"بە ئەگەری زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەكان دەنێرێت"
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت، بەردەوام چاودێری پڕۆسەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەین و هەفەتەی داهاتوو مووچەی هێزە ئەمنییەكان دەگاتە هەرێم.
سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سنورمیدیای ڕاگەیاند، بەردەوام چاودێری پڕۆسەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە دەكەن.
وتیشی"ئەمڕۆ پەیوەندیمان بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە كرد، پێیان ڕاگەیاندین وردبینی مووچەی هێزە ئەمنییەكان كۆتایی هاتووە، بە ئەگەرێكی زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەكان بۆ هەرێم دەنێرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆسەی وردبینی كردن ڕێكارێكی دارایی و كارگێڕییە و ئاساییە حكومەتی عێراق ئەنجامی بدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-6-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق، بەشێكی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕەوانەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە تائێستا مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكانی نەناردووە.