تاک

 گرووپی (گورگە تەنیاکان) لە ئیستەنبوڵ دەستگیر دەکرێن، هاوکات لیستێکی ١٠ هەزار کەسی مەترسیداریش ئاشکرا دەبێت.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، پۆلیسی ئیستەنبوڵ لە ئۆپەراسیۆنێکیدا لەگەڵ دەستگیرکردنی چەند داواکراوێکی داعش هاوکات دەستی بەسەر لیستێکی ٩ هەزار و ٩٥٢ کەسی مەترسیداردا گرتووە. لە نێو دەستگیرکراوەکاندا ٥ کەس کە کاریان بۆ دەزگای هەواڵگری ئێرانی (ئیتلاعات) کردووە بوونیان هەیە.
بەشی هەواڵگری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ئیستەنبوڵ لە ماوەی ڕابردوودا بە نهێنی و وردی چاودێری چالاکییە نهێنییەکانی شانەیەکی هەواڵگری بۆ ماوەی چەند مانگێک کردووە، ئەو شانەیە کاریان بۆ دەزگای هەواڵگری ئێران کردووە. بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، چاودێری و ئۆپەراسیۆنەکەی پۆلیس و ئاسایش هەوڵدراوە بە نهێنی بهێڵرێتەوە، بەڵام دواجار دەستی ڕۆژنامەوانانی پێگەیشتووە.
بەگێرەی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، سەرەتای ڕووداوەکان بە دەستکەوتنی تۆمارێکی دەنگی ئەو پێنج کەسە لەلایەن پۆلیسی ئیستەنبوڵەوە دەستی پێ کردووە، کە کاریان بۆ هەواڵگری ئێران کردووە و تۆمارە دەنگییەکە بریتییە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی داعش لە ئۆزبەکستان لە میانی مامەڵەیان دەربارەی پۆستێکی گواستراوە (کارگۆ Kargo).
لەو تۆمارە دەنگییەدا پۆلیس مەترسییەکی زۆر گەورەی داعشی کەوتووەتە دەست. لە تۆمارەکەدا باس لە شانەیەکی نووستووی داعش کراوە، کە دوای سوێندخواردنی ئەو ئەندامانە خۆیان سەربەخۆ دەتوانن پلان بۆ هێرشی چەکداری و بۆمب دابنێن و بەبێ گەڕانەوەیان بۆ بەرپرسانی باڵای داعش پلانەکە جێبەجێ بکەن. ئەو گرووپە بە (گورگە تەنیاکان).

گەڕانی دەزگا هەواڵگرییەکان بۆ لیستی گورگە تەنیاکان

گورگە تەنیاکان لە بواری ئەمنی و هەواڵگریدا بەو کەسانە دەوترێت کە خۆیان بە تەنیا دەتوانن بڕیار بدەن لەسەر کوشتن، چاندنی بۆمب و هەر کردەوەیەکی دیکەی تیرۆریستی.
هەریەک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی CIAی ئەمەریکی و MI6ی بەریتانی و مۆسادی ئیسرائیلی و دەزگایەکی تایبەتی هەواڵگری ئێرانی VAJA لە ڕێگەی چوونە ناو ڕێکخراوی داعشەوە بەهۆی سیخوڕە تایبەتییەکانی خۆیانەوە بەدوای ئەو لیستەی "گورگە تەنیاکان"ەوە بوون، کە پۆلیسی ئیستەنبوڵ دەستی کەوتووە.
٤٠ کارمەندی سیخوڕی تایبەت بە دەزگا هەواڵگرییە جیهانییە جیاوازەکان، لە چیاکانی تاجیکاستان، ئۆزبەکستان و پاکستان بە ناوی کارمەندی پۆستەوە لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو لیستەی داعش-دان، کە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی پۆستەوە هەوڵ دەدرێت زۆر بە نهێنی بە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبکرێتەوە. تاکە ئەرکی ئەو ٤٠ سیخوڕە بریتییە لە بەدەستهێنانی ئەو لیستە کە چەندین ساڵ لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی پێشووی داعش زۆر بە وردی و نهێنی هەڵگیراوە. دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان عەوداڵی ئەوە بوون لیستەکە لەلای کێ بێت.

بەغدادی و قوڕەیش و ڕێکاری تایبەت بۆ شاردنەوەی لیستەکە

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەبوبەکر بەغدادی پێش ئەوەی بکوژرێت لە ڕێگەی پۆستەوە لیستەکەی ناردووە بۆ ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی. ئەبو ئیبراهیمیش لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢ کوژراوە، بەڵام ئەبو ئیبراهیم پێش ئەوەی بکوژرێت زۆر بە نهێنی لیستەکەی ناردووە بۆ وڵاتێکی دیکە.
لەو لیستەدا کە بە شێوەی پۆستەی دیجیتاڵی بوونی هەیە، ناوی هەزاران ئەندامی (گورگە تەنیاکان) بوونی هەیە. ئەم کەسانە بە شێوەیەکی زۆر تایبەت پەروەردە و ڕاهێنانیان لەسەر هێرشی چەکداری و چاندنی بۆمب وەرگرتووە. ئەم کەسانە دەکرێت هاووڵاتی هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، هۆڵەندا، سوید، نەرویج، دانیمارک، سویسرا، ئوسترالیا و ئیسپانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بن و سەربەخۆ کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
بە گوێرەی میدیای تورکیا ئەم زانیارییانە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە جۆرێکە نرخەکەی ناخەمڵێنرێت، لەو لیستە نهێنییەدا کە وەک ئەرشیفی داعش وایە پوختەی ژیانی ئەو ئەندامانەی داعش کە تەوبەیان کردووە، زانیاری دەربارەی پەروەردە و ڕاهێنانی تایبەتییان، توانای کاری ڕیکخراوەیی، ئەو چەکانەی بەکاریان هێناوە، هاوقڵاتی کام وڵاتەن، زانیاری دەربارەی خێزانەکانیان و زانیاری تەواو دەربارەی شوێنی نیشتەجێبوونی لە وڵاتەکەی خۆی و ئەو هۆکارانەی پەیوەندی کە بەکاری هێناوە، هەموو ئەو زانیارییانە لەو لسیەتەدا بوونی هەیە.

سزای ئەو کەسەی لیستەکە ناپارێزێت

دوای ئەوەی لەلایەن ئەبو ئیبراهیم-ەوە بریار دەدرێت لیستەکە بنێردرێت بۆ وڵاتێکی دیکە، لە ڕێگەی کەسێکی متمانەپێکراوەوە کارەکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەو کەسەی لیستەکە لەڕێگەی پۆستەوە دەگوێزێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، گیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و پلانی فرۆشتنی لیستەکە دادەنێت. ئیدی لێرەوە کەسەکە بۆ ماوەیەک ون دەبێت. دوای چەند مانگێک لەلایەن داعشەوە دەستگیر دەکرێت.
هەرچەندە هەردوو قاچی کەسەکە تاوەکو قولەپێی دەبڕدرێتەوە، بەڵام ئەو سورە لەسەر ئەوەی لیستەکەی بزر کردووە. دواتریش هەردوو قاچی تاوەکو ئەژنۆی بە شمشێر دەبڕنەوە، بەڵام دوای ئەوەی هیچیان لێی دەستناکەوێت داعش بڕیار دەدات لەو کەسە خۆش بێت و ئازادی دەکەن. سەرەڕای کوشتنی کەسێک لە ئۆزبەکەستان و دوانیش لە سوریا لەسەر هەمان بابەت، بەڵام لیستەکە نەدۆزرایەوە.

فرۆشتنی لیستەکە بە گرووپێک لە ئۆزبەکستان

لە کاتێکدا لیستەکە فراشرابوو بە چەند گرووپێک لە ئۆزبەکستان و ئەوانیش لە هەواڵی ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمە گرانبەهایەدا بوون لە ناوەندی بازاڕی دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکاندا، لەم کاتەدا دۆخەکە بە نهێنی لە ئیستەنبوڵەوە دەتەقێتەوە و پۆلیسی ئەو شارە دەست بە چالاکی دەکات.
لە کاتێکدا پۆلیس و ئاسایشی تورکیا شاهیدی ٢٤ هێرشی خوێناوی داعش و ڕێگری لە چەندین هێرشی پلان بۆداڕێژراوی دیکەی گرووپەکە بوون لە تورکیا، گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی بە زمانی تاجیکی سەرنجی پۆلیس و ئاسایشی ئیستەنبوڵ ڕادەکێشێت و دەست دەکرێت بە وەرگێڕان و شیکاری وشە نهێنییەکانی نێو گفتوگۆکە. دوای ئەوەی کەسێکی مەدەنی کە کاری هەواڵگری بۆ ئاسایشی ئیستەنبوڵ دەکات لە ڕێگەی زانیارییە تایبەتییەکانی خۆیەوە پشتڕاستی دۆخەکە دەکاتەوە، ماوەی چەندین مانگ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و چاودێری ورد و نهێنی بەڕێوەچوو. دەرەنجامی لێکۆڵینەوە لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکە بە زمانی تاجیکی و زانیارییە تایبەتییەکانی کارمەندە مەدەنییە تایبەتەکەی ئاسایشی ئیستەنبوڵ و لێکۆڵینەوە چەند مانگییەکان بریتی بوون لە دەستکەوتنی دۆسیەیەکی زۆر گرنگ، مەترسیدار و بە بایەخی ئەمنی بۆ پۆلیس و ئاسایشی ئیستەنبوڵ.

ئۆپەراسیۆنەکان

دۆخەکە لە ڕێگەی ڕاپۆرتی تایبەتییەوە زۆر بە نهێنی ئاڕاستەی زافەر ئاکتاش بەڕێوەبەری گستی ئاسایشی ئیستەنبوڵ دەکرێت، بەگوێرەی راپۆرتەکە، "پۆستێکی داعش بووەتە جێگەی باس و مامەڵەی بازرگانی چەند گرووپێک لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان و پێشبینی دەکرێت مامەڵەکە لە ئیستەنبوڵ ئەنجام بدرێت". بەڵام هیچ زانیارییەک دەربارەی ناوەرۆکی پۆستەکە و کاتی ئەنجامدانی مامەڵە بازرگانییەکە لە ڕاپۆرتەکەدا بوونی نەبووە.
پێدەچێت لە پێناو پاراستنی نهێنی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان و ڕێگری لە دزەکردنی زانیارییەکان لە ئاسایشی ئیستەنبوڵەوە، ڕاستەوخۆ بە دەمی زانیارییەکان لەسەر کات و شوێنی ئەنجامدانی مامەڵەکە بە بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی ئیستەنبوڵ درابێت.   
زافەر ئاکتاش کە خۆی وەک کەسێکی هەواڵگری لەناو دەزگای ئاسایشی تورکیادا ناسراوە و لە ڕابردوودا بەرپرسی گشتی هەواڵگری ئەنقەرەی پایتەخت بووە، ئەم بابەتە هەستیارە دەسپێرێت بە عبدالرحمن سۆغوکسو بەرپرسی دژەتیرۆری ئیستەنبوڵ و داوای لێدەکات بە قووڵی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکات. پاشان بە وردی دەست دەکرێت بە چاودێری و گوێگرتن لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییانەی بە زمانی بیانی دەکرێن و جێگای گومانن و بە وردی وەردەگێڕدرێن بۆ زمانی تورکی و شیکاری بۆ دەستەواژە ناڕوون و هێما و ئاماژەکان دەکرێت.

کارکردن بۆ هەواڵگری ئێرانی

لە ڕاپۆرتەکانی ئاسایشی ئیستەنبوڵدا دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی داعش باس لە چوار کەس کراوە کە بە نهێنی پارچەی یەدەکیان بۆ پرۆژە ستراتیجییەکانی دەزگای هەواڵگری ئێرانی دابین کردووە. ئەو کەسانەش بریتی بوون لە هاووڵاتییەک بە ناوی سەیمور ڕەزایێڤ (Seymur Rızayev) کە بە ئاشکرا کاری بازرگانی دەکات، بەڵام بە نهێنی کار لە پرۆژەی گەشەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیدا دەکات. هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی حیکمەت ئالیەڤ (Hikmet Aliyev) کە خاوەنی کۆمپانیایەکی گواستنەوەی پۆستە بووە بۆ وڵاتە تورکییەکان بە ناوی کۆمپانیای بوتا لۆجستیک  Buta Lojisti. هاوڵاتییەکی دیکەی تورکی بەڕەگەز ئێرانی کە کاری بازرگانی (بەرزکەرەوە) ئاسانسۆری لە ئیزمیر کردووە بەناوی مەهمەت چەلیک (Mehmet Çelik) کە ناوە نهێنییەکەی یاشار (Yaşar) بووە. کەسێکی دیکەش بە ناوی زەینەدین چاڵشکان Zeyneddin Çalışkan.
سەیمور ڕەزایێڤ و هاوڕێکانی بە مەبەستی دەربازکردنی ئێران لە سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵیان داوە بە شێوەیەکی نهێنی ڕۆن و پێداویستییە سەرەکییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی لە ئۆکرانیاوە بگەیەننە ڤێتنام و لەوێشەوە ڕەوانەی ئێرانی بکەن. سەیمور و ئەندامانی دیکەی گرووپەکەی لە کاتێکدا لە ئیستەنبوڵ ماونەتەوە، ئۆتۆمبێلی هاواڵاتییەکی تورکییان بە ناوی ئیلیاس یڵدرم بە شێوەیەکی نایاسایی و بەدەر لە مامەڵەی ڕەسمی بەکرێ گرتووە، ئەمەش لە پێناو شاردنەوەی ناو و ناونیشانی خۆیان. زانراوە بەو ئۆتۆمبێلە کار بۆ هەواڵگری ئێرانی کراوە.

ئێران هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی لیستەکەی داعشی داوە

لە ڕاپۆرتێکی ٦٤ لاپەڕەیی عبدالرحمن سۆغوک بەڕێوەبەری دژەتیرۆری ئیستەنبوڵ زانیارییەکان دەربارەی ئەو گرووپەی کاریان بۆ ئیتلاعات کردووە بەمجۆرە خستووەتەڕوو "هەریەک لە گومانلێکراوان، مەهمەت چەلیک، زەینەدین چاڵشکان، حیکمەت ئالیەڤ، سەیمور ڕەزایێڤ و ئیلیاس یڵدرم لە ڕێستۆرانتێکدا کۆبوونەوەیەکیان کردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا قسە لەسەر ئەو لیستە دیجیتاڵییەی داعش کراوە کە لەلایەن ئەندامانی گرووپەکەوە خراوەتە سەر مامەڵە بۆ فرۆشتن، هەروەها باسیان لەوە کردووە بە هەر نرخێک بێت پێویستە ئەو لیستە بۆ دەزگای هەواڵگری ئێرانی بەدەست بهێنرێت".
ئیتڵاعات دوای ئەوەی ئاگادار دەبێت لە بوونی ئەو لیستە دیجیتاڵییەی داعش لە پۆستەی جیهانیدا و ئامادە کراوە بۆ فرۆشتن، داوای کردووە هەندێک دۆکۆمێنت لەسەر ڕاستی لیستەکە ببینێت و دوای دڵنیابوونەوەی لە ڕاستی و دروستی لیستەکە بە ٨ ملیۆن و نیو یۆرۆ دەیکڕێت. ئەم زانیارییانەش لە ڕێگەی ڕەزایێڤ-ەوە گەیەنراوە بە گرووپەکەی ئۆزبەکستان. دوای مامەڵەیەکی چەند مانگی لە نێوان گرووپەکەی ئۆزبەکستان و تیمە هەواڵگرییەکەی ئێران لە ئیستەنبوڵ، ژمارەیەک بەڵگەنامە لە ئۆزبەکستانەوە هێنراوە و تەسلیمی دەزگای هەواڵگری ئێران کراوە. دەزگای هەواڵگری ئێران پێی ڕاگەیاندوون بەو نرخەی پێشتر دیاری کردووە ئامادەیە تەواوی لیستەکە بکڕێت. ئیستەنبوڵیش وەک شوێنی وەرگرتنی لیستەکە و پێدانی پارەکە دیاری کراوە.

ئۆپەراسیۆنێکی زۆر نهێنی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ

کاتێک دەزانرێت کەسێک کە بە نهێنی لەگەڵ داعش کار دەکات و دەیەوێت ئەو لیستە دیجیتاڵییەی داعش کە بە ٨ ملیۆن و نیو یۆرۆ بە ئێران دەفرۆشرێت بهێنێتە ئیستەنبوڵ، بڕیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دەرکرا.  لەو تێرمیناڵەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی ئیستەنبوڵ کە پێشوازی لە فڕۆکە و گەشتیاری دەرەوەی تورکیا دەکرێت، ئەو کەسەی کاری بۆ داعش دەکرد دەستبەسەر کرا.
لەو پۆستە دیجیتاڵییەدا، وێنە و پوختەی ژیانی ئەو ٩ هەزار و ٩٥٢ ئەندامەی داعش هەبووە کە بە هەموو وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و مۆڵەتیان پێدراوە بۆ پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشی چەکداری و تەقینەوە بە سەربەخۆیی و ئەوانیش سوێندیان خواردووە لەسەر پابەندبوون بە بەڵێنەکانیانەوە. دەرکەوتووە ئەمانە ئەو کەسانەن کە سەرەڕای گەڕانی زۆر و بەردەوامی دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان، بەڵام پێشتر ئاشکرا نەبوون و بە (گورگە تەنیاکان) ناسراون.
پاشان و لە ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆری ئیستەنبوڵدا هەریەک لە  سەیمور ڕزایێڤ، ئیلیاس یڵدرم، زەینەدین چاڵشکان، مەهمەت چەلیک ناسراو بە (یاشار) و حیکمەت ئالیەڤ دەستبەسەرکران. دوو گومانلێکراوی دیکەش دەستگیرکران.

چالاکییەکانی گورگە تەنیاکان

لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٦ کەسێکی بە ڕەگەز ئەفغانی هێرشی کردە سەر یانەیەکی شەوانە لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا و بە هۆیەوە ٥٠ کەس کوژران و ٥٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ کامیۆنێک خۆی کرد بە ناو ئاپۆڕای جەماوەردا لە کاتی ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانی لە شاری (نیس Nice)ی فەڕەنسا، بە هۆیەوە ٨٤ کەس گیانیان لەدەستدا.
لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لە بازاڕی نۆئێل لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، کەسێکی بە ڕەگەز پاکستانی بە تڕێلەیەکەوە خۆی دەکات بە بازاڕەکەدا و لە ئەنجامی شێلانی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیدا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ساڵی ٢٠١١ لەلایەن گەورە تیرۆریست ئاندرێس بێهرینگ برێڤیک Anders Behring Breivik لە نەرویج ٧٧ کەس کوژران کە زۆرینەیان منداڵ بوون.  ناوی برێڤیک-یش لە لیستی گورگە تەنیاکان-دا بوونی هەبووە.
لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە نیویۆرک کەسێکی بە ڕەگەز ئۆزبەکستانی بەناوی سەیفوڵڵا حەبیبوڵائێڤجی سایپۆڤ Sayfullo Habibullaevic Saipov بە کامیۆنێکەوە خۆی کرد بەناو ژمارەیەک پاسکیل سواردا و پاشان لە کامیۆنەکەی دابەزی و تەقەی لە هاووڵاتییان کرد، بە هۆیەوە ٨ کەس کوژران و ١١ی دیکەش برینداربوون.
لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ لە ناوچەی بێشکتاش لە ئیستەنبوڵ لە ئەنجامی هێرشی کەسێکی بە ڕەگەز قیرغیزستانی بە ناوی عبدالقادر مەسهەریپۆڤ Abdulkadir Masharipov بۆ سەر یانەیەک ٣٩ کەس کوژران و ٧١ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە ١٨ی ئابی ٢٠١٧ کەسێک لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا بە پاسێکەوە خۆی کرد بەناو ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لەسەر شەقامێک لە کاتی پەڕینەوەیاندا، بە هۆیەوە ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاد لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.


سەرچاوەکان:
https://www.sabah.com.tr/galeri/gundem/son-dakika-cia-mi6-ve-mossad-pesindeydi-emniyetten-muthis-deas-operasyonu-10-bin-kisilik-yalniz-kurt-desifre-oldu
https://www.haber7.com/foto-galeri/80686-abd-ingiltere-ve-israil-pesindeydi-10-bin-kisilik-yalniz-kurt-istanbulda-desifre-oldu/p26
https://www.youtube.com/watch?v=L7vkA-HOpOQ
https://www.star.com.tr/guncel/10-bin-kisilik-yalniz-kurt-desifre-oldu-haber-1803722/
https://haberglobal.com.tr/gundem/abd-ingiltere-ve-israil-pesindeydi-10-bin-kisilik-yalniz-kurt-istanbulda-desifre-oldu-270713?sayfa=4