نووسینی: جەیکۆب ماجد، ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی
وەرگێڕانی: تاک
ڕۆنێن بار سەرۆکی
دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل (شاباک) لە ١ حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە سی ئای ئەی و
کۆشکی سپی کۆبوونەوەی ئەنجام داوە دوای ئەوەی بەرپرسانی واشنتۆن میوانداری
یاریدەدەرانی باڵای ناتانیاهۆیان کردبوو بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئێران، ڕووسیا، ئۆکرانیا
و فەڵەستین.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی
ڕایگەیاند، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل لە واشنتۆن بووە بۆ دیدار لەگەڵ
بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لە کاتێکدا نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لە زیادبووندابوو
دەربارەی دۆخی ئەمنی کەرتی ڕۆژئاوا و تێکچوونی دەسەڵاتی فەڵەستینی.
ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە،
کۆبوونەوەکانی ڕۆنێن بار لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و سی ئای ئەی بەڕێوەچووە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی
بەوە نەکردووە ئایا ڕۆنێن بار لەگەڵ ویلیام بێرنزی سەرۆکی سی ئای ئەی کۆبووەتەوە،
یان نا. ویلیام بێرنز لە نزیکەوە بەشدار بووە لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی فەڵەستینی.
لە هەمان هەفتەدا هەریەک
لە ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل و زاکی هانگبی، ڕاوێژکاری
ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لە واشنتن بوون بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی
و وەزارەتی دەرەوە بۆ تاوتوێکردنی هەڕەشەی ناوەکی ئێران و ئاسۆکانی ئاشتی لەگەڵ
سعودیە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی
کورتی کۆشکی سپی، سەرلەبەیانی ڕۆژی ١ حوزەیرانی ٢٠٢٣، هانگبی و دێرمەر لەگەڵ جەیک
سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی گفتوگۆ بەردەوامەکان
سەبارەت بە ڕێگریکردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی و بەرەنگاربوونەوەی
هەڕەشەکانی ئێران و بریکارەکانی کۆبوونەتەوە. هەروەها سێ بەرپرسەکە باسیان لە
نیگەرانییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل کردووە سەبارەت بە قوڵبوونەوەی
پەیوەندی سەربازی ئێران و ڕووسیا، هەروەها گرنگی پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە
بەرگریکردن لە خاک و هاووڵاتییەکانی، لەنێویاندا مەترسی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی
ئێران.
جەیک سولیڤان
پابەندبوونی ئیدارەی بایدنی دووپات کردەوە بۆ پتەوکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و
پەرەپێدانی ئابوورییەکەی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها جەختی کردەوە
لەسەر پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ باشترکردنی ژیانی فەڵەستینییەکان، کە
گرنگە بۆ بەدیهێنانی ناوچەیەکی ئارامتر و ئاوەدانتر و یەکگرتووتر.
لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣دا،
بێرنز باسی لە خراپی دۆخی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان کرد و وتی، ئەم قۆناغی گرژییە
بەردەوامەی نێوانیان لە توندوتیژییەکانی سەردەمی ڕاپەڕینی دووەم دەچێت.
سەرەڕای خستنەڕووی
ڕێبازێکی میانڕەو بەراورد بە حەماسی ڕکابەری، ئاستی جەماوەریی دەسەڵاتی فەڵەستینی
مەحموود عەباس لە ساڵانی ڕابردوودا دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە
نەبوونی پرۆسەی ئاشتیدا. هەروەها زیادبوونی گەندەڵی دەسەڵاتی فەڵەستینی و
ڕەتکردنەوەی عەباس بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هۆکاربووە بۆ زیاتر بێمتمانەبوونی
ڕایگشتی.
ماوەیەکە
پەیوەندییەکانی نێوان قودس و ڕامەڵڵا تێکچووە. حکومەتی پێشووی ئیسرائیل هەندێک
هەنگاوی نا بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی فەڵەستینی،
بەڵام ڕەتیکردەوە بەشداری دانوستانی دیپلۆماسی بکات. لە دوای سوێندخواردنی
هاوپەیمانییە نوێیەکەی ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمدا بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران
بنیامین ناتانیاهۆ، گرژییەکان زیادی کردووە. حکومەتە نوێیەکە بە شێوەیەکی گشتی وەک
ڕاستڕەوترین حکومەت لە مێژووی ئیسرائیلدا سەیر دەکرێت و لە سەرەتای مانگی یەکدا
زنجیرەیەک سزای لە دژی دەسەڵاتی فەڵەستینی سەپاند وەک وەڵامێک بۆ دەستپێشخەرییە
سەرکەوتووەکەی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە وایکرد دادگای
نێودەوڵەتی ئیدانەی هەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل بکات لە ناوچەکانی دەسەڵاتی فەڵەستینیدا.
لە ئەمساڵدا هێزی بەرگری
ئیسرائیل هەڵمەتێکی لە شاری جنین لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا ئەنجام دا و لە هێرشێکی
ئاسمانیدا ٩ فەڵەستینی کوژران، کە یەکێکیان هاووڵاتی مەدەنی بوو. ئیسرائیل وەک
ڕێکارێکی پێویستی دژە تیرۆر بەرگری لە ئۆپەراسیۆنەکە کرد. دەسەڵاتی
فەڵەستینی وەڵامی دایەوە و پچڕانی هەماهەنگی ئەمنی خۆی لەگەڵ هێزی بەرگری ئیسرائیل ڕاگەیاند
(هەرچەندە دواتر مەحموود عەباس بە ولیام بێرنزی وت، پەیوەندییەکان تەنها بەشێکیان
پچڕاون).
کەرتی ڕۆژئاوا زیاتر لە
ساڵێکە لە دۆخێکی ناسەقامگیردا ماوەتەوە، چونکە دەسەڵاتی فەڵەستینی کۆنترۆڵی بەسەر
بەشێکی زۆری ناوچەکەدا لەدەست داوە و گرووپە چەکدارە فەڵەستینیەکان کاریان کردووە
بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر هاووڵاتییانی
مەدەنی و سەربازەکانی ئیسرائیل.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە
هێرشی فەڵەستینییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و کەرتی ڕۆژئاوا بووەتە هۆی کوژرانی ٢٠ کەس
و بریندار بوونی چەندین کەسی دیکە بە سەختی.
بەو بڕوایەی دەسەڵاتی فەڵەستینی
ناتوانێت سەرکوتی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە بکات، ئیسرائیل زۆرجار شەوانە هەڵمەتی کتوپڕی
ئەنجام داوە، بە تایبەتی لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا، کە زۆرجار هەڵمەتەکە کوشندە
بووە.
لە ساڵی ٢٠٢٣دا تا
ئێستا لانیکەم ١١٤ فەڵەستینی کەرتی ڕۆژئاوا کوژراون - زۆربەیان لە کاتی
پێکدادانەکان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان- بەڵام هەندێکیان هاووڵاتی مەدەنی بوون، کە
بەشدار نەبوون لە پێکدادانەکاندا، یان لە بارودۆخێکدا کوژراون تا ئێستا
لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت.
سەرچاوە:
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی
https://www.timesofisrael.com/shin-bet-chief-in-washington-for-talks-with-us-officials-fearful-of-pa-collapse/