نووسینی:
محمد آلاجا
وەرگێڕانی:
تاک
کۆبوونەوەی
لوتکەی مانگی تەممووزی نێوان سەرکردەکانی ئازەربایجان و کوردستانی عێراق، سەرنجی خستە
سەر پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. پێدەچێت باکۆ و هەولێر هەوڵی
پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان بدەن لە بوارەکانی وزە و ئاسایشدا، بەڵام پەیوەندییەکە
بە شێوەیەکی سەرەکی لە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندایە.
تورکیا هاندەر بووە بۆ ئەو نزیکبوونەوەیە لە کاتێکدا خەمی هاوبەش سەبارەت بە ئێران
وایکرد ئازەربایجان و هەرێمی کوردستانی عێراق زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە.
ئیلهام
عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان ڕۆژی 18ی تەممووز لە شاری باکۆ میوانداری نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد. لایەنەکان جەختیان لەسەر پێویستی پەرەپێدانی
پەیوەندییەکانی نێوانیان کردووەتەوە بە تایبەت لەکەرتەکانى ئابووری، وزە، گەشتیاری
و بازرگانی.
لە
پەراوێزی کۆنفڕانسی ساڵانەی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا لە مانگی شوباتدا، عەلیێڤ چاوى
بە بارزانی کەوت، لەم دیدارەدا سەرۆکی ئازەربایجان ئاماژەی بەوەدا کە باکۆ و
هەولێر دەتوانن میکانیزمى هاوبەش بۆ هاوکاری سێ لایەنە لەگەڵ ئەنقەرە دروست بکەن.
هەردوو
سەرۆک لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لە ئەنقەرە لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وەک سەرۆک کۆمار چاویان بە یەکتر کەوت، دواى ئەوەى لە
هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەى تورکیا لە 28 ئایار توانى سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
هاوپەیمانە دڵخوازەکانی تورکیا
تورکیا
هۆکارێکی یارمەتیدەر بوو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەڵبەتە ئەنقەرە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەر یەک لە
باکۆ و هەولێر هەیە، ئەمەش ئەم چوارچێوەیە بەهێزتر دەکات بۆ هاندانی دەستپێشخەرییە
دیپلۆماسییەکان کە هەر دوو پایتەختەکە لەخۆ دەگرێت.
تورکیا
پێی وایە لە ناوچەکەدا هەلومەرجێکى نوێ هاتووەتە ئاراوە، لەم هەلومەرجەدا گەرمى
پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل زیاتر دەردەکەوێت، هەروەها
ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانى تەلئەبیب لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو یەکێکی
دیکەیە لە سیما نوێکانى ئەم هەلومەرجە، بێباکی ئاشکرای ئەمەریکاش بەرامبەر ناوچەکە
و ئەگەرى کشانەوەی، دوخێکی نوێی لە ڕۆژئاواى ئاسیا هێناوەتە ئاراوە.
لە
ئاماژەیەکی ڕوون بۆ گۆڕانکارییە بەردەوامەکان، ئەنقەرە هەنگاوی نا بۆ ئاشتبوونەوە
لەگەڵ ڕکابەرەکانی پێشووی لە ناوچەکە وەک ئەبوزەبی، قاهیرە و ڕیاز، هاوتەریب لەگەڵ
ئەوەشدا شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا گرنگییەکی نێودەوڵەتی زیاتری بە حکومەتی ئەردۆگان
بەخشی. بە گشتی پێدەچێت دۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی تورکیا بێت لە سەر هەردوو ئاستی
ئابووری و سیاسی.
لەسەر
بنەمای ئەو دۆخە نوێیە، ئەنقەرە کارى کرد لەسەر بەرفراوانکردنی هەژموونى خۆی لە
ڕێگەی دروستکردنى پەیوەندی لە نێوان هاوپەیمانەکانی خۆی. لەم چوارچێوەیەدا پێشبینی
دەکرێت ئازەربایجان دوای سەرکەوتنی بەسەر ئەرمینیا لە شەڕی قەرەباغ لە ٢٠٢٠، ڕۆڵێکى
کاریگەرتر لە کاروباری نێودەوڵەتیدا بگێڕێت، کلیلى ئەم سیناریۆیەش دروستکردنی
ڕێڕەوی (زەنگازۆر)ە کە باکۆ لەرێگەى تورکیاوە بە ناوچەکە و ڕۆژئاوا دەبەستێتەوە، هەڵبەت
ئێران دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکات و ڕەتی هەر گۆڕانکارییەک دەکاتەوە لە سەر سنوورەکان
لەگەڵ ئەرمینیا.
لە
لایەکى دیکەوە ئەگەر هەیە بەشداری پێکردنى کوردستانی عێراق یاساکانی گەمەکە
بگۆڕێت. ئەم هاوکارییە سێقۆڵییەى نێوان ئەنقەرە و باکۆ و هەولێر دەتوانێت
هەلومەرجى بازرگانی ناوچەی نوێ بهێنێتە ئاراوە.
یەکێک
لە پاڵنەرەکانى تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنى پەیوندییە گەشەسەندووەکانى نێوان ئازەربایجان
و کوردستانی عێراق، ڕکابەرییه هەرێمییەکەیەتى لەگەڵ ئێران. ئەنقەرە کار دەکات لە سەر
بەهێزکردنی وتوێژە سیاسی و ئابوورییەکان لە ڕێگەى کۆکردنەوەى ئەو لایەنانەى کە
بارگرژیان لەگەڵ تاران هەیە.
ئازەربایجان و حکومەتی هەرێم و ئێران
پەیوەندییەکانى
ئێران لەگەڵ ئازەربایجانی دراوسێ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بارگرژى زیاتر بە خۆوە
دەبینێت، ئەم دۆخەش پرسێکى هاوبەش لە نێوان باکۆ و هەولێر دروستکردووە.
ناکۆکییەکانى
نێوان ئازەربایجان و ئێران لەم ساڵانەی دواییدا پەرەی سەندووە، ڕەنگە یەکێک لە ناکۆکییە
هەرە گرنگەکان ترسی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت لە گەمارۆدانی لە لایەن دراوسێکانییەوە،
بە تایبەت دوای سەرکەوتنی ئازەربایجان لە شەڕی قەرەباغ. لەگەڵ ئەوەشدا کە تاران
هەوڵیدا خۆی بە دوور بگرێت لە لایەنگری لایەنێک لە ململانێکانى نێوان ئەو دوو
وڵاتە، بەڵام زانراوە کە ئێران هاوپەیمانێکی نزیکی ئەرمینیایە. ترسی تاران کاتێک
زیاتر بوو کاتێک ئەنقەرە پاڵپشتى لە باکۆ کرد لە شەڕەکەدا. ئەوەى نیگەرانییەکانى
ئێرانى زیاتر کردووە ڕێڕەوی زەنگازۆر-ە کە دەتوانێت ڕێگەی گەیشتنى ئێران بە
ئەرمینیا ببڕێت و لە بەرامبەردا ئازەربایجان بە تورکیاوە ببەستێتەوە.
لە
لایەکی دیکەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و کۆماری ئیسلامی گرژ و ئاڵۆزە. زۆرجار
هێزەکانی ئێران گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران دەکەنە ئامانج کە ناوەندیان
لە کوردستانی عێراقدایە. هەروەها ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر چەند ناوچەیەک کە
گوایە "ناوەندى ستراتیژی ئیسرائیل"ە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات گرووپە
چەکدارەکانی پەیوەست بە ئێران لە عێراق هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی
تورکیا و ئەمەریکا لە ناوچەکە.
تاران هەژموونى
سیاسی لە بەغدا بەکارهێنا بۆ گوشار خستنە سەر هەولێر لە کاتێکدا دەست لە کاروباری
ناوخۆی تورکیا وەردەدا، هەروەها ئێران کار دەکات لە سەر ئاڕاستەکردنى سیاسەتى
ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەی پاڵپشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دژ بە پارتی
دیموکراتی کوردستان، ئەمەش بووە هۆی توڕەکردنی سەرکردە باڵاکانی پارتی دیموکراتی
کوردستان.
بە
واتایەکی تر نزیکبوونەوەی بەرزانی و کەسایەتییە دیارەکانی دیکەی پارتی لە
ئازەربایجان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پاراستنی خۆیان، ئەگەر چی نە باکۆ و نە هەولێر
لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانیاندا ئاماژەیان بە تاران نەکردووە، بەڵام پێدەچێت گرژی
لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران فاکتەرێکی نەوتراو بووبێت بۆ لە یەکتر نزیککردنەوەى
ئەو دوو لایەنە. ئەوەی شتەکان ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە لەناو ئێراندا نەتەوەى ئازەری
و کورد بوونیان هەیە و سەردەمانێک هۆکار بوون بۆ دروستبوونى نائارامى لە ناوخۆى ئێراندا.
بەپێی زانیارییەکان هەر یەک لە باکۆ و هەولێر بە ئاستی جیاواز پشتیوانیان لە گرووپە
ئازەری و کوردییەکان کردووە و هەر ئەمەش
گرژیی زیاتری لەگەڵ تاران دروست کردووە.
ئیسرائیل وەک زەمینەیەکى هاوبەش
پەیوەندی
بەهێز لەگەڵ ئیسرائیل خاڵێکی تری هۆکارى پەیوەندییەکانى ئازەربایجان و حکومەتی
هەرێمی کوردستانە. بەپێی زانیارییەکان، باکۆ نزیکەی نیوەی پێویستی وزە بۆ تەلئەبیب
دابین دەکات. لە لایەکی دیکەوە دەوترێت نزیکەی لەسەدا ٧٠ی چەکەکانی ئازەربایجان
لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرهەم دەهێنرێت، کاریگەری نوێبوونەوەی سوپای ئازەربایجان لە
شەڕی قەرەباغدا بە ڕوونی دیار بوو.
هەروەها
هەولێر و تەلئەبیب له بوارەکانی وزە و ئاسایشی سەربازیدا پەیوەندییەکانیان چڕ بووەتەوە.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا میدیاکانی ناوچەکە بڵاویان کردەوە کە زیاتر لە یەک لەسەر
سێی هەناردەکردنی نەوتی سەربەخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ
ئیسرائیل ڕۆیشتووە، لە لایەکى دیکەوە تەلئەبیبیش لە ساڵی ٢٠١٧دا پشتیوانی لە
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کرد، لە کاتێکدا ئەنقەرە و بەغدا و تاران بە
توندی دژایەتیان کرد. لەم سەروبەندەدا بەشێک لە کەسایەتییە چالاکەکانی کوردستانی
عێراق پشتیوانیان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانى
کەنداو کرد، هەر زووش ئەو کۆنفرانسە کە لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە
بەڕێوەچوو، مشتومڕێکی بەرفراوانی نایەوە.
بە
لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێران، ئیسرائیل بە دوژمنێکی ناوچەیی دەزانێت،
پەیوەندییەکانی ئازەربایجان و کورد لەگەڵ تەلئەبیب خاڵێکی دیکەی ناکۆکییە، هەروەها
بە لەبەرچاوگرتنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندى وڵاتانى کەنداو لەگەڵ ئیسرائیل و
نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و تورکیا، کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر هەست بە گەمارۆدان
دەکات.
ئەگەرچی
تاران ڕەزامەند نییە بە بەرفراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان باکۆ و هەولێر، بەڵام
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو لایەنە مەترسیی گەورە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئێران دروست
ناکەن. لە ئەگەری بەشداریکردنی ئیسرائیل و تورکیا وەک لایەنی سێهەم لە پەیوەندییە
گەشەسەندووەکەی نێوان ئازەربایجان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێگومان
نیگەرانییەکانى ئێران زیاتر دەکات و ئەمەش پاڵ بە تارانەوە دەنێت تا فشاری زیاتر
بخاتە سەر پەیوەندییەکانی ئازەربایجان و کورد.
لە
ڕاستیدا ڕەنگە ئێران لە ڕێگەى گوشارە ئابوری و سیاسییەکانی و بریکارە چەکدارەکانى
لە عێراق، کار بکات لەسەر ئاگادارکردنەوەى هەولێر، هەروەها ئەگەر هەیە کۆماری
ئیسلامی ئێران مەترسی بۆ سەر ئازەربایجانیش دروست بکات لە ڕێگەى پشتیوانیکردن لە
ئەرمینیا.
پێشهاتەکانی داهاتوو
لە زۆرێک لە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی
ئازەربایجان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمساڵ ئەنجام دراون، قسە لەسەر
کردنەوەی کونسوڵخانەی باکۆ لە هەولێر کراوە، جگە لەوەش بەرپرسی کاروباری
ئازەربایجان لە عێراق گرنگییەکی تایبەتی داوە بە ناوەندی نەوتی باکوور لە کەرکوک و
چاویان کەوتووە بە ئەندامانی پێکهاتەی نەتەوەی تورکمانی لەو شارە. ئەوەى جێگەى
سەرنجە ئەوەیە کە ئێران و تورکیا لە ڕێگەى بریکارەکانیانەوە جەختیان لە هەژموونى
خۆیان لە کەرکوک کردووەتەوە.
پلانی هاوکاری ئابووری و ئاسایشی نێوان ئازەربایجان و
هەرێمى کوردستان ئەو کاتە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە ئازەربایجان لە هەولێر
کونسوڵخانە بکاتەوە، لە ئێستادا باکۆ و هەولێر بە شێوەیەکی سەرەکی خۆیان لەگەڵ
ڕەوتە ناوچەییەکان دەگونجێنن، بەو پێیەی کە ئەنقەرە پاڵپشتی ئەو پەیوەندییە دەکات،
پێدەچێت کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تەریب لەگەڵ پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان
و کوردستانی عێراق لەگەڵ تورکیا بەرەوپێش بچێت، لە هەمان کاتدا لەگەڵ بوونى کۆماری
ئیسلامی ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر هەردوولا، باکۆ و هەولێر زیاتر لە یەکتر نزیک
دەبنەوە.
سەرچاوە: امواج میدیا
https://amwaj.media/ar/article/deep-dive-iran-israel-turkey-and-the-growing-baku-erbil-relationship