مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، لە پەرلەمانی وڵاتەكەی بێهیواكرا و وتی "ئەمریكا تاوانبار نییە".
کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی ڕۆژی شەممە 17-8-2024، بە کاتی تاران، دانیشتنی گشتیی پەرلەمانی ئێران بۆ دەنگدانی متمانە بە کابینەی پێشنیارکراوی مەسعوود پزیشكیان دەستی پێکرد .
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، پزیشكیان بەرگری لە وەزیرە پێشنیار کراوەکانی کردووە و وتوویەتی "ئەگەر دەنگی گەل لە کاتی خۆیدا نەبیسترێت، نائومێدیی ڕوودەدات و دەبێتەهۆی لەناوچوونی هیوا و متمانە".
لە درێژەی قسەکانیدا وتوشیەتی "تەواوی شەڕەکە لەسەر ئەوەیە کە خەڵک ڕازی بن، ئێمەش هۆکاری ئەو ڕەزامەندییەین، ئەمڕۆ ئەمریکا تاوانبار نییە لە ناڕازیبوونی گەلەکەمان".
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و نەیاری مەسعوود پزیشكیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، لە سەرەتای کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند، ئەو کۆبوونەوانە تا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبن و لە هەمان ڕۆژدا دەنگدان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی سەرۆك كۆمار
مەسعود پزیشكیان، لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر دژایەتی گەندەڵی کردەوە، وتی" حکومەت دەبێت ئامرازی خزمەتکردن بێت، ئەگینا وەک لوتی بزن بێ بایەخ و بێ نرخە". لە درێژەدا داوای لە پەرلەمانتاران کرد بە لێکتێگەیشتن و هاودەنگی و گرنگیدان بە دۆخی وڵات دەنگ بە هەموو کابینە پێشنیار کراوەکە بدەن.
لە ناوەڕاستی وتارەکەدا پزیشكیان قسەکانی پچڕاندووە و وتوویەتی "پێدەچێت نوێنەران تاقەتی قسەکردنیان نەبێت، سەرۆك كۆمار نوێنەرانی ئاگادار کردۆتەوە کە دەنگە دەنگ نەکەن".