وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم رایدەگەیەنێت؛ لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە ڕێکەوتوین و هیوادارین لەپەرلەمانیش بێ کێشە تێپەڕێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ دکتۆر تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، وەزیری دارایی ڕایگەیاند؛ بۆردومانەکان درێژکراوەی ئەو فشارە ئابوری و سیاسی و ئەمنیانەیە کە ماوەی چەند ساڵیکە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەئامانج کردنی سەرمایەدارەکانیش بۆ لێدانە لە ئابوری هەرێمی کوردستان و ڕێگری کردن لە گەشەکردن و ئاوەدان کردنەوە زیاتری هەرێمەکەمانە.
لەسەر دواین پەرەسەندنەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، وەزیری دارایی ڕایگەیاند؛ لەدواین سەردانیان بۆ بەغداد لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتونەتە ڕێکەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات و هیواشی خواست لەپەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت.
دەربارەی دۆسیەی نەوتیش وەزیری دارایی وتی: لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچوی دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هاتۆتە ئاراوە و ئومێد دەکەن لەئایندەیەکی نزیکدا لەسەر دۆسیەی نەوت بەتەواوی بگەنە ڕێکەوتن.
لای خۆشیەوە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند؛ هەست بەو فشارو کاریگەریانە دەکەن کە لەسەر ئابوری هەرێم و مووچە خۆران هەیە و هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ڕێکەوتنێکی گشتگیر.