نووسینی: دارا ماسیکۆت
وەرگێڕانی: تاک
سێ مانگ پێش داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیاوە لە
2022دا، (ویلیام بێرنس) بەڕێوەبەری CIA و (جۆن سولیڤان) باڵیۆزی ئەمەریکا
لە ڕووسیا لە شاری مۆسکۆ چاویان بە (نیکۆلای پاتوشێڤ) کەوت، ڕاوێژکارێکی زیاد لە
ڕادە هەڵۆئاسا بۆ ڤلادمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا. بێرنس و سولیڤان بە پاتروشێڤیان
ڕاگەیاند، کە ئەوان ئاگاداری پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیان لە لایەن ڕووسیاوە و
ڕۆژئاوا کاردانەوەی زۆر توندی دەبێت گەر ڕووسیا ئەو پلانە جێبەجێ بکات. بە وتەی
بێرنس، پاتروشێڤ هیچ شتێکی دەربارەی ئەو داگیرکارییە باس نەکرد، بەڵکو سەیری ناو
چاوی هەردووکیانی کرد و لە ڕوانگەی بێرنسەوە ئەم پەیامەی گەیاند: سوپای سەربازی
ڕووسیا دەتوانێت ئەوە بەدەست بهێنێت کە دەیەوێت.
پاش ئەوەی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەم دوو
کەسایەتییە ئەمەریکییە بە جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانیان ڕاگەیاند، کە
مۆسکۆ بڕیاری کۆتایی خۆی داوە. پاش ماوەیەکی کەم، واشنتۆن دەستی کرد بە ئاگادارکردنەوەیەکی
ئاشکرای جیهان سەبارەت بە هێرشی ڕووسی بۆ سەر ئۆکرانیا. سێ مانگ پێش ئەو
داگیرکارییە، کرێملن دەیزانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پلانە جەنگییەکانی ڕووسیای
ئاشکرا کردووە و جیهان ئامادە دەکرێت بۆ هێرشێکی ڕووسی، بەڵام پوتن بڕیاری دا
نکۆڵی لە ئامانج و ویستی خۆی بکات لە لای سوپای ڕووسیا و بەشێکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی
ڕووسیا. ئەوان ئاگاداری ئەم داگیرکارییە نەبوون تا چەند ڕۆژێک و تەنانەت چەند کاتژمێرێک
پێش دەستپێکردنی. ئەو نهێنیپارێزییە هەڵە بوو. بە هۆی ڕێکخستنی هێرشێکەوە تەنها لە
لایەن کۆمەڵەیەکی بچوک لە ڕاوێژکارانەوە، پوتن بەشێکی زۆر لەو سوود و قازانجانەی
لە دەست دا کە دەکرا وڵاتەکەی بیبینیایە.
ئەو هێز و توانایە لە ئاستێکی بەرچاودابوو. پێش پرۆسەی
داگیرکردن، سوپای سەربازیی ڕووسیا گەورەتر و پڕچەکتر بوو بەراورد بە سوپای
ئۆکرانیا. هێزەکانی ڕووسیا ئەزموونێکی زیاتری جەنگیان هەبوو بەراورد بە هێزی کیێڤ،
هەرچەندە هەردوو لا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا پێشتر شەڕیان کردبوو. هەر
بۆیە هەندێک لە شرۆڤەکارانی ڕۆژئاوا پێیان وابوو گەر بێت و سوپای ڕووسیا خاڵی
بەهێزی خۆی بە شێوەیەکی عاقڵانە بەکاربێنێت، ئەوا ئۆکرانییەکان ناتوانن بۆ
ماوەیەکی زۆر بەرگەی هێرشی ڕووسییەکان بگرن.
بۆچی ڕووسیا پێشڕەویی نەکرد؟ بۆچی لە بری پێشڕەویکردن
لەسەر ڕێی ئامانجی خۆی لە دەرەوەی شارە گەورەکان وەستێنران و خرایە پێگەی
بەرگریکردنەوە؟ ئەم پرسیارە بووە بە یەکێک لە پرسیارە هەرە گرنگەکان، هەم لە
بازنەی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا و هەم لە بازنەی ئاسایشی
نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی گشتی. وەڵامی ئەم پرسیارە چەند دیوێکی جیاوازی هەیە. ئەو
نهێنیپارێزییە ناوخۆییە لەڕادەبەدەرەی لە ئارادا بوو وای کرد سوپا و
فەرماندەکانیان کاتێکی کەمیان بەدەستەوە بێت بۆ خۆئامادەکردن، ئەمەش وایکرد
دووچاری شکستی قورس ببنەوە. ڕووسیا پلانێکی داگیرکردنی داڕشتبوو کە پڕبوو لە
گریمانەی نادروست و ڕێبەری سیاسیی بێ سەروبەرە و داڕشتنی پلانی هەڵە کە دووربوو لە
پرەنسیپە سەربازییە سەرەکییەکانی ڕووسیا. یەکەم هێرشی داگیرکردنی ئۆکرانیا بە
هێرشبردنی چەند یەکەیەک دەستیپێکرد بە بێ ئەوەی سوپایەک هەبێت پاڵپشتیی ئەو هێڵی
هێرشە سەرەتاییە بکات، ئەمەش وای کرد سوپای سەربازیی ڕووسیا ملکەچی چەند ئامانجێکی
ئۆپراسیۆنیی بێت، کە ئەو ئامانجانە زۆر لە قەبارەی سوپای ڕووسیا گەورەتر بوو. کرێملن
لەو باوەڕە هەڵەیەدابوو کە پلانە جەنگییەکانی پلانی ڕاست و دروستن و ئۆکرانیا
ناتوانێت بەرەنگارییەکی ئەوتۆ بکات، هەروەها پاڵپشتیی ڕۆژئاوا هێندە بەهێز نابێت
کە بتوانێت جیاوازییەک دروست بکات. لە ئەنجامدا ڕووسیا تووشی شۆک بوو کاتێک سوپاکەی
ڕووبەڕووی ئۆکرانیایەکی پێداگر و پشت ئەستوور بە چەک و دەزگای هەواڵگریی ڕۆژئاوا
بووەوە. دواتر سوپای ڕووسی دوبارە و چەندبارە شکستیان پێ دەهێنرا.
بەڵام لەگەڵ درێژەکێشانی جەنگ بۆ ساڵی دووەم، نابێت
شرۆڤەکاران تەنها جەخت بکەنە سەر شکستەکانی ڕووسیا. چیرۆکی ئەدای سەربازیی ڕووسیا
زۆر جیاوازترە بەراورد بە بەشێکی زۆر لەو چیرۆکانەی سەرەتا سەبارەت بەم جەنگە
پێشنیار دەکران. سوپای چەکداری ڕووسیا بە تەواوەتی بێ توانا نییە، یاخود توانای
فێربوونی لەدەست نەداوە. ئەوان لە توانایاندایە هەندێک لە ئۆپراسیۆنە هەرە
ئاڵۆزەکان ئەنجام بدەن – بۆ نموونە وەک کۆمەڵە هێرشێک کە لە توانایدابوو ژێرخانی
هەستیاری ئۆکرانیا لە کار بخات – بەڵام ئەمان لە بەشی یەکەمی پرۆسەی داگیرکردنی
ئۆکرانیادا خۆیان لەو جۆرە ئۆپراسیۆنانە بەدوور دەگرت و مۆسکۆ لەو هیوایەدابوو
دەوڵەتی ئۆکرانی بە بێ زەرەر و زیانێکی گەورە داگیر بکات. سوپای سەربازیی ڕووسی لە
هەڵەکانی خۆیەوە فێر بووە و چەند گۆڕانکارییەکی گەورەی ئەنجام داوە، بۆ نموونە وەک
بچوککردنەوەی ئامانجەکانی خۆی و جوڵاندنی ستافی نوێ و تاکتیکی، بۆ نموونە ئەو
ستافەی چەند ئامڕازێکی جەنگی ئەلیکترۆنیی بەکارهێنا بۆ وەستاندنی پەیوەندییە
سەربازییەکانی ئۆکرانیا بە بێ دروستکردنی کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سەربازییە
ڕووسییەکان. هاوکات هێزی ڕووسیا لە توانایدایە درێژە بە ئاستێکی توندتری شەڕکردن
بدات بەراورد بە زۆرینەی هێزە سەربازییەکانی دیکە، تا مانگی کانوونی یەکەم توانیان
ڕۆژانە زیاد لە 20،000 تۆپ بتەقێنن (هەرچەندە، بە پێی ڕاپۆرتەکانی CNN لە سەرەتای
ساڵی 2023دا ئەم ژمارەیە بۆ 5000 دابەزی). هەروەها ئەوان خۆڕاگری و بەردەوامییەکی
زیاتریان پێوە دیارە لەوەتەی لە کۆتایی 2022ەوە هاتوونەتە پێگەی بەرگریکردن، ئەمەش
پێشڕەویکردنی سوپای ئۆکرانیای قورستر کردووە.
تا ئێستا ڕووسیا نەیتوانیوە ئیرادەی شەڕکردنی ئۆکرانیا
تێکبشکێنێت، یاخود پاڵپشتیی مادی و هەواڵگریی ڕۆژئاوا ڕابگرێت. ڕێی تێناچێت
بتوانێت ئامانجی سەرەتا بەدەست بهێنێت کە بریتی بوو لە گۆڕینی ئۆکرانیا بۆ
دەوڵەتێکی ژێردەستەی خۆی، بەڵام ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە گۆڕینی ستراتیژی خۆی و
بەهێزکردنی ئەو ناوچانەی لە باشوور و ڕۆژهەڵات داگیری کردوون و سەرئەنجام جۆرێکی
بچووک کراوەی سەرکەوتن لە چنگی شکست دەڕفێنێت.
زۆر زۆرە و لە هەمان کاتدا بەس نییە
پێش دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکرانیا، سوپای سەربازیی
ڕووسیا چەند کێشەیەکی پێکهاتەیی زانراوی هەبوو، کە هەر یەکەیان ببوونە هۆی
لەکەدارکردنی توانای بەرپاکردنی ئۆراپسیۆنی داگیرکردنێکی گەورە. زیاد لە دە ساڵ
لەمەوپێش، مۆسکۆ بە مەبەست سوپاکەی خۆی هەڵوەشاندەوە و گۆڕی بۆ هێزێکی بچوکتر کە
تایبەت بێت بە ئۆپراسیۆنی کاردانەوەی خێرا. ئەم وەرچەرخانە پێویستی بە گۆڕانکاریی
زۆر گەورە هەبوو. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە یەکێتیی سۆڤێت هێزێکی زەبەلاحی
ڕاگرتبوو کە تایبەتکرابوو بە بەرپاکردنی شەڕی بەرفراوان و درێژخایەن لە ئەوروپا،
ئەمەش لە ڕێی دامەزراندنی ملیۆنان سەرباز و دروستکردنی پیشەسازییەکی زەبەلاحی
بەرگری بۆ تۆقاندنی ناتۆ و سەپاندنی حوکمی کۆمۆنیستی لە دەوڵەتە هاوپەیمانەکاندا. سوپای
سەربازیی سۆڤێت بەدەست گەندەڵییەکی بەربڵاوەوە دەیناڵاند و بە زەحمەت دەیتوانی
کەرەستە و ئامڕاز بەرهەم بهێنێت، کە لە هەمان ئاستی ئەوانەی ڕۆژئاوا بێت. بەڵام
قەبارە و فراوانیی شوێنپێی ئەم هێزە وای کردبوو ببێت بە ئاڵنگارییەکی ترسناکی
جەنگی سارد.
کاتێک ڕژێمی سۆڤێت ڕووخا، سەرکردە ڕووسییەکان
نەیاندەتوانی ئەو جۆرە سوپا سەربازییە گەورەیە ڕابگرن، یاخود پاساوی هێشتنەوەی
بدۆزنەوە. ئەگەری شەڕی زەمینی بەرامبەر ناتۆ لە ڕابردوودا کاڵ دەبووەوە. وەک
کاردانەوەیەک، لە سەرەتای ساڵانی 1990ەوە، سەرکردە ڕووسییەکان دەستیان کرد بە پرۆسەیەکی
ڕیفۆرم و بەمۆدێرنکردن. ئامانجی ئەم پرۆسەیە دروستکردنی سوپایەکی سەربازی بوو کە
لە ڕووی قەبارەوە بچوکتر بێت، بەڵام چالاکتر و پرۆفێشناڵتر و ئامادە بێت بۆ
دامرکاندنەوەیەکی خێرای هەر جۆرە قڵیشانەوەیەک لە سنوورەکانی ڕووسیا.
ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ تا دەستپێکی 2000
بەردەوام بوو. لە 2008دا سوپای سەربازیی ڕووسیا بەرنامەیەکی ڕیفۆرمی گشتگیری
ڕاگەیاند، کە پێی دەوترا "ڕووخساری نوێ" و ئامانج لێی سەرلەنوێ گۆڕینی
پێکهاتەی سوپا بوو، ئەویش لە ڕێی هەڵوەشاندنەوەی یەکە سەربازییەکان، خانەنشینکردنی
ئەفسەران و بایەخدانێکی زیاتر بە بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنان و پەروەردەی سەربازی
و دابینکردنی بودجەیەکی زیاتر، هەروەها فراوانکردنی ڕیزی سەربازە پرۆفێشناڵەکان و
پەیداکردنی چەکی نوێتر. وەک بەشێک لەم پرۆسەیە، ڕووسیا هەستا بە لادانی فەیلەقە
زەبەلاحەکانی سۆڤێت کە دیزاین کرابوون بۆ شەڕ لە جەنگە زەمینییە گەورەکاندا و لە
بری ئەمان چەند لیوایەکی خێراتر و بەتالیۆنی کۆمەڵە تاکتیکییەکانی دامەزراند (BTG). لە هەمان
کاتدا مۆسکۆ هەوڵی دا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی خۆی بە پرۆسەی بەسەربازیکردنی
زۆرەملێ.
هەوڵەکانی بە مۆدێرنکردنی سوپای سەربازیی ڕووسیا نەیتوانی
گەندەڵی ڕیشەکێش بکات.
لە 2020دا وا دەردەکەوت سوپای سەربازیی ڕووسیا بەشێکی
زۆر لە ئامانجەکانی خۆی بەدیهێنابێت. (سێرگێی شۆیگۆ)ی وەزیری بەرگریی ڕووسیا
ڕایگەیاند، 70 لە سەدی کەرەستە و ئامڕازی وڵاتەکەی نوێیە، یاخود کراون بە مۆدێرن.
ڕووسیا خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی چەک و تەقەمەنیی وردی نەریتییە و سوپاکەی ستافێکی
پتر پرۆفیشناڵی دامەزراندبوو لە بری ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی زۆرەملێ دەکران بە
سەرباز. ڕووسیا دوو ئۆپراسیۆنی سەرکەوتووی بەرپاکردبوو، یەکێکیان لە سووریا بۆ
پشتیوانیکردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و ئۆپراسیۆنێکی دیکە بۆ دەستگرتن بەسەر چەند
ناوچەیەکدا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
بەڵام ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی تەواوەتی ئۆکرانیا لە
2022دا دەریخست ئەو ڕیفۆرمانە بەس نەبوون. هەوڵی بەمۆدێرنکردن، بۆ نموونە سیستمی
جموجۆڵ و جوڵاندنی فەرامۆش کردبوو. هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ دروستکردنی چەکی باشتر و
باشترکردنی مەشق و ڕاهێنانەکان نەبوونە هۆی کارامەییەکی زیاتر لە مەیدانی جەنگدا.
هەندێک لەو کەلوپەلە بەڕواڵەت نوێیەی لە کارگەکانی ڕووسیا دەهاتنە دەرەوە، هەڵە و
کێشەی زۆر جددییان تێدابوو. ڕێژەی شکستی موشەکەکانی ڕووسیا ڕێژەیەکی بەرزە و
بەشێکی زۆر لە تانکەکانی ڕووسیا ئامێرێکی گونجاوی بەرگری لەخۆکردنیان تێدا نییە،
ئەمەش وای کردووە زۆر لاواز بن بەرامبەر بە چەکی دژەتانک. هاوکات هێندە بەڵگەیەکی
زۆر لەبەردەستدا نییە پیشانمان بدات کە ڕووسیا پێش ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا
لە شوباتی 2022دا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەر بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنانی خۆیدا
هێنابێت، تاکو سوپاکەی ئامادە بکات بۆ ئەو ئەرکەی دواتر لە ئۆکرانیادا ڕووبەڕووی
دەبێتەوە. لە ڕاستیدا ئەو هەنگاوانەی ڕووسیا گرتنیەبەر وەک ئامادەکارییەک وای
کردبوو ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنانێکی شیاو قورستر بێت. کاتێک چەندین یەکەی
سەربازیی زۆری بۆ ماوەی ساڵێک لە نزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیر کرد و کەلوپەل و
ئامڕازەکانی لەو مەیدانەدا هێشتبووەوە، ئەمە وای کرد سوپای سەربازیی ڕووسیا
سەربازانی خۆی لە توانای پراکتیزەکردنی چەند شارەزاییەکی شیاو و دابینکردنی
سێرڤسێکی پێویستی کەلوپەل و ئامڕازەکان بێ بەش بکات.
لە هەمان کاتدا هەوڵەکانی بەمۆدێرنکردنی سوپای سەربازیی
ڕووسیا نەیتوانی گەندەڵی ڕیشەکێش بکات، کە تا ئێستا چەندین لایەنی ژیانی سەربازیی
ڕووسیای گرتووەتەوە. هێزی چەکداری ڕووسیا زوو زوو ژمارەی ستافی سەربازیی پێش جەنگی
لە یەکەکاندا بە شێوەیەکی هەڵاوساو زیاد دەکرد، ئەمەش ڕێگەی بە هەندێک لە
فەرماندەکان دابوو بودجەی زیادە بدزن بۆ خۆیان. سوپای سەربازیی ڕووسیا دووچاری
دەردی دیارنەمانی کەلوپەل و ئامڕازەکان بووەتەوە. بە شێوەیەکی گشتی سوپای ڕووسیا
خاوەنی پرۆسەیەکی متمانە پێنەکراو و تەمومژاوییە لە نووسینی ڕاپۆرت بۆ سەرەوە و بۆ
خوارەوە لەسەر پلیکانەی فرمان و دەشێت ئەمەش وای کردبێت سەرکردایەتیی ڕووسیا لەو
باوەڕەدا بێت خاوەنی هێزێکی باشترە، هەم لە ڕووی چەندێتییەوە و هەم لە ڕووی
چۆنێتییەوە، بەراورد بە ئاستی ڕاستەقینەی سوپا لە سەرەتای ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی
ئۆکرانیادا.
دەشێت پرۆسەی بەمۆدێرنکردنی سوپا یارمەتیی ڕووسیای دابێت
لە داگیرکردنە بچوکەکەی ئۆکرانیا لە ساڵی 2014دا و لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بۆ
سەر سووریا، بەڵام پێناچێت ڕووسیا لە ئەزموونی ئۆپراسیۆنیی خۆیەوە لە هیچ کام لەو
شەڕانەدا فێربووبێت. لە هەردوو شەڕەکەدا، بۆ نموونە ڕووسیا چەندین تیمی هێزی
تایبەتی زەمینیی هەبوو بۆ ڕێپیشاندانی هێرشەکان، ئەوەش شتێکە لەم جەنگەی ئێستای
ئۆکرانیادا ڕووسیا نییەتی. لە هەمان کاتدا ڕووسیا خاوەنی ناوەندێکی یەکگرتووی
فرمانی ئۆپراسیۆنی بوو، کە ئەمەش لەم شەڕەدا تا چەند مانگێکی دوای هەڵگیرانی ئەم
جەنگەی ئۆکرانیا پێکنەهێنرا.
لانی کەم لە یەکێک لە کەیسەکاندا، هەوڵی بەمۆدێرنکردنی سوپا
بە شێوەیەکی چالاک نەگونجاو بوو لەگەڵ جەنگی زۆر تونددا. وەک بەشێک لە پلانی خۆی
بۆ زیادکردنی متمانە لە ناو دانیشتوانی ڕووسیدا پاش شەڕەکانی چیچەن، کرێملن بە
شێوەیەکی گشتی ڕێگری کرد لە بەشدارکردنی ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی زۆرەملێ کراون بە
سەرباز لە بەرەکانی جەنگدا. ئەمەش بەو واتایە دێت ڕووسیا سەربازە پرۆفێشناڵەکانی
لە بەشێکی زۆر لە یەکە سەربازییەکانی سەرتاسەری وڵات کشاندەوە و بەکاریهێنان وەک BTG بۆ
پڕکردنەوەی ستافی سەربازی لە ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیادا. ئەم جوڵەیە خۆی لە
خۆیدا بڕیارێکی گوماناوی بوو: وەک چەندین پسپۆڕی ئەم بوارە، بە (چارلس بارتلێس) و
(لێستەر گراو)ی شرۆڤەکاری سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانیشەوە، تێبینییان کردبوو،
تەنانەت BTGییەکی پڕ سەرباز و چەک و کەلوپەلیش لە توانایدا نابێت
درێژە بە شەڕێکی توند و درێژەکێشاو بدات لە بەرەیەکی بەرفراوانی جەنگدا. لە سەروو
ئەوەشەوە، بە گوێرەی ئەو دۆکۆمێنتانەی دەست سوپای سەربازیی ئۆکرانیا کەوت لە دوای
دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا، بەشێکی زۆر لەو یەکە سەربازییانەی
ڕووسیا لە ڕووی ستافی سەربازییەوە کەموکورتییان هەبووە کاتێک دەستیان کردووە بە
داگیرکردنی ئۆکرانیا. کورتهێنان لە ستافی سەربازیدا بەو مانایە دێت کەلوپەل و
ئامڕازی ڕووسیا، کە لە ڕووی تەکنیکییەوە مۆدێرنتر و بەتواناتر بوون، دوا ئاستی
توانایان بەکارنەهێنراوە، چونکە بەشێکی زۆر لە پارچەکان تەنها بە شێوەیەکی
نیوەناچڵ کەسی بەکارهێنەریان لەسەربووە. هەروەها ڕووسیا سوپای زەمینیی پێویست،
یاخود هێزی چاودێری و هەواڵگریی پێویستی نەبوو بۆ پاککردنەوەیەکی کاریگەری ڕێڕەوی سوپاکەی،
یاخود بۆ خۆبەدوورگرتن لە کەوتنە کەمینەوە.
دەشێت ئەو شکستانەی دەرکەوتن بەشێکی زۆری جیهانیان تووشی
سەرسووڕمان کردبێت، بەڵام مایەی سەرسووڕمان نەبوون لە لای بەشێکی زۆر لەو
پسپۆڕانەی چاویان لەسەر سوپای سەربازیی ڕووسیایە. ئەوان لە ڕێی هەڵسەنگاندنی
پێکهاتەی هێزی ڕووسیاوە بۆیان دەرکەوتبوو کە ڕووسیا لە دۆخێکی باشدا نییە بۆ
ناردنی هێزێکی 190،000 کەسی بۆ ناو دەوڵەتێکی گەورەی دراوسێ لە چەندین بەرەی
جیاوازەوە. هەر بۆیە پسپۆڕان سەریان سووڕمابوو کاتێک کرێملن فرمانێکی لەو جۆرەی بۆ
سوپای سەربازیی ڕووسیا دەرکرد.
پێشبینییە مەزنەکان
بۆ ئەوەی تێبگەین چۆن پلانداڕشتنی نادروستی ڕووسیا بووە
هۆی لاوازکردنی ئەدا و خاڵە بەهێزەکانی ڕووسیا، دەکرێت وێنای ئەوە بکەین کە چۆن
ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا دەستی پێ دەکرد ئەگەر مۆسکۆ شوێن ستراتیژی
داڕێژراوی سەربازیی خۆی بکەوتایە. بە گوێرەی ڕێبازی ڕووسی، دەبێت جەنگی دوو
دەوڵەت، هاوشێوەی ئەم جەنگە، بە چەند هەفتەیەک لە هێرشی ئاسمانی و بۆردومان بۆ سەر
ژێرخانە هەستیار و سەربازییەکانی دوژمن دەستپێ بکات، ئەمەش قۆناغێکە کە شارەزایانی
بواری ستراتیژی پێی دەڵێن "قۆناغی سەرەتای جەنگ". پلانداڕێژەرانی ڕووسیا
ئەم قۆناغە بە قۆناغی یەکلاکەرەوەی جەنگ دادەنێن، هەورەها وای دادەنێت
ئۆپراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانی و هێرشە موشەکییەکان چوار هەفتە بۆ شەش هەفتە
بخایەنن، کە ئامانج لێیان لەناوبردنی توانای بەرەنگاربوونەوە و سەربازییەکانی
وڵاتی بەرامبەرە. بە گوێرەی تیۆری ڕووسیا، بە شێوەیەکی گشتی هێزە زەمینییەکان،
تەنها دوای بەدیهاتنی بەشێکی زۆر لە ئامانجەکان لە ڕێی هێزی ئاسمانی و هێرشی موشەکییەوە،
دەنێردرێنە پێشەوە بۆ زامنکردن و پاراستنی ئامانجە بەدیهاتووەکان.
هێزی ئاسمانیی ڕووسی (VKS) لە سەرەتای
جەنگی ئۆکرانیادا هێرشیان کردە سەر پێگە ئۆکرانییەکان، بەڵام بە شێوەیەکی
سیستماتیک هێرشیان نەکردە سەر ژێرخانە هەستیارەکان، دەشێت هۆکاری ئەمەش بگەڕێتەوە
بۆ ئەو ڕاستییەی کە ڕووسییەکان لەو باوەڕەدابوون پێویست دەکات زوو دەست بکەن بە
بەڕێوەبردنی ئۆکرانیا و هەر بۆیە دەیانویست بارەگاکانی سەرکردایەتیی ئۆکرانیا،
وێستگەی کارەبا و هەستی دانیشتوانی ئۆکرانیا بە ساغ و سەلامەتی بهێڵنەوە. لە
دۆخێکی چارەنووسسازدا، سوپای سەربازیی ڕووسیا هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هێزە
زەمینییەکانی ڕەوانە کرد لە بری ئەوەی بوەستێت تا لە ڕێی هێرشی ئاسمانییەوە ڕێگە
پاک دەکرێتەوە و یەکە ئۆکرانییەکان سەرکوت دەکرێن. دەرەنجامی ئەمەش کارەستابار
بوو. هێزە ڕووسییەکان کاتێک بە خێرایی شوێن ئەو فرمانانە دەکەوتن کە پێیان درابوو
بۆ گەیشتن بە چەند شوێنێکی دیاریکراو لە کاتێکی دیاریکراودا، زیاد لە توانای
لۆجستی خۆیان بەکارهێنا و کەوتنە سەر چەند ڕێڕەوێکی دیاریکراو کە لە لایەن یەکە
ئۆکرانییەکانەوە دیاریکرابوو. پاشان لەو جێیانەدا بە شێوەیەکی بەردەوام لە لایەن
تۆپ و چەکی دژەزرێپۆشەوە بۆردومان دەکران.
هاوکات مۆسکۆ بڕیاری دابوو بە نزیکەیی سەرجەم هێزە
ئاسمانی و زەمینییە پرۆفێشناڵەکانی پابەند بکات بە یەک هێرشی فرەجەمسەرەوە، ئەمەش
پێچەوانەی نەریتی سەربازیی ڕووسیا بوو، چونکە بە شێوەیەکی نەریتی هێزەکانی ناوچەی
سیبریا و ڕۆژهەڵاتی دووری ڕووسیا وەک فەیلەقی دووەم، یاخود یەدەگێکی ستراتیژیی دەهێڵرایەوە.
ئەو بڕیارە لە ڕووی سەربازییەوە مانایەکی ئەوتۆی نەبوو. کاتێک هەوڵی دا لە یەک
کاتدا دەست بەسەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئۆکرانیادا بگرێت، ڕووسیا تا ڕادەی شکان
فشاری خستە سەر سیستمە لۆجستی و پشتیوانییەکانی خۆی. گەر ڕووسیا چەند ڕۆژێک، یاخود
چەند هەفتەیەک پێش ناردنی هێزە زەمینییەکان، هێرشی ئاسمانی و موشەکیی ئەنجام بدایە
و لە بەرەیەکی بچوکترەوە هێرشی بکردایە، هەروەها هێزێکی یەدەگی گەورەی ڕابگرتایە،
ئەوا دەشێت ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا سیمایەکی جیاوازی هەبێت. لەو حاڵەتەدا،
ڕووسیا خاوەنی سیستمێکی لۆجستی سادەتر دەبوو، هێرشەکانی لە یەک شوێندا چڕ
دەبوونەوە و هێندە پێگەی یەکە پێشڕەوەکانی لاواز نەدەبوو. تەنانەت دەکرا فشارێکی
زیاد لە ڕادەی لەسەر کۆمەڵە خۆجێییەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا دروست بکردایە.
ئەستەمە بزانین بە دیاریکراوی بۆچی ڕووسیا هێندە بە
شێوەیەکی سەرشێتانە لە ڕێبازی سەربازیی خۆی لای دا، بەڵام یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو
لادانە ڕوون و ئاشکرا دیارە: ئەویش دەستوەردانی سیاسیی کرێملن بوو. بە گوێرەی ئەو
زانیارییەی لە پەیامنێرەکانی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستەوە وەرگیراوە، پلانی ئەو جەنگە
بە تەنیا لە لایەن ڤلادمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا و کەسە نزیک و متمانەپێکراوەکانی پوتن
لە ناو دەزگا هەواڵگرییەکان و هێزە چەکدارەکان و کرێملندا داڕێژراوە. بە گوێرەی
وتەی پەیامنێرەکان، ئەم تیمە هەوڵیان دەدا بۆ بەرپاکردنی داگیرکارییەکی خێرا لە
چەند بەرەیەکی زۆرەوە، پێشڕەوییەکی سەرشێتانە بەرەو شاری کیێڤ بۆ ساردکردنەوەی ڤالادیمیر
زیلینسکیی سەرۆکی ئۆکرانیا جا چ لە ڕێی کوشتنیەوە بێت، یاخود لە ڕێی فڕاندنیەوە و
پاشان دامەزراندنی تۆڕێک لە هاوکاران بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتی نوێ، دەشێت لە لایەن
دەستەیەکی فراوان لە پلانداڕێژەری بە ئەزموونەوە سەرنەگرتنی ئەو جۆرە هەنگاوانە
ڕوون بکرایەتەوە.
ئاشکرا دیارە بیرۆکەکانی کرێملن کاریگەر نەبوون، بەڵام
لەگەڵ ئەوەشدا کرێملن پێویستی ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێڕەوەی دواخست و پێدەچێت هۆکاری
ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆچوونەی کە ڕاستکردنەوەی پلان لە ڕووی سیاسییەوە لە
ناوماڵی ڕووسیادا بەناوبانگ نابێت. بۆ نموونە، کرێملن هەوڵی دا لە سەرەتای وەرزی
هاویندا کەسانی خۆبەخش ڕابکێشێت تاکو ئەو کەلێنانە پڕ بکاتەوە کە بە هۆی شکستی
توندی مەیدانی جەنگەوە دروستبوون، بەڵام ئەم هەوڵە سەرنجی ژمارەیەکی زۆر کەمی بە
لای خۆیدا ڕاکێشا. تەنها دوای شکستی بەرەی سەربازیی لە ناوچەی خارکیڤ لە مانگی
ئەیلولدا مۆسکۆ فرمانی جموجۆڵی دەرکرد. دواتر کرێملن ڕێگەی بە پاشەکشە نەدا لە
شاری خیرسۆن تا چەند مانگێک دوای مەحاڵبوونی هێشتنەوەی پێگەکەیان لەو شارەدا و
ژیانی هەزاران سەربازی خستبووە مەترسییەوە.
ڕووسیا چاڵی بۆ خۆی هەڵکەند
لە پێش و لە کاتی ڕوودانی جەنگدا، دەوڵەتان پشت بە
ئاسایشی ئۆپراسیۆنی دەبەستن، کە پێی دەوترێت OPSEC، بۆ ئەوەی
نهێنیی لایەنە گرنگەکانی پلانەکانیان بپارێزن و لاوازی هێزەکانی خۆیان کەم
بکەنەوە. لە هەندێک لە حاڵەتەکاندا، ئەو کردارە بریتییە لە هەڵخەڵەتاندن. بۆ
نموونە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، هێزی هاوپەیمانان سوپاکانی خۆیان لەسەر ژمارەیەک
کەناردەریای باشووری شانشینە یەکگرتووەکان ڕیزکردبوو بۆ ئەوەی نازییەکان نەزانن لە
کام جێیەوە هێرش دەکرێت و سەریان لێ بشێوێت. لە چەند حاڵەتێکی دیکەیدا، OPSEC بریتییە لە
سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ناوخۆیی پلانەکانی جەنگ بۆ ئەوەی مەترسیی
ئاشکرابوونیان بۆ ڕایگشتی کەم بکرێتەوە. بۆ نموونە، لە ئامادەسازیدا بۆ
جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی گەردەلوولی بیابان، ئەو فڕۆکەوانە ئەمەریکییانەی دواتر
ئەرکی لەناوبردنی بەرگریی ئاسمانیی عێراقییان پێ دەسپێردرێت بە درێرایی چەند
مانگێک مەشق و ڕاهێنان ئەنجام دەدەن لەسەر ئەو جۆرە هێرشکردنە، بەڵام تا چەند
ڕۆژێک پێش دەسپێکردنی هێرشەکە بە دیاریکراوی پێیان ناوترێت ئامانجەکانیان کێن.
پلانە جەنگییەکانی کرێملن چەند مانگێک پێش هەڵگیرسانی
جەنگ ئاشکرا کران. بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەندێک لە میدیا هەواڵییەکانی وەک ڕۆژنامەی
نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست، دەزگا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڵگەی
ورد و درشتی پلانە ڕووسییەکانیان ئاشکرا کرد و پاشان لە میدیاکان بڵاویان کردنەوە،
هەروەها ئەم بەڵگانەیان دابووە دەست هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان. لە بری
هەڵوەشاندنەوەی پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیا، کرێملن سووربوو لەسەر قسەی خۆی و دەیوت
ئەو هێزە زۆرەی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیر کراوە ئامانجیان ئەنجامدانی مەشق و
ڕاهێنانە و هیچ نیەتێکی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێیان نییە. ئەو ڕاگەیەنراوانە
نەیانتوانی ڕۆژئاوا بخەڵەتێنن، بەڵام زۆربەی زۆری ڕووسییەکانیان خەڵەتاند، تەنانەت
بە کەسانی ناو هێزە چەکدارەکانیشەوە. کرێملن لەسەر چەند ئاستێکی جیاواز پلانە
جەنگییەکانی خۆی هێزە سەربازییەکانی شاردەوە، هەر لە سەرباز و فڕۆکەوانەوە تاکو
ئەفسەر و ژەنڕاڵەکان و بەشێکی زۆر لە سوپا و بەرپرسانی ڕووسیا سەریان سووڕما کاتێک
فرمانی داگیرکردنی ئۆکرانیایان پێگەیشت. ڕاپۆرتێکی ئەم دواییانەی پەیمانگەی
خزمەتگوزارییە یەکگرتووە شاهانەکان (RUSI)، کە بازنەیەکی فکریی ئەمنی و
بەرگریی بەریتانییە، لەسەر بنەمای چەند کارێکی مەیدانیی بەرفراوان و چاوپێکەوتن
لەگەڵ بەرپرسە ئۆکرانییەکاندا، ئاشکرای کرد کە تەنانەت ئەندامە باڵاکانی ستافی
گشتیی ڕووسیش تا کاتی دەسپێکردنی ئەو ئۆپراسیۆنە هیچ زانیارییەکیان نەبوو لەسەر
پلانەکانی داگیرکردنی ئۆکرانیا.
لەبەر ئەوەی تا دوا ساتەکان بەشێکی زۆر لە سەرکردە
سەربازییەکان نەهێنرانە ناو هەوڵی پلانداڕشتنەوە، هەر بۆیە ئەوان نەیاندەتوانی
هەڵە گەورەکان ڕاست بکەنەوە. پێدەچوو حکومەت بەو قۆناغەدا تێپەڕ نەبووبێت کە لە
فەرهەنگی ستراتیژی ڕووسیدا پێی دەوترێت "قۆناغێکی تایبەت" – مەبەست لە
کاتی پۆلێنکردن و کەڵەکەکردن و ڕێکخستنی سەرچاوەکان بۆ جەنگێکی گەورەیە – چونکە
پلانداڕێژەرانی ئەو جەنگە دەیاندەزانی پێویست دەکات خۆیان بۆ جەنگی داگیرکردنی
ئۆکرانیا ئامادە بکەن. هاوکات ئەم نهێنیپارێزییە لە ڕادەبەدەرە بە واتای ئەوە
دەهات کە مۆسکۆ چەندین دەرفەتی گرنگی لەدەست دا کە تێیدا دەیتوانی پیشەسازیی
بەرگری ئامادە بکات و ڕایان بسپێرێت بۆ بەرهەمهێنان و کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنیی
پێویست. تەنانەت دوای جێگیرکردنیشیان لە نزیک سنووری ئۆکرانیا، یەکە ڕووسییەکان
لەسەر ئاستێکی شیاو ستافیان نەبوو، یاخود کەلوپەل و ئامڕازی شیاویان پێ نەبوو،
پێدەچێت هۆکاری ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە پلانداڕێژەران لەو باوەڕەدابوون
ئەم هێزە بۆ ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان لەو ناوچەیە جێگیر کراون. هێزی سەربازیی
ڕووسیا کاتی نەبوو بۆ ڕێکخستنی سیستمە ئەلیکتۆرنییە جەنگییەکانی خۆی، کاتێک
هێزەکانی ڕووسیا هەوڵیان دا تۆڕی پەیوەندییەکانی ئۆکرانیا بوەستێنن، لە هەمان
کاتدا تۆڕی پەیوەندییەکانی خۆشیان وەستاند.
نهێنی پاراستنی پێش هەڵگیرسانی جەنگ بوونە هۆی
سەرهەڵدانی چەند کێشەیەک کە بە دیاریکراوی لە ئاسماندا هەستیان پێ دەکرا. پێش
ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا، فڕۆکەوانە ڕووسییەکان ئەزموونی شەڕکردنیان
پەیداکردبوو لە سوریا، بەڵام زۆربەی ئۆپراسیۆنەکانی سوریا لە ناوچەی دوور لە
ناکۆکی و لە بیابانەکاندا جێبەجێ دەکران. ئەو فڕۆکەوانانە هیچ ئەزموونێکی واقیعییان
نەبوو لە شەڕکردن لە وڵاتێکی گەورەی پڕ دارستانی چڕدا، کە تێیدا بەرامبەر دوژمنێک
دەجەنگن لە توانایدابوو لە ڕێی چەند چینێکی بەرگریی ئاسمانییەوە هێرش بکاتە سەر
فڕۆکەکانیان. ئەم فڕۆکەوانانە مەشق و ڕاهێنانێکی ئەوتۆیان پێ نەکرابوو لەو جۆرە
تاکتیکانەدا پێش ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا. ئەم بێ ئەزموونییە بەشێکە لەو
هۆکارەی کە سەرباری فڕین بۆ ئەنجامدانی سەدان هێرش هەندێک جار لە یەک ڕۆژدا،
ڕووسیا نەیتوانی بەسەر هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا، یاخود بەسەر توانای بەرگریی
ئاسمانیی ئۆکرانیادا زاڵبێت. هۆکارێکی دیکەی ئەو شکستە دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتیی
بڕیاردانی ڕووسیا لەسەر بەکارهێنانی هێزەکانی خۆی. لەبەر ئەوەی هێزە زەمینییەکانی
ڕووسیا لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا کەوتنە مەترسییەکی گەورەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتە
شرۆڤەکارییەکانی RUSI، خێرا ئامانجی سەرکوتکردنی
بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانی لە هێزی ئاسمانی ڕووسیا سەنرایەوە و ئامانجی دابینکردنی
پشتیوانییەکی ئاسمانیی نزیکی پێ بەخشرا. ئەو جۆرە خۆڕێکخستنەوەیە ڕێگر بوو لە
دامەزراندنی باڵادەستیی ئاسمانی لە لایەن ڕووسیاوە و ڕووسییەکانی ناچار کردبوو لە
ئاستێکی نزمدا بفڕن، کە دەکەوتنە مەودای موشەکی Stingerی ئۆکرانیاوە. لە ئەنجامی ئەمەش، ڕووسیا ژمارەیەکی زۆر لە هەلیکۆپتەر و
فڕۆکەی شەڕکەری لەدەست دا.
نهێنیپارێزی و درۆی پێش هەڵگیرسانی جەنگ تاکە ڕێگە
نەبوون لە لایەن کرێملنەوە بگیرێنەبەر بۆ هەڵکەندنی چاڵێک بۆ خۆی. کاتێک هێزەکان
بە خێرایی بەرەو شاری کیێڤ پێشڕەوییان کرد، چی تر مۆسکۆ نەیدەتوانی نکۆڵی لە
حەقیقەتی ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا بکات، بەڵام بۆ ماوەی چەند مانگێک، مۆسکۆ
بەردەوام بوو لە تەمومژاویکردنی ئەو ناکۆکییە، یاخود لە دواخستنی چەند بڕیارێکی
گرنگ، بە جۆرێک کە زیانی بە ئۆپراسیۆنەکانی مۆسکۆ دەگەیاند. لە ئاستێکی بنەڕەتیدا
ڕووسیا ڕەتی دەکردەوە ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا وەک جەنگێک پۆلێن بکات، لە
بری ئەوە پێی دەوت "ئۆپراسیۆنێکی تایبەتی سەربازی". ئەم بڕیارە جا چ بۆ
هێورکردنەوەی گەلی ڕووسی درابێت، یاخود بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕوانگەیەی کرێملن کە وای
دانابوو ئەم ناکۆکییە بە خێرایی کۆتایی پێ دەهێنرێت، ڕێگر بوو لە جێبەجێکردنی
یاسای کارگێڕیی ڕووسیا، کە دەتوانرا لە ڕێیەوە بە شێوەیەکی خێرا دەرگای ئەو
سەرچاوە مادی و ئابووری و یاساییانە بکرێتەوە کە ڕووسیا پێویستی پێی بوو بۆ
پاڵپشتیکردنی ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا. لانی کەم لە شەش مانگی سەرەتادا، ئەو
پۆلێنکردنە نادروستە وای کردبوو سەربازە ڕووسییەکان بە ئاسانی دەست لە کار
بکێشنەوە، یاخود ڕەتی بکەنەوە شەڕ بکەن بە بێ ئەوەی سزای هەڵاتنی سەربازییان
بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
فەرامۆشکردن
وا دیارە حکومەتی ڕووسیا وای دانابێت ئۆکرانییەکان بەرگری
ناکەن و سوپای ئۆکرانی ون دەبێت و ڕۆژئاواش لە توانایدا نابێت لە کاتی پێویستدا هاوکاریی
کیێڤ بکات. ئەو جۆرە هەڵسەنگاندنە بە تەواوەتی بێ بنەما نەبوو. بە گوێرەی
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، دەزگا هەواڵگرییە ڕووسییەکان سەرژمێرییەکی
نهێنیی پێش جەنگیان ئەنجام دابوو، تێیدا گەیشتبوونە ئەو دەرئەنجامەی کە تەنها 48
لە سەدی دانیشتوانی ئۆکرانیا "ئامادەن بەرگری" لە ئۆکرانیا بکەن. لە
ئێوارەی هەڵگیرسانی جەنگدا ڕێژەی پەسەندی زێلێنسکی کەمتر لە 30 لە سەد بوو. دەزگا
هەواڵگرییە ڕووسییەکان تۆڕێکی بەرفراوانی سیخوڕییان هەبوو لە ناو ئۆکرانیا کە
ئامانجیان پێکهێنانی حکومەتێک بوو بۆ هاوکاریکردنی ڕووسیا. (دواتر ئۆکرانیا 651
کەسی بە تۆمەتی ناپاکی لە وڵات و هاوکاریکردنی ڕووسیا دەستگیر کرد و سزای دان، کە
تێیاندا چەند بەرپرسێکی ناو دەزگا ئەمنییەکانی ئۆکرانیا بە دی دەکرا). پێدەچێت
پلانداڕێژەرە ڕووسییەکان لەو باوەڕەدا بووبن هێزەکانی ئۆکرانیا ئامادە نابن، چونکە
حکومەتی ئۆکرانیا تا چەند هەفتەیەکی کەم پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی
ئۆکرانیا نەچووە دۆخی جەنگەوە. هەروەها پێدەچێت لەو باوەڕەدا بووبن کە یەدەگی
تۆپهاوێژەکانی ئۆکرانیا زوو بەتاڵ دەبێتەوە. لەسەر بنەمای کاردانەوەی ڕۆژئاوا
بەرامبەر بە داگیرکردنی کریمیا لە ساڵی 2014 لە لایەن ڕووسیاوە و دابینکردنی بڕێکی
کەم لە چەک و تەقەمەنی لە پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە ساڵی 2022دا، دەشێت مۆسکۆ بە
شێوەیەکی لۆژیکی وای دانابێت ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا پشتیوانییەکی گەورە
بۆ ئۆکرانیا دابین ناکەن، یاخود لانی کەم لە کاتی پێویستدا ئەو پشتیوانییە ناگاتە
جێی خۆی.
بەڵام کرێملن تەنها ئەو داتا و ئامارەی لێکدەدایەوە کە
ڕێگەی دەدا ئەو شتە ببینێت کە خۆی خواستی لەسەریەتی. بۆ نموونە لە هەمان سەرژمێریی
دەزگا هەواڵگرییەکاندا دەرکەوتووە 84 لە سەدی بەشداربووە ئۆکرانییەکانی ئەو
ڕاپرسییە هێزەکانی ڕووسیا وەک داگیرکەر دەبینن، نەک وەک ڕزگارکەر. ویلایەتە
یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان پلان و هەوڵە جۆراوجۆرەکانی ڕووسیایان بۆ پەیداکردنی
بیانووی داگیرکردنی ئۆکرانیا بڵاوکردەوە و بە شێوەیەکی تایبەت و ئاشکراش ڕووسیایان
ئاگادارکردەوە کە وڵاتەکەیان دووچاری سزای گەورە دەبێتەوە گەر جەنگێک هەڵبگیرسێنێت،
بەڵام وا دیارە هیچ کەس لە ناو بازنەی نزیکی پوتندا قەناعەتیان بە پوتن نەکرد
ڕێگەچارەکەی ڕووسیا هەموار بکاتەوە، یاخود ئامادەسازییەک بکات بۆ جۆرێکی جیاواز و
قورستر لە ناکۆکی و ڕووبەڕووبوونەوە: ناکۆکییەک کە تێیدا ئۆکرانییەکان بەرەنگاری
دەکەن و هاوکارییەکی بەرچاو لە ڕۆژئاوا وەردەگرن.
ڕۆیشتنی پوتنە سوور تا کۆتا خاڵ
ناکۆکییەک بە دیاریکراوی لەو چەشنە ڕووی دا.
ئۆکرانییەکان بە پەرۆشەوە چوون بەرەو پیری بەرگریکردنی لە سەروەریی خۆیان، ناوی
خۆیان لە سوپای سەربازیدا تۆمار کرد و چەند یەکەیەکی بەرگریی زەمینییان بۆ
بەرەنگاربوونەوەی ڕووسەکان پێکهێنا. هەرچەندە پێش پرۆسەی داگیرکردنی ئۆکرانیا
زێلێنسکی پێگەیەکی جەماوەری ئەوتۆی ناوخۆیی نەبوو، بەڵام بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی
ئاستی پەسەندێتیی خۆی بەدی کرد و بوو بە سەرکردەیەکی سەردەمی جەنگ، کە لە هەموو
جیهاندا دەنگی دایەوە. حکومەتی ئۆکرانیا سەرکەوتووبوو لە پەیداکردنی بڕێکی مێژوویی
لە هاوکاری لە لایەن ڕۆژئاواوە. تا کۆتایی کانوونی دووەمی 2023، ویلایەتە
یەکگرتووەکان 26.8 ملیار دۆلاری لە هاوکاری بۆ ئۆکرانیا دوای داگیرکردنی لە لایەن
ڕووسیاوە دابین کردووە، هەروەها دەوڵەتە ئەوروپییەکان چەند ملیارێکی دیکەیان دابین
کردووە. ئۆکرانییەکان پڕ چەک کران لە قەڵغانی سەرباز، سیستمی بەرگریی ئاسمانی،
هەلیکۆپتەر، زرێپۆشی M777 و سیستمی موشەکی زرێپۆشی جموجۆڵی
باڵا (HIMARS). ئەوان تانک و دەبابەی ڕۆژئاوا وەردەگرن. پەیداکردنی چەکی قورس و
هەمەجۆرە ڕێگەی بە هێزەکانی ئۆکرانیا دا لە ڕووی کوالیتییەوە پێگەیەکی باڵادەستیان
هەبێت بەسەر هێزەکانی مۆسکۆدا بۆ هۆشیاریی مەیدانی جەنگ کاتێک ڕووسیا سەرەتا بەرەو
شاری کیێڤ پێشڕەوی دەکرد و ڕێگەی بە ئۆکرانیا دا چەند هێرشێکی ورد و ئامانجکراو
ئاڕاستەی کۆگا لۆجستییەکان و ناوەندەکانی فرمانی ڕووسیا بکات لە ناوچە
خۆرهەڵاتییەکانی ئۆکرانیا.
لە هەمان کاتدا واشنتۆن دەستی کرد بە دابینکردنی ئەو
شتەی (کاسلین هیکس)ی جێگری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێی دەڵێت
هەواڵگریی "جەوهەری" و "ئامانج-باڵا" بۆ کیێڤ. بەڕێوەبەری
دەزگای هەواڵگریی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەخشینی زانیاریی
هەواڵگری بە ئۆکرانیا سروشتێکی "شۆڕشگێڕانە"ی هەبووە و بەڕێوەبەری
ئیدارەی ئاسایشی نیشتمانی و فەرمانی ئەلیکترۆنیی ویلایەتە یەکگرتووەکان شایەتیی دا
کە لە 35 ساڵی خزمەتی حکومیی خۆیدا هەرگیز نموونەیەکی باشتری بەخشینی زانیاریی
هەواڵگریی نەبینیوە. (بە وتەی پنتاگون، ویلایەتە یەکگرتووەکان زانیاریی هەواڵگری
لەسەر شوێنی سەرکردە باڵاکان ناخاتەڕوو، یاخود بەشدار نابێت لە بڕیاری
بەئامانجگرتنی ڕووسەکان لە لایەن ئۆکرانییەکانەوە.)
ئەم پرۆسەی هەماهەنگییە لە بواری زانیاریی هەواڵگریدا
گرنگیی خۆی هەبوو لە چەند خاڵێکی جەوهەریی جەنگەکەدا. لە دانپێدانانێکی کۆنگرێسدا،
(بێرنس) بەڕێوەبەری CIA ڕایگەیاند، کە پێش هەڵگیرسانی
جەنگ زێلێنسکی ئاگادار کردووەتەوە سەبارەت بە ڕوودانی هێرشێکی بۆ سەر شاری کیێڤ، و
(ئەنتۆنی بلینکن)ی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان هۆشداری دابوو بە
زێلێنسکی دەربارەی هەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ سەر خودی کەسایەتیی زێلێنسکی خۆی. ئەو ئاگادارکردنەوانە
کاتیان دا بە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی بتوانێت ئامادەکاریی بەرگرییەک بکات، کە هەم بۆ
پاراستنی پایتەخت و هەم بۆ پاراستنی کەسایەتیی زێلێنسکی گرنگ بوو. بە وتەی چەند
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری، بە هەمان شێوە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕووی
پلانداڕشتن و شێوازی ئەنجامدانی جەنگەوە پشتیوانیی ئۆکرانیای کرد لە هێرشە
پێچەوانەکانی شاری خارکیڤ و خیرسۆن لە مانگی ئەیلولدا، کە هەردووکیان بە
سەرکەوتنێکی مەزن کۆتاییان هات.
ئەو ورچە لە پرۆسەی فێربووندایە
لایەنگرانی ئۆکرانیا بیانووی ئاهەنگگێڕانیان زۆربوو لە
2022دا، چەندین دیمەنی پڕ جۆش و خرۆش لە خاکە تازە ئازادکراوەکانی ئۆکرانیاوە
دەبینران، بەڵام چەند دیمەنێکی دژوار بە دوایاندا هات. لێکۆڵەرەوە ئۆکرانی و
نێودەوڵەتییەکان چەندین بەڵگەی تاوانی جەنگیان لە شارە ئازادکراوەکانی بوچا و
لزیوم و خیرسۆندا دۆزییەوە. سەرباری هەموو هیواکان، هێشتا زۆر زووە بوترێت ئەو
هەڵمەتەی ڕووسیا شکست دەهێنێت. بە دڵنیاییەوە پوتن تا کۆتا خاڵ هەنگاو دەنێت،
هەرچەندە زامدارە، بەڵام هێشتا سوپای سەربازیی ڕووسیا لە توانایدایە ئۆپراسیۆنی
ئاڵۆز ئەنجام بدات و فێربێت خۆی لەگەڵ دۆخەکاندا بگونجێنێت و بەرگەی ئاستێک لە
ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری بگرێت کە تەنها چەند سوپایەکی سەربازیی کەم لە جیهاندا
توانای ئەو جۆرە بەرگەگرتنەیان هەیە. جەنگی باڵا لە ڕووی ئاستی توندی و داخوران و
فرەجۆریی چەک و تەقەمەنییەوە جەنگێکی یەکجار قورس و گرانە و لە ئێستادا ڕووسیا و
ئۆکرانیا بەراورد بە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان ئەزموونێکی تازە و زیاتریان هەیە لەو
جۆرە جەنگەدا.
بۆ نموونە لە هێزی ئاسمانی ڕووسیا بڕوانن. هەرچەندە
فڕۆکەوانەکان نەیوانتوانی شکست بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا بهێنن، بەڵام
دەبێت شرۆڤەکاران لە یادیان نەچێت ئەو جۆرە ئۆپراسیۆنانە بێ ئەندازە قورسن و
کاتێکی زۆریان پێویستە، وەک فڕۆکەوانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان تێبینییان
کردووە. هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە پرۆسەی فێربووندایە و لە بری ئەوەی درێژە بدات بە
خەسارکردنی فڕۆکەکانی لە ڕێی ئەنجامدانی چەند ئۆپراسیۆنێکەوە کە کاریگەرییەکی
کەمتر و ئامانجێکی پارێزگارانەتریان هەیە، ئەو هەوڵ دەدات لە ڕێی بەکارهێنانی موشەکی
بەتاڵی سەردەمی سۆڤێت و درۆنی (شاهید) کە لە ئێران کڕدراون شکست بە سیستمی بەرگریی
ئاسمانیی ئۆکرانیا بهێنێت.
لە هەمان کاتدا وا دەردەکەوێت سوپای سەربازیی ڕووسیا
باشتر بووە لە جێبەجێکردنی یەکێک لە هەرە مەترسیدارترین جموجۆڵە سەربازییەکان: کە
ئەویش بریتییە لە پەڕینەوە بە ڕووبارێکدا لە ژێر تەقە و هێرشی دوژمندا. ئۆپراسیۆنی
لەو جۆرە پێویستی بە ئاستێک لە پاشەکشەی پلان بۆ داڕێژراو، دیسپلین، پلانی پاراستنی
هێز و زنجیرەسازییەکی هێندە ورد هەیە کە زۆر کەم لە ئۆپراسیۆنەکانی دیکەدا
پێویستن. کاتێک ئەم جۆرە ئۆپراسیۆنانە بە شێوەیەکی خراپ ئەنجام دەدرێن، دەکرێت
ژمارەیەکی زۆر لە سەربازان گیانیان لەدەست بدەن؛ لە مانگی ئایاری 2022دا، سوپای
سەربازیی ئۆکرانیا BTGییەکی ڕووسیی تێکشکاند کاتێک هەوڵی دەدا لە ڕووباری
(دۆنێتس) بپەڕێتەوە، بەڵام پاشەکشەی سوپای ڕووسیا لە ڕووباری (دنیپەر) لە تشرینی
دووەمدا زۆر بە جوانی ئەنجام درا بەراورد بەو ڕووداوەی پێشتر، بەشێک لە هۆکاری ئەو
ئەدا باشەش دەگەڕێتەوە بۆ دانانی پلانێکی باش. سەرباری بوونی هێرشی موشەک و
زرێپۆشەکان، هەزاران هێزی ڕووسیا توانیان بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بەرەو ڕۆژئاوا
پاشەکشە بکەن.
بە هەمان شێوە ڕووسیا فێربووە لە چەند لایەنێکی دیکەشەوە
هەڵەکانی ڕابردووی ڕاست بکاتەوە. لە کۆتایی بەهاردا، سەرئەنجام هێزە ڕووسییەکان
سەرکەوتووبوون لە پەکخستنی پەیوەندیی ئۆکرانییەکان بە بێ ئەوەی پەیوەندییەکانی
خۆیان پەکی بکەوێت. لە مانگی ئەیلولدا کرێملن بڕیاری نیمچە جموجۆڵێکی ڕاگەیاند بۆ
قەرەبووکردنەوەی کورتهێنان لە ستافی سەربازیدا، ئەمەش بووە هۆی ڕاکێشانی 300،000
کەسی نوێ بۆ ناو هێزە چەکدارەکان. ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەکی بێ سەروبەرە بوو، ئەم
سەربازە نوێیانە مەشق و ڕاهێنانی باشیان وەرنەگرتبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەم هێزە
نوێیانە لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیان و پێگەی بەرگریکردنیان پڕکردووەتەوە و بە
ئەنجامدانی چەند ئەرکێکی بنەڕەتیی گرنگ یارمەتیی پڕکردنەوەی کەموکورتیی ناو یەکە
سەربازییەکانیان داوە. هەروەها حکومەتی ڕووسیا چین بە چین ئابووریی ڕووسیا بەرەو دۆخی
جەنگ دەبات، ئەمەش یارمەتیی دەوڵەت دەدات خۆی بۆ ناکۆکییەکی درێژتر ئامادە بکات.
وا خەریکە دەرەنجامی ئەم گۆڕانکارییانە دەردەکەوێت.
دەشێت بناغەی پیشەسازیی بەرگریی ڕووسیا بە هۆی گەمارۆ و سنووردارکردنی
هاوردەکردنەوە لە دۆخێکی سەختدا بێت، بەڵام کارگەکانی هێشتا ساغ و سەلامەتن و بێ
وچان کار دەکەن بۆ پڕکردنەوەی داخوازییەکان. هەرچەندە یەدەگی موشەکی ڕووسی بەرەو
کەمبوونەوە دەڕوات، بەڵام توانیویەتی عەمباری خۆی فراوان بکات لە ڕێی گۆڕینی
ئامانجی بەکارهێنانی موشەکی دژە-کەشتیی دەریایی و سیستمەکانی بەرگری ئاسمانییەوە.
تا ئێستا ڕووسیا پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی جەنگی باشتر نەکردووە، یاخود
توانای خۆی بەرەوپێش نەبردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ئامانجانەی لە جوڵەدان، بەڵام
لە ئێستادا بە وردییەکی زۆرەوە هێرش دەکاتە سەر تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا. تا مانگی
کانوونی دووەمی 2023، هێرشەکانی ڕووسیا زیانیان بە نزیکەی 40 لە سەدی ژێرخانی وزەی
ئۆکرانیا گەیاند، لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا کارەبای 10 ملیۆن کەسیان بڕی.
هەروەها ڕێڕەوی پرۆسەی فێربوونی ئۆکرانییەکانیش باش بووە
و توانیویانە لە ڕێی تاقیکردنەوەوە هاوسەنگیی هێزە ڕووسییەکان بشێوێنن. سوپای سەربازیی
ئۆکرانیا توانای داهێنەرانەی نیشان داوە لە پلانداڕشتندا و هێرشی کردووەتە سەر
بنکە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و کەشتیگەلی دەریای ڕەش. فڕۆکەوان و سەربازەکانی
ئۆکرانیا، هاوشێوەی ڕووسییەکان، ئەزموونێکی بێ وێنە و ناوازەی شەڕکردنیان پەیدا
کردووە. ئۆکرانیا سوودێکی زیاتری لە هاوکاریی دەرەکی بینیوە بەراورد بە ڕووسیا.
بەڵام هێزەکانی ڕووسیا سەرکەوتووبوون لە خۆگونجاندن و
تاقیکردنەوە کاتێک پێگەی بەرگرییان وەرگرت. دوای چەندین هەفتە لە هێرشی وێرانکەری HIMARS لە هاوینی
2022دا، ڕووسیا بنکەی فەرماندەیی خۆی و بەشێکی زۆر لە ناوچەی کۆگا لۆجستییەکانی
خۆی لە مەودای ئەو هێرشانە دوورخستەوە. هێزەکانی ڕووسیا ئاستێکی بەرزتری توانا و
لێهاتووییان لە پێگەی بەرگریکردندا نیشان داوە نەک لە هێرشبردندا، بە تایبەتی لە
باشوور کە چەند چینێکی بەرگرییان پێکهێنا و هێزەکانی ئۆکرانیا نەیانتوانی ئەو چینە
بەرگرییانەی ڕووسیا ببڕن. ژەنڕاڵ (سێرگێی سورۆڤیکین)، کە لە تشرینی یەکەمدا ناوی
فەرماندەی گشتیی ڕووسیای لێ نرا، پێشتر فەرماندەی ئۆپراسیۆنی باشوور بووە و ئەم
ئەزموونەی خۆی بۆ ئەو ناوچانەی دیکە گواستەوە کە ڕووسیا بە شێوەیەکی نیوەناچڵ
داگیری کردبوون. هێزەکان چەندین خەندەقی قووڵ و فراوانیان هەڵکەند و چەند پێگەیەکی
بەرگریی دیکەیان دروست کرد.
شایەنی باسە، تەنها دوای دەستنیشانکردنی سورۆڤیکین بە
فەرماندەی ئەو جەنگە، ڕووسیا لە شاری خیرسۆن کشایەوە و پێگەی خۆی بۆ پێگەی
بەرگریکردن گۆڕی. لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن سورۆڤیکینەوە، پوتن دانی
بەوەدا نا کە ئەم ناکۆکییە قورس و پڕ ئاڵنگاری دەبێت. ئەم گۆڕانکارییانە ئەوەمان
پێ دەڵێن کە پێدەچێت لە سایەی دەسەڵاتی سورۆڤیکیندا، پوتن هەڵسەنگاندنێکی واقیعیانەتری
دۆخەکەی ئۆکرانیای بەدەست دەگات.
بەڵام لە کانوونی دووەمی 2023دا، سورۆڤیکین ئەو پۆستە لێ
وەرگیرایەوە و ژەنڕاڵ (ڤالێریی گێراسیمۆڤ) ئەو پۆستەی وەرگرت. هەرچەندە هۆکاری ئەم
گۆڕانە لە پۆستی فەرماندەی جەنگی ئۆکرانیادا ڕوون نییە، بەڵام پێدەچێت تەڵە و
واستەی کۆشک لە پشت ئەم گۆڕانەوە بووبێت، نەک شکستێکی دیاریکراو لە سەرکردایەتیکردنی
سورۆڤیکیندا. هیچ فەرماندەیەکی ڕووسی نەیتوانی ئیرادەی شەڕکردنی ئۆکرانیا
تێکبشکێنێت، هەرچەندە ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشە موشەکییەکانی کە بوونەتە هۆی
نەهامەتیی گەلی ئۆکرانی، بەڵام دەشێت بۆردومان و خەندەقلێدان توانای ئۆکرانیا زۆر
لاواز بکات و وا بکات بۆ ئۆکرانیا قورس بێت دەست بەسەر خاکی لەدەستچووی خۆیدا
بگرێتەوە.
نەزانراوە زانراوەکان
بە هەرحاڵ، هیوای کرێملن زۆر زیاترە لە هێشتنەوەی ئەو
خاکەی لە ئێستادا دەستی بەسەرداگرتووە. پوتن زۆر بە ڕوونی ئاشکرای کردووە سەرجەم
ئەو چوار هەرێمەی دەوێت کە مۆسکۆ لە مانگی ئەیلولدا بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی
بەسەردا گرت (دۆنیتسک، خیرسۆن، لۆهانسک، زاپۆریژیا) و لە کۆبوونەوەیەکی بڵاوکراوەی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، پوتن
ئاماژەی بەوە کرد، خۆی ئامادەیە "پرۆسەیەکی دوور و درێژ" ببڕێت بۆ
بەدەستهێنانی ئەو چوار هەرێمە. بچوککردنەوەی ئامانج و ڕاشکاویی لەناکاوی پوتن
دەربارەی مەودای ئەم جەنگە نیشانی دەدا کرێملن دەتوانێت خۆی لەگەڵ پێگەی لاوازی
خۆیدا بگونجێنێت و هاووڵاتییانی خۆی ئامادە بکات بۆ جەنگێکی دوور و درێژ. پاشان
ڕووسیا یان لە پەرەسەندندایە، یاخود سوود لە کات وەردەگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت
هێزەکانی خۆی پێکبهێنێتەوە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەو گۆڕانکارییانەی
ڕووسیا ئەنجامیان دەدات بەسن، یاخود نا.
هۆکاری تەواو هەیە تا وا دابنرێت ئەم گۆڕانکارییانە نابنە
هۆی ڕزگارکردنی جەنگەکە بۆ ڕووسیا، چونکە ئەو شتانە زۆر زۆرن کە پێویست دەکات
بگۆڕدرێن؛ هیچ تاکە فاکتەرێک نییە ڕوونی بکاتەوە بۆچی تا ئێستا ئەم جەنگە هێندە
خراپ بۆ ڕووسیا چووەتەسەر. ڕوونکردنەوەکان بریتین لە چەند کێشە و گرفتێک کە
ناتوانرێت هێندە بە ئاسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە ئەوان چەند بەشێکی
شاراوەی سیستمی ڕووسین، بۆ نموونە ئەو هەڵخەڵەتاندنە خۆڕووخێنەرەی لە لایەن کرێملنەوە
نیشان درا کاتێک بڕیاری دا ئەولەویەت بدات بە نهێنیپارێزی و سەقامگیریی ناوماڵی
خۆی لە بری پلانداڕشتنێکی گونجاو. مۆسکۆ دوو هێندە توندتر بووە لە بێدەنگکردنی
هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەی ئەم جەنگە، تەنانەت هێندە توند بووە کە هەموو
جۆرە هەڵسەنگاندنێکی ژمارەی گیانلەدەستدانی جەنگ و پێشبینیکردنی چۆنێتیی
بەرەوپێشچوونی ئەم جەنگەی بە تاوان لە قەڵەم داوە. هەرچەندە بەرپرسان دەتوانن بە
سەلامەتی باس لە هەندێک لە کێشە و گرفتەکان بکەن، بۆ نموونە، سەرکردە
سەربازییەکانی ڕووسیا داوای فراوانکردنی هێزە چەکدارەکانیان کردووە، بەڵام
باسکردنی چەندین کێشەی دیکە قەدەغە کراوە، بۆ نموونە گرفتە گەورەکانی وەک بێ
توانایی و کەشی لاوازی فرمانکردن کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گرفتی ترسناک
لە سوپای سەربازیی ڕووسیادا لە ناو خاکی ئۆکرانیا. ئەم جۆرە سانسۆرکردنە وای
کردووە پەیداکردنی زانیاریی باش دەربارەی هەڵە و کەموکورتییەکانی ئەم جەنگە کارێکی
قورس بێت بۆ کرێملن، ئەمەش هەموو جۆرە هەوڵێکی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ئاڵۆزتر کردووە.
هەندێک لە کێشە سەرەکییەکانی ڕووسیا بە شێوەیەکی گشتی
لەودیو سنووری دەسەڵاتی مۆسکۆدان. سووربوونی ئۆکرانییەکان دژ بە ڕووسیا ڕەقتر
بووە، ئەمەش شتێکە سوپای سەربازیی ڕووسیا، سەرباری هەموو ئەو دڕندەییەی خۆی،
ناتوانێت بیگۆڕێت. لە هەمان کاتدا ڕووسیا نەیتوانیوە، یاخود نەیویستووە ڕێگری لە
کاروانی چەک، یاخود هاوکاریی هەواڵگریی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا بکات. تا ئەم دوو
فاکتەرە لە جێی خۆیاندا بن (مەبەست لە سووربوونی ئۆکرانییەکان و پشتیوانیی
ڕۆژئاوایە) ئەوا کرێملن ناتوانێت ئۆکرانیا بۆ دەوڵەتێکی ژێردەستەی خۆی بگۆڕێت، بەو
شێوەیەی سەرەتا هەوڵی بۆ دەدا.
هەر وەک چۆن ڕۆژئاوا هەڵسەنگاندنێکی زیاد لە ڕادە گەورەی
بۆ ڕووسییەکان کردبوو، دەکرێت ئێستا بە بچوکتر لە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی بیانبینێت.
بەڵام سوپای سەربازیی ڕووسیا چەند کێشەیەکی گرنگی
ڕاستکردەوە. بۆ ئەوەی بەسەر پلانێکی خراپدا زاڵ بێت، پێکهاتەی فەرماندەیی خۆی
جێگیر کرد و بەشێکی زۆر لە تاکتیکەکانی خۆی گۆڕی. پاش لەدەستدانێکی قورس و
زیادکردنی ژمارەی هێزی سەربازی، ئێستا سوپای ڕووسیا پێگەکانی خۆی لە ئۆکرانیا
بەهێز کردووە، ئەمەش وا دەکات هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانییەکان تێچوویەکی زیاتری
هەبێت. سەرکردە سەربازییە ڕووسەکان ڕایانگەیاند بە نیازن بەشێکی زۆر لە فەیلەقە
گەورەکانی پێش ڕیفۆرمی ساڵی 2008 بگەڕێننەوە، بۆ ئەوەی ببنە هۆی ڕاستکردنەوەی
بەشێک لە کێشە و گرفتەکانی پێکهاتەی هێزی سەربازی. لەگەڵ جوڵانەوەی ئابووریی
ڕووسیادا، بنکەی بەرگریی ڕووسیا دەتوانێت کەلوپەل و ئامڕازی زیاتر بەرهەم بهێنێت
وەک قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی سوپای ڕووسیا لە کاتی شەڕەکەدا دووچاری بوو.
هاوکات پیشەسازییە ڕۆژئاواییەکانی بواری بەرگریی سەربازی ماندووی فشاری داخوازیی
پڕچەککردنەوەی ئۆکرانیان. دەشێت ڕووسیا وای دانابێت بتوانێت پێگەی خۆی بەهێز بکات
و سوود لە کات وەرگرێت تا پشتیوانییە ڕۆژئاواییەکان بۆ ئۆکرانیا بەرەو کەمبوونەوە
دەڕۆن، یاخود جیهان واز لەم بابەتە دەهێنێت.
بەڵام دەبێت شرۆڤەکاران وریا بن دەربارەی پێشبینیکردنی
دەرەنجامەکان. هێشتا ئەو یاسا کلاسیکییە لە جێی خۆیەتی کە دەڵێت: لە جەنگدا، زۆر
جار ڕاپۆرتەکانی سەرەتا نادروستن، یاخود نیوەناچڵن. تەنها کات دەتوانێت نیشانی
بدات ئاخۆ ڕووسیا دەتوانێت ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا ڕزگار بکات، یاخود ئاخۆ
هێزەکانی ئۆکرانیا سەردەکەون. ئەم ناکۆکییە بە ڕێڕەوێکی پێشبینی نەکراودا ڕۆیشتووە،
هەر بۆیە دەبێت ڕۆژئاوا خۆی بەدوور بگرێت لە خێرا بڕیاردان لەسەر ئەو شتانەی
هەڵەبوون لە هەڵمەتەکەی ڕووسیادا، نەبا ڕووسیا چەند وانەیەکی هەڵە فێرببێت، یاخود
ستراتیژێکی نادروست دابڕێژێت، یاخود چەکی نەشیاو بەکاربێنێت. هەر وەک چۆن ڕۆژئاوا
هەڵسەنگاندنێکی زیاد لە ڕادە گەورەی بۆ ڕووسییەکان کردبوو، دەکرێت ئێستا بە
بچووکتر لە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی بیانبینێت، دەکرێت بە هەمان شێوە زیاد لە ڕادە
سیستمێکی داخراوی هاوشێوەی سیستمی ڕووسەکان بە گەورە ببینێت، بۆ نموونە سوپای
سەربازیی وڵاتی چین. شرۆڤەکاران کاتیان پێویستە بۆ ئەوەی تێبگەن چۆن جەنگاوەرێک
خۆی دەگونجێنێت و تاکتیکەکانی خۆی دەگۆڕێت.
پێویست ناکات پسپۆڕان ئەو ئامڕازانەیان فڕێ بدەن کە لە
ئێستادا بەکاریدەهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی هێزە سەربازییەکان. چەند پێوەرێکی ستاندارد،
بۆ نموونە، شێوەی ڕێکخستنی پێکهاتەی هێزێک، تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی چەکی ئەو
هێزە، کوالیتیی بەرنامەی مەشق و ڕاهێنانەکانی ئەو هێزە، تا ئێستا دروستن، بەڵام
هەرچەندە ئەم فاکتەرانە، لە پاڵ ڕێبازی سوپایەکی سەربازی و ئۆپراسیۆنەکانی
ڕابردوویدا چەند فاکتەرێکی گرنگن، بەڵام مەرج نییە بتوانن پێشبینیی ئایندە بکەن.
وەک لەم جەنگە و چەند ناکۆکییەکی دیکەی ئەم دواییانەدا دەرکەوتووە، شرۆڤەکاران
پێویستییان بە چەند ڕێگەیەکی باشترە بۆ پێوانی توخمە نەبینراوەکانی توانای
سەربازیی، وەک کولتووری سوپایەکی سەربازی، توانای فێربوونی ئەو سوپایە، ئاستی
گەندەڵی تێیدا، ئیرادەی شەڕکردنیان، گەر بیانەوێت بە شێوەیەکی دروست پێشبینی ناکۆکییەکانی
ئایندە بکەن.
شرۆڤەکاران کاتێکی زۆریان لەبەردەستدایە بۆ پەرەدان بەو
جۆرە پێوەرانە، چونکە سەرەڕای هەموو ناڕوونییەکان، هێشتا ئەوەندە ڕوونە: لەگەڵ
بەردەوامبوونی جموجۆڵی ڕووسیا و کۆڵنەدانی کیێڤ و پشتیوانەکانی، جەنگ درێژە
دەکێشێت.
سەرچاوە:
https://www.foreignaffairs.com/ukraine/what-russia-got-wrong-moscow-failures-in-ukraine-dara-massicot