نووسینی: عزیز الکعبی
وەرگێڕانی: تاک

 
بەرنامەی (زیاتر بڵێ)ی ماڵپەری پرۆجێکت سەندیکەیت دیدارێکی لەگەڵ ڕیچارد ھاس بەڕێوەبەری پێشووی پلاندانان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دانەری کتێبی یاسای پابەندبوون: دە نەریت بۆ ھاووڵاتییە باشەکان ساز کرد.

پرۆجێکت سەندیکەیت: بەم دواییانە پێشبینیت کرد کە ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا "جەنگی هەڵبژاردنی بێ پاساو بەرپا دەکات، جەنگەکەش وا زوو کۆتایی پێ نایەت"، لەگەڵ بەڵێنێک کە ساڵی داهاتوو" زیاتر جەنگی یەکەمی جیهانمان وەبیر دێتەوە،  نەک جەنگی دووەمی جیهان." کاتێک بیر لەوەش دەکەینەوە کە چۆن جەنگ کۆتایی دێت، ڕەنگە باشتر بێت سەرەتا بپرسین جەنگەکە چۆن دەستی پێ کرد، کرێملن و هەندێک لەوڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمەریکا و ناتۆ بەوە تاوانبار دەکەن کە "ئیستفزازی" ڕووسیایان کرد، پێیان وایە ئۆکرانیا وەک بەیدەق و قۆچی قۆربانی و بریکاری ڕۆژئاوا بەکاردێت، ئایا ئەم گێڕانەوەیە کاریگەری لەسەر ڕەوتی جەنگەکە دەبێت؟
ریچارد هاس:  ئەمە جەنگێک نییە بۆ فراوانبوونی ناتۆ، یاخود پلانێک بێت تا لە داهاتوودا فراوان بکرێت و ئۆکرانیا ببێت بە ئەندامی، پێشتریش پلانی لەو جۆرە لە ئارادا نەبووە، ئەم جەنگە پەیوەندی بە پەیمانی ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نییە، ئەمە جەنگێکە ڕووسیا بەرپای کردووە تا ئۆکرانیا وەک قەوارەیەکی خاوەن سەروەری لە ڕەگوریشەوە هەڵکێشێت بەو پێیەی ئۆکرانیا ڕێڕەوێکی جێگرەوەیە بۆ نەتەوەی سلاڤی، پوتن ئۆکرانیایەکی خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراسی و پەیوەندییەکی قوڵی لەگەڵ ڕۆژئاوا پەسەند ناکات، چونکە لەوە دەترسێت ببێتە مایەی وروژاندنی داواکاری ناوخۆیی تا ڕووسیا هەمان ڕێڕەو بگرێتەبەر، ئامانجەکانی پوتن ئەوەندە بوونگەراییە زۆر ئەستەمە ببینین بەم زوانە جەنگەکە کۆتایی پێبێت و هەردوولا بگەنە جۆرێک لە یەکلاکردنەوەی کێشەی هەرێمایەتی، چونکە پوتن پێی وایە کات لە بەرژەوەندی ئەودایە و دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئیرادەی ڕۆژئاوا، ئەمەش وای کردووە کەمتر بیر لە هەر جۆرە سازانێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکاتەوە، لە بەرامبەردا ئۆکرانیا خواستی ئەوەی هەیە تەواوی خاکە لەدەستدراوەکانی بگەڕێنێتەوە و لەڕووی ئابوورییەوە ڕووسیا قەرەبووی بکاتەوە و تاوانبارانی جەنگی ڕووسیا لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ئەمەش بەربەستە لەبەردەم گەیشتن بە چارەسەرێک کە هەردوولا پێی ڕازی بن، بۆیە جارێکی دیکە ئێمە پێویستە خۆمان بۆ ململانێیەکی درێژماوە ئامادە بکەین.

پرۆجێکت سەندیکەیت: ساڵی ٢٠٢١ نووسیوتە: ئامانجی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر تایوان بریتییە لە کەمکردنەوەی نادڵنیایی سەبارەت بە مەبەستەکانی ئەمەریکا و توانای جێبەجێکردنی، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی سەرکردە چینییەکان کە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرن لە کاتی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر تایوان باجەکەی تێچوویەکی زۆری ئابووری و سەربازی دەبێت؟  ئایا وەڵامی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر دەستدرێژی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئەگەری هێرشی چینی بۆ سەر تایوان کەم کردووەتەوە؟ لە چوارچێوەیەکی بەرفراواندا چ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر چین ڕوودەدات؟ کە بابەتێکی گرنگە و یەکێکە لەو بابەتە دەگمەنانەی کە هەر دوو حزب لەسەری کۆکن؟
ڕیچارد هاس: وەڵامی ڕۆژئاوا بەرامبەر دەستدرێژی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ڕەنگە کاریگەری کردبێتە سەر پلانە سیاسییەکانی چین بەرامبەر تایوان، چین پێویستە لەوە دڵنیا بێت بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی تایوان سزای توندی ئابووری بە دوادا دێت. جگە لەوەش ئەگەر ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتی ئۆکرانیایان دابێت، ئەوا ئەگەرێکی ڕاستەقینە هەیە کە ڕاستەوخۆ بەشدار بن لە بەرگریکردن لە تایوان. جگە لەوەی شکستی ڕوسیا لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی خێرا و پاشەکشەی بەردەوامی لە بەرەکانی شەڕدا، وای کردووە چین پەلە نەکات، بە سوودوەرگرتن لە هەڵەکانی ڕوسیا  هەوڵ دەدات تواناکانی بەرەو پێش بەرێت.
 لە هەمان کاتدا ڕەنگە چین پێی وا بێت کە پێشکەشکردنی بڕێکی زۆر لە پشتیوانی مادی و دارایی بۆ ئۆکرانیا، وا دەکات توانای ڕۆژئاوا بۆ یارمەتیدانی تایوان لە ڕووی سەربازییەوە کەم بێتەوە. هەروەها سەرکردەکانی چین ڕەنگە  گەیشتبنە ئەو دەرەنجامەی پەیوەندییە ئابوورییە قووڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ وڵاتەکەیان ناکرێت بە ڕوسیا بەراورد بکرێت، بۆیە وایان لێ دەکات کەمتر ئامادە بن سزای توند بەر سەر چیندا بسەپێنن. لە بەرامبەردا پێویستە ئەمەریکا لەگەڵ تایوان و ژاپۆن کار بکات تا چین لەوە ئاگادار بکاتەوە بەکارهێنانێکی هێز دژی تایوان زەرەری لە سوودی زیاترە، لە هەمان کاتدا دەبێت ئامۆژگاری تایوان بکرێت کە هیچ ڕێوشوێنێکی ئیستفزازی دژی چین نەگرێتەبەر.
هەروەک پێویستە ئەمەریکا هاوپەیمانەکانی لەوە ئاگادار بکاتەوە کە بە سیاسەتی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ چیندا بچنەوە، تا نەبێتە دەستکەوت بۆ سەپاندنی هەژموونی جیۆسیاسی بەسەر ڕۆژئاوادا. لە کۆتاییدا پێویستە  ئەمەریکا  ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی توخمێکی دیپلۆماسی تایبەت بخاتەوە ناو پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین، کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی توند و مەترسیدار  تێکچووە.

پرۆجێکت سەندیکەیت:  تۆ لە کتێبە نوێیەکەتدا، یاسای پابەندبوون، دەڵێیت، ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت بە شێوەیەکی کاریگەر و کارا بەرپەرچی "دەستدرێژی ڕوسیا" یان "چین بداتەوە، کە "توانا و یەکلاکردنەوەی زیاترە" ،  ئەوا لە ناوخۆدا پێویستی بە دژە تێکچوونی دیموکراسییە، ئەم دیدگایە ڕەنگە مەترسی بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی جیهان زیاتر بێت، کەواتە بۆچی پێویستە دیموکراسی ئەمەریکا پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و وەرچەرخان بکرێت لە چەمکی مافەکانی هاونیشتمانی ئەمەریکا بۆ چەمکێک کە بێ جیاوازی پابەندبوون بەسەر هەمواندا بچەسپێنێت.
ڕیچارد هاس: چەسپاندنی مافەکان لە هەموو سیستمێکی دیموکراسیدا لە سەنتەردایە، بەڵام  تەنها بە چەسپاندنی ماف، دیموکراسییەکی ئارام و کارا بەرقەرار نابێت. هۆکارەکەشی سادە و سانایە: بێگومان مافەکان لەگەڵ یەکدا ناکۆکن، ڕۆژانە ئەمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبینین، وەک پرسەکانی پەیوەست بە لەباربردنی منداڵ تا هەڵگرتنی چەک، ئەو دەمەی  ناکۆکی لە نیوان ئەم مافانەدا دروست دەبێت ئەنجامەکەی بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی بەربەست لە بەردەم نەخشەدانان و جێبەجیکردنی وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ڕەنگە پێکداهەڵپژانی ئەو مافانە بە ئاسانی ببێتە مایەی توندوتیژی ناوخۆیی، بۆیە پابەندبوون جا لە نێوان هاووڵاتییان خۆیاندا، یاخود لە نێوان هاووڵاتییان و حکومەتەکەیان پێویستە تا نەگەنە ئەو ئەنجامە، هەر لە ڕێگەی ئەو پابەندبوونەشەوە دەتوانرێت بەشیوەیەکی ئاشتییانە و کارا دیموکراسیەت بەگەڕ بخرێت.

پرۆجێکت سەندیکەیت:  لە سۆنگەی " بە ئاگا بە" بۆ " بەشداری" تا  "پشتگیریکردن لە خوێندنی پەروەردەی مەدەنی" پرۆسەی خوێندن ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە بەدیهێنانی ئەو دە پابەندبوونەی پێشکەشت کردووە،  چۆن دەبێت سیستمی پەروەردەی ئەمەریکا بگۆڕێت تا ئەو "کولتووری پابەندبوونە" دروست بکات کە تۆ بانگەشەی بۆ دەکەیت؟
ڕیچارد هاس: سیستمی پەروەردە بنەمای بوونیادنان و پاراستنی دیموکراسییە، لەبەر چەند هۆکارێک، گرنگترینیان پلیکانەیەک بۆ  پێشکەوتنی هاووڵاتییان دابین دەکات.
هەروەک پەروەردەی مەدەنی ئامڕازێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە بەهای دیموکراسی و شێوازی بەگەڕخستنی و ئەو ئەرکانەی لە ئەستۆی هاووڵاتییاندایە، چونکە لە سەردەمی زانیاری چەواشەدا، پێویستە هاووڵاتییان فێری خوێندەواری زانیاری بکرێن، واتە چۆنێتی پشکنین و هەڵسەنگاندنی زانیارییەکان، بۆیە پێویستە پەروەردەی مەدەنی لە هەموو قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکان و لە هەموو کۆلێژ و زانکۆکاندا بخوێنرێ تا دیموکراسی ئەمەریکا بەهێز بکرێت.

پرۆجێکت سەندیکەیت: لە پابەندبوونی هەشتەمدا تۆ جەخت لەوە دەکەیتەوە کە پێویستە "خزمەتگوزاری حکومەت زیاتر بکرێت بە بەراورد بەوەی هەیە".بۆچی ئەمە گرنگە و پێتوایە چ یاسایەک، بەرنامەیەک، یان هاندانێکی دیکە کاریگەرترینە بۆ بەدیهێنانی ئەم خواستە؟
ريچارد هاس: خزمەتگوزاری گشتی ڕێگەیەکە بۆ کۆکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی خاوەن پاشخانی جیاوازن تا بتوانن هەندێک بەربەست بشکێنن،  وەک جیاوازیی ئایینی، جیاوازی چینایەتی، جیاوازی نەژادی و ئایدۆلۆژیا، کە بە هۆیانەوە نەتەوە دابەش دەبێت. هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە داخستنی مەودای سیاسی نێوان هاووڵاتییان و حکومەتەکانیان، لە هەمان کاتدا کارامەیی بەسوود بۆ تاکەکان دابین بکات.
من بانگەشە بۆ ئەوە ناکەم کە خزمەتگوزاری گشتی بەزۆر بسەپێنرێت، چونکە میتۆدێکە لەوانەیە ڕووبەڕووی بەرخودانێکی سیاسی بەرچاو بێتەوە، لە بری ئەوە پێویستە هانی هاووڵاتییان بدەین خۆیان خزمەتگوزاری گشتی  هەڵبژێرن، لەوانە هاندانی دارایی، لە بەرزکردنەوەی موچە تا لیخۆشبوون لە قەرزەکانیان، هەروەها فەراهەمکردنی دەرفەتی ژیانێکی پیشەیی وەک پێشخستنی میکانیزمەکانی دەستڕاگەیشتن بە کار، یان خوێندنی زیاتر.

پرۆجێکت سەندیکەیت: دوای ٢٠ ساڵ وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئامادەکاری دەکەیت دەست لەکاربکێشێتەوە، دوای ڕۆیشتنت بەهیوای چ میراتێک لەدوای خۆت بەجێ بهێڵیت، هەروەها هیواداریت چ گۆڕانکارییەک لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا ببینیت؟
ريچارد هاس: من بەختەوەرم کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە کارم کردووە، بە درێژایی ئەو ماوەیە ئێمە بەردەوام بووین لە پێشکەشکردنی شیکاری جددی و پەیوەندیدار بە سیاسەت بە شیوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ  بۆ ئەندامەکان و کۆمپانیا و ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسانی حکومی.جگە لەوەش ئەرکێکی پەروەردەیی گەورەمان  گرتە ئەستۆ، لە ڕێگەی دابینکردنی پاشینەیەک لەسەر جیهان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هاووڵاتییان، خوێندکاران و مامۆستایانی قۆناغەکانی خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی، کۆلێژ و زانکۆکان.
هەموو ئەمانەمان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وتارگەلێکی کورت جێبەجێ کرد کە دەستڕاگەیشتن پێی کارێکی ئاسان بوو، وەک شیکردنەوە و خستنە ڕووی باکگراوند و چەند ڕاپۆرت و کتێبی دوور و دریژ،   هەروەها بەردەوام بووین لە دەرکردنی  گۆڤاری کاروباری دەرەوە کە یەکەم گۆڤارە لەو بوارەدا، هەروەها بە هەزاران بۆنەمان لەگەڵ زانایان و سەرکردە سیاسییەکان لە سەرتاسەی جیهاندا ساز کرد، سەرباری هەموو ئەمانە هەستێکی خۆشم هەیە کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەموو ئەو کارانەمان لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەنجام داوە و توانیمان زۆر کەس لەم وڵاتە و لە سەرانسەری جیهاندا بهێنینە ناو گفتوگۆکانی سیاسەتی دەرەوە و گرنگی و هۆکارەکانی تاوتوێ بکەین.

سەرچاوە
سەنتەری حامورابی بۆ توێژنەوە و لێکۆڵینەوەی ستراتیجی
https://www.hcrsiraq.net/3259/2023/03/23