لە هەرێمی کوردستان، قەدەغەی هاتوچۆ وەک ئێستا نامێنێت و گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، وەزیری ناوخۆش دەڵێت، ئەمرۆ بڕیار لەسەر کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان دەدەین.
 
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ وەک ئێستا نامێنێت و گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، بەڵام هێشتا نازانین چۆن دەبێت و لەدوای کۆبوونەوەکە میکانیزمەکان ئاشکرا دەکرێن، بەڵام رێکارەکان بە جۆرێک دەبن کە لەگەڵ مانگی رەمەزانی پیرۆز و پارشێو و مەراسیمە ئاینییەکاندا بگونجێن.
 
وتیشی، قەدەغەی هاتوچۆ گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەتایبەت کە لە مانگی پیرۆزی رەمەزانداین و ژیان دەکەوێتە شەوان، بۆیە گونجاندن دەکەین لەگەڵ بەربانگ و پارشێو و پەرستشەکانی ئەو مانگە، بۆ چۆنیەتیی رێکارەکانیش ئەوە گونجاندنە دەکرێـت و رەچاوی بەریەککەوتنیش دەکرێت.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەپشت بەستن بە ڕاپۆرتەکانی تەندروستی بڕیار لەسەر کردنەوەی دەرگایی مزگەوتەکان دەدەین، ئەمڕۆ بڕیار لەو بارەیەوەدەدەین، بەڵام رەچاوی تەندروستی و خوداپەرستی و دەکرێـت و گونجاندنی بۆ دەکرێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، وابڕیارە هەر ئەمڕۆ لیژنەیی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا کۆببێتەوە بڕیاری نوێ لە بارەی ڕێکارەنوێیەکان و قەدەغەی هاتوچۆ بدات.