نووسینی: بلال
صعب
وەرگێڕانی: تاک
دوای دیاریکردنی بایەخە ستراتیجییەکانی لە ناوچەکانی
ئەوروپا و هەردوو زەریای هێمن و هیندی، پێویست بوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
دۆخی بەرگری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکبخاتەوە، بۆیە ژمارەیەک چەمک و ڕێکاری
نوێی گرتەبەر بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشە ئەمنییەکانی، لەوانە ڕێبازێکی
جوڵەئامیز و نەرمتری پەیڕەو کرد بۆ بڵاوەپێکردنی سەربازەکانی لەو ناوچانەی دەکەونە
نێو بازنەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM)، بە گوێرەی ئەو ڕێبازە لەبری خۆ
سەقاڵکردن بە دامەزراندنی بنکەی گەورە و هەمیشەیی، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەپێی
هەڕەشە و پێداویستییەکان کەشتیگەلە دەریاییەکان و سەرچاوەکان لە ناوچە جیاوازەکان جێگیر
دەکات.
لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە نیشانە سەرەتاییەکانی پەیڕەوکردنی
ئەم ڕێبازە دینامیکییە لە نێو هێزە سەربازییەکاندا جێبەجێ کرا، کاتێک لۆید ئۆستن وەزیری
بەرگری لە وەڵامی هەڕەشە و هەڵوێستی ئێران بەرامبەر جوڵەی کاڵاکان لە کەنداو فەرمانی
دا بە جێگیرکردنی گرووپی ئامادەی وشکاوی و یەکەیەکی سیخوڕیی دەریایی لە کەشتیی (يو ئێس ئێس باتان) و فڕۆکەی
ئێف-٣٥ و ئێف-١٦، ڕۆکێتی ئاڕاستەکراوی (يو ئێس ئێس تۆماس هادنەر)، ئەگەرچی بنکەی
ئاسمانی و دەریایی ئەمەریکی بە کردەیی لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، بەڵام فڕۆکەی زیادە لە جۆری ئێف ١٦ و ئێف ٣٥ لەگەڵ
پۆلێک فڕۆکەی جەنگی چاودێری لە جۆری ٤٢١ لە بنکەی ئاسمانی ویلایەتی یوتاوە ڕەوانەی
بنکەی هێزی ئاسمانی ئەڤیانۆ لە ئیتاڵیا کران.
هیچ لەم کردەوانە ئەوە نیشان نادەن کە ئەمەریکا
هەنگاو بەرەو ستراتیژی هاوسەنگی دەرەکی دەنێت، یان وردە وردە دەستبەرداری بوونی
سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنێت، بەڵکو دەیەوێت بەم هەڵوێستەی برەو بە ئەرکەکانی بەرپەرچدانەوە و
دڵنیاکردنەوە و هاوکاری ئەمنی بدات، بە
جۆرێک بەربڵاوییەکی پێشکەوتووتر لە جاران لەخۆ بگرێت. لە هەمان کاتدا دەبێت
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ بەرپەچدانەوەی ئێران و کاریگەری خستنە سەر
هەڵوێستی بڕیاردان لە تاران و سوپای پاسداران، کەشتیگەلی سەربازی زیاتر لە
ناوچەکەدا بڵاوە پێ بکات، چونکە دەبێتە مایەی فەراهەمکردنی چەندین بژاردە بۆ
بەرپرسە ئەمەریکییەکان و بوار بۆ فەرماندەیی ناوەندی دەڕەخسێنێت لە کاتی پێویستدا
بە خێرایی وەڵام بدەنەوە، لە ڕووی تیۆریشەوە ئەم توانایەی ئەمەریکا کە دەتوانێت لە
هەر کاتێکدا بییەوێت دەستوەردانی خێرا بکات، وا لە تاران دەکات بەر لەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببات بۆ
گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی چەند جارێک بیر بکاتەوە، بەڵام ئایا ئەم شێوازەی ئەمەریکا
بۆ بەرپەچدانەوەی ئێران بێ کێشەیە؟ بێگومان نەخێر، بەڵام ئەگەر سزادانی دەستبەجێ و
بەهێزی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا نەبێت ئەوا ناتوانێت ڕاستەوخۆ لە کاتی هەر قەیرانێکی
چاوەڕوانکراودا ڕێگری لە جوڵەی خێرای ئێران بکات.
دڵنیایی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا
بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوبەشەکانی، ئەمەریکا لە ناوچەکەدا
پێویستی بە ئامادەیی سەربازیی دیار و هەمیشەیی هەیە، چونکە هاوبەشە ناوچەییەکان
کاتێک دەبینن هێز و کەرەستەی سەربازی ئەمەریکا لەسەر خاکەکەیان بوونی هەیە، زیاتر
هەست بە دڵنیایی دەکەن، بەو پێیەی ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەمەریکا بە ئاستێکی
دیاریکراو پابەندە بە بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکەیانەوە، لە هەمان کاتدا
هاوبەشە ناوچەییەکان ناڕەزایی توندی خۆیان لە سیاسەتی کشانەوەی ئەمەریکا
ڕادەگەیەنن، بە جۆرێک هەر کاتێک واشنتۆن کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی لە
ناوچەکە دەگوازێتەوە، جا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، یان سەکۆیەکی بەرگریی
موشەکی ئەمەریکی لاببرێت، مەترسی ئەوەیان لا دروست دەبێت واشنتۆن دەستبەرداریان
بێت.
دواجار بۆ گەیشتن بە هاوکاری ئەمنی، ئەمەریکا لە
ناوچەکەدا پێویستی بە هێز و سەربازی ڕاهێنراوە تا هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە بکەن و
ببنە ڕاوێژکاریان، ئەم هاوکاری
ئەمنییەی ئەمەریکاش بۆ ئەوەی ئەکتیڤ و
کارا بێت پێویستە ئامادەییەکی بەردەوامی لە ناوچەکەدا هەبێت ،ئەمەش پەیوەستە بە دروستکردنی متمانە و
پەرەپێدانی پەیوەندییە کەسییەکان، ئەم
کارەش لە دوورەوە بەدی نایەت.
لەم سۆنگەیەوە پرسیارێک کە لەبەردەم داڕێژەرانی
سیاسەتی ئەمەریکادایە ئەوەیە: تا چەند ئەم ئامادەبوونە پێویستە بۆ ئەوەی بە
شێوەیەکی کاریگەر ئەو سێ ئەرکە بەدی بهێنێت؟
سەرەتا دەبێت مرۆڤ درک بەوە بکات لە چوارچێوەی دۆخی
ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژینگە ستراتیژییەکەیدا، ناکۆکی لە نێوان بەرپەچدانەوە
و ئارامی و هاوکاری ئەمنیدا بوونی هەیە، چونکە هاوکاری ئەمنی ئەوەندەی پێویستی بە
دانانی کەسانی شیاوە لە شوێنی شیاودا، ئەوەندە پێویستی بە ئامادەبوونی گەورەی ئەمەریکا
نییە، بەڵام هاوبەشەکان هەمیشە ئامادەیی سەربازی بەهێز و بەرجەستەیان پێ باشترە.
شێوازی بەرپەرچدانەوە
سەبارەت بە شێوازی بەرپەچدانەوەش تا ڕادەیەک مەحاڵە
بڕی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا دیاری بکرێت
تا کاریگەری خۆی بنوێنێت، چونکە خودی چەمکەکە ئەستەمە بۆ پێوانەکردن و
هەڵسەنگاندنی (ئەوە پەیوەستە بە زۆر فاکتەری دیکە لەوانە ڕاستگۆیی و گونجاندن) لە
بەرامبەردا ئێران ڕاستەوخۆ بەردەوامە لە چالاکییەکانی بە بێ ئەوەی لە دەرگای شەڕی
ڕاستەوخۆ بدات.
پێ دەچێت ئەم ڕێبازە دینامیکییەی فەرماندەیی ناوەندی بەگەڕخستنی
هێزەکان کە هێشتا لە سەرەتای دەستپێکردنیدایە، بتوانێت بە شێوەیەکی زیرەکانە
هاوسەنگی لە نێوان ئەو سێ ئەرکەدا ڕابگرێت، لە ڕێگەی پاراستنی بڵاوەپێکردنی
هێزەکان لە هێڵەکانی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە، لەگەڵ جەختکردنەوەیەکی زیاتر لەسەر
پاراستنی ئامڕازەکانی دەستڕاگەیشتن و قۆستنەوەی تواناکانی خۆگونجاندن و نەرمی
نواندن، ئەمەش ئاڵنگارییەکی تایبەت دروست دەکات، چونکە هاوبەشە ناوچەییەکان ئەگەر
هەست بکەن بوونی ئەمەریکا بە کردەیی کەمبووەتەوە دەتوانن دەستڕاگەیشتنی بە ناوچەکە
سنووردار بکەن.
دۆخی نێوان هاوبەشە ناوچەییەکان و واشنتۆن بە گەمەی
مریشک دەچێت، ئەگەر لە ئەنجامی ناڕەزایی و نیگەرانییەکانیان لە سیاسەتی ئەمەریکا هەڕەشەی
سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن ئەمەریکا بکەن، ئەوا ئاسایشی خۆیان دەکەوێتە
مەترسییەوە (دۆخەکە وەک شکستی خودی لێ دێت)، لە هەمان کاتدا ئەوان درک بە گرنگی
ئەو کارانە دەکەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدەن، نەک تەنها
لە ڕووی بنکە سەربازییەکان و مۆڵەتی فڕینەوە، بەڵکو لە ڕووی ئەو کەرەستانەی پێشتر
بوونی هەبووە و لە ئێستادا دەتوانرێت وەکو ئامڕازێکی فشار بەکاریبهێنن تا چی تر
بوونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کەم نەبێتەوە.
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئێران و ئەگەری شەڕ
لەگەڵیدا، گرنگی دەستڕاگەیشتنی ئەمەریکا بە ناوچەکە زیاد دەکات، یەکەم ساتەکانی
ئەگەری ڕوبەڕووبوونەوە، یان قەیرانی سەربازی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران پێویستی بە
پلەیەکی بەرزی نەرمی نواندنی کردەیی ئەمەریکا هەیە، ئەم کارەش بەدی نایەت تا لە ناوچەکەدا بوونی نەبێت.
کۆتایی
لە کۆتاییدا هەر مشتومڕێک لەناو ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان هەر شوێنێکی تر، دەبێت
لە چوارچێوەی ڕێبازێکی ستراتیژیی دیاریکراودا بێت، چونکە ستراتیژ دەتوانێت هەڵوێست
بوونیاد بنێت و دیاری بکات، نەک بە پێچەوانەوە، قووڵبوونەوە لە گفتوگۆکردن سەبارەت
بە ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا و تواناکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێ سوود دەبێت
ئەگەر ئەمەریکییەکان تێگەیشتنێکی دیاریکراویان نەبێت بۆ ئەو ئامانجانەی کە
دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو هێز و توانایانەوە بەدەستی بهێنن، بەڵام تا ئەو کاتەی ئەم
ڕێبازە ستراتیژییە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون دەبێتەوە، واشنتۆن نابێت
گرنگی هاوبەشە ناوچەییەکان بەهەند وەرنەگرێت، چونکە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان و بەبێ
دەستڕاگەیشتن بە ناوچەکە، ئەمەریکا توانای ئەوەی نابێت دەستکەوتی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی بهێنێت.
سەرچاوە
https://www.majalla.com/node/297131