تاک
ڕۆژی یەک شەممە ٢٧ی ئاب کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی هەدەپە ئەنجام درا و هەریەک لە سوڵتان ئۆزجان Sultan Özcan و جاهیت کرکازاک Cahit Kırkazak وەک هاوسەرۆکی نوێی پارتەکە هەڵبژێردران.
کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی هەدەپە دەرەنجامی شکستی پارتەکە بوو لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا. کە تێیدا ڕێژەی دەنگ و کاندیدە سەرکەوتووەکانی هەدەپە بۆ پەرلەمان کەمی کرد و لە هەمان کاتدا بەهۆی پشتیوانی پارتەکە لە کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ئەندام و لایەنگر و دۆستانی بووەوە.
کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی هەدەپە کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بە بەشداری ٩٠٤ ئەندام بەڕێوەچوو، بە هۆی نەبوونی ڕکابەرەوە هەریەک لە سوڵتان ئۆزجان و جاهیت کرکازاک ڕێژەی تەواوی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەیان بەدەستهێنا.
دوای شکستی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی لە نزیکترین کاتدا دەرکرا، لە هەمان کاتدا هاوسەرۆکانی پارتەکە میتحەت سانجار و پەروین بوڵدان بڕیاریاندا خۆیان بۆ پۆستی هاوسەرۆکی هەدەپە کاندید نەکەنەوە.
دوای کۆبوونەوەی چڕ و پڕی بەرپرسانی هەدەپە لەگەڵ ئەندام و لایەنگر و شارەزایانی هەدەپە بۆ ماوەی دوو مانگ، دواجار لە کۆنگرەی چوارەمی نائاسایی هەدەپە-دا هاوسەرۆکانی پارتەکە گۆڕدران.
لە لایەکی دیکەوە هەدەپە بڕیاری داوە لە ماوەی مانگێکدا بڕواتە ناو پارتی چەپی سەوز (یەسەپە).

سەرچاوە: سایتی ڕۆژنامەی جمهوریەت، دەنگی ئەمریکا/ تورکی
https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/hdp-4uncu-olaganustu-kongresini-yapti-yeni-es-genel-baskanlar-sultan-ozcan-ve-cahit-kirkazaktan-ilk-mesaj-2113082
https://www.voaturkce.com/a/kurt-siyasi-hareketi-hdp-yi-kizaga-cekti/7243316.html