەڵکردنی بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی سوننەی ئەو وڵاتە کە ئەسما سەر بەوانە و عەلەوییەکانی سوریا کە ئەسەد سەر بەو وڵاتەیە. بەڵام ڕۆڵی ئەسما وەک خانمی یەکەم گرژی و ئاڵۆزی لە بنەماڵەی ئەسەد دروست کردووە. ئەم گرژییە بە تایبەتی لەگەڵ بوشرا خوشکی سەرۆک و ئەنیسا دایکی زۆر بوو کە زۆر گرنگی بە پەیوەندییە گشتیەکان نەدەدا.

ستراتیژی پەیوەندییە گشتییەکان بەشێکی سەرکەوتوو بوو. لە شوباتی 2011 گۆڤاری ڤۆگی ئەمریکی بابەتێکی ستایشی لەسەر ئەو بڵاوکردەوە بە ناوی "ڕۆزی بیابان". لە بابەتەکەدا - کە دواتر لە هەردوو چاپی چاپکراو و ئۆنلاین گۆڤارەکە لابرا - ئەسما بە "جوانێکی باریک و باڵابەرز و خاوەن عەقڵێکی شیکاری و ڕاهێنراو کە جل و بەرگی زیرەک و سادە و لە هەمان کاتدا سەرنجڕاکێشە" و هەروەها "سەرنجڕاکێش، گەنج و... زۆر شیک" باسی کردبوو.

نووسەری بابەتەکە، جولیەت جوان باک، دواتر پەشیمان بووەتەوە لە نووسینەکەی و دەڵێت، ئەم بابەتە ناوبانگی پیشەیی ئەو "لەکەدار کردووە" و کۆتایی بە هاوکارییەکانی لەگەڵ ڤۆگ هێناوە.

کەمتر لە مانگێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە، ئەسەد بە توندوتیژی ڕاپەڕینێکی ئاشتیانەی لایەنگری دیموکراسی سەرکوت کرد. ئەمەش شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوخۆی لێکەوتەوە کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا و 12 ملیۆن کەسی دیکەش ئاوارەبوون.

نزیکەی ساڵێک دواتر، لە مانگی شوباتی ساڵی 2012، ئەسما یەکەم لێدوانی گشتی خۆی سەبارەت بەو شەڕەی کە لە وڵاتەکەیدا سەریهەڵدابوو. بە سادەیی وتی کە "هاوسۆزی قوربانیانی توندوتیژییە". لە بەیاننامەیەکدا کە بە ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی دراوە، پشتیوانی خۆی بۆ هاوسەرەکەی دووپاتکردووەتەوە و دەڵێت: سەرۆک سەرۆکی هەموو سوریایە، نەک تەنها گروپێکی دیاریکراوی سوری، منیش وەک خانمی یەکەم لەو ڕۆڵەدا پشتگیری لێدەکەم".

هەر لەو ساڵەدا گورزێکی دیکە لە وێنەی گشتی ئەو درا. چالاکوانان هەزاران ئیمەیڵی تایبەتیان بڵاوکردەوە کە گوایە سەر بە بنەماڵەی ئەسەدن، کە ئەمەش ئارەزووی ئەسمای بۆ کاڵای لوکس ئاشکرا کرد. ئیمەیڵەکان کە بۆ یەکەمجار ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایان کردووە، گوایە ئەسما بەدوای پێڵاوی پاژنە بەرزدا دەگەڕێت کە بەهای پێنج هەزار دۆلارە و پاژنە بەرزەکەی 16 سم، لە کاتێکدا وڵاتەکە ڕووبەڕووی پەرەسەندنی نائارامی بووەتەوە.

بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2022، سامانی پاکی بنەماڵەی ئەسەد لە نێوان یەک بۆ دوو ملیار دۆلار مەزەندە کراوە. ئەسما خۆی لە مانگی ئازاری ساڵی 2012 لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە قەدەغە کرا. تا ساڵی 2016 وازی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا بیانییەکان هێنا. لەو ساڵەدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی 24ی دەوڵەتی ڕووسیا ڕایگەیاند، پێشنیاری جێهێشتنی سوریای پێگەیشتووە بەڵام ڕەتیکردووەتەوە، هەروەها ڕوونی نەکردەوە ئەم پێشنیازانە لە کێوە هاتوون.

وتیشی" لە سەرەتاوە لێرەم و هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە لە هیچ شوێنێکی تر بم". بەڵێ، پێشنیار کرابووم کە سوریا بەجێبهێڵم، یان بە واتایەکی تر بۆ ئەوەی لە سوریا هەڵبێت. ئەم ئۆفەرانە گەرەنتی سەلامەتی و پاراستنی منداڵەکانم و تەنانەت پشتگیری داراییشیان لەخۆگرتبوو. پێویست بەوە ناکات بۆ ئەوەی بزانرێت مەبەستی ڕاستەقینەی ئەم کەسانە چی بووە. "ئەمە هەوڵێکی بە ئەنقەست بوو بۆ شکاندنی متمانەی خەڵک بە سەرۆکەکەیان".

لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ، ئەسما ئەرکی کاری خێرخوازی گرتە ئەستۆ و لەگەڵ بنەماڵەی سەربازە کەوتووەکان کۆبووەوە و سەرۆکایەتی سکرتاریەتی گەشەپێدانی سوریای کرد، کە ڕێکخراوێکی ناحکومی گەورەیە و هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری دەکات. لە ساڵی 2018 تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە و چارەسەری وەرەمێکی شێرپەنجەیی بۆ کراوە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا. دوای ساڵێک بە ئاشکرا چاکبوونەوەی تەواوی خۆی ڕاگەیاند.

لە مانگی ئایاری ساڵی 2024دەستەی سەرۆکایەتی سوریا ڕایگەیاند، ئەسما تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بڵاوکراوە، ناچاربوو دەست بە ماوەی چارەسەری تایبەت بکات کە پێویستی بە کەرەنتینە و کشانەوە لە چالاکییە گشتیەکان هەبوو.

ماوەی سەرۆکایەتییەکەی وەک خانمی یەکەمی سوریا لەناکاو کۆتایی هات. ئەمەش کاتێک ڕوویدا بەشار ئەسەد، لە پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دیمەشقی پایتەختی سوریایان گرت.

بەگوێرەی میدیای دەوڵەتی ڕووسیا، ئێستا بنەماڵەی ئەسەد لە ڕووسیان کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ڕژێمی پێشوون و مافی پەنابەری سیاسییان پێدراوە.