تاک

 ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەندامانی باڵی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر کەمال کلیچدارئۆغڵو-ی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و ڕابەری باڵی دەسەڵاتداری ناو پارتەکەی لە زیادبووندایە. لە کاتێدا کلیچدارئۆغڵو خۆی بە ڕابەری بەرەی ئۆپۆسیۆنی تورکیا دادەنێت، وا ئێستا گیری خواردووە بەدەست باڵی ئۆپۆزسیۆنی ناو پارتەکەی خۆیەوە.
هەموو ئەو ڕەخنانەی لەلایەن کلیچدارئۆغڵوەوە دەربارەی تاکڕەوی و خراپی باری ئابووری و کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئاڕاستەی ئەردۆگان و پارتی دەسەڵاتداری تورکیا دەکرێت، ئێستا هەمان ئەو ڕەخنانە لەلایەن ئیمام ئۆغڵو و پشتیوانانییەوە لە ئاستی جەهەپە و پەیوەست بە دۆخی ناوخۆیی ئەو پارتە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا ئاڕاستەی کلیچدارئۆغڵوی سەرۆکی جەهەپە دەکرێت.

شکست و بەخۆداچوونەوەی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە سەرکەوتنی بەرەی دەسەڵاتدار لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کۆمار (Cumhur İttifakı) بە ڕابەری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) (AKP) و شکستی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی میللەت (Millet İttifakı) بە ڕابەری جەهەپە کۆتایی هات.
ئەگەر بازنەکە بچوکتر بکەینەوە هەڵبژاردنەکانی ١٤ و ٢٨ی ئایار بریتی بوو لە شەڕی ئێسقان شکێنی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆگان (Recep Tayyıp Erdoğan) کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
دواجار بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە گشتی تووشی شکستێکی کەمەرشکێن هات. بە جۆرێک ئەندام و لایەنگر و ڕەخنەگر و دۆست و دوژمن داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پارتەکان و ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاساییان دەکرد.
هەرزوو مێرال ئاکشنەر Meral Akşener سەرۆکی پارتی باش İyi Parti دانی بە شکستی پارتەکەیدا نا، تەنانەت بەرپرسیارێتی گەورەی شکستەکەی خستە ئەستۆی خۆی و لە نزیکترین کاتدا کۆنگرەی نائاسایی پارتی باش ئەنجام درا، بەڵام دیسان ئاکشەنەر وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە.
هەریەک لە میتحەت سانجار Mithat Sancar و پەروین بوڵدان Pervin Buldan هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) Halkların Demokratik Partisi (HDP) شکستی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵەبوونیان لە پشتیوانی کلیچدارئۆغڵو بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ڕاگەیاند. جگە لەوەش هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە بڕیاریان دا بەزووترین کات کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەیان ئەنجام بدەن و لە کۆنگرەدا خۆیان بۆ پۆستی هاوسەرۆکی کاندید نەکەنەوە. ئێستا کۆنفڕانسی مەڵبەندەکانی هەدەپە بەردەوامە و کاری جددی دەکرێت بۆ بەخۆداچوونەوە ڕاستکردنەوەی باری لاری پارتەکە.
ئەوەی لەم نێوانەدا ماوەتەوە، دایکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیایە. جەهەپە لە نێوان بەرەی کلیچدارئۆغڵو و بەرەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ بووە بە ڕۆژەڤی گەرمی شەقام و میدیای تورکیا.
دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، هەندێکجار ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو وەک هاوسەرۆکی جەهەپە هەنگاو دەنێت و بەبێ ئاگاداری کلیچدارئۆغڵو کۆبوونەوە بە بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و پەرلەمانتارانی جەهەپە دەکات.

چی ڕوویداوە؟

لە دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە بەرەی ئۆپۆزسیۆن ڕەخنەباران کرا. ئەگەر بێت و پارتەکان هەریەک بە قەبارەی خۆیان ڕەخنەیان لێ گیرابێت. جەهەپە و سەرۆکەکەی لە ئاستی هەموو تورکیادا غەرقی گلەیی و گازندە کران. ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەم جەهەپە وەک گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن و هەم کەمال کلیچدارئۆغڵو وەک کاندیدی هاوبەشی بەرەی ئۆپۆزسیۆن تووشی شکستێکی گەورە هاتن.
جەهەپە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە ١٤٦ کورسییەوە دابەزی بۆ ١٣٠ کورسی.[1] کلیچدارئۆغڵو-ش لە خولی دووەمدا نەک بەرامبەر ئەردۆگان هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند، بەڵکو بەراورد بە خولی یەکەم ڕێژەی دەنگەکانیشی کەمی کرد.[2]
هەر دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بە ڕاست و چەپدا کلیچدارئۆغڵو ڕەخنەباران کرا، زۆرینەی ڕەخنەگران بە دۆست و دوژمنەوە، بەوانەی ناو جەهەپە و دەرەوەی جەهەپە کۆکن لەسەر ئەوەی "هۆکاری سەرەکی شکستی جەهەپە و هاوپەیمانی میللەت خودی کەمال کلیچدارئۆغڵو بووە".
لەگەڵ ئەمانەشدا کلیچدارئۆغڵو نوکی ڕمی ڕەخنەکانی بەڕووی خۆیدا لادا و ئاڕاستەی هاوڕێ و هاوکارەکانی لە ناو پارتەکەی و سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە و بەرپرسانی پارتەکانی دیکەی پێکهێنەری هاوپەیمانی میللەت کرد.
لە هەمان کاتدا خودی کلیچدارئۆغڵو هەڵمەتێکی لێپریسینەوە و گۆڕینی بەرپرسانی باڵای پارتەکەی دەستپێکرد. ڕۆژێک دوای خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان ئۆنورساڵ ئادیگیوزەل (Onursal Adıgüzel) یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە و لێپرسراوی مەکتەبی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانی پارتەکەی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.[3]
لە پاش خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانیش سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی جەهەپە بە خودی کلیچدارئۆغڵو-ەوە کە ژمارەیان ١٨ کەس بوو لە ١ی حوزەیران دەستیان لە کار کێشایەوە،[4] پاشان لە ٥ی حوزەیران کلیچدارئۆغڵو خۆی و ١٤ کەسی دیکەی وەک ئەندامی نوێی مەکتەبی سیاسی دیاری کرد[5] و سەرجەم ئۆرگان و ڕێکخستنەکانی جەهەپەی ڕاستەوخۆ بەستەوە بە نووسینگەی سەرۆکەوە.[6] بەمجۆرە هەر بڕیارێکی مەکتەبی سیاسی لە بەرژەوەندی کلیچدارئۆغڵو دەردەکرێت و هەموو سەرنج و ڕەخنە و پێشنیارەکانی لە ئۆرگان و ڕێکخستنەکانی جەهەپەوە بەرز بکرێتەوە، کۆتا مەنزڵ بۆ ڕەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە نووسینگەکەی خودی کلیچدارئۆغڵو دەبێت. هەر ئەمەش بووە بە بەهێزترین پاڵپشت بۆ کلیچدارئۆغڵو لە کۆنگرەی پارتەکەیدا و گەورەترین مەترسی بۆسەر ڕکابەرەکانی.
چەند ڕۆژێک دواتر بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی جەهەپە بەرپرسی مەڵبەندەکانی قەیسەری، هەکاری، وان، ئاگری، بەیکۆز، ماردین و موش لابران. بەڵام تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن مەکتەبی سیاسی ئەو پارتەوە ڕوونکردنەوەی پێویست دەربارەی هۆکاری لابردنی ئە بەرپرسانە نەدراوە. هەروەک مەهمەت کڵینچاڵسان (Mehmet Kılınçaslan) بەرپرسی مەڵبەندی ماردینی جەهەپە ئاماژەی پێداوە، "ئەو هەڵمەتە جگە لە پاکتاوی ناوخۆیی هیچ شتێکی دیکە نییە، بەبێ ئاماژەدان بە هیچ هۆکارێک لەسەرکار لادراوین".[7] لەگەڵ ئەمانەشدا هەریەک لەو بەرپرسانەی لابراون بە نزیکی لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ و ئاڵاهەڵگری گۆڕانکاری لەناو جەهەپە و دوورخستنەوەی کەمال کلیچدارئۆغلو لە سەرۆکایەتی ئەو پارتە ناسراون.
سەرەڕای تانەی بەرپرسی ئەو ٦ مەڵبەندەی جەهەپە، بەڵام ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتەکە لە کۆبوونەوەی ٢٤ی تەممووزدا تانەکانیان ڕەتکرایەوە.[8] بەمجۆرە گورزێکی دیکەی کوشندە بەر باڵی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کەوت.
ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و بەرپرسی پلە ناوەندی جەهەپە پێش هەڵبژاردنەکان و دوای هەڵبژاردنەکانیش بە هۆی کاندید نەکردنیان بۆ خولی نوێی پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەیان لە پارتەکەیان راگەیاند.[9]
دواجار ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ وەک کاندیدی جەهەپە و بە پشتیوانی دەنگدەرانی پارتی باش و هەدەپە وەک سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرا، بوو بە ئاڵاهەڵگری بەرەی گۆڕانکاری لەناو جەهەپە-دا. بەمجۆرە لەناو خودی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن دروستبوو. بە واتایەکی دیکە، هەموو ئەو ڕەخنانەی لەلایەن کلیچدارئۆغڵوەوە دەربارەی تاکڕەوی و خراپی باری ئابووری و کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئاڕاستەی ئەردۆگان و پارتی دەسەڵاتداری تورکیا دەکرێت، ئێستا هەمان ئەو ڕەخنانە لەلایەن ئیمام ئۆغڵو و پشتیوانانییەوە لە ئاستی جەهەپە و پەیوەست بە دۆخی ناوخۆیی ئەو پارتە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا ئاڕاستەی کلیچدارئۆغڵو دەکرێت.
سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەهەپە لە کۆبوونەوەی ٣ی حوزەیران بڕیاری دا بە ئەنجامدانی کۆنفڕانسی کۆمیتە و مەڵبەندەکان لە قەزا و ناحیەکان لە ٥ی ئاب و کۆنفڕانسی مەڵبەندەکانی ئەو پارتە لە پارێزگاکان لە ١٦ ئەیلول تاوەکو ١٥ تشرینی یەکەم،[10] لە هەمان کاتدا چاوەڕێ دەکرێت ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەهەپە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی ٣٨هەمین کۆنگرەی گشتی پارتەکەی دیاری بکات.[11]
بەڵام بەکارهێنانی چەند دەستەواژەیەک لەلایەن کلیچدارئۆغڵو لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا دڵنیایی لای ئیمام ئۆغڵو دروست بووە، کە کلیچدارئۆغڵو بەنیازی دەستلەکارکێشانەوە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پارتەکەیدا نییە.
لەو وتارەیدا بۆ پەرلەمانتارانی جەهەپە، کلیچدارئۆغڵو ڕایگەیاند، "وەک سەرۆکی جەهەپە نەک تەنها ئامانجە نزیک مەوداکان، بەڵکو ئامانجە دوورمەوداکان بەدەست دەهێنم، ناچارم بەدەستی بهێنم." لەمەش توندتر کلیچدارئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، "هیچ کەسێک لەیادی نەچێت، ئەوە ئەرکی کاپتنە کەشتی بگەیەنێتە بەندەری ئارامی، با هەموانیش بزانن کەشتییەکە دەگەیەنمە کەناری ئارامی".[12] زۆرینەی بۆچوونەکانی ناو جەهەپە لەسەر ئەوەیە کە  وتەکانی کلیچدارئۆغڵو ئەو پەیامەی لێ دەخوێنرێتەوە کە بیەوێت تاوەکو هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئازاری ٢٠٢٤ لە سەرۆکایەتی پارتەکەیدا بمێنێتەوە.
ئیدی ئیمام ئۆغڵو دڵنیا بووەوە لەوەی بە پەیامی ناڕاستەوخۆ و نووسینی ڕۆژنامەوانی کلیچدارئۆغڵو مل بۆ داواکارییەکانیان نادات. بۆیە داواکاری کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی لەگەڵ کەمال کلیچدارئۆغڵو پێشکەش کرد.
کلیچدارئۆغڵو داواکارییەکەی ئیمام ئۆغڵوی پەسەند کرد، بەڵام کۆبوونەوەکە لە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی تایبەت لە پارکی ئاهڵاتڵی ئەتاتورک لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، واتە کلیچدارئۆغڵو ئامادە نەبوو لە بارەگای سەرەکی جەهەپە ئیمام ئۆغڵو ببینێت. هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارەی کلیچدارئۆغڵو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو ناچار نەبێت لە بەردەرگا پێشوازی لە ئیمام ئۆغڵو بکات و دواتریش بۆ بەڕێکردنی ئیمام ئۆغڵویەک کە جەهەپە کردویەتی بە سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ، کلیچدارئۆغڵو ناچار بێت لەبەر دەرگا چاوەڕێی ڕۆیشتنی ئیمام ئۆغڵو بکات. بەڵگەش بۆ ئەم خوێندنەوەیە ئەوەیە کە کلیچدارئۆغڵو دوای ئیمام ئۆغڵو دەگاتە شوێنی کۆبوونەوەکە و دوای دیدارەکەشیان ئیمام ئۆغڵو، کلیچدارئۆغڵو بەڕێ دەکات، ئەمەش وەک هێمای گەورەیی کلیچدارئۆغڵو بەسەر ئیمام ئۆغڵودا دەردەکەوێت.
لەگەڵ ئەمانەشدا لە ماڵئاوایی ئیمام ئۆغڵو لە کلیچدارئۆغڵودا هەست بە غرور و و خۆبەگەورەزانینی ئیمام ئۆغڵو دەکرێت، بەجۆرێک ئیمام ئۆغڵو وەک سەرۆکی پارتێک، یاخود هاوسەرۆکی جەهەپە ڕەفتار دەکات و خۆی لە ئاستی پێگەی کلیچدارئۆغڵو دەردەخات.[13]
باس لەوە دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ئایندەی تورکیا کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاشکاوانە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو لەگەڵ باسکردنی گلەیی و گازندەکانی لە کلیچدارئۆغڵو لە هەمان کاتدا ویستویەتی بە جۆرێک لە جۆرەکان گەرەنتی لە کلیچدارئۆغڵو وەربگرێت بۆ کاندیدکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ. هەرچەندە ئەم زانیارییە تاڕەدایەک لەگەڵ هەوڵەکانی ئیمام ئۆغڵو بۆ گۆڕانکاری لەناو جەهەپە و بوون بە سەرۆکی پارتەکە یەک ناگرێتەوە، بەڵام دەکرێت ئیمام ئۆغڵو ویستبێتی لە دۆخی سەرکەوتنی کلیچدارئۆغڵو بەسەریدا لە کۆنگرەی پارتەکەیاندا گەرەنتی کاندیدبوونەوەی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ بەدەست بهێنێت.
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی باڵای جەهەپە، لە کۆبوونەوەکەدا کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە، سەرەڕای پێدانی گەرەنتی بۆ کاندیدی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ، تەنانەت کلیچدارئۆغڵو سوربوونی خۆی لەسەر پێویستی کاندیدبوونی ئیمام ئۆغڵو بۆ شارەوانی ئیستەنبوڵ دووپات کردووەتەوە. هەڵبەت ئەم سووربوونەی کلیچدارئۆغڵو وەک هەوڵێکی ناوبراو بۆ دوورخستنەوەی ئیمام ئۆغڵو لە چاوتێبڕینی پۆستی سەرۆکی جەهەپە دەخوێنرێتەوە، بەڵام هەر بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوە دوو قۆڵییەدا کلیچدارئۆغڵو باسی لە نەبوونی کاندیدێکی دیکەی بەهێزی جەهەپە-ی بۆ جێگرەوەی ئیمام ئۆغڵو لە ئیستەنبوڵدا کردووە، بۆیە بەڵێنی بە ئیمام ئۆغڵو داوە، "دوای هەڵبژاردنی جەنابت وەک سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، دەرگای بوون بە سەرۆکی جەهەپە-ش بە دڵنیاییەوە بەڕووتدا کراوە دەبێت".[14]
لەلایەکی دیکەوە، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بە مەبەستی دەربڕینی بێباکی خۆی لە پۆستی سەرۆکی جەهەپە پێشنیاری کەسی سێیەمی بۆ کلیچدارئۆغڵو کردووە. واتە لە نێوان کلیچدارئۆغڵو و ئیمام ئۆغڵودا کەسی سێیەم، کە لەوانەیە ئۆزگور ئۆزێل Özgür Özel سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا ببێت بە سەرۆکی جەهەپە، بەڵام ئەم پێشنیارەی ئیمام ئۆغڵو وەک تاکتیکێکی ناوبراو لە کلیچدارئۆغڵو دەخوێنرێتەوە، لەبەرئەوەی ئۆزگور ئۆزێلیش بە کەسێکی نزیک لە ئیمام ئۆغڵو دادەنرێت. هەرچەندە ئەمە لەلایەن کلیچدارئۆغڵووەوە هەستی پێنەکراوە، بەڵام بەشداری ئۆزێل لە کۆبوونەوە ئۆنلاینەکەی باڵی ئیمام ئۆغڵو ئەم بۆچوونەی پشتڕاست کردووەتەوە.  
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئیمام ئۆغڵو و ئۆزێل ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئۆزێل کاندید بێت بۆ سەرۆکایەتی جەهەپە و ئیمام ئۆغڵو-ش کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بێت لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ی تورکیا.[15]
لە ٣ی تەممووزدا تانژو ئۆزجان Tanju Özcan سەرۆکی شارەوانی بۆڵو کە سەر بە جەهەپە-یە ڕێپێوانی "گۆڕانکاری و دادپەروەری" لە بۆڵوەوە بۆ ئەنقەرە دەستپێکرد.[16] ئۆزجان بە ئامانجی دەستلەکارکێشانەوەی کەمال کلیچدارئۆغڵو و ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە ڕێپێوانەکەی بەرەو ئەنقەرە دەستپێکرد و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی پشتیوان و بەشداربوانی ڕێپێوانەکە زیادی دەکرد.
دوای ١٠ ڕۆژ، ئۆزجان ١٨٤ کیلۆمەتری بە پێ بڕی و ڕۆژی ١٣ی تەممووز لەبەردەم بارەگای سەرەکی جەهەپە لەسەر پاسێک وتارێکی بۆ پشتیوانانی پێشکەش کرد. لە کۆتایی وتارەکەیدا بۆ نیشاندنی خۆشەویستی و عەوداڵی کلیچدارئۆغڵو بۆ کورسی سەرۆکایەتی جەهەپە و وەک کاردانەوەیەکیش، ئۆزجان کورسییەکی لەسەر ئەو پاسەی کە وتاری تێدا پێشکەش کرد فڕێدایە خوارەوە.[17]
چەند ڕۆژێک دوای ئەو ڕەفتارەی ئۆزجان، مەکتەبی سیاسی جەهەپە دۆسیەی سزادانی ئۆزجانی ئاڕاستەی دەستەی باڵای لێکۆڵینەوەی پارتەکەی کرد و لە کۆبوونەوەی ٢٦ی تەممووزی دەستەکەدا بە کۆی دەنگ بڕیاری دەرکردنی تانژو ئۆزجان بۆ ماوەی ساڵێک دەرکرا. بە پشتبەستن بە ماددەی ٦٨ی پەیڕەوی ناوخۆی جەهەپە بڕیارەکە بەشێوەی ڕەهایی دەرکراوە و تەنانەت ئۆزجان ناتوانێت تانە لە بڕیارەکەش بدات.[18]
هەرچەندە لە هەمان ڕۆژدا تانژو ئۆزجان کاردانەوەی توندی دژی بڕیارەکە ڕاگەیاندووە و بڕیاری داوە هەوڵی تەواو بدات بۆ مانەوەی لەناو جەهەپە، بەڵام پێدەچێت هەوڵەکانی بێ ئاکام بێت. ئۆزجان لە یەکەم کاردانەوەیدا ڕایگەیاند، جەهەپە "پارتی بایکەمال[19] نییە، بەڵکو پارتی ئەتاتورکە، لەبەرئەوە هەوڵی مانەوەی خۆم لەناو جەهەپەدا دەدەم.[20] بەڵام لەبەرئەوەی بڕیارەکە لەلایەن دەستەی باڵای لێکۆڵیەنەوەی جەهەپەوە بە سیفەتی ڕەهایی دەرکراوە، تانەی ئۆزجان لە هیچ شوێنێک لەسەر بڕیارەکە وەرناگیرێت.  
گوێنەدان بە ١٠ ڕۆژ ڕێپێوانی یەکێک لە سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە و سزادانیشی بەشێوەیەکی زۆر توند و کەمەر شکێن، هێمایە بۆ بەهێزی کەمال کلیچدارئۆغڵو و ڕەگداکوتانی ناوبراو بە سەرجەم ئۆرگان و جومگە سەرەکییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)دا.
ڕۆژی ١٦ی تەممووز گرتەیەکی ١٢ خولەکی کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتی جەهەپە بەشێوەی ئۆنلاین (لەڕێگەی بەرنامەی زووم Zoom) دزەی کردە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.[21] ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە دروستکردنی بەرەیەکی بەهێزی دژ بە کلیچدارئۆغڵو بووە.
چەند ڕۆژێک دواتر و لە ٢٢ی تەممووز سەرجەم سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە بانگهێشتی بارەگای سەرەکی پارتەکە کران و لەگەڵ کەمال کلیچدارئۆغڵو کۆبوونەوەیەکی ٤ کاتژمێری ئەنجام دراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا سەرەڕای ڕەخنەی بەشێک لە سەرۆک شارەوانییەکان لە کۆبوونەوەی نهێنی ئیمام ئۆغڵو و ژمارەیەک بەرپرسی جەهەپە، گفتوگۆیەکی توند لە نێوان ئیمام ئۆغڵو و کلیچدارئۆغڵوشدا ڕوویداوە.[22] 

دزەکردنی کۆبوونەوەیەکی نهێنی

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بەبێ ئاگاداری سەرۆکی جەهەپە و هیچ یەکێک لە بەرپرسانی باڵای پارتەکەی و بەدەر لە کاری فەرمی حزبی، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی جەهەپەدا ئەنجامداوە. ئەو کەسانە یان لە ناو جەهەپە، یاخود لە فراکسیۆنی حزبەکەدا لە پەرلەمان پێشتر پۆستی باڵایان هەبووە. چەند کەسیکیشیان ئێستاش خاوەنی پۆستی باڵان.
کۆبوونەوەکە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی تەممووز بە شێوەی ئۆنلاین (لەڕێگەی بەرنامەی زووم Zoom) ئەنجام دراوە.[23] جگە لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ٩ کەسی دیکە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە. هەریەک لە ئۆزگور ئۆزێل، ئۆنورساڵ ئادی گیوزەل، ئێنگین ئاڵتای، بولەنت تێزجان، تەکین بینگیۆل، موحەڕەم ئێرکەک بەهێزترین کەسایەتییەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بوون. زۆربەی ئەو کەسانە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتاری جەهەپە بوون. بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان و گۆڕانکارییەکانی مەکتەبی سیاسی جەهەپە زۆربەیان بەرپرسیارێتیان لەناو جەهەپەدا لێسەنرایەوە.  
هەروەها جگە لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، تەواوی بەشداربوانی کۆبوونەوەکە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەهەپەن.[24] ئەوەی جێگای سەرنجە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو لە هیچ یەکێک لە ئۆرگانە باڵاکانی وەک مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی جەهەپەدا خاوەن پۆست نییە، بەڵام ڕابەری هێڵی گۆڕانکاری لەناو جەهەپەدا دەکات.
چەند ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، گرتەیەکی ١٢ خولەکی کۆبوونەوەکە دزەی کردە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. تا ئێستا ڕوون نییە ئاخۆ ئیمام ئۆغڵو و گرووپەکەی بە دەستی ئەنقەست ئەو کارەیان کردووە، یاخود کەسێک، یان جەند کەسێک لە بەشداربوانی کۆبوونەوەکە لە بنەڕەتدا دژی ئیمام ئۆغڵو بوون و بۆ چاودێری و هەواڵگری لەگەڵ ناوبراودان.
کڕۆکی کۆبوونەوە نهێنییەکە قسەکردن بووە لەسەر هەوڵەکانی کۆکردنەوەی واژۆی پێویست بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەهەپە و قسەکردن لەسەر لابردنی ژمارەیەک لە بەرپرسی مەڵبەند و کۆمیتەکانی ئەو حزبە، بە بڕیاری کەمال کلیچدارئۆغڵو. هەروەها ئەگەر پێویست بکات کۆکردنەوەی واژۆی پێویست بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی و بەپەلەی پارتەکە پێش تشرینی دووەمی ئەمساڵ.
هەرچەندە بەردەوام باس لە نزیکی ئۆزگور ئۆزێل و ئیمام ئۆغڵو دەکرێت، بەڵام لێدوانێکی ئۆزگور ئۆزێل دەربارەی "هەڵوێستی مەردانە و وەفاداری هەر کەس"[25] گومانی لەسەر نزیکی ئۆزێل لە کلیچدارئۆغڵو دروست کردووە. چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوە نهێنییەکەی لەگەڵ ئیمام ئۆغڵو و هاوڕێکانی ئۆزێل  لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی جمهوریەتی نزیک لە جەهەپە ئاماژەی بەوە داوە، "هەرچەندە دوای هەڵبژاردنێکی لەو جۆرەی کە ئەنجامدرا، گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا زۆر ئاساییە و لە پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتی وەک جەهەپە داخستنی دەرگای گفتوگۆ و دانوستان مەحاڵە"، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆزێل جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە گفتوگۆکاندا "زمانێکی نەرم بەکاربهێنرێت و هەڵوێستی مەردانە و وەفاداری لەبیرنەکرێت".
بەکارهێنانی دەستەواژەی "هەڵوێستی مەردانە و وەفاداری" لەلایەن ئۆزگور ئۆزێل-ەوە وەک ئاماژەیەک بۆ پشتیوانی ناوبراو لە کەمال کلیچدارئۆغڵو لێکدەدرێتەوە. 

کردنەوەی سایتی ئینتەرنێتی "گۆڕانکاری لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات"

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو لە ٤ی تەممووز سایتیێکی ئینتەرنێتی تایبەتی بەناوی "گۆڕانکاری لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات İktidar İçin Değişim" کردەوە.[26] لە ڕێگەی ئەم سایتەوە هەر هاووڵاتییەکی تورکیا ئەندام و لایەنگری جەهەپە بێت، یاخود نا، دەتوانێت ڕەخنە و سەرنج و تێبینییەکانی خۆی بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە ئاڕاستەی ئیمام ئۆغڵو و باڵەکەی بکات.
کاتێک کەسێک دەیەوێت سەرنجی خۆی بنێرێت داوای کۆمەڵێک زانیاری گشتی و کەسی لێدەکرێت. هەرچەندە داوای هیچ زانیارییەک ناکرێت کە هێمابێت بۆ ئەندامبوون، یاخود نەبوونی ئەو کەسە لەناو جەهەپە، یاخود سەر بە چ مەڵبەند و کۆمیتەیەکی جەهەپەیە، بەڵام لە سایەی گەشەی بەردەوام و فراوانی تەکەنەلۆژیای پەیوەندییەوە تەنها بە ئاشکراکردنی ناو، یان ژمارەی ناسنامە بە زووترین کات کەسێتی تەواوی ئەو کەسە بەردەست دەخرێت. ئەم کارەش بۆ ئیمام ئۆغڵو و بەردەستەکانی کارێکی ئاسانە. هەربۆیە گومان دەکرێت مەبەستی سەرەکی ئەم هەوڵەی ئیمام ئۆغڵو بۆ زانینی ئاستی کاردانەوەی ئەندام و لایەنگرانی جەهەپەیە بۆ باڵەکەی و هەوڵەکانی بۆ دوورخستنەوەی کەمال کلیچدارئۆغڵوە.
لەلایەکی دیکەوە ناونانی سایتەکە بەشێوەیەکی لاستیکی  "گۆڕانکاری لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات" لێزانی ئیمام ئۆغڵو دەردەخات. داڕشتنەکە بەجۆرێکە نازانرێت ئاخۆ مەبەست لە گەیشتن بە دەسەڵات، کورسی سەرۆکایەتی جەهەپەیە، یاخود سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتی تورکیا؟
لە ناساندنی سایتەکەدا کۆمەڵێک دەستەواژە زەقکراوەتەوە کە هەمووی ئاماژەیە بۆ ڕەخنەی توند لە کلیچدارئۆغڵو و تاکڕەوی لە سەرکردایەتیکردنی جەهەپە و بێتوانایی ناوبراو لە هەوڵی گۆڕانکاری و گەیشتن بە دەسەڵات لە تورکیادا.
ئەگەر بێت و سەرجەمی ئەو دەستەواژانەی کە لە ناساندنی سایتەکەدا زەقکراونەتەوە یەک بخرێن، ئەوا تێڕوانینێکی لەمجۆرە دروست دەبێت:
"پاسەوانانی دیموکراسی پارتە سیاسییەکانن، نەبوونی دیموکراسی لەناو پارتە سیاسییەکاندا هێمایە بۆ نەبوونی دیموکراسی لە وڵاتیشدا، هەڵبەت پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە پارێزەری دیموکراسی دادەنرێت لە تورکیادا، بەڵام کاتێک دەرفەتی گۆڕانکاری لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە لە وڵاتدا لەدەست درا، ئیدی کۆمەڵگە داوای گۆڕانکاری لەناو ئۆپۆزسیۆندا دەکات، هەربۆیە بانگهێشتی سەرجەم چین و توێژەکان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەناو ئۆپۆزسیۆندا دەکەین".
٢٣ ڕۆژ دوای کردنەوەی سایتەکە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بە تویتێک زانیاری دەربارەی چالاکییەکانی سایتەکە و ئاستی کاردانەوەی هاووڵاتییان خستەڕوو. بەگوێرەی تویتەکەی ئیمام ئۆغڵو تاوەکو ٢٧ی تەمموز، لە تەواوی تورکیا و دەرەوەی وڵاتیش یەک ملیۆن کەس سەردانی سایتەکەی کردووە و ١٠٠ هەزار کەسیش ڕەخنە و سەرنجی نووسیوە.[27]  
ئیمام ئۆغڵو سەرنجەکانی هاووڵاتییانی بەمجۆرە پوخت کردووەتەوە: "هاووڵاتییان داوای گۆڕانکاری لە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای جەهەپە-دا دەکەن، بە جۆرێک بنەماکانی دیموکراسی و سیکیۆلاری بپارێزرێت. ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی و ڕێکخستن و ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە. نوێکردنەوەی تەواوی جەهەپە، بەجۆرێک توانای چوونە ژێر باری شکستەکان و ڕاستکردنەوەیانی هەبێت. پابەندبوون بە بنەماکانی ئەتاتورکەوە".

کلیچدارئۆغڵو بەسەرچووە

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی جەهەپە سێ ساڵ جارێک پێویستە کۆنگرەی ئاسایی پارتەکە ببەسرێت.[28]  کۆتا جار لە ٢٥-٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٠ کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە ئەنجام درا و کەمال کلیچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە.[29]
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ و کۆتا کۆنگرەی پارتەکە، ٢٦ی تەممووزی ئەمساڵ کۆتا ڕۆژی سەرۆکایەتی کلیچدارئۆغڵو بووە. هەرچەندە وەک بەرپرسانی جەهەپە باسی دەکەن، بە هۆی سەرقاڵی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە نەتوانراوە لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە بکرێت، هەر لەبەرئەوەش بووە کۆنگرە لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە.
لە بەرامبەردا داوای دەستلەکارکێشانەوەی کلیچدارئۆغلو و دانانی سەرۆکێکی کاتی بۆ پارتەکە تاوەکو ئەنجامدانی کۆنگرە دەکرێت. هەروەک ئۆندەر ساڤ Önder Sav سکرتێری پێشووی جەهەپە ئاماژەی پێداوە، هەم بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا و هەم بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی جەهەپە سەرۆکی حزب بۆ هەر خولێک لە سێ ساڵ زیاتر ناتوانێت سەرۆکایەتی پارتەکە بکات. لە دۆخێکی لەمجۆرەدا پێیوستە کلیچدارئۆغڵو دەست لە کار بکێشێتەوە و لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە یەکێک لە یاریدەدەرانی سەرۆکی حزب لە جێگەی سەرۆک کارەکان بەڕێوە ببات و لەماوەی ٤٥ ڕۆژدا کۆنگرەی نائاسایی پارتەکە ئەنجام بدرێت.[30]
هەرچەندە کلیچدارئۆغڵو دەستی لە کار نەکێشاوەتەوە. بەڵام لە دۆخی پەسەندکردنی پێشنیارەکەی ئۆندەر ساڤ-یشدا هەر یاریدەدەرێکی کلیچدارئۆغڵو بکرێتە سەرۆکی کاتی جەهەپە، ئەو کەسە وەک سەرۆکێکی کارتۆنی دەبێت و کلیچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی سێبەر بڕیاری کۆتایی دەدات. چونکە چەند ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکان سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی جەهەپە دەستیان لە کار کێشایەوە و دووبارە کلیچدارئۆغڵو هەموو ئەو کەسانەی کە لە باڵەکەی خۆیدان، کردنیەوە بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، هەر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی جەهەپە-ش پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی حزبەکەی هەیە. 

شکستی هەڵبژاردن، دروستبوونی ئاڕاستەی نوێ، جیابوونەوە، خودپاکتاوی

ئاڕاستەی لێشاوی ڕەخنە و هەوڵی دوورخستنەوەی کەمال کلیچدارئۆغڵو لە پۆستی سەرۆکایەتی جەهەپە بۆ ناوبراو هەڵمەتێکی نوێ نییە. پاش کۆتایهاتنی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی تورکیا، موحەڕەم ئینجەی کاندیدی ئەوکاتەی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، غروری بەدەستهێنانی دەنگێکی زۆر گرتی و داوای گۆڕانکاری لەناو جەهەپە دەکرد.
لەو هەڵبژاردنەدا سەرەڕای بوونی کاندیدی پارتی باش و هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام موحەڕەم ئینجە وەک کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ٣٠.٦٧٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لەکاتێکدا جەهەپە تەنها ڕێژەی ٢٢.٦٧٪ی دەنگەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا.[31] ئەو ڕێژەیەش بە دەنگی کلیچدارئۆغڵو ئەژمار دەکرا، بەو پێیەی سەرۆکی جەهەپە بووە و سەرپەرشتی بانگەشەی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کردووە.  
لێرەوە موحەڕەم ئینجە پێی وابوو ئەو بەتواناترە لە کلیچدارئۆغڵو و هەم لەناو جەهەپە و هەم لە ئاستی تورکیادا، بۆیە بانگەشەی گۆڕانکاری و ئەنجامدانی کۆنگرەی بەپەلەی پارتەکەی کرد. بەڵام دواجار هەموو هەوڵەکانی موحەڕەم ئینجە قڵپبوونەوە و ناوبراویش ناچاربوو لە جەهەپە جیاببێتەوە و لەگەڵ چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێکی پارتەکە کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نەدەبوون، پارتی مەملەکەت (Memlekt Partisi)ی دامەزراند.[32]
پارتێک کە نەیتوانی لە کۆتا هەڵبژاردندا یەک کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت. ئینجە-ش بەهۆی فشارێکی زۆر لە سەری چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ٢٠٢٣ کاندیدبوونی خۆیی کشاندەوە. ئیدی ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە و شەقامی تورکیا خەریکە ئینجە و هاوڕێکانیشی لەبیر دەکات. ئەمەش چەندە بە هۆی بەهێزی کلیچدارئۆغڵووە بێت، ئەوەندەش بە خودپاکتاوی دادەنرێت.
ئیدی بۆ هەموان دەرکەوت توانای کلیچدارئۆغڵو لە کۆنترۆڵکردنی ڕێکخستنەکانی پارتەکەی و دیاریکردن و هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی پارتەکەی زۆر بەهێزە و ڕکابەرەکانی ناتوانن بە ئاسانی دووری بخەنەوە.
لە ئێستاشدا پەیوەندی توند و کاریگەری کەمال کلیچدارئۆغڵو لەناو ڕێکخستنەکانی جەهەپە و توانای ناوبراو لە ئاڕاستەکردنی کۆنگرەی کۆمیتە و مەڵبەندەکانی پارتەکە گەورەترین مەترسییە لەسەر باڵەکەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، هەربۆیە ئیمام ئۆغڵو و نزیکەکانی زۆر بە وردی و هێواشی هەنگاو دەنێن.
ئەمە جگە لەوەی باڵی ئیمام ئۆغڵو هێشتا دڵنیا نین لە یەکدی و هەریەکەیان گومانی لە هاوڕێکەی هەیە کە پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵ کلیچدارئۆغڵودا هەبێت و دواجار هەموو هەوڵەکان شکست بهێنن. نوێترین بەڵگەش دزەپێکردنی بەشێک لە کۆبوونەوە نهێنییە ئۆنلاینەکەی ئیمام ئۆغڵو و چەند بەرپرسێکی باڵای جەهەپە بووە بۆ میدیاکان. 

بژاردەکانی بەردەم ئیمام ئۆغڵو

لە کاتێکدا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵە، سێ بژاردەی سەرەکی لە بەردەمدایە و هەریەکەشیان گرنگی و بایەخی خۆی هەیە:
1. لە کۆنگرەی جەهەپە-دا خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکی جەهەپە، لە دۆخی دەرچوونیدا ناتوانێت ببێتە کاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر جەهەپە، لەبەرئەوەی لە ئێستادا جگە لە ئیمام ئۆغڵو جەهەپە کاندیدێکی بەهێز شک نابات بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ.
2. بەردەوام بوون لە سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ و کەسێکی دیکەی نزیک لە خۆی بکاتە کاندید بۆ سەرۆکی جەهەپە و ڕکابەری کلیچدارئۆغڵو، خۆشی بۆ شارەوانی ئیستەنبوڵ کاندیدی جەهەپە بێت. لە دۆخی پەسەندکردنی ئەم بژاردەیەدا ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا بەهێزترین کاندیدی نزیک لە ئیمام ئۆغڵویە. ئەم سیناریۆیە بە مانای ئامادەکاری ناوبراویش دێت بۆ کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨. هەرچەندە باس لەوەش دەکرێت ئۆزگور ئۆزێل بە وەکالەت دەکرێت بە سەرۆکی جەهەپە و دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەو پۆستە دەدرێت بە ئیمام ئۆغڵو، بەڵام ئەمەش بۆ ئیمام ئۆغڵو مەترسی لەسەرە، لەبەرئەوەی مەرج نییە لەو کاتەدا ئۆزگور ئۆزێل دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی پارتەکەی ببێت.
بەردەوامبوون لە سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ و دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکان کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە ئەنجام بدرێت و ئیمام ئۆغڵو ببێت بە کاندیدی سەرۆکی جەهەپە، کەمال کلیچدارئۆغڵوی سەرۆکی ئێستای جەهەپە بە ئومێدی بردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵ ئەم پێشنیارەی خستووەتە بەردەمی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و بەڵێنی ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی جەهەپەی دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بە ئیمام ئۆغڵو داوە. بەڵام لێرەدا دوو مەترسی گەورە لەسەر ئیمام ئۆغڵو هەیە. یەکەمیان لە ئەگەری سەرنەکەوتنی ئیمام ئۆغڵو بەسەر ڕکابەرەکانیدا بە تایبەت کاندیدی ئاکەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بە بیانووی بێتوانایی ئیمام ئۆغڵو، دەکرێت سەرۆکی جەهەپە لە بەڵێنەکەی پاشگەز ببێتەوە. بە تایبەت لە ئێستادا لە نێوان جەهەپە و پارتی باش و هەدەپە هیچ ڕێککەوتنێک بۆ دیاریکردنی کاندیدی هاوبەش بۆ شارەوانی ئیستەنبوڵ، یاخود بەڵێنی دەنگدان بە کاندیدی جەهەپە لەلایەن دەنگدەرانی پارتی باش و هەدەپە جێگای باس نییە و تەنانەت بەرپرسانی ئەو دوو پارتە باس لە بوونی کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەکەن. مەترسی دووەمیش پاشگەزبوونەوەی کلیچدارئۆغڵویە لە بەڵێنی ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەی لە دۆخی سەرکەوتنی ئیمام ئۆغڵو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵیشدا. ئەمەش بە بەهانەی نەبوونی کەسی شیاو بۆ شوێنی ئیمام ئۆغڵو لەڕووی توانا و لێهاتوویی و تەنانەت یاساییەوە.
لە ئێستادا بژاردەی دووەم بەهێزترین و گونجاوترین بژاردەی بەردەم ئیمام ئۆغڵویە. ئەمەش لەبەرئەوەی دوای شکستی هەڵبژاردنەکان کەمال کلیچدارئۆغڵو مەکتەبی سیاسی پارتەکەی بە ویستی خۆی ڕەنگڕێژ کردەوە و سەرجەم ئۆرگان و ڕێکخستنەکانی ڕاستەوخۆ بەستەوە بە خۆیەوە. بەمجۆرە هەم مەکتەبی سیاسی لە دژبەرەکانی پاککردووەتەوە و هەمیش تاوەکو ڕۆژی ئەنجامدانی کۆنگرەی پارێزگاکان ڕێکخستنەکانی حزبەکەی لە بەرژەوەندی خۆی دیزاین دەکاتەوە و دواجار لە کۆنگرەی پارێزگاکاندا کەسانی نزیک لە کلیچدارئۆغڵو دەبنە ئەندامی کۆنگرەی گشتی جەهەپە.
بە واتایەکی دیکە جگە لە ژمارەیەک بەرپرسی جەهەپە لە سەرکردایەتی و فراکسیۆنی پارتەکە لە پەرلەمان و چەند سەرۆک شارەوانییەک، لەناو ڕێکخستنەکانی جەهەپەدا، پشتیوانییەکی وەهای ئیمام ئۆغلو و باڵەکەی نابینرێت. لە هەمان کاتدا ئەزموونی هەوڵەکانی گۆرانکاری و ڕکابەری کلیچدارئۆغڵو لەلایەن موحەڕەم ئینجە بە درێژایی سێ ساڵ (٢٠١٨-٢٠٢١) لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی تورکیا لە ناو جەهەپەدا کۆن نەبووە، دواجار دەرەنجامی ئەو هەوڵە تاقەتپڕوکێنەی موحەڕەم ئینجە بە جیابوونەوەی ناوبراو و چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێکی پارتەکە، کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نەدەبوون و دامەزراندنی پارتی مەملەکەت کۆتایی هات.
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوش دواجار نایەوێت دووچاری هەمان چارەنووسی موحەڕەم ئینجە ببێتەوە.     

کۆتایی

سەرەڕای دۆڕاندنی ١١ هەڵبژاردن بەرامبەر ئاکەپە و خودی ئەردۆگانی ڕکابەری، بەڵام پێدەچێت بە هۆی ئەزموونی ١٣ ساڵەی وەک دەسەڵاتداری جەهەپە و ئۆپۆزسیۆنی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا، کەمال کلیچدارئۆغڵو بووبێت بە یەکێک لە یاریزانە لێهاتووەکانی مەیدانی سیاسەت لە تورکیادا، بەجۆرێک لە یەک کاتدا بتوانێت ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر پارتی دەسەڵاتدار و ڕۆڵی دەسەڵاتدار بەرامبەر باڵی ئۆپۆزسیۆنی ناو جەهەپە بنوێنێت.  
هەرچەندە لە هیچ پێشبڕکێیەکیدا لەگەڵ ئەردۆگان نەیبردووەتەوە، بەڵام سەرجەم ڕکابەرکانی خۆی لەناو جەهەپە سڕیوەتەوە، بەجۆرێک هەر شکستێکی خۆی و پارتەکەی بەرامبەر ئەردۆگان و ئاکەپە بووە بە پەندێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی ناو حزبەکەی خۆی و پاکتاوکردنیان.
خاڵی بەهێزی کلیچدارئۆغلو بریتییە لە ڕەگداکوتانی ناوبراو بەناو سەرجەم ئۆرگان و جومگە سەرەکییەکانی ڕێکخستنەکانی جەهەپەدا، هەرچەندە نەیتوانیوە ئەم کاریگەرییەی بەسەر ڕێکخستنەکانی پارتەکەیەوە بکاتە هۆکارێک بۆ شکستپێهێنانی ئەردۆگان و ئاکەپە و هاوپەیمانی کۆمار لە هەڵبژاردنەکانی سەۆکایەتی کۆمار و پەرلەماندا، بەڵام توانیویەتی زۆرباش مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی پارتە پێکهێنەرەکانی ناو هاوپەیمانی میللەت و تەنانەت بەشێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە و بەرپرسە باڵاکانی ناو حزبەکەی خۆیدا بکات. بە جۆرێک سەرجەم هەوڵە دژەکانی ناو هاوپەیمانی میللەت و حزبەکەشی پووچەڵ بکاتەوە و یارییەکان لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت.
هەرچەندە ئەمجارە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆن کەسێکی وەک ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ئاڵاهەڵگریەتی، کە زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ و ٢٨ی ئایاردا کاندید بکرایە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە کەمال کلیچدارئۆغڵو دەنگی زیاتری بەدەست دەهێنا، بەڵام بەهێزی کلیچدارئۆغڵو لەناو ڕێکخستنەکانی جەهەپەدا پێدەچێت ڕیسەکەی ئیمام ئۆغڵو بکاتەوە بە خووری و لە دۆخی کاندیدبوونی ئیمام ئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی جەهەپە تووشی شکستێکی گەورە ببێت. شکستێک ڕێگەی کاندیدکردنی لەلایەن جەهەپە و کلیچدارئۆغڵوەوە بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ لێبگرێت، یاخود ئەگەر کاندیدیش بکرێت بە هۆی شکستی ڕکابەری سەرۆکایەتی جەهەپەوە ئیستەنبوڵیشی لەدەست بچێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەگەری بەهێز و عاقڵانە بریتییە لە هەوڵی بەردەوام و ڕەخنەگرانەی ئیمام ئۆغڵو لە کلیچدارئۆغڵو، هەروەها داواکاری دوورکەوتنەوەی ناوبراو لە سەرۆکایەتی جەهەپە. بەڵام ئیمام ئۆغڵو خۆی بەدوور بگرێت لە هەر پێکدادانێکی ڕاستەوخو و ڕوبەڕوو لەگەڵ کلیچدارئۆغڵو، بۆ ئەم مەبەستەش خۆی نەدات لە قەرەی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی جەهەپە لە کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەدا.




[1] https://www.tbmm.gov.tr/sandalyedagilimi
[2] https://secim2023.hurriyet.com.tr/28-mayis-2023-secimleri/secim-sonuclari/
[3] https://www.dunya.com/gundem/chp-bilgi-ve-iletisim-teknolojileri-sorumlusu-istifa-etti-haberi-693873
[4] https://www.dunya.com/gundem/chpde-tum-myk-uyeleri-istifa-etti-haberi-695157
[5] https://chp.org.tr/parti-yonetimi/myk-uyeleri
[6] https://www.bbc.com/turkce/articles/c885w8v1687o
[7] https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/chpde-kritik-gorevden-almalar-il-baskanlarindan-tepki-sanki-domates-aliyorlar-2096933
[8] https://www.sondakika.com/politika/haber-chp-parti-meclisi-gorevden-alma-itirazlarini-deger-16148954/
[9] https://sputniknews.com.tr/20230615/abdullatif-sener-14-mayis-secimlerinden-sonra-chpden-istifa-ettim-1072511291.html
[10] https://www.sozcu.com.tr/2023/gundem/chpde-kongre-takvimi-belli-oldu-7734424/
[11] https://www.cnnturk.com/turkiye/chp-kulislerinde-yeni-iddia-genel-baskan-ozgur-ozel-olacak
[12] https://www.youtube.com/watch?v=CRRhMsRhCy8
[13] https://www.youtube.com/watch?v=H1JHL1g1Fd4
[14] https://www.youtube.com/watch?v=j9lY2TCL5CI
[15] https://www.youtube.com/watch?v=HJGftRAEMgA
[16] https://sputniknews.com.tr/20230702/tanju-ozcandan-adalet-ve-degisim-yuruyusu-aciklamasi-kilicdarogluna-cagri-1073090564.html
[17] https://www.youtube.com/watch?v=M2O6AIuttp8
[18] https://www.gazeteduvar.com.tr/tanju-ozcan-chpden-ihrac-edildi-haber-1630027
[19] بایکەمال دەستەواژەیەکە بۆ کەمال کلیچدارئۆغڵو بەکاردەهێنرێت، بۆ یەکەمجار ڕەجەب تەیب ئەردۆگان Recep Tayyıp Erdoğan سەرۆک کۆماری تورکیا بەکاری هێناوە، دەستەواژەکە هێندە بڵاوبووەتەوە لە تورکیادا، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا کەمال کلیچدارئۆغڵو لە زۆربەری گرتە ڤیدیۆییەکانیدا بە دەستەواژەی "من بایکەمال" دەستی پێدەکرد.
[20] https://t24.com.tr/haber/chp-de-partiden-cikarma-cezasi-verilen-tanju-ozcan-dan-ilk-tepki-karar-hukuksuz-yargi-yoluna-gidecegim,1121984
[21] https://www.youtube.com/watch?v=o7cPsnu0OX4
[22] https://www.youtube.com/watch?v=vPIzH7jEGA4
[23] https://www.youtube.com/watch?v=o7cPsnu0OX4
[24] https://chp.org.tr/parti-yonetimi/parti-meclis-uyeleri
[25] https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/chpli-ozgur-ozelden-parti-ici-tartismalara-iliskin-sert-uyari-herkes-dikkat-edecek-2103235
[26] https://iktidaricindegisim.org/
[27] https://twitter.com/ekrem_imamoglu/status/1684534719659102208
[28] https://content.chp.org.tr/file/chp_tuzuk_10_03_2018.pdf
[29]https://tr.wikipedia.org/wiki/37._Cumhuriyet_Halk_Partisi_Ola%C4%9Fan_Kurultay%C4%B1#:~:text=5%20Kaynak%C3%A7a-,Arka%20plan,ve%20a%C3%A7%C4%B1k%20havada%20yap%C4%B1lmas%C4%B1n%C4%B1%20se%C3%A7ti.
[30] https://www.youtube.com/watch?v=uycNxdG5S8c
[31] https://www.sozcu.com.tr/secim2018/
[32] https://www.hurriyet.com.tr/gundem/ince-chpden-ayrildi-e-devletten-istifa-41735865