تاك
بە هۆی ئەو پێكدادانە چەكدارییەی كە لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەشێك لە چەكدارەكانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور ڕوویدا، كە بەشێكە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات، 22 كەس گیانیان لەدەست دا. لە نێو ئەم كوژراوانەدا 3 هاووڵاتی مەدەنی بوونیان هەیە و پێكدادانەكان لە چەند گوندێكی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور، كە بەشێكە لەو بەڕێوەبەرایەتییەی كە لە ڕۆژئاوای كوردستان دروستبووە، ڕووی دا.
ئەم پێكدادانە چەكدارییانە دوای ئەوە هات كە هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕۆژی یەك شەممە (27/ 8/ 2023) لە حەسەكە فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور (ئەبو خەولە)یان بەتۆمەتی "تێوەگلان لە گەندەڵی و تاوان" دەستگیركرد.
دوای ئەم دەستگیركردنە بەشێك لە چەكدارەكانی ئەنحومەنی سەربازی دێرەزوور پەلاماری چەند بارەگایەكی هێزەكانی سوریای دیموكراتیان دا و گرژی دروستبوو، دواتر ئەم گرژییانە سەریانكێشا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە چەند گوندێكی پارێزگای دێرەزوور.
بەپێی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بێت، ئەبو خەولە فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور لە "قاچاخچێتی تێوەگلاوە و بەشێوەیەكی نایاسایی سامانێكی زۆری كۆكردووەتەوە" و دەسەڵاتەكانی خراپ بەكارهێناوە.
ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور، كە سەرجەم چەكدارەكانی عەرەبن، بەشێكە لە پێكهاتەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی بەشێك لە پارێزگای دێرەزوور كە زۆربەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی عەرەبن.
زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای دێرەزوور بەشێكن لە بەڕێوەبەری خۆسەری لە ڕۆژئاوای كوردستان. عومەر ئەبو لەیلا چالاكوانێكی دێرەزوورە و بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی (دێرەزوور 24) میدیاییە، دەڵێت ئەوەی كە "ئەمڕۆ ڕوودەدات دەستنیشانكردنی ئامانجەكانە".
ئەو دەڵێت كە دوای دەستگیركردنی ئەبوخەولە "سەركردە گەندەڵەكان ترسیان لێنیشتووە و بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە خۆیان، پرسەكەیان گۆڕیوە بۆ پرسی خێڵەكی و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان كورد و عەرەب". ئەم پرسە ئەگەر بەخێرایی چارەسەر نەكرێت، بەبۆچوونی ئەو، ئەوا "كاریگەری نەرێنی" لەسەر ناوچەكە دەبێت.
ڕۆژێك دوای ڕووداوەكانی پارێزگای دێرەزوور، هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ڕاگەیانراوێكدا پێكدادانەكانیان وەك "ئۆپەراسیۆنێك بۆ چەسپاندنی ئاسایش لە دێرەزوور" ناوبرد و ئەوەیان دووپاتكردەوە كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا تەنها ئەو كەسانە دەكرێنە ئامانج كە "تاوانكارن ... و لە قاچاخچێتی تێوەگلاون".

سەرچاوە
https://www.arabnews.com/node/2364061/middle-east