لاهور شێخ جەنگی لە هەولێر لەگەڵ کونسوڵی چواردە وڵات کۆبووەوە و جوڵەی سیاسی و پلانی داهاتوی خۆی بۆ روونکردوونەتەوە.

دوێنێ لاهور شێخ جەنگی، لەگەڵ كونسوڵی ژمارەیەك وڵات لە شاری هەولێر كۆبووەوە، کونسوڵی ئەو وڵاتانە، کە دیارترینیان ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و رووسیا و ئەڵمانیا بوون، پرسیاریان لەبارەی هەنگاوی داهاتووی لاهور شێخ جەنگییەوە کردووە.

لاهور شێخ جەنگی جگە لە تورکیا و ئێران کونسوڵی زۆربەی وڵاتانی بانگێشت کردووە، ئەمەش وەك هەڵوێستێك دژی بۆردومانە بەردەوامەكانی ئەو دوو وڵاتە بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان.

لەکۆبوونەوەکەدا نوێنەری وڵاتان پرسیاریان لە لاهور شێخ جەنگی هەبووە لە بارەی هەنگاوی داهاتووی، لە وەڵامی نوێنەری وڵاتاندا لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە، ئامادەیە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان، کە لە حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێکبێن.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە باسکردن بووە لە گۆڕانکاری لە پرۆسەی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.