نووسینی: ستێفانی کیرچاگایسنەر، مانیشا گانگولی، داڤد پێگ، کارۆلی کادوالادر، جەیسۆن بێرک
وەرگێڕانی: تاک

لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا تیمێکی بەڵێندەری ئیسرائیلی ئاشکرا بوون کە بە وتەی خۆیان لە ڕێی هاککردن و سیخوڕی و بڵاوکردنەوەیی ئۆتۆماتیکی زانیاریی نادروستەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستوەردانیان لە زیاد لە 30 هەڵبژاردنی سەرتاسەری جیهاندا کردووە.
ئەم گرووپە لە لایەن (تال هەنان)ەوە ڕابەرایەتی دەکرێت، کە پیاوێکی تەمەن 50 ساڵی بەکرێگیراوی پێشووی هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیلە و لە ئێستادا بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ژێر نازناوی (جۆرج)دا کار دەکات و پێدەچێت بۆ زیاد لە دوو دەیە بە شێوەیەکی نهێنی لە هەڵبژاردنەکانی چەند وڵاتێکی جیاوازدا کاری کردبێت.
ئەم پیاوە لە لایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی نێودەوڵەتییەوە ئاشکرا کرا. (هەنان) و گرووپەکەی، کە ناوی نهێنیی (تیمی جۆرج) بەکاردەهێنن، لە ڕێی چەند دۆکۆمێنت و گرتە ڤیدیۆییەکی نهێنییەوە ئاشکرابوون، کە ئەم بەڵگەنامانە بۆ ڕۆژنامەی (گاردیان) دزەیان کرد.
(هەنان) هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو بەرامبەر بە وردەکاری ئەو پرسیارانەی دەربارەی مێتۆد و چالاکییەکانی (تیمی جۆرج) ئاڕاستەی کران، تەنها وتی: "من ڕەتی دەکەمەوە هیچ کارێکی هەڵە ئەنجام درابێت".
لێکۆڵینەوەکان چەند وردەکارییەکی بێ وێنەیان ئاشکرا کردووە و دەریانخستووە کە چۆن بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست وەک چەکێک لە لایەن (تیمی جۆرج)ەوە بەكارهێنراوە، لە کاتێکدا ئەم تیمە خزمەتگوزارییەکی تایبەت پێشکەش دەکەن بۆ ئەنجامدانی دەستوەردانێکی نهێنی لە هەڵبژاردنەکاندا بە بێ ئەوەی هیچ ئاسەوارێک جێبهێڵن. لە هەمان کاتدا ئەم گرووپە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بە کڕیاری کۆمپانیاکانیش دەکەن.
(هەنان) بە پەیامنێرە نهێنییەکانی ڕاگەیاند، خزمەتگوزارییەکانی ئەوان، کە کەسانی دیکە بە "ئۆپراسیۆنی ڕەش" پێناسەی دەکەن، پێشکەش بەو دەزگا هەواڵگری، بانگەشە سیاسی و کۆمپانیا تایبەتانە دەکرێت کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی نهێنی دەستوەردان لە ڕایگشتیدا بکەن. ئەو دەڵێت، خزمەتگوزارییەکانیان لە سەرتاسەری ئەفەریقا و ئەمەریکای ناوەڕاست و باشوور و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپادا بەکارهێنراون.
یەکێک لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی (تیمی جۆرج) بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری ئاڵۆزە بە ناوی (چارەسەری کاریگەریی پێشکەوتووی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)، یاخود کورتکراوەکەی کە پێی دەوترێت (AIMS). ئەم بەرنامە کۆمپیوتەرییە سوپایەکی فراوان کۆنتڕۆڵ دەکات کە پێکهاتووە لە هەزاران هەژماری ساختەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، لینکدین، فەیسبووک، تێلێگرام، جیمەیڵ، ئینستاگرام و یوتیوب کار دەکات. هەندێک لەم هەژمارە ساختانە تەنانەت حسابی ماڵپەڕی ئەمازۆن و کارتی بانک و حسابی بیتکۆین و (Airbnb)یشیان هەیە.
ئەو کۆمەڵە ڕۆژنامەنووسەی لە (تیمی جۆرج)یان کۆڵییەوە پێکهاتبوون لە چەند پەیامنێرێک لە 30 ڕۆژنامە و ماڵپەڕی جیاوازەوە، کە ڕۆژنامەی (لۆمۆند) و (دێر شپیگل) و (ئیل پایس)یان تێدا بەدی دەکرا. ئەم پڕۆژەیە کە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی فراوانتر لە پیشەسازیی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست، لە لایەن ڕێکخراوی (Forbidden Stories)ەوە ڕێکخراوە، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەوسیتی فەڕەنسییە و ئامانجی شوێنکەوتنی کاری پەیامنێرە کوژراو، هەڕەشەلێکراو و زیندانیکراوەکانە.
ئەم گرتە ڤیدیۆییە نهێنییە لە لایەن سێ پەیامنێرەوە تۆمار کراوە، کە وەک کڕیار خۆیان نیشان داوە بۆ ئەوی لە (تیمی جۆرج) نزیک ببنەوە.
لە زیاد لە شەش کاتژمێری کۆبوونەوەدا کە بە شێوەیەکی نهێنی تۆمار کراون، (هەنان) و گرووپەکەی باس لەوە دەکەن چۆن ئەوان دەتوانن زانیاریی هەواڵگری لەسەر نەیارەکانیان کۆبکەنەوە، ئەمەش لە ڕێی بەکارهێنانی تەکنیکی هاککردنەوە بۆ گەیشتن بە هەژمارەکانی جیمەیڵ و تێلێگرام. ئەوان شانازیان دەکرد بە چاندنی زانیاری لە ناو میدیا هەواڵییە فەرمییەکاندا، کە دواتر لە ڕێی بەرنامەی کۆمپیوتەریی (AIMS)ەوە گەشەیان پێ دەدرا.
پێدەچێت زۆربەی ستراتیژی ئەم گرووپە لە دەوری شێواندن، یاخود تێکدانی هەڵمەت و بانگەشەی نەیارەکانیاندا بسوڕێتەوە: ئەم گرووپە تەنانەت ڕاشیانگەیاند پێشتر ئامڕازێکی سێکسییان لە ڕێی ماڵپەڕی ئەمازۆنەوە ناردووە بۆ ماڵی سیاسەتمەدارێک، بەو ئامانجەی وێنایەکی هەڵە لە مێشکی ژنی ئەو پیاوەدا دروست بکەن و وای نیشان بدەن ئەو پیاوە سەرقاڵی ناپاکیی سێکسییە.
ئەو مێتۆد و تەکنیکانەی لە لایەن (تیمی جۆرج)ەوە باسکران چەند ئاڵنگارییەکی نوێیان ڕووبەڕووی سەکۆ تەکنەلۆژییە زەبەلاحەکان کردووەتەوە، کە بە درێژایی چەندین ساڵە ئەم سەکۆیانە هەوڵیان داوە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروست لە لایەن کەسایەتیی ساختە، یاخود شکاندنی بەرگریی ئەمنیی سەکۆکانیان بکەن. لە هەمان کاتدا بەڵگەی بازاڕێکی جیهانیی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لە هەڵبژاردنەکاندا زەنگی مەترسی لەسەر سەرجەم دیموکراسییەکانی جیهان لێ دەدات.
دەشێت ئاشکرابوونی (تیمی جۆرج) ببێتە هۆی شەرمەزارییەک بۆ ئیسرائیل، کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ژێر فشارێکی دیپلۆماسیی زۆردایە سەبارەت بە هەناردەکردنی چەکی ئەلیکترۆنی، کە دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
وا دەردەکەوێت (هەنان) لانی کەم هەندێک لە ئۆپراسیۆنەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروستی لە ڕێی کۆمپانیایەکی ئیسرائیلییەوە ئەنجام دابێت، بە ناوی (دیمۆمانی نێودەوڵەتی)، کە ئەم کۆمپانیایە لەسەر ماڵپەڕێک تۆمارکراوە کە لە لایەن وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلەوە بەڕێوەدەبرێت و بۆ هاندانی هەناردەی بواری بەرگری بەکاردەهێنرێت. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هیچ وەڵامێکی نەبوو کاتێک داوامان لێکرد سەرنج و کۆمێنتی خۆی سەبارەت بەم پرسە بڵێت.

گرتە ڤیدیۆییەکی نهێنی

هەرچەندە خودی خۆیان پسپۆڕی بواری هەڵخەڵەتاندن و شت شاردنەوەن، دۆخێکی سەرسووڕهێنەر بوو کاتێک (هەنان) و هاوکارانی ڕێگەیان بە خۆیان دا لە ڕێی چەند پەیامنێرێکی نهێنییەوە ڕاستی و دروستی کار و چالاکییەکانیان ئاشکرا بکرێت. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی پێشتر هەوڵیان داوە لە ڕێی بەکارهێنانی چەند شێواز و ڕێگەیەکی نەریتییەوە تیشک بخەنەسەر پیشەسازیی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست، زۆر جار شکستیان هێناوە، چونکە ئەم پیشەسازییە هەوڵێکی یەکجار زۆر دەدات تا خۆی بەدوور بگرێت لە ئاشکرابوون.
بەم چەشنە ئەو کۆبوونەوانەی لە نێوان مانگی تەممووز و کانوونی یەکەمی 2022دا بە نهێنی تۆمار کران، پەنجەرەیەکی دەگمەن دابین دەکەن بۆ پیشاندانی میکانیزمی کارکردنی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و کڕینی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە.
سێ ڕۆژنامەنووس لە هەر یەک لە میدیا ڕۆژنامەوانییەکانی (ڕادیۆی فەڕەنسا) و (هارێتز) و (زە مارکەر)ەوە خۆیان لە (تیمی جۆرج) نزیک کردەوە و وایان پیشاندا ڕاوێژکاری وڵاتێکی ئەفەریقی بن، کە ناسەقامگیری سیاسی تێدا دەگوزەرێت و ئەمانیش بە شوێن هاوکاریی دەرەکیدا دەگەڕێن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان.
چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ (هەنان) و هاوکارانیدا لە ڕێی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە و چاوپێکەوتنێکی کەسی لە یەکێک لە بنکەکانی (تیمی جۆرج)دا ئەنجام دران، ئەم بنەکەیە لە نووسینگەیەکی بێ هێمادایە و دەکەوێتە ناو پارکێکی پیشەسازی لە ناوچەی (مۆدین)، کە 20 میل لە شاری تەلئەبیبەوە دوورە.
لە باسکردنی تیمەکەی خۆیدا (هەنان) دەڵێت، ئەوان "دەرچووی دەزگا حکومییەکانن" و پسپۆڕییان هەیە لە بواری دارایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بانگەشەی هەڵبژاردن و "شەڕی سایکۆلۆژی"، لە شەش نووسینگەی سەرتاسەری جیهانەوە کار دەکەن. چوار لە هاوکارانی (هەنان) ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون، کە یەکێکیان برای (هەنان) خۆی بوو بە ناوی (زۆهار هەنان) و خۆی وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم گرووپە ناساند.
لە خۆناساندنی سەرەتادا لەبەردەم کڕیارەکانیدا (هەنان) وتی: "لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی هەڵبژاردنێکین لە ئەفەریقا ... تیمێکمان هەیە لە یۆنان و تیمێکیش لە ئیمارات ... ئێوە شوێن بێشڕەوی ئێمە دەکەون. 33 بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیمان ئەنجام داوە، 27 دانەیان سەرکەوتوو بوون". دواتر (هەنان) ئاماژەی بەوە کرد لە بەشداربوون لە دوو "پڕۆژەی سەرەکی" لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵام وتیشی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ناکەن.
ناتوانرێت هەموو قسەکانی (تیمی جۆرج) لەو کۆبوونەوە نهێنییانەدا پشتڕاست بکرێنەوە و پێدەچێت قسەکانی (هەنان) زیادپێوەنانێکی تێدابێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێککەوتنێکی پڕ قازانج لەگەڵ ئەو کڕیارانەدا واژۆ بکات. بۆ نموونە، وا دەردەکەوێت (هەنان) نرخێکی زۆر زیاتری وتبێت کاتێک باسی لە تێچووی خزمەتگوزارییەکانی خۆیان کردووە.
(تیمی جۆرج) بە پەیامنێرەکانی ڕاگەیاند، کە حساب بە چەند دراوێکی جیاواز وەردەگرن، بە دراوی ئەلیکترۆنی وەک بیتکۆیینیشەوە، هەروەها بە کاشیش. (هەنان) دەڵێت، بەرامبەر بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا 6 بۆ 15 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
بەڵام چەند نامەیەکی ئەلیکتۆرنی کە دەستی ڕۆژنامەی (گاردیان) کەوتوون ئاشکرای دەکەن کە (هەنان) نرخی زۆر کەمتری داوا کردووە. یەکێک لەو نامانە پیشانی دەدات کە لە 2015دا (هەنان) داوای 160،000 دۆلاری ئەمەریکی کردووە لە کۆمپانیای ڕاوێژکاریی (کامبریج ئەنالێتیکا)، کە کۆمپانیایەکی لەکارکەوتووی بەریتانییە، بەرامبەر بە بەشداربوونیان لە بانگەشەیەکی هەشت هەفتەیی لە وڵاتێکی ئەمەریکای لاتینیدا.
لە 2017دا دووبارە (هەنان) هەوڵی دا کار بۆ کۆمپانیای (کامبریج ئەنالێتیکا) بکات، ئەم جارەیان لە وڵاتی کینیا، بەڵام لە لایەن ئەو کۆمپانیا ڕاوێژکارییەوە خزمەتگوزارییەکانی (هەنان) ڕەتکرانەوە، کە "بۆ هەر مانگێک داوای 400،000 بۆ 600،000 دۆلاریی ئەمەریکی کردبوو، نرخێکی زۆر زیاتر لە بەرهەمهێنانی کاردانەوەیەک بۆ قەیرانەکان" و ئەمەش زۆر زیاتربوو لەو بڕە پارەیەکی ئەم کڕیارە ئامادەبوو بیدات.
هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە پیشانی بدات هیچ کام لەو دوو بانگەشەیە بەردەوام بووبن، بەڵام چەند دۆکۆمێنتێکی دیکەی دزەپێکراو ئاشکرای دەکەن کاتێک (تیمی جۆرج) بە شێوەیەکی نهێنی لە 2015دا لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی وڵاتی نەیجیریادا کاری کردووە، شان بە شانی کۆمپانیای (کامبریج ئەنالێتیکا) ئەو کارەی ئەنجام داوە.
(ئەلێکساندەر نیکس) کە پێشتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (کامبریج ئەنالێتیکا) بووە، ڕەتی کردەوە هیچ کۆمێنتێکی پڕ وردەکاری سەبارەت بەم بابەتە بخاتەڕوو، بەڵام وتی: "تێگەیشتنی بە ڕواڵەت دروستی ئێوە مشتومڕ هەڵگرە".
هاوکات (تیمی جۆرج) ڤیدیۆیەکی ناردووە بۆ کۆمپانیا ڕاوێژکارییە سیاسییەکەی (نیکس) کە تێیدا نمایشێکی سەرەتای ئەو بەرنامە کۆمپیوتەرییە دەکات کە لە ئێستادا بەکاردەهێنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە ژێر ناوی (AIMS)دا ڕیکلامی بۆ دەکرێت. (هەنان) لە نامەیەکی ئەلیکترۆنیدا دەڵێت، ئەم ئامڕازە، کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات زیاد لە 5000 هەژماری ساختە دروست بکەن بۆ گەیاندنی "پەیامی بەکۆمەڵ" و "پڕوپاگەندە" لە 17 هەڵبژاردندا بەکارهێندراوە.
(هەنان) دەڵێت "ئەم بەرنامەیە سیستمێکی نیمچە ئۆتۆماتیکی دروستکردنی هەژماری ساختەیە و تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنێت و لە لایەن تیمەکەی خۆمانەوە پەرەی پێدراوە" و دەشڵێت، دەکرێت بە هەر زمانێک بیانەوێت بەکاربهێنرێت و وەک خزمەتگوزارییەک دەفرۆشرێت، هەرچەندە دەکرێت تەواوی بەرنامە کۆمپیوتەرییەکە بکڕدرێت "گەر نرخێکی گونجاوی پێ بدرێت".
بە گوێرەی ئەو زانیارییەی (هەنان) بە پەیامنێرە نهێنییەکانی وتووە، پێدەچێت ئەم بەرنامە کۆمپیوتەرییەی (تیمی جۆرج) بە شێوەیەکی بەرچاو تا ساڵی 2022 گەشەی کردبێت. (هەنان) دەڵێت لە ئێستادا ئەم بەرنامەیە سوپایەکی زیاد لە 300،000 هەژماری ساختەی نێونەتەوەیی لەبەردەستدایە و هەر یەک لەو هەژمارانە خاوەنی چیرۆکێکی دیجیتاڵی تایبەت بە خۆیەتی و چەندین ساڵە چیرۆکەکانیان گەشەی پێ دەدرێت.
کاتێک شێوازی کارکردنی بەرنامەی (AIMS) باس دەکات، (هەنان) بە هەژماری چەند کەسایەتییەکی ساختەدا دەڕوات و نیشانی دەدات چۆن دەتوانن لە ساتێکدا چەند پرۆفایلێکی ساختە دروست بکەن و چەند ئامڕازێک هەڵبژێرن بۆ دەستنیشانکردنی نەتەوە و ڕەگەزی ئەو هەژمارە ساختەیە و گونجاندنی وێنەی سەر هەژمارەکانیان لەگەڵ ناوەکانیاندا.
پێش هەڵبژاردنی وێنەی ژنێکی سپی پێست، (هەنان) بە پەیامنێرە نهێنییەکان دەڵێت "ئەمە ئیسپانییە، ڕووسییە، وەک دەیبینن ئاسیاییە، موسوڵمانە. با بەیەکەوە کاندیدێک دروست بکەین". "(سۆفیا وایلد)، حەزم لەو ناوەیە. ئەمە بەریتانییە. ئێستا ئەم ژنە ناونیشانی نامەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە خۆی و ڕێکەوتی لەدایکبوون و هەموو شتێکی دیکەی هەیە".
(هەنان) سوورهەڵدەگەڕا کاتێک لێی دەپرسرا وێنەی هەژمارە ساختەکان لە کوێوە پەیدا دەکرێن. بە هەرحاڵ ڕۆژنامەی (زە گاردیان) و هاوبەشەکانی لە چەند ساتێکی جیاوازدا بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم وێنانە لە هەژماری سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کەسانی ڕاستەقینەوە وەردەگیرێن. بۆ نموونە وا دەردەکەوێت وێنەی "سۆفیا وایلد" لە هەژمارێکی ڕووسیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دزرابێت، کە خاوەنەکەی ژنێکە لە شاری (لیدس) دەژی.
ڕۆژنامەی (زە گاردیان) و ڕۆژنامەنووسە هاوبەشەکانی شوێن چالاکییەکانی بەرنامەی (AIMS) کەوتن لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت. ئەم بەرنامە کۆمپیوتەرییە لە پشت بانگەشەی ساختەی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووە، بە شێوەیەکی سەرەکی لەو بانگەشانەدا کە مشتومڕی بازرگانییان تێدا بە دی دەکرا، بە نزیکەیی لە 20 وڵات کە لە ناویاندا شانشینە یەکگرتووەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا، ئەڵمانیا، سویسرا، مەکسیک، سینیگال، هیندستان و ئیمارات بەدی دەکران.
کۆمپانیای (مێتا)، کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکە، چەند هەژمارێکی سەر سەکۆکەی خۆیانی سڕییەوە کە پەیوەندییان هەبووە بە بەرنامەی (AIMS)ەوە، ئەمەش پاش ئەوەبوو کە پەیامنێران چەند نموونەیەکی هەژماری ساختەیان پیشانی کۆمپانیاکە دا. وتەبێژێکی کۆمپانیای (مێتا) ئەو هەژمارە ساختانەی (AIMS)ی گرێدایەوە بە چەند هەژمارێکی ساختەی دیکە کە لە 2019دا لە لایەن کۆمپانیایەکی ئیسرائیلییەوە دروستکرابوون و دواتر لە لایەن کۆمپانیای (مێتا)وە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکیان لێ قەدەغەکرا و لە ئێستادا ئەو کۆمپانیا ئیسرائیلییە لە کار کەوتووە.
ئەو وتەبێژە ڕایگەیاند کە "ئەم چالاکییە نوێیە هەوڵێکی دیکەی هەندێک لەو کەسانەی پێشووە بۆ ئەوەی دوبارە بگەڕێنەوە ناو تۆڕەکانی فەیسبووک و ئێمەش دوورمانخستنەوە، چونکە ئەوان پێشێلی پەیڕەوەکانی ئێمەیان کردووە". "پێدەچێت دوایین چالاکیی ئەم گرووپە بریتی بووبێت لە بەڕێوەبردنی داخوازی و سکاڵای ساختە لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت، یاخود چاندنی چیرۆکی هەڵبەستراو لە دەزگا میدیاییە باوەکاندا".
جگە لە بەرنامەی (AIMS)، (هەنان) باسی "مەکینەی بلۆگەر"ی بۆ پەیامنێرەکان کردووە، کە ئەمەش سیستمێکی ئۆتۆماتیکییە بۆ دروستکردنی ئەو ماڵپەڕانەی دواتر هەژمارە ساختەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بەکاریبهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە لە ئینتەرنێتدا. (هەنان) دەڵێت "پاش ئەوەی متمانەت پێ دەکرێت، چی دەکەیت؟ ئەوکات دەتوانیت کۆنتڕۆڵ بکەیت و کاریگەریی دروست بکەیت".

"پیشانتانی دەدەم بەرنامەی تێلێگرام چەند ئەمینە"

لەمەش سەرسووڕهێنەرتر ئەوەبوو کە (هەنان) توانای هاککردنی تیمەکەی پیشان دا، کە لەم ڕووەوە (هەنان) پیشانی پەیامنێرەکانی دا چەند بە ئاسانی دەتوانن دزە بکەنە ناو هەژمارەکانی تێلێگرام و جیمەیڵەوە. لە یەکێک لە کەیسەکاندا، (هەنان) هەژماری جیمەیڵی کەسێکی لەسەر شاشە پیشان دا کە بە "یاریدەدەری پیاوێکی گرنگ" لە هەڵبژاردنی گشتیی کینیادا پێناسە دەکرا، ئەو هەڵبژاردنەی پاش چەند ڕۆژێکی کەم ئەنجام دەدرا.
کاتێک بە نێو نامەی ئەلیکترۆنی و فایلی ڕەشنووس و ژمارەی پەیوەندییەکان و شۆفێری ئەم پیاوەدا دەگەڕا، (هەنان) وتی "لەمڕۆدا ئەگەر کەسێک خاوەنی جیمەیڵ بێت، ئەوا بەو مانایە دێت کە ئەوان تەنها ناونیشانی نامەیەکی ئەلیکترۆنییان نییە، بەڵکو زۆر زیاتریان هەیە". پاشان (هەنان) نیشانی دا چۆن دەتوانێت دزە بکاتە ناو هەژمارەکانی بەرنامەی تێلێگرامەوە.
یەکێک لەو هەژمارانەی سەر بەرنامەی تێلێگرام کە (هەنان) دزەی کردە ناویەوە لە لایەن کەسێکەوە خاوەندارێتی دەکرا، هاووڵاتی ئیندۆنیزیا بوو، هاوکات دوو هەژماری دیکەی تێلێگرام لە لایەن دوو هاووڵاتیی کینیاوە خاوەندارێتی دەکران، کە بەشداربوون لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا و کەسانی نزیکبوون لە (ویلیام روتۆ)ی کاندیدی سەرۆکایەتییەوە، کە دواتر ئەم کاندیدە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کینیا بوو.
(هەنان) وتی "دەزانم لە هەندێک وڵات لەو باوەڕەدان تێلێگرام بەرنامەیەکی ئەمینە. من پیشانتانی دەدەم چەند ئەمینە"، پاشان لەسەر شاشەکە بە ناو ژمارەی پەیوەندییەکانی هەژماری تێلێگرامی یەکێک لە ستراتیژیستەکانی کینیادا دەگەڕا، کە لەو کاتەدا کاری بۆ (روتۆ) دەکرد.
دواتر (هەنان) پیشانی دا چۆن دەکرێت دزەکردنە ناو تێلێگرام بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی کارەساتێک.
پاشان (هەنان) نووسی "سڵاو چۆنی ئازیز" و وا دەرکەوت نامەیەکی لە هەژماری ستراتیژیستە کینییەکەوە ناردبێت بۆ یەکێک لە پەیوەندییەکانی خۆی. بە شانازییەوە (هەنان) وتی، "من تەنها تەماشا دەکەم" و پاشان ڕوونی کردەوە کە چۆن دەکرێت دەستکاریکردنی بەرنامەی نامەناردن بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی فەوزایەک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنی بەرامبەرەوە تەنیا لە ڕێی ناردنی نامەوە.
(هەنان) وتی "یەکێک لە شتە هەرە گەورەکان دانانی چیلکەیەکە لە نێوان کەسی خوازراودا، ئێوە تێدەگەن. دەتوانم بە نامەیەک بۆی بنووسم من چۆن بیر لە ژنەکەی ئەو دەکەمەوە، یاخود بۆچوونی من چۆنە دەربارەی کۆتا وتار کە پێشکەشی کرد، یاخود دەتوانم پێی بڵێم بەڵێنی ئەوەم پێداوە بیکەم بە بەڕێوەبەری نووسینگەکەم، باشە؟"
دواتر (هەنان) پیشانی دا چۆن دەتوانێت پاش ئەوەی نامەکەی دەگاتە جێی مەبەست و دەخوێنرێتەوە، نامەکە "بسڕێتەوە" بۆ ئەوەی بتوانێت شوێنپێکانی خۆی بشارێتەوە، بەڵام کاتێک (هەنان) هەمان ئەم فێڵەی دووبارە کردەوە و هەوڵی دا هەژماری تێلێگرامی دووەم ڕاوێژکاری نزیکی (روتۆ) هاک بکات، ئەو هەڵەیەکی کرد.
پاش ئەوەی نامەیەکی بێ مانای لە تێلێگرام نارد بۆ یەکێک لە پەیوەندییەکانی ئەم قوربانییە هاککراوە، کە تەنیا ژمارە "11" نووسرابوو لە نامەکەدا، (هەنان) نەیتوانی بە شێوەیەکی گونجاو ئەو نامەیە بسڕێتەوە.
دواتر پەیامنێرێکی سەر بەم کۆمەڵەیە توانی لایەنی وەرگری ئەو نامەیە بدۆزێتەوە و ڕێگەی پێ درا مۆبایلی ئەو کەسە بپشکنێت. نامەی "11" هێشتا لەسەر هەژماری تێلێگرامی ئەو کەسە مابوو، ئەمەش بەڵگەیەک بوو سەلماندی کە دزەکردنی (تیمی جۆرج) بۆ ناو ئەو هەژمارە کردارێکی واقیعی بووە.
(هەنان) لای پەیامنێرە نهێنییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە تاکتیکەکانی هاککردن سوود لە خاڵی لاوازی ناو سیستی هێماناردنی کۆمپانیا جیهانییەکانی پەیوەندیکردن دەبینێت، کە بە (SS7) ناسراوە و بە درێژایی چەندین دەیەیە لە لایەن شارەزایانەوە وەک خاڵی لاوازی ناو تۆڕەکانی پەیوەندیکردن لە قەڵەم دەدرێت.
کۆمپانیای (گوگڵ)، کە خزمەتگوزارییەکانی جیمەیڵ بەڕێوە دەبات، ڕەتی کردەوە هیچ لێدوانێکمان بۆ بدات. کۆمپانیای تێلێگرام وتیان "کێشەی خاڵی لاوازی SS7" کێشەیەکی ئاشکرایە و "تایبەت نییە بە تێلێگرام". وتیشیان "هەژماری سەر هەر تۆڕێکی گەورەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکان، یاخود بەرنامەیەکی نامەناردن دەکرێت ڕووبەڕووی هاککردن ببێتەوە، یاخود لە لایەن کەسی ساختەوە بەکاربهێنرێت، گەر بەکارهێنەران شوێن پێشنیازە ئەمنییەکان نەکەون و پێشوەختە هەنگاوی شیاو نەنێن بۆ زامنکردنی ئەمنیەتی هەژمارەکانیان".
(هەنان) هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو کاتێک داوای لێدوان و سەرنجی پڕ وردەکاریی لێ کرا و ڕاگەیاند ئەو پێویستی بە "ڕەزامەندی"ی دەسەڵاتێکی نەناسراو هەیە پێش ئەوەی هیچ لێدوانێک بدات. بەڵام وتی: "هەر بۆ ئەوەی لاتان ڕوون بێت، من ڕەتی دەکەمەوە کارێکی هەڵەم کردبێت".
(زۆهار هەنان) برا و هاوبەشی کاری (هەنان) وتی: "من هەموو ژیانم هاوڕێک لەگەڵ یاسادا کارم کردووە!"

سەرچاوە:
 https://www.theguardian.com/world/2023/feb/15/revealed-disinformation-team-jorge-claim-meddling-elections-tal-hanan