شنیار ئەنوەر و سەركەوت شەمسەدینی هاوسەری

 

پاش ئەوەی چونە ناو ڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەلایەن باڵی دەستڕۆشتووی ئەو حزبەوە بەڵێنی ئەوە بە شنیار ئەنوەر دراوە، لە هەڵبژاردن پشتیوانی بكرێت و پاش هەڵبژاردنیش پۆستی باڵای پێبدرێت.


سنورمیدیا ئەوەی زانیوە، سەركەوت شەمسەدین و شنیار ئەنوەری هاوسەر، پێشتر هەوڵی ئەوەیان داوە بچنەناو ڕیزەكانی ڕەوتی هەڵوێست (لیستەكەی عەلی حەمەساڵح) بەڵام دوای ئەوەی سەركردایەتی ئەو حزبە، رازینەبوون بە كاندید كردنی شنیار ئەنوەر، بۆ پەرلەمانی كوردستان، ئەو دوو هاوسەرە بڕیاری ئەوە دەدەن بچنەناو ڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی سنورمیدیا، سەركەوت شەمسەدین و شنیار ئەنوەر، بەڵێنی گەورەیان لەلایەن باڵی دەستڕۆشتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە پێدراوە و یەكێك  لە بەڵێنەكان كاندید كردنی شنیار ئەنوەرە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.


شنیار ئەنوەر، دڵنیای ئەوەی پێدراوە بەدەنگی تایبەت (پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە و دژەتیرۆر) دەریبچێنن بۆ پەرلەمانی كوردستان، جگە لەوەش پاش هەڵبژاردن پۆستێكی باڵای پێبدرێت و وەك وتەبێژی لیستی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دیاری بكرێت.

شنیار ئەنوەر و سەركەوت شەمسەدین، دوو هاوسەری دیاری كوردستان و ساڵانێكە دژی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی لە ژێر ناوی چالاكوان و كەسایەتی سیاسی سەربەخۆ كاریان دەكرد.