تاک
مایكل رۆبن، شرۆڤەکاری سیاسییە، لە وتارەكەیدا بەناونیشانی (رۆژەكانی كۆتایی بارزانی وەك رابەری كوردی) کە لەپێگەی (19fortyfive)ـی ئەمەریكی بڵاویكردووەتەوە دەڵێت:
"بەڕاستی پێویستە مەسرور بارزانی هەست بە مەترسی و ناجێگیری بكات، چونكە ئێستا كوردستانی عێراق پارێزراو نییە و ناسەقامگیرە، وەك ئەوە نییە کە مەسرور بارزانی بانگەشەی بۆ دەكات".
"مەسرور بارزانی هەوڵی پتەوكردنی پێگەی خۆی و پاراستنی ناوبانگی خۆیدا لە رێگەی نمایشکردنی فیلمێكەوە، بەڵام كوردەكان بەردەوام پرسیاری ئەوە دەكەن كە مەسرور بارزانی چی بۆیان كردووە؟".
"داوام لەژمارەیەك دیپلۆماتكار و بەرپرسانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كوردستان و خوێندكاران و تەنانەت بەشێك لەبەرپرسانی حزبەكەی مەسرور بارزانیش كردووە كە هەڵسەنگاندنێك بۆ فەرمانڕەوایەتی مەسرور بارزانی بكەن، بەڵام ئەنجامەكان باش نەبوون جێگەی رەزامەندی نەبوو".
"مەسرور بارزانی لە هەژماری خۆی لەتیوتەر دەڵێت 'كوردستانێكی بەهێزتر بونیات دەنێین'، بەڵام لە بەرانبەردا كۆدەنگییەك هەیە پێی وایە مەسرور بارزانی شكستی هێناوە لە حکومڕانیدا".
"هەوڵەكانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوونە هۆكاری لەدەستدانی پانتاییەكی زۆری ناوچەكانی كوردستان لەبەرژەوەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق و لەدەستدانی هەندێ كێڵگەی نەوتی پڕقازانج لە باكووری عێراق، هەروەها رەتكردنەوەی ئەو پێشنیارەی كۆشكی سپی بۆ پشتیوانی لە ریفراندۆم لە بەرانبەر دواخستنی ریفراندۆمەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ، ئەگەر مەسرور بارزانی هەڵسوكەوتی سەرشێتانەی نەكردایە بێگومان ئێستا كوردستانی عێراق سەربەخۆ دەبوو".
"خراپ ئیدارەدان و چاوچنۆكی و زیادەڕۆیی مەسرور بارزانی وایكرد تەواوی مەلەفی نەوت وگازی كوردستانی عیڕاق رادەستی بەغدا بكات".
"لەساڵی 2003ـەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە لەبەغدا".
"گەندەڵی لە كوردستان بەربڵاوە و تەنانەت لەعێراقیش خراپترە، بە جۆرێك گەندەڵی گەیشتووەتە ئاستێك لەبری ئەوەی مەسرور بارزانی دوبەیەكی نوێ دروست بكات، خەریكە ئەریتیریایەكی نوێ دروست دەكات، گەنجانی كورد و زۆرێك لەو خوێندەوارانەی دەرفەتی كاریان نییە لە سیستمێكی گەندەڵدا، ئێستا ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە بەرانبەر بازرگانانی مرۆڤ و بەرەو ئەوروپا سەری خۆیان هەڵدەگرن تەنانەت زۆریان لە رێگەی هات و نەهات گیانیان لە دەست دەدەن".
"ئەگەر مەسرور بارزانی لە بانگەشەكەی راستگۆ بوایە، پێویستی بە ترس لە رۆژنامەنوسانی هەرێم نەبوو، بەڵام بارزانی لەراستگۆیی تۆقیوە و پەنا دەباتە بەر گرتنی رۆژنامەنوسان".
"ئێستا پێشمەرگە لە لاوازترین بارودۆخیدایە و هەژموونی كوردی لە پاشەكشەدایە بەراورد بە رابردوو، مەسرور بارزانیش بێدەنگی هەڵبژاردووە لە كوشتنی خەڵكی سڤیل لەلایەن توركیاوە لە خاكی كوردستان".

سەرچاوە:
https://www.19fortyfive.com/2023/08/barzanis-days-as-kurdish-leader-are-numbered/