نووسینی: سەربەست
فەرحان سندی Serbest Ferhan Sindi
وەرگێڕانی: تاک
لە کاتێکدا باس
و خواسی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ لە
میدیای عێراقیدا گەرمتر دەبێت، کەچی ڕاگەیاندنەکانی تورکیا هیچ باسێکی ناکەن، وەک
ئەوەی سەردانەکە هیچ لە بەرژەوەندی تورکیا نەبێت، یاخود دڵخوازی ئەو وڵاتە نەبێت،
نایانەوێت بیکەن بە ڕۆژەڤی شەقامی تورکیا.
کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا
ڕۆژی ٢٥ی تەمموز محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە عەلی
ڕەزا گونەی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کرد و لە لێدوانێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەدا کە
سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆگان تەوەرێکی گفتوگۆکانیان بووە.
دوو ڕۆژ دواتریش لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە عەلی ڕەزا
گونەیی کرد، بەڵام لە گفتوگۆکانیاندا باسیان لە سەردانەکەی ئەردۆگان نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی ٣ی ئاب وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە
ناوەڕاستی مانگی ئابدا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات.
ئاشکرایە کۆمەڵێک کێشە لە نێوان تورکیا و عێراق خەریکە دەگەنە بنبەست و بە
هەڵواسراوی لە نێوان هەردوولادا ماونەتەوە. لە ڕاستیدا چوار بۆ پێنج کێشەی سەرەکی
لە نێوان ئەو دوو وڵاتە مایەی سەرنجە و پێشبینی دەکرێت ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی ئەردۆگانیش
بۆ قسەکردن بێت لەسەر ئەو کێشانە.
ئەگەرچی سێ لەو کێشانە ئومێدی چارەسەریان هەبێت و هەر دوولا بە هێمنانە
بتوانن گفتوگۆی لەسەر بکەن، لە بەرامبەردا دوو کێشە بوون بە گرێکوێرەی نێوان
ئەنقەرە و بەغدا، بە جۆرێک ئومێدی چارەسەرکردنیان کەمە و خەریکە دەگەنە بنبەست.
چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەی ئەردۆگاندا بابەتەکانی کێشەی ئاو، قەبارەی
بازرگانی (هەناردەی تورکیا بۆ عێراق)، هەناردەی نەوت، پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان
لەگەڵ بوونی پەکەکە و هەوڵی پاکتاوکردنی ئەو حزبە بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ. لە
ئێستادا وەفدەکانی هەر دوولا لە ڕێگەی گفتوگۆی نهێنی و دوور لە چاوی میدیاکان بە دوای
چارەسەری ئەو کێشانەوە عەوداڵن.
هەرچەندە ئەردۆگان لە ساڵەکانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١دا وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا
سەردانی هەولێر و بەغدای کردووە. بەڵام یەکەمجارە وەک سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە
سەردانی عێراق دەکات. لەبەرئەوە ئەم سەردانە بە سەردانێکی مێژوویی و پڕبایەخ
ئەژمار دەکرێت.
ئەردۆگان بە هۆی لاوازی کارتەکانی دەستی پەلەی نییە
سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ بەغدا وەک بەشێک لە سیاسەتی نوێی تورکیا دوای
هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی ئایار بەرامبەر وڵاتانی دراوسێی دەخوێنرێتەوە. هەڵبەت پێش
سەردانی بۆ بەغدا گەشتێکی چەند ڕۆژەی پڕ لە کۆبوونەوە و واژۆکردنی چەندین
ڕێککەوتننامەی بۆ وڵاتانی عەرەبستانی سعودی، قەتەر و ئیمارات ئەنجام دا. ئەمە جگە
لەوەی لێکنزیکبوونەوە و لێدوانی نەرم لە نێوان تورکیا و سوریا هەستی پێدەکرێت.
ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی کەمکردنەوەی کێشەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و
خۆرهەڵاتی ناوەراست.
لەبەرئەوە تا ڕادەیەک ئەگەری ئەوە هەیە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو
وڵاتانە بەرەو ئاساییبوونەوە بڕوات. هەرچەندە ئێران و وەک درێژکراوەیەکی ئەو وڵاتە
عێراقیش لەلایەن تورکیاوە لە ڕووکەشدا وەک دۆست و برا تەماشا بکرێن، بەڵام لە
ڕاستیدا ئەو دوو وڵاتە لە نێوان پێگەی ڕکابەر/ دوژمنی تورکیا دێن و دەڕۆن.
لەبەرئەوە هەندێکجار دەستەواژەی "برای دوژمن" کە زاراوەیەکە لە
زانستی سیاسەتدا بۆ ئێران و عێراق بەرامبەر تورکیا بەکاردەهێنرێت.
پێویست ناکات باس لەو کێشە مێژووییانەی نێوان ئێران و عێراق (دەوڵەتی
سەفەوی) لەگەڵ تورکیا (دەوڵەتی عوسمانی) باس بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەمان
لەبەرچاو بێت کە بەشێک لە کێشەکانی ئەمڕۆی نێوان هەر دوولا درێژکراوەی ئەو کێشانەن
کە لە دێرزەمانەوە لە نێوان ئەو دوو هێزەدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، یاخود هەمان
ئەو کێشانەن بە بەرگێکی نوێ و مۆدێرنانەوە بەردەوامیان هەیە.
کێشەی ئاو
سەرەڕای سەرهەڵدانی کێشەی ئاو لە نێوان تورکیا و عێراق لە پەنجاکانی سەدەی
ڕابردووەوە، بەڵام تورکیا لە ڕێگەی دروستکردنی نزیکەی ٢٠ بەنداو لەسەر ئەو ڕێڕەوە
ئاوییانەی لە خاکی وڵاتەکەیەوە دەڕژێنە عێراقەوە کێشەکەی قووڵتر و چەقبەستووتر
کردووە.
هەڵبەت تورکیا بەنیازە کارتی ئاو وەک فشارێک بۆ سەر دەسەڵاتدارانی عێراق کە
وەک سێبەری ئێران وان لە وڵاتەکەی خۆیاندا بەکاربهێنێت. بەو واتایەی بێدەنگی
دەسەڵاتدارانی عێراق بەرامبەر سیاسەتی ئاویی ئێران دەربارەی عێراق وەک پاساو
(بەڵگەیەک) بەکاربهێنن بۆ زیادکردنی ژمارەی بەنداوەکانی خۆیان و وشککردنی ڕووباری
دیجلە و فورات لە خاکی عێراقدا.
سەردامانێک هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات ٩٠٪ی پێداویستی ئاوی خواردنەوەی
عێراقیان دابین دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ئەم وڵاتە بەدەست کێشەی بێ ئاوی و
وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا عێراق کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاوی بە بەشداری
وڵاتانی دراوسێ ئەنجام دا. هەرچەندە ئەم کۆنفرانسە بە ئامانجی گەیشتن بە
چارەسەرێکی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەنجام درا، بەڵام ئەنجامێکی
ئەرێنی لێوە بەدی نەهات.
لە ئێستادا ڕێژەی ئەو زەوییانەی لە عێراقدا بە گەنم و جۆ دەچێنرێن لە ١١
ملیۆن دۆنمەوە بۆ ٧ ملیۆن دۆنم دابەزیوە. هەروەها نزیکەی ١٢ هەزار خێزان لە
باشووری عێراق بە هۆی وشکەساڵییەوە ناچاربوون ناوچەکانی خۆیان جێ بهێڵن.
هەرچەندە ئەردۆگان لە سەردانەکەی مانگی ئازاری ئەمساڵی محەممەد شیاع سوودانی
بۆ ئەنقەرە بەڵێنی بەردانەوەی زیاتری ئاوی ڕووباری دیجلەی پێدا، بەڵام بەڵێنەکەی
سەرۆک کۆماری تورکیا هەر لەسەر کاغەز مایەوە. لە ئێستادا عێراق لە هەوڵی دانانی
نەخشەڕێگایەکی بنەڕەتیدایە، بە جۆرێک بتوانرێک چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی ئاو و
وشکەساڵی لە عێراق بدۆزرێتەوە، بەڵام ئەو چارەسەرە تا چەند دەتوانرێت بخرێتە بواری
جێبەجێکردنەوە جێگای سەرنج و گومانە.
زیادکردنی قەبارەی بازرگانی
ساڵی ٢٠٢٢ قەبارەی بازرگانی عێراق و تورکیا ١٥ ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە
ڕاستیدا ئەم قەبارەی بازرگانییە دەتوانرێت بە "هەناردەی تورکیا بۆ عێراق"
ناو ببرێت. ئەوەی تەنیا بە ناو قەبارەی بازرگانی نێوان دوو وڵاتە، لە ناوەرۆکدا
بریتییە لە هەناردەی بەرهەمەکانی تورکیا بۆ عێراق، لەبەرئەوەی لە عێراقەوە تەنیا
نەوت هەناردەی تورکیا دەکرێت، ئەوەش ناتوانرێت وەک بەشێک لە هەناردەی عێراق بۆ
دەرەوە هەژمار بکرێت و بخرێتە چوارچێوەی قەبارەی بازرگانی عێراق و تورکیاوە.
لەلایەکی دیکەوە عێراق بودجەیەکی ١٧ ملیار دۆلاری بۆ پرۆژە زەبەلاحەکەی
"ڕێگەی گەشەپێدان" تەرخان کردووە، تورکیاش هەوڵی بێ وچان دەدات بۆ
دەستخستنی پشکی شێر لەو پرۆژەیەدا بۆ کۆمپانیاکانی.
پێشبینی دەکرێت لە سەردانەکەی هاکان فیداندا ئەم بابەتە یەکێک بێت لە
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەر دوولا، ئەردۆگانیش چاوەڕێ دەکات عێراق
دەرفەتی گرنگ و سەرەکی بە کۆمپانیا تورکییەکان بدات لەم پرۆژەیەدا. پەیوەندییە
تەلەفۆنییەکی ئەردۆگانیش لە ١٤ی تەممووز و لە گفتوگۆی لەگەڵ سوودانیدا ئەم بابەتەی
باس کردووە.
ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و هەڵوێستی تورکیا
دادگای پاریس داوایەکی یاسایی عێراقی کە لەسەر تورکیا تۆماری کردبوو لە
بەرژەوەندی عێراق یەکلا کردەوە و بڕی ١.٧ ملیار دۆلار سزای قەرەبووی عێراقی بەسەر
تورکیادا سەپاند. داواکە پەیوەست بوو بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی
بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان بەبێ ڕەزامەندی بەغدا. بڕیارەکەی
دادگای پاریس بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی ٤٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و
کەرکوک لە بەندرەی جەیهانەوە لە ٢٥ی ئازاری ئەمساڵدا، سەرەڕای چەندین دیدار و گفتوگۆی
نێوان لایەنی تورکی لەگەڵ لایەنی عێراقی و هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ
بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆکاندا بەدی نەهاتووە.
هەرچەندە هەولێر و بەغدا لە ٤ی نیساندا رێککەوتننامەیەکیان پەیوەست بە
هەناردەی نەوتی هەرێم واژۆ کرد، بەڵام بە هۆی ناڕەزایی تورکیاوە تا ئێستا هەناردەی
نەوتی هەرێم و تەنانەت کەرکوکیش لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستی پێ نەکردووەتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان مانگی ڕابردوو ئاشکرای کرد بە هۆی ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا
هەناردەی نەوت دەست پێ ناکاتەوە، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە
کێشەکانیان لەگەڵ هەرێم چارەسەر کردووە.
لە تورکیا قەیرانی ئابووری بەردەوامی هەیە، لەگەڵ گرانی و هەڵاوسانی
بەردەوامدا، نرخی سوتەمەنیش بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ
بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی. لەلایەکی دیکەوە چەندین کێشەی دیکەی
هەڵپەسێردراوی پەیوەست بە نەوت و بابەتی دیکەش لە نێوان هەولێر و بەغدا بە
چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، تورکیاش بە سوودوەرگرتن لەو کێشانەی ناوخۆی عێراق
دەیەوێت بڕی قەرەبووەکەی بۆ عێراق بۆ کەمترین ئاست داببەزێنێت.
پەکەکە، گرێکوێرەی نێوان تورکیا و عێراق
هەڵەیە ئەگەر پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی خاوەن چەند سەد چەکدارێک ببینرێت،
بەڵکو زیاد لەوە ئێستا پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی پێویستە لە ڕوانگەی
سەربازی، ئەمنی، جیۆپۆلەتیکی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لێی بڕوانرێت. لەمەش زیاتر
پێویستە پەکەکە وەک بەشێک لە زنجیرەی ڕژێمی ئێران، بەشار ئەسەد، حەشدی شەعبی، حزبوڵڵای
لوبنانی، حوسیەکانی یەمەن تاوەکو بەرەی ڕوسیا، چین و کۆریای باکوور خوێندنەوەی بۆ
بکرێت.
لەمانەش گرنگتر پەکەکە ئەندامێکی گرنگە لە "بەرەی بەرگری/ جبهة
مقاومة" بە سەرکردایەتی ئێران، لەبەرئەوەشە دەتوانێت لە قەندیل بمێنێتەوە.
زۆر بە ئاسانی لە سلێمانی تەراتێن بکات و شەنگال بکات بە قەندیلی دووەم و لە کەمپی
مەخمورەوە گەریلا ئامادە بکات بۆ بەرەکانی جەنگ.
تەنانەت پەکەکە گەیشتووەتە ئاستێک لە کەلار و چەمچەماڵ لە قووڵایی خاکی
هەرێمی کوردستان کەمپی مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەندامانی بکاتەوە. ئەگەر بێت و پەکەکە
بەشێک نەبێت لە بەرەی بەرگری، بە دڵنیاییەوە ناتوانێت لەو ناچە فراوانە لە یەک
دوورانە هاتوچۆ و چالاکی بکات.
پەکەکە لەگەڵ حەشدی شەعبی بە تەواوی ڕۆچوون بەناو یەکدا، تورکیاش زۆر باش
ئەم راستییە دەزانێت. مەحاڵە تورکیا لەلایەک پشتیوانی حەشدی شەعبی کردبێت بۆ
دەرکردنی پێشمەرگە لە کەرکوک، شەنگال، دوزخورماتوو، مەخمور و ناوچە جێناکۆکەکانی
دیکە، بەڵام بیری لەوە نەکردبێتەوە کە ڕەنگە گەریلاکانی پەکەکە لەگەڵ حەشدی شەعبی
شوێنی پێشمەرگە لەو ناوچانە پڕ بکەنەوە. لەبەرئەوە ئەو ناوچەیە وەک بازنەی
ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی هێزەکان وایە.
تورکیا لە ئێستادا هەوڵی تەواو بۆ ڕێگری لە حەشدی شەعبی و هەر گرووپێکی
دیکەی هاوشێوەی، یاخود هاوپەیمانی دەدات کە دەبن بە مەترسی بۆ سەر
بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراقدا، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی تەواو دەدات بۆ
فشارخستنە سەر بەرپرسانی عێراق. بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە و وەک پێشینان
دەڵێن تازە "گورگەکە نەک مەڕەکە، بەڵکو خاوەنەکەشی خواردووە".
ململانێکانی تورکیا و ئێران و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا
چاوەڕوانییەکی دیکەی تورکیا لە بەغدا بریتییە لە دەرکردنی گەریلاکانی
پەکەکە لە خاکی عێراق و لەم چوارچێوەیەشدا بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەرتر بگێڕێت، بەڵام
ئەم بابەتە تەنیا لە دەستی بەغدادا نییە و پێویستی بە ڕەزامەندی تاران هەیە.
تورکیا لەگەڵ عێراق نا، بەڵکو چەندێک لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوێت ئەوەندە
دەتوانێت ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە لە خاکی عێراق ئەنجام بدات، هێرش بۆ سەر قەندیل
بکات و پەکەکە لاواز بکات. هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران دژیەک
بوەستێت ئیدی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هێرش بۆسەر پەکەکە جگە لە کات بەفیڕۆدان
هیچی دیکەی بۆ تورکیا لێ سەوز نابێت.
ئێرانیش زۆر باش ئەمە دەزانێت، هەر بۆیە پێش سەردانەکەی ئەردۆگان بە چەند
ڕۆژێک هێرشی زەمینی بۆسەر ناوچە سنورییەکانی عێراق لە ڕووی هەرێمی کوردستانەوە
ئەنجام دەدات، بەهانەی ئێرانیش بۆ هێرشەکانی بوونی کۆمەڵە و دیموکرات و حزبەکانی
دیکەی ڕۆژهەڵاتن لە خاکی هەرێمی کوردستاندا.
تەنیا هێزێک بتوانێت ڕێگری لە هێرش و چالاکییەکانی ئێران لە خاکی عێراق و
هەرێمی کوردستاندا بکات، ئەمەریکایە، بەڵام وا دیار نییە ئەویش نیەتی ڕێگری لە
ئێران هەبێت. بەڵگەش بۆ ئەوە سەرەڕای هێرشی موشەکی بالیستی ئێران بۆ سەر هەولێر،
سلێمانی و کەرکوک ئەمەریکا بێدەنگ بوو. تەنانەت لەکاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر
ناوەندی هەولێر، هەندێک لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا بۆنی ڕەواییدانی بەو هێرشانە
لێدەهات.
هەموو ئەمانەش هێمان بۆ لاوازی کارتەکانی دەستی ئەردۆگان لە سەردانەکەیدا
بۆ بەغدا. هەر نەبوونی کارتی فشاری بەهێزە لە دەستیدا ئەردۆگان سەردانەکەی بۆ
عێراق دوادەخات. چونکە بڕیاربوو لە کۆتایی مانگی تەممووز و سەرەتای مانگی ئاب
سەردانەکە ئەنجام بدرێت، دواتر باس لە سەرەتای مانگی ئەیلول دەکرا، بەڵام بە گوێرەی
بێدەنگی میدیای تورکیا لە بابەتەکە وا دیار نییە لە سەرەتای مانگی ئەیلولیشدا
سەردانەکە ئەنجام بدرێت.
کارتی فشاری دەستی عێراق بەهێزە، بەڵام کاتییە
هەرچەندە لە ئێستادا کارتەکانی دەستی عێراق بۆ فشار لەسەر تورکیا بەهێز
بێت، بەڵام کاتیبوونی ئەو کارتانە لە بایەخیان کەم دەکاتەوە. لە کاتێکدا عێراق
دەرفەتی زۆری لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی وەک کارتی فشار دژی تورکیا بەکاری بهێنێت،
بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەو کارتانە ناکرێن بە جێگیر و چەسپاو، بۆیە بەکارهێنانی
ئاستەنگی زۆری لە بەردەمدایە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تاران زۆر ڕازی نییە بە دۆزی عێراق، ئەنجامدانی ڕێککەوتن
لەلایەن عێراقەوە لەگەڵ کۆمپانیایەکی زەبەلاحی فەڕەنسی وەک تۆتاڵ Total لە بواری
وزەدا، جامی ئارامگرتنی ئێرانی پڕکردووە.
ئەوەی مایەی
سەرنج بوو ڕێکەوتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ هاوکات بوو
لەگەڵ ڕێکەوتی بڕینی گازی سروشتی ئێران بۆ عێراق.
لەم ماوەیەی
ڕابردوودا لە ناوچەکانی ئەنبار و سەڵاحەدین چەند ناوەندێکی بەرهەمهێنانی کارەبا
تەقینەوە. ئەم ڕووداوانەش بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی بەو ڕێککەوتنە و کێشەی
نێوان تاران و بەغداوە هەیە.
سیاسەت و
ئاسایشی عێراق خاوەن ژێرخانێکی تێکشکاوە. چەندین هۆکاری جیاواز هەیە بۆ تێکچوونی
سەقامگیری ئەو وڵاتە.
هەرچەندە عێراق
هەوڵ دەدات سیاسەتێکی سەربەخۆ لە دەستوەردانی ئێران و تورکیا پەیڕەو بکات، بەڵام
بە هۆی نەبوونی ئامڕازی پێوست بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە تووشی گرفتی زۆر گەورە
بووە.
لێرەدایە بەشێک
لە کێشەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا بە بنبەست دەگات. هەر لەبەرئەوەیە هەندێکجار
لێکتێنەگەشتن لە نێوان عێراق و تورکیا و ئێراندا دێتە ئاراوە.
چەندێک
بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئێران لە بابەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری
وڵاتەکانیاندا یەک بگرێتەوە، ئەوەندەش بەریەککەوتنیان هەیە. ئێران پەکەکە وەک ئامڕازێک
بۆ سەرقاڵکردنی تورکیا بەکاردەهێنێت، هەر لەبەرئەوەیە ئەم بابەتە وەک یەکێک لە
کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەر دوو وڵات تەماشا دەکرێت.
تورکیا دەیەوێت
فشاری تەواو لەسەر عێراق دروست بکات بۆ ئەوەی هاوشێوەی موجاهیدینی خەلق، پەکەکەش
بە هەمان جۆر لە چەک دابماڵرێت. ئێرانیش
داوای دەرکردنی دیموکرات، کۆمەڵە و سەرجەم پارتەکانی دیکەی رۆژهەڵات لە خاکی عێراق
و هەرێمدا دەکات.
لەبەرئەوە ئەو
تابلۆ تەڵخەی لە مەیداندایە و بووەتە هۆی دواخستنی سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ عێراق،
بە هەمان جۆر کێشەکانیش قووڵتر دەکاتەوە و نزیکتریشیان دەکاتەوە لە بنبەست.
سەرچاوە: سایتی ئیندیپێندێنت/ تورکی İndependent Türkçe
https://www.indyturk.com/node/654231/t%C3%BCrki%CC%87yeden-sesler/erdo%C4%9Fan%C4%B1n-beklenen-irak-ziyareti-ve-masadaki-dosyalar