

وێنەی سەید ڕەزا
هێرشەكان بۆ سەر هێزە ئەمنییەكانی توركیا تا ساڵی ١٩٣٨ بەردەوام بوون. بەگوێرەی مێژوونووس هانس-لوكاس كەیسەر، لەو كاتەدا ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی دەرسیم پێیان وابوو كە ئەگەر ئەوان بەرخۆدان نەكەن، ئەوا لە كۆتاییدا هێزە توركییەكان بەتەواوی لەناویان دەبەن. وەك كەیسەر لە وتارێكیدا لەبارەی كۆمەڵكوژییەكەوە نووسیویەتی، لەساڵی ١٩٣٨ هەڵمەتە سەربازییەكەی توركیا پێینایە “ئاستێكی نوێ و گشتگیرەوە” و گەیشتە پلەی “پاكتاوێكی گشتی” پارێزگاكە.
سەربازە توركەكان بە تۆمەتی پاڵپشتیكردنی یاخیبوونەكە، بەشوێن ئەندامانی چەند خێڵێكی دیاریكراو و دانیشتوانی چەند گوندێكەوە بوون. نوری دەرسیمی، هاوڕێی ڕەزا، پزیشكی ئاژەڵان و چالاكوانێكی دەرسیم بوو كە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی خێزانەكەی لە كۆمەڵكوژییەكەدا لەدەست دا. نوری بۆ ماوەی چەند مانگێك بەشداریی لە یاخیبوونەكەدا كرد، دواتر بەرەو مەنفا لە سوریا ڕۆیشت. پاش چواردە ساڵ كتێبێكی نووسی كە تێیدا وردەكاریی كردە دڕندانەییەكانی سوپای توركیای باس كردووە.
بەوتەی دەرسیمی، لەكاتێكدا پیاوەكان بەرەو شاخەكان ڕۆیشتوون بۆ بەشداریكردن لە یاخیبوونەكە، ژن و منداڵەكان لە ئەشكەوتەكاندا خۆیان حەشارداوە. كاتێك سوپای توركیا پێی زانیون، دەمی ئەشكەوتەكانی گرتووە و ئاگری تێدا كردوونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ژن و منداڵەكان لەناوەوە بخنكێن. هەر كەسێكیش هەوڵی دابێت هەڵبێت، بە حەربەی چەكەكانیان كوشتوویانن. نوری دەرسیمی باسی لەوەش كردووە كە لە ژمارەیەك نەخشەی سەربازیی ناوچەكەدا ئەشكەوتەكان دیاریی كراون، ئەوەش دەریدەخات كە ئەو كارە كردەی چەند هێزێكی لادەری ناو سوپا نەبووە، بەڵكو سیاسەتێكی ستراتیژی بووە.
هەندێك لە ژن و كچەكانیش لەو بەرزاییانەی دەڕوانێت بەسەر هەردوو ڕووباری مونزور و هارجیك، كە بەناو شارەكەدا دەڕۆن، خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە تا خۆیان بەدووربگرن لەوەی بكەونە بەر دڕندەیی سەربازە توركەكان. تەنانەت ئەو خێڵانەی كە نزیك بوون لە حكومەتی توركیا و هاوكاریان بوون، دەربازیان نەبوو.
زۆركات خێڵە هاوكارەكان لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكاندا لە گوندەكانی خۆیاندا دەمانەوە و وایان دەزانی لە هەڵمەتەكانی سوپا پارێزراو دەبن. بەڵام وەك دەرسیمی باسی دەكات، دواجار سوپای تورك داویەتی بەسەر ئەو گوندانەشدا. سەرۆك خێڵەكان ئەشكەنجەدراون و كوژراون. هەركەسێكیش هەوڵی هەڵهاتنی دابێت، گیراوە و كوژراوە؛ ژنان و منداڵانیش لەناو كایانەكاندا حەپسكراون و بەزیندوویی سووتێنراون.
هەڵمەتەكەی سوپای توركیا تەنها لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٩٣٨ دوایی هات. بەگوێرەی بروینیسین، سەركوتەكەی توركیا بۆ یاخیبوونەكەی دەرسیم زیاتر ئاگاداركردنەوەیەك بوو بۆ ناوچە كوردییەكانی دیكە تا بزانن چی ڕوودەدات گەر بەرەنگاری سیاسەتی تواندنەوەی توركیا ببنەوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی حكومەتی توركیا، لەكاتی كۆمەڵكوژییەكەدا ١٣ هەزار و ١٦٠ هاوڵاتیی مەدەنی دەرسیم كوژراون. بەڵام، دانیشتوانی دەرسیم هیچ كۆك نین لەگەڵ ئەو ژمارەیەدا. لە كتێبەكەیدا بەناوی “مێژوویەكی نوێی كوردەكان”، داڤید ماكدۆواڵ ژمارەی كوژراوەكان نزیك دەكاتەوە لە ٤٠ هەزار. دانیشتوانی دەرسیم پێیان وایە كە ژمارەی مردووەكان لەوەش زیاترە. لانی كەم ١١ هەزار و ٨١٨ دانیشتووی دیكەی دەرسیم لەو كاتەدا ناچاركراون زێدی خۆیان جێبهێڵن.
حكومەتی توركیا ئاستی توندوتیژیی سوپای زۆر كەم بایەخ كردووە، گوایە هەڵمەتە خوێناوییەكە پێویست بووە بۆ سەركوتی یاخیبوونەكە. لە ساڵی ١٩٣٨ ژمارەی دانیشتوانی دەرسیم بە ٦٥ هەزار بۆ ٧٠ هەزار خەمڵێندراوە.
ئەگەر ژمارەكەی ماكدۆواڵ دروست بێت، ئەوا لانیكەم لەسەدا ٥٧ی دانیشتوانی دەرسیم لە كۆمەڵكوژییەكەدا لەناوبراون.
كۆمەڵكوژییەكە تەنها سەرەتایەك بوو
گوڵیزاری هاوسەری بەگۆ، كە ئێستا تەمەنی ٨٤ ساڵە، لە كاتی كۆمەڵكوژییەكەدا سێ ساڵان بووە. زۆربەی یادەوەرییەكانی لە كەسانی دیكەوە بیستووە – شۆكی دەروونیی پێ بەخشراوە لەلایەن ئەو كەسانەی بەختیان هەبووە و ڕزگاربوون. لەوكاتەدا نزیكەی هەموو خزمە نێرینەكانی گوڵیزار چەكیان هەڵگرتووە و ڕوویان كردووەتە ناو دارستانە چڕەكانی شاخەكانی دەوروبەر بۆ بەشداریكردن لە یاخیبوونەكەدا.
بەڵام باوكی لە دەرسیم ماوەتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەخێزانەكەی بكات. ڕۆژێك سەربازەكان هاتن بۆ ماڵەكەیان و باوكیان برد. لەو ڕۆژەوە كەس هیچی لەبارەیەوە نەزانی و هەرگیز لاشەكەشی نەدۆزرایەوە. وەك گوڵیزار باسی دەكات، لەهەمان ڕۆژدا سەربازە توركەكان ٢٥ كوردی عەلەویی شارەكەیان ڕیز كردووە و جەستە هەژاوەكانیان بەر فیشەك داون- نیشانەیەكی بەد بۆ ئەو چارەنووسەی كە دەشێت بەسەر باوكیدا قەوما بێت.
لەوكاتەدا گوڵیزار لەگەڵ دایكو پورەكانیدا لە گوندێكی ئەو نزیكانەبوون، “ئەوە تەنها هۆكارێكە كە ڕزگارمان بوو”، گوڵیزار وادەڵێت. گوڵیزار بە توركییەكی تێكشكاو قسە دەكات؛ زمانی یەكەمی زازاكییە و لە تەمەنی گەورەییدا فێری توركی بووە.
بەڵام گوڵیزار خۆی شتێكی لەبیرە كە وەك گرێیەكی توند بۆ ماوەی ٨٢ ساڵی ڕەبەقە شوێنی دەكەوێت. یادەوەرییەكەی شتێكی بەردەوامی جوڵاو نییە، بەڵكو دێت و دەچێ- دەشێوێت و تێكدەچێت.
“فەرماندەیەكی سەربازیی تورك هەموو ژن و منداڵەكانی لەشوێنێكدا كۆكردەوە كە ئاژەڵەكانی تێدا دەمایەوە”، گوڵیزار وا دەڵێت و چاوەكانی لەسەر بۆشاییەكی بەردەمی جێگیركردووە.
“پیاوەكە دارێكی بەدەستەوە بوو، هاواری دەكرد بەسەرماندا تا جلە نەریتییەكانمان دابكەنین. بەوناوەدا دەهات و جلی ستایلی ڕۆژئاوایی تێدەگرتین- بلوس، پانتۆڵ و تەنوورە. لە كلتوری ئێمەدا، ژنان كڵاوی بچووك لەسەر دەكەن. فەرماندەكە بەوناوەدا دەگەڕا و بە دارەكەی لە ژنەكانی دەدا و داوای لێ دەكردن كڵاوەكانیان دابكەنن.”
“كاتێك جلەكانمان گۆڕی، سەربازەكان ڕێگەیان پێداین بگەڕێینەوە ماڵەكانمان.”
گوڵیزار دەشڵێت: “بەڵام كۆمەڵكوژییەكە تەنها سەرەتایەك بوو”. هەروەها سەربازە توركەكان قەتڵوعامی ئاژەڵەكانیان كرد و گڕیان بەردایە كێڵگەكانیش. بۆ كەسانێك كە بەنزیكەیی بەتەواوی پشتیان بە كشتوكاڵ بەستبوو، ئەو برسێتییەی بەسەر ئەو خاكەدا بڵاوبوویەوە- كە بەخێرایی لەگەڵ لاشەی مردووەكان و فیشەكەكاندا هات- شتێكی زۆر چاوەڕوانكراو بوو لە پلانێكی زۆر تۆكمەی ستراتیژییدا.
گوڵیزار بەردەوامی بە قسەكانی دەدات: “بەر لە كۆمەڵكوژییەكە ئێمە ژیانێكی ئاساییمان هەبوو. كشتوكاڵمان دەكرد و داهاتی خۆمان پەیدا دەكرد. بەڵام دوای كۆمەڵكوژییەكە هیچمان نەما. كەس هیچی نەدەڕواند و هیچی گەورە نەدەكرد و نەماندەتوانی خواردن بكڕین. لەبیرمە كە زۆر برسیم بوو و بە شەقامەكاندا دەگەڕام شتێكم دەستبكەوێت بیخۆم.”
گوڵیزار باسی هەڵكوتانی بەردەوامی پۆلیس و سوپا دەكات بۆ سەر ماڵەكەیان بەدرێژایی چەندین دەیە، “بەردەوام دەهاتن بۆ ماڵەكەمان، زۆر لە سەربازەكان دەترسم. هەركات بمبینینایە خۆم دەشاردەوە. بەڵام ئێستا زۆر لێیان ناترسم، ڕاهاتووم پێیان.”
لەساڵی ١٩٧٤ و دوای چەندین دەیەی سەركوتكردن لە توركیا، پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) بە سەركردایەتی چالاكوانی كوردی لەدایكبووی توركیا عەبدوڵا ئۆجەلان دامەزرا، كە ئێستا بۆ ماوەی دوو دەیەیە لە زیندانی تاكەكەسیدا لە دورگەیەك لە توركیا زیندانیكراوە. لەكاتێكدا سەرەتا دەسەڵاتداران گروپەكەیان زۆر بەهەند وەرنەگرت، لە ساڵی ١٩٨٤ پەكەكە كە لەبنەڕەتدا لەسەر ئایدۆلۆژیای ماركسی-لینینی دامەزرا، شەڕێكی گەریلایی لە توركیا ڕاگەیاند بە ئامانجی دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ كوردستان. بەڵام لە ساڵانی ١٩٩٠، پەكەكە ئامانجی خۆی گۆڕی لە شەڕكردن بۆ دەوڵەتی سەربەخۆوە بۆ داواكردنی مافی یەكسان و ئۆتۆنۆمیی بۆ كوردەكان لە چوارچێوەی دەوڵەتی توركیادا.
ململانێ چەكدارییەكە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. بەگوێرەی ئامارەكانی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی، لەساڵی ١٩٨٤ـەوە دەوروبەری ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار كەس، لەنێویاندا هەزاران هاوڵاتیی مەدەنی، كوژراون. لە ساڵانی ١٩٩٠، وەك بەشێك لە هەوڵەكانی بۆ ڕیشەكێشكردنی پەكەكە، حكومەت و هێزە ئەمنییەكانی توركیا تۆمەتبار دەكران بە وەدەرنانی سەدان هەزار هاوڵاتی كورد لە گوندەكانیان لە شارەكانی ڕۆژهەڵات(ی توركیا)، هاوكات لەگەڵ كوشتنی هەزاران هاوڵاتیی مەدەنی، لەنێویاندا زیاتر لە دە ڕۆژنامەنووس، خاپووركردنی سەدان گوندی كوردی، هەروەها ڕاگوێزانی زۆرەملێ، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ.
گروپەكانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بۆ ئەوە كردوە كە سوپای توركیا بەشێوەیەكی سیستماتیك هاوڵاتییە مەدەنییە كوردەكانی بەئامانج گرتووە وەك تۆڵەسەندنەوەیەك بۆ هێرشەكانی پەكەكە. سوپای توركیا هەستاوە بە هەڵكوتانە سەر ماڵان، دەستگیركردنی بەكۆمەڵ، تێكدانی موڵكوماڵ، تەقەكردنی كوێرانە و هەڵدانی بۆمبی دەستی بۆ ناو ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی.
بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٩٢ و دوای پێكدادانی نێوان پەكەكە و هێزە ئەمنییەكانی توركیا لە شارۆچكەی كولپـی سەر بە پارێزگای دیاربەكر(ئامەد)، لانی كەم پێنج هاوڵاتی مەدەنی كورد كوژران و چواری دیكەش برینداربوون دوای ئەوەی هێزە توركییەكان بەشێوەیەكی هەڕەمەكیانە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك تەقەیان لە خانوو، دوكان و ئۆتۆمبێلەكان دەكرد. دەگوترێت یەكێك لە بریندارەكان دوای ئەوەی دەكەوێتە دەست هێزە ئەمنییەكانی توركیا، نەوتی پێداكراوە و سووتێنراوە.
بەهەمان شێوە پەكەكەش تۆمەتباركراوە بە پێشێلكاریی جددی دژی مافەكانی مرۆڤ، وەك كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، لەنێویاندا ژن و منداڵ، هەروەها كوشتنی هاوڵاتیانی كورد بە گومانی هاوكاریكردنی سوپای توركیا- تەنانەت بەئامانجگرتنی ئەو كەسانەی لە پەكەكە جیابوونەتەوە.
ئەندامانی پاسەوانانی گوند، یاخود گوندپارێزان- زۆرینەیان چەكداری كوردن كە هاوكاریی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا دەكەن دژی پەكەكە و گروپە جیاوازەكانی سەر بە پەكەكە- ئەم گوندپارێزانە ئامانجێكی دیاریكراوی پەكەكەن. ژمارەیەكی زۆری گوندنشینان دوو بژاردەیان خراوەتە بەردەم (لەلایەن توركیاوە) یان پەیوەندی دەكەن بە گوندپارێزەرانەوە، بەوپێیەش دەبنە هاوكاری دەوڵەتی توركیا، یاخود بەیەكجاریی لە گوندەكانیان وەدەردەنرێن. هاوكات باس لەوەش دەكرێت كە ئەگەر گوندنشینەكان داواكەی دەسەڵاتدارانی توركیایان ڕەتكردبێتەوە، ئەوا ڕووبەڕووی ئەشكەنجە و دەستدرێژی بوونەتەوە.
ئەندامانی هێزەكانی گوندپارێزان تۆمەتباركراون بە ڕەمیكردن، سەرنگومكردن، دەستدرێژیی سێكسی، دەستگرتن بەسەر زەوی و ماڵی گوندنشینە ئاوارەكاندا – هەندێك جاریش خۆیان وەك چەكدارانی پەكەكە دەرخستووە بۆ ئەوەی پەكەكە تۆمەتباربكرێت بەو كارانەی كە دەیكەن.
لە دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩ شەڕەكە بۆ ماوەیەكی كاتیی كز بوو، پاش ئەوەی ئۆجەلان داوای لە چەكدارانی پەكەكە كرد چەكەكانیان دابنێن و خەباتی چەكداری بوەستێنن. بەڵام ئاگربەستی یەكلایەنە تەنها بۆ چەند ساڵێكی كەم بەردەوام بوو و دواتر شەڕ دەستی پێكردەوە.
“دوای كۆمەڵكوژییەكە ژیان بەهەمان شێواز بەردەوام بوو”، گوڵیزار وادەڵێت، لەكاتێكدا بەشێك لە قژە وەك-بەفر-سپییەكەی بە سەرپۆشێكی سپیی تەنك داپۆشراوە. لەشی بەتەواوی لەجووڵە كەوتووە؛ تەنها جوڵەیەك كە هەستی پێ دەكەم كرانەوە و داخستنێكی بچووكی دەمیەتی كاتێك قسە دەكات. “لە ساڵانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠ـەكان، ئەوان كۆمەڵكوژیان كردین. لە حەفتاكان و هەشتەكان ئەشكەنجەیان داین. لە نەوەتەكاندا گوندەكانیان وێرانكردین. ئێستاش بەردەوامن لە زیندانیكردنمان. هیچ شتێك نەگۆڕاوە.”
“چیتر سەیری چیاكان ناكەم”
ئەو دەمەی لەكۆتاییدا بینگۆ دەستی كرد بە قسەكردن، كەمێكی پێچوو تا چاوەكانی لەسەر بۆشاییەكی بەردەمی لابدات و دەستی بەرزبكاتەوە و ئاڕاستەی لوتكەی چیایەكی تەنیشت خۆمانی بكات. “لەگەڵ دایكم، برایەكم و دوو خوشكمدا بۆ گوندێكی سەر ئەو چیایە هەڵهاتم”.
بەگۆ و خێزانەكەی سەر بە خێڵی دەمانان بوون، ئەو خێڵەی سوپای توركیا پێی وابوو بەرپرسە لە سوتاندنی پردێك لە سەرەتای یاخیبوونەكەدا لە نێوان دەرسیم و ئەرزنجان. هەر كە خێزانەكەی بەگۆ دەنگوباسی نزیكبوونەوەی سەربازە توركەكانیان بیست، دەستبەجێ لەگوندەكەیان هەڵهاتن و لە گوندێكی دیكە بەناوی هۆپیك خۆیان حەشار دا كە دەكەوێتە سەر چیایەك لە نزیك ماڵەكەی ئێستای بەگۆوە.
وەك بەگۆ باسی دەكات، سەربازەكان گەیشتبوونە گوندەكانی دەوروبەر و دەربارەی شوێنی ئەندامانی خێڵی دەمانان لە خەڵكی ئەو ناوەیان دەپرسی. ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی خێڵەكەش چالاكانە بەشداری یاخیبوونەكە بوون. بەگۆ دەڵێت: “پیاوێك بە سەربازەكانی وت كە خێزانەكەی من سەر بە خێڵی دەمانانن و شوێنی خۆحەشاردانی ئێمەشی بۆ ئاشكرا كردن”. دەستبەجێ سەربازەكان دۆزینیانەوە و هەموویانیان ڕیزكرد. “ئێمەیان هێنا بۆ تەنیشت ڕووباری هارجك. پێیان وتین كە ڕیز بین. خوشكە بچووكەكەم زۆر دەترسا. دەلەرزی و دەگریا. بۆیە دەستم خستە سەر سەری تا تۆزێ هێوری بكەمەوە”.
سەربازەكان دەستیان كرد بە تەقەكردن؛ یەكێك لە فیشەكەكان نرا بە سەری خوشكە بچووكەكەیەوە. كاتێك فیشەكەكە چووە ناو سەرییەوە، بەر پەنجەی بەگۆش كەوت. [لەو كاتەدا] بەگۆ لە گێڕانەوەی چیرۆكەكە وەستا و دەستی ڕاستی بەرزكردەوە تا دەستە شێواوەكەیم پیشان بدات كە تەنها سێ پەنجەی پێوە مابوو.
ئازاری فیشەكەكە بەگۆی بوراندەوە. سەربازەكانیش كە وایان دەزانی مردووە، لاشەكەی فڕێدەدەنە ڕووباری هارجلیك، لەگەڵ لاشەی هەموو ئەندامانی خێزانەكەی كە هەموویان بە فیشەك كوژرابوون. بەڵام كاتێك لاشەی بەگۆ دەكەوێتە ئاوە ساردە سەهۆڵینەكەوە، بەئاگا دێتەوە.
بریندارییەكەی بەگۆ
بەگۆ دەگێڕێتەوە: “بۆ چەند كیلۆمەترێك خۆم دا بەدەم ئاوەكەوە و دواتر لەڕووبارەكە چوومە دەرەوە. چووم بۆ ماڵی پورم و دواتر یەكێك لە خاڵەكانم هات و بردمی بۆ شاخەكان تا خۆم بشارمەوە”.
بەگۆ بەبێ پچڕان بەردەوامە لە گێڕانەوە و هێشتاش لە بۆشایی دەڕوانێت – تەنانەت بچووكترین كاردنەوەشی نییە بۆ وشەكان و یادەوەرییەكانی خۆی. باسی دڕندەیی سەربازە توركەكان دەكات. وەك بەگۆ ئاماژەی بۆ دەكات، لە كاتی یاخیبوونەكەدا، زۆربەی كات پیاوان دەچوون بۆ شاخەكان تا دژی سوپای توركیا شەڕ بكەن، ژنان، بەتەمەنەكان و منداڵانیشیان لە گوندەكان جێدەهێشت.
لە گوندی ڕۆڤایك، كە ئێستا لەلایەن دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بەوە ناسراوە كە شوێنی گۆڕێكی بەكۆمەڵ بێت، سەربازە توركەكان بەبێ جیاوازیكردن ئەو كەسانەیان دەكوشت كە لە گوندەكاندا دەمانەوە. بەگۆ دەڵێت: “هەمیشە وامان دەزانی كە ژن، منداڵ و كەسانی بەتەمەن هەرگیز نابێت بەشێك بن لە شەڕ. شەڕ لەنێوان پیاوان و پیاواندایە؛ سەرباز و سەرباز. بەڵام ئەوان هاتن بۆ ڕۆڤایك و هەموویان كوشت. كەسیان بەزیندوویی جێنەهێشت.”
بەگۆ بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەكەی: “كاتێك پیاوەكان لە چیا گەڕانەوە، بینییان لاشەی كەسە خۆشەویستەكانیان لەسەر زەوییەكە كەوتووە. ڕێك لەو شوێنەی كوژرابوون، لەلایەن سەربازەكانەوە جێهێڵدرابوون”. دواتر چەكدارە عەلەوییە كوردەكان ناچاربوون لاشەی دایباب، داپیرە و باپیرە، هاوژین و منداڵەكانیان ئەسپەردەی خاك بكەن. وەك بەگۆ باسی دەكات، لاشەكان هێند زۆربوون ئەوان هیچ چارێكیان نەبووە جگە لەوەی هەموویان پێكەوە بنێژن- لە یەك گۆڕی گەورەدا.
بەگۆ دەڵێت: “هەوڵدەدەم چیتر سەیری چیاكان نەكەم. هەركاتێك سەیریان دەكەم بیری خێزانەكەم دەكەوێتەوە كە دەكوژرێن. دیسان و دیسان هەست بە ئازار دەكەم. هەرگیز نەمتوانیوە ئەو ئازارە لەبیربكەم”.
لە ساڵی ٢٠١١ سەرۆكی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لێبووردنی كرد بۆ كۆمەڵكوژیی دەرسیم. “ئەگەر پێویستییەك هەبێت بۆ داوای لێبوردن لەبری دەوڵەت، ئەگەر كاری لەو شێوەیە كرابێت وەك لە كتێبەكاندا هەیە، ئەوا داوای لێبوردن دەكەم و ئێستاش داوای لێبوردن ئەكەم”، ئەردۆغان لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا وای وت. هەروەها كۆمەڵكوژییەكەی وەك “تراژیدیترین ڕووداو لە مێژووی ئەم دواییەدا” ناوبرد، داواشی لە پارتی گەلی كۆماری(جەهەپە) كرد، پارتەكەی ئەتاتورك كە لەكاتی كۆمەڵكوژییەكەدا لەسەر دەسەڵات بوو، كە “ڕووبەڕووی” مێژووەكەی خۆیان ببنەوە.
بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە كوردەكان گاڵتەیان بە داوای لێبووردنەكەی ئەردۆغان دەهات، چونكە پێیان وابوو كە ئەوە گەمەیەكی سیاسییە بۆ دوورخستنەوەی دەنگدەرە كوردەكان لە جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە.
كاتێك لەبارەی داوای لێبووردنەكەی ئەردۆغانەوە پرسیارم لە بەگۆ كرد، پێشبینیم دەكرد بە توڕەییەوە وەڵام بداتەوە، بەڵام دەنگی بەهەمان تۆنی نزم و نەگۆڕ بەردەوام بوو.
“ئەوان هێشتا دەمانكوژن. هێشتا دەستگیرمان دەكەن و ئەشكەنجەمان دەدەن. هەر ماوەیەك لەمەوپێش لە سوور كۆمەڵكوژیان كردین”، بەگۆ وادەڵێت وەك ئاماژەیەك بۆ گەمارۆی ساڵی ٢٠١٦-ی سەر ناوچەی سووری ئامەد، كە زیاتر لە ٢٠٠ كورد كە زۆرینەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەسەر دەستی سوپا و پۆلیسی توركیا كوژران لە ڕووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ هێزەكانی پەكەكە كە ماوەی سێ مانگی خایاند.
“ئەگەر دەیەوێت داوای لێبووردن بكات، ئەوا پێویستە سەرەتا لە كوشتنی ئێمە بوەستێت،” بەگۆ وادەڵێت.
“دەڵێی ئێسكەكان بانگیان دەكردم”
پەشێوییەكەی حسێن باران چەندین ساڵی خایاندووە- لە ڕابردوویەكەوە شوێنی كەوتووە كە وەك تارماییەكی بێبەزەیی خۆی حەشارداوە و لەپشت پیرەكانی دەرسیمەوە دێت و دەچێت. دایكی حسێن، زەریفە، لە ساڵی ١٩٣٨ لەدایك بووە-یەكەمین هەناسە و گریانەكانی ئاوێتە بوون لەگەڵ دواهەمین هەناسە و هاوارەكانی باو و باپیرانی.
هاوشێوەی هەموو دانیشتوانی دەرسیم، حسێن بەر لەوەی بچێتە قوتابخانە بە چیرۆكەكانی بەرخۆدان و كۆمەڵكوژییەكە ئاشنا بوو. لە ساڵی ١٩٣٨، سەربازە توركەكان هەر كەسێكیان لە خێزانی جانان، خێزانی مامی زەریفە، هەروەها خێزانی باران دەستكەوتبێت، كوشتووە. دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەڵێن كۆی گشتیی قوربانییەكان ٢٤ كەس بوون.
سەربازە توركەكان هەموویانیان لە ناو خانوویەكدا كۆكردوەتەوە كە دەكەوێتە سەر گردێك و چەند كیلۆمەترێك لە ماڵەكەی حسێن لە هۆزاتەوە دوورە. بەگوێرەی چیرۆكێك كە دەماودەم لە پیرەكانەوە باسكراوە، هەموو قوربانییەكان كە منداڵیشیان تێدابووە، بە فیشەك كوژراون و دواتریش سەربازەكان خانووەكەیان سووتاندووە.
حسێن هەمیشە هەستی بە “بارێكی قوورسی رۆحی” كردووە بەرامبەر باو و باپیرانی و بۆ ماوەیەكی درێژ ویستویەتی یادگەیەكیان بۆ دروست بكات. “لەگەڵ ئەم گێڕانەوانەی كۆمەڵكوژییەكەدا گەورەبووم”، حسێن وادەڵێت، لەكاتێكدا لەسەر قەنەفەیەك لە ژوورەكەیدا دانیشتووە و دەستەكانی بەهێواشی كردووە بەناویەكدا. كەسێكی ڕۆح-شیرین و میهرەبان دیارە.
“هەستم كرد بەرپرسیارێتییەكم بەرامبەر ئەوان هەیە- لانیكەم بۆ دروستكردنی شوێنێك كە بتوانین بۆی بڕۆین و ڕێزی خۆمانیان بۆ نیشان بدەین”.
بەڵام دروستكردنی یادگەیەك بۆ قوربانیانی دەرسیم دەكرا حسێن بخاتە زیندانی توركیاوە. تەنانەت گەر بەشێوەیەكی ئاشكرا ناوی “دەرسیم” بەریت، ئەوا ڕەنگە بكەویتە بەر ڕەحمی “مستی بڕۆنزیی” دەوڵەتەوە. بەڵام پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان لەماوەی دەیەی ڕابردوودا دەستی كردووە بە لیبراڵكردنی سیاسەتەكانی لەبارەی كوردەوە بەمەبەستی ڕاكێشانی دەنگدەرانی كورد، هەروەها گفتوگۆكانی ئاشتیی لەگەڵ پەكەكە زیندووكردەوە، كە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە دەستی كردەوە بە هێرشەكانی دژی حكومەت.
لە ساڵی ٢٠١٣ و دوای دانوستان لەنێوان ئۆجەلان و ئەردۆغان، ئۆجەلان ئاگەربەستێكی ڕاگەیاند، كە تێیدا كشانەوەی چەكدارانی پەكەكەی لە خاكی توركیا لەخۆ دەگرت، لەبەرامبەریشدا ئەردۆغان پەیمانی دا بە فراوانكردنی مافە كلتورییەكانی كورد لە توركیا.
بۆ یەكەم جار لە مێژووی توركیادا قوتابخانەی كوردی لە هەرێمەكەدا كرایەوە و دەیان كەناڵی تەلەفزیۆنی، ڕۆژنامە و ڕێكخراوی كوردی دامەزران، هاوكات چاپكردنی كتێب بە زمانی كوردی بۆ زیاد لە دووهێندە بەرزبووەوە.
هەروەها شارەوانییە كوردییەكان دەستیانكرد بە دروستكردنی مۆنۆمێنت بۆ سەركردە كۆچكردووە كوردەكان و ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی لەلایەن هێزە ئەمنییە توركییەكانەوە كوژرابوون. لە ساڵی ٢٠١٠ پەیكەری سەید ڕەزا لە دەرسیم دانرا و سێ ساڵ دواتریش مۆنۆمێنتێك لە ئامەد بۆ قوربانیانی كۆمەڵكوژییەكەی ڕۆبۆسكی دروستكرا، دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠١١ لە بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییە توركییەكان ٣٤ هاوڵاتیی كوردیان لە گوندی ڕۆبۆسكیی سەر بە پارێزگای شەرناخ كوشت كە زۆرینەیان هەرزەكاربوون، لەكاتێكدا ئەو كەسانە لە سنووری عێراقەوە دەگەڕانەوە و كەلوپەلیان پێ بوو تا لە بازاڕدا بیفرۆشن.
دواجار حسێن خەونەكەی هێنایەدی و مۆنۆمێنتەكە بۆ باو و باپیرانی بونیادنرا و مەڕاسیمێكی سیاسییانەش بۆ كردنەوەكەی ڕێكخرا. لە مانگی نیسانی ٢٠١٤، حسێن و سێ كرێكاری دامەزراو، بە ئامێری شۆڤڵەوە ڕوویان كردە ئەو چیایەی شوێنی كۆمەڵكوژییەكەیە- كە نزیكەی ٤٥ خولەك بە پێ لە ماڵەكەی حسێنەوە دوورە.
حسێن دەڵێت: “بە شۆڤڵەكەم ئەو ناوەم هەڵدەكەنی و لەپڕا بەردێكی گەورەم بینی. بەردەكەم بەرزكردەوە و ئێسكم بینی. كەللەسەر، ئێسكی قۆڵ و ڕان، شەویلگە و ئێسكی پەراسووم بینی”.
“خێرا زانیم ئەوانە ئێسكی باو و باپیرانی خۆمن”.
حسێن داڕما و دەستیكرد بە گریانێكی بەكوڵ. “ناتوانم بۆت ڕوونبكەمەوە كە لەو كاتەدا هەستم بە چی دەكرد”. كاتێك هێندە هێزی بەبەردا هاتەوە تا بەردەوام بێت لە هەڵدانەوەی ئێسكەكان، دیمەنی پچڕپچڕ و وێنەكانی زیاد لە هەشت دەیەی پێشتری بەسەردا ڕژا.
“دەمتوانی هەست بەوە بكەم كە ئەوان هەستیان پێكردووە. دەمتوانی ببینم چۆن دەسووتێن. دەنگی فیشەك و گریانی منداڵەكانم دەبیست. وەك ئەوە وابوو كە ئێسكەكان ڕێك بۆ ئەم شوێنە بانگم بكەن”.
حسێن دەستبەجێ پەیوەندیی كرد بە پارێزەرانەوە تا یارمەتیی بدەن. بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ، چاودێریی ئێسك و پرووسكی باو و باپیرانی دەكرد- تەنها بۆ نانخواردن و خەوتن شوێنەكەی جێدەهێشت. دەترسا كە بەرپرسانی توركیا بە دۆزینەوەكەی بزانن و بێن ئێسكەكان تێك بدەن.
پاش دوو هەفتە و نیو، جیهان سۆیلەمەز، پارێزەر لە دەرسیم، گەیشتە شوێنەكە. ئەوە یەكەم جار نەبوو دانیشتوویەكی ناوچەكە پاشماوەی ئێسكەپەیكەری شاردراوە لەژێر خۆڵدا لە دەرسیم بدۆزێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٢، سۆیلەمەز كاری لەسەر كەیسێكی تر كردووە كە گوندییەكان ئێسكیان لە ناوچەیەكی شاخاوی ئەرزنجان دۆزیوەتەوە، شوێنێك بە وتەی بەتەمەنەكان كاتی خۆی لانی كەم سەدوپەنجا كەسێك كۆكراونەتەوەو لەلایەن سوپای توركیاوە بەفیشەك كوژراون. سەرەڕای ئەوەش، كەیسەكە، كە داوای كردبوو لێكۆڵینەوە لە مردووەكان بكرێت، لەلایەن دادگاكانەوە ڕەت كرایەوە و سۆیلەمەزیش لەوە زیاتر نەچووە پێشێ.
زۆر دانیشتووی تر لە دەرسیم ڕێكەوتی ئێسكیان كردووە؛ هەندێك جاری دیكە ئێسكەكان لە حەشارگەكەیانەوە لە ژێڕگڵەكەوە لە دەرێیان ڕوانیوە كاتێك زەویەكە داخوراوە. بەڵام ترسی گیانلەرزێن لە دەوڵەتی توركیا- ترسێك كە میراتیی ئەو باوباپیرانەیە كە هێشتاش لەژێر پێیاندا كەڵەكەن- زۆرینەی دانیشتوانەكە لە بێدەنگیدا دەهێڵێتەوە.
“لە ساڵی ١٩٣٨ سوپا گونداوگوند خەریكی كۆمەڵكوژیی بوو”، سۆیلەمەز، كە لەسەر كورسییەكی پشت مێزێكی گەورە لە ئۆفیسێكی ناوەندی شاری دەرسیمدا دانیشتووە، وا دەڵێت. “خەڵكەكە لە چیاكان و دارستانەكاندا خۆیان حەشار دا. كاتێك گەڕانەوە بینییان خەڵك كوشتوبڕ كراون.”
“ئەوان هەوڵیان دا هێندەی دەتوانن باش گۆڕەكان داپۆشن”، سۆیلەمەز لە قسەكانی بەردەوام دەبێت. “خەڵكی دەرسیم خۆیان مردووەكانیان ناشت، تا بیریان بێت گۆڕەكان بەدیاریكراوی لەكوێدان. زۆرینەی گۆڕەكان گۆڕی بەكۆمەڵن چونكە خەڵكی وا ترسابوون نەیاندەوێرا بەجیا مردووەكان بەخاك بسپێرن؛ دەترسان سوپا بە ئامانجیان بگرێت. هەندێك جاریش تەرمەكان هەر زۆر زۆر بوون.”
بەگوێرەی خەڵكی ناوچەكە، لانی كەم سێ سەد گۆڕی بەكۆمەڵ لە دەوروبەری دەڤەری دەرسیمدا هەن. دانیشتوانی دەرسیم زۆرجار سەردانی شوێنی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە دەكەن، مۆم دادەگیرسێننو بۆ ڕۆحی ئەو باوباپیرانەی ژێر خاكەكەیان نزا دەكەن.
كاتێك سۆیلەمەز گەیشتە شوێنەكە لە هۆزەت، دەزگای میدیایی لەگەڵ خۆی هێنابوو. هەر كە دۆزینەوەكە دۆكیومێنت كرا، ئیتر حسێن حەسایەوە. سۆیلەمەز دۆزینەوەكانی بردە ئۆفیسی داواكاری گشتی لە هۆزەت تا داوا بكات حكومەتی توركیا لە كنەكاریی شوێنەكەدا هاوكار بێت.
بەڵام داواكاری گشتی كەیسەكەی ڕەت كردەوە. پاشان سۆیلەمەز كەیسەكەی بردە دادگای تاوانەكان لە ئەرزنجان، كە بڕیارەكەی داواكاری گشتی هەڵوەشاندەوە. بەڵام لەكاتی لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا، داواكاری گشتی بەبێ ئاگاداركردنەوەی خەڵكی هۆزەت چەند بەرپرسێكی هێزی جەندرمەی ناردە شوێنەكە. كاتێك بەرپرسەكان گەیشتن، ئێسكەكان لەلایەن حسێنەوە شاردرابوونەوە تا لە ئاژەڵە كێوییەكان بیانپارێزێت. بەرپرسەكانیش گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی كە شوێنەكە هیچ ئێسكێكی لێ نەبووە؛ شوێنەكەیان جێ هێشت و كەیسەكە جارێكی تر ڕەت كرایەوە.
سۆیلەمەز ناچار بوو كەیسەكە بەرێتە دادگای ئاسایشی دەرسیم. چەند نموونەیەكی لە بڕیاری (دادگای مافەكانی مرۆڤی یەكێتی ئەوروپا) دەرهێنابوو كە توركیای بە بەرپرس زانیبوو بۆ چەندین پێشلكاری لە كاتی لەشكركێشی و داگیركردنی قوبرس لەلایەن توركیاوە لە ساڵی ١٩٧٤دا. شایانی باسە دادگاكە ئەوەی بۆ دەركەوت كە توركیا بەردەوام شكستی هێناوە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی پێویست سەبارەت بە وردەكارییەكانی دیارنەمانی هەزار و ٤٨٥ كەس لە بەشی یۆنانی قوبرس.
“بابەتەكە ئەو بوو كە مافی ژیان پێشێل كرابوو”، سۆیلەمەز وای وت. “ئێسكەكان دەكرا هی ١٩٧٠كان بن، هی ئەو كەسانەی لەلایەن سوپاوە ئەشكەنجە درابوون. تەنانەت ئەگەر ئەو ئێسكانە هی ئەو كەسانە نەبووبێت كە ساڵی ١٩٣٨ مردن، هی هەر كەسێكن. ئەوەش بەگوێرەی یاسا دەبێت لێكۆڵینەوەی لێ بكرێت”.
دادگا لە بەرژەوەندی سۆیلەمەز بڕیاری دا و فەرمانی كرد كە شوێنەكە كنە بكرێت و لێكۆڵینەوەیەكیش ئەنجام بدرێت. لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥ دا، حكومەتی توركیا لە زانكۆی ئیستەنبوڵەوە چەند پسپۆڕێكی دادوەریی ناردە شوێنەكە كە پێشتر لە كنەكردنی گۆڕی بەكۆمەڵدا لە بۆسنە بەشداربوون.
لە كاتی كنەكارییەكەدا، كە دوو ڕۆژی خایاند، حسێن بەلایانەوە وەستا و سەیری تیمەكەی دەكرد كە خەریكی هەڵكەندنی ئەو خۆڵە بوون كە بۆ دەیان ساڵ ڕۆحی باوباپیرانیان داپۆشیبوو- هەروەها دووبارە دەنگیانی ژنەوت.
“ئەوە ئەوكاتە ڕووی دا كە دۆزیمنەوە و پاشان لەكاتی كنەكارییەكەشدا دووبارە بووەوە”، حسێن وا دەڵێت. “دەوەن و بایەكە ناڵەیان دەهات؛ دەنگیان بە هی منداڵان دەچوو. دەیانگوت ‘ئێمە لێرەین. ئێمە هێشتا لێرەین.”
دۆزینەوەكانی كنەكارییەكە دەنگە دوورەكانی بەتەمەنەكانی دەرسیمی پشتڕاست كردەوە.
“یانزە كەللەسەریان دۆزییەوە. هەندێك لە كەللەسەرەكان لە یەك شوێندا كەڵەكە كرابوون؛ ئەوانی تر بەسەر شوێنەكەدا بڵاو بووبوونەوە”، سۆیلەمەز ئەمەی ڕوون كردەوە. “پاشماوەی خۆڵەمێش و سیانزە گووللەو و خشڵگەلی وەك مستیلە و ملوانكە و بازنیان دۆزییەوە.”
پاشان ئێسكەكان نێردران بۆ ئیستەنبوڵ بۆ پشكنین. لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دا، هەموو ڕاپۆرتە دادوەرییەكە ئاشكرا كرا. بەگوێرەی سۆیلەمەز، تیمە دادوەرییەكە گەیشتبوونە ئەو دەرئەنجامەی كە حەوت لە یانزە كەللەسەرەكان هی منداڵن؛ گەورەترینیان چواردەساڵ و منداڵترینیان چوار ساڵ بووە. هەر سیانزە فیشەكەكە لەو فیشەكانە بوون لەلایەن سوپای توركیاوە بەكار هاتبوون.
“وەرە و تەماشا كە”، سۆیلەمەز وادەڵێت، ئاماژەم بۆ دەكات تا بچمە لای بۆ پشتی مێزەكەی. بە ماوسەكەی كلیك دەكات و دانە دانە وێنەی ئەو ئێسكە جیاوازانە پیشان دەدات كە لە شوێنەكەدا كنە كراون. لە وێنەیەكدا، دەستانێك لە دەستكێشی شینی پزیشكیدا یەكێك لە كەللەسەرەكانی گرتووە، لەكاتێكدا دەستانێكی تر بە كەرەستەیەك خەریكی پێوانی كەللەسەرەكەن.
“سەیرێكی ئەمە بكە”، جارێكی تر كلیك بە ماوسەكە دەكات و وا دەڵێت. ناتوانم سەر لەوە دەربكەم لە وێنەكەدا چی دەگوزەرێت؛ دەڵێی بەردگەلی ناسك لە قووڵایی زەوییەكەوە دێنە سەرەوە. “ئەمانە ئێسكە پەیكەری دوو منداڵن كە هەوڵیانداوە یەكتری داپۆشن كاتێك سەربازە توركەكان دەستیان بە تەقە كردووە.”
كچە ونبووەكانی دەرسیم
بە كەنارەكانی ڕووباری مونزوردا ڕێ دەكەین، ئاوە بریقەدارەكەی مونزور گوزەلەری بەسەر بەردەكاندا دەڕژێتە ناو حەوزەكەی خوارییەوە. ڕووبارەكە یەكێكە لە لقەكانی ڕووباری فورات، ئەو ڕووبارەی بە سوریا و عێراقدا دەڕوات بۆ شەتولعەرەب لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق. “دەتوانیت بە ئاسانی بەم ڕووبارەدا بەرەو عێراق لێخوڕیت. بێ هیچ كێشەیەك!” -هەر وەك مەتین دەڵێت.
لە دەوروبەری ئاوەكەدا، ژنە كوردە عەلەوییە دەمبەخەندەكان بە لەچكی شل و ڕەنگاوڕەنگەوە گۆزڵەمە دەفرۆشن، نانێكی تەنك و شیرینییەك كە لە سەرانسەری توركیادا باوە. دوكانێكی دیاریی فرۆش، ئەڵقەزنجیری ڕازاوە بە وێنەی ئیمان حوسەین دەفرۆشێت، كوڕی عەلی- ئامۆزا و زاوای محەمەد پێغەمبەر، كە عەلەوییەكان پابەندی دەبن.
لەكاتێكدا عەلەویەت گەورەترین ئاینی كەمینەیە لە توركیادا، ئەو عەلەویەتەی لە دەرسیم پیادە دەكرێت تایبەتە بە كوردەكانی ئەوێ؛ پیاوانی پیرۆزی خۆیانیان هەیە و بیروباوەڕەكانیان بەشێوەیەكی ورد و ئاڵۆز بەستراوە بە دیمەنی سرووشتی دەرسیمەوە. هەروەها كاریگەرییەكی زۆری بیروباوەڕەكانی ئاینی مەسیحی ئەرمەنی لەسەرە، بەوپێیەی زۆرێك لە ئەرمەنییەكان بوون بە عەلەوی بۆ شاردنەوەی شوناسی خۆیان لە دەسەڵاتدارانی توركیا لە كاتی جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا، دواتریش لەكاتی كۆمەڵكوژییەكەی دەرسیمدا.
لە تاشەبەردەكانی سەرووتردا، خەڵك مۆم دادەگیرسێننو نزا دەكەن كاتێك ئاوەكە دەڕژێتە سەر بەردەكان و خۆی پێیاندا دەكێشێت. ئەوانی تریش دەستەكانیان لەناو ئاوە بەخوڕەكاندا نوقم دەكەن، دەستەكانیان بەرز دەكەنەوە و قووم لە ئاوی ئەو حەوزە دەدەن كە لەناو لەپی دەستیاندا كۆیان كردووەتەوە. ئاوی مونزور گۆزلەری بەلای كوردە عەلەوییەكانەوە پیرۆزە، كە باوەڕیان وایە پیرۆزییەكەی وا دەكات ئاواتەكان بەدی بێن.
مۆنۆمێنتی كچە ونبووەكانی دەرسیم لەسەر شاخی مونزوور
ژنێك بەسەر یەكێك لەو حەوزانەدا نووشتاوەتەوە كە ئاو لە ڕووبارەكەوە كۆ دەكاتەوە؛ پانتۆڵەكەی هەڵدەكات و ئاوی ڕووبارە پیرۆزەكە لە پێ و لاقەكانی دەپرژێنێت. لە تەنیشتییەوە بەردێك هەیە كە شیعرێكی لەسەر نووسراوە، شیعرەكەش لەلایەن فەسیر(كۆجەر) بووك، یەكێك لە كچە ونبووەكانی دەرسیم، نووسراوە.
پاش كۆمەڵكوژییەكەی ساڵی ١٩٣٨، سەدان كچی كوردی عەلەوی لە خێزانەكانیان ڕفێندران و بۆ هەڵگرتنەوە درانە ئەفسەرانی سوپای توركیا. دەیان منداڵیش لەلایەن سەربازەكانەوە بران بۆ قوتابخانە شەو و ڕۆژییەكان. تا ئەمڕۆش، زۆرێك لەو كەسانە هێشتا بۆ كەسوكارە ونبووەكانیان لە دەرسیم دەگەڕێن. فەجیر كاتێك تەمەنی نزیكی سێ ساڵان بوو برا و درایە ئەفسەرێكی سوپای توركیا. دوای چەندین ساڵ لە ئیستەنبووڵ ئەم شیعرەی نووسیوە.
لە شیعرەكەدا كە بە توركی نووسراوە، فەجیر تاسەی خۆی بۆ ڕووباری مونزور دەردەبڕێت. وەرگێڕەكەم پێی وتم كە شیعرەكە “بە ئینگلیزی هەموو ماناكانی خۆی لەدەست دەدات”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی دا ئەوەندی دەتوانێت ماناكەی وەربگێڕێت:
تۆ دڵ و ڕۆح و
فرمێسكی چاوانی منیت
تۆ كێلی گۆڕ و
تاجی سەری منیت
مونزور ئازیزەكەم
من لەگەڵ تۆدا خوێنەكەمم بەشكرد
من لەگەڵ تۆدا ژیانم بەشكرد
ئەی تۆ شاهیدی هەمووی نەبوویت؟
مونزور ئازیزەكەم.
هەلیكۆپتەر بەسەر دەرسیمەوە
ئیمرە و مەتین بانگهێشتیان كردم تا لەگەڵ ئەوان و هاوڕێكانیاندا بچینە ڕاوەماسی. ئیمرە ماسیگرێكی لێزانە. چەندین سەعات لە ڕووباری هاریك بەدیار تۆڕێكەوە دەوەستێت- تۆڕەكە لە ئاوە بریسكەدارەكە دەهاوێت و ڕێ دەدات بە ئاوەكەدا ڕێ بكات تا هەست بە گرتنی ماسییەك دەكات.
لە هەمان كاتدا، من و مەتین لەلاوە دانیشتووین و بیرە دەخۆینەوە. چەند هاوڕێیەكی دیكەیان دەبینن و كۆ دەبینەوە تا لە حەوزێكی ڕووبارەكەدا مەلە بكەین. لە دەرسیم، دەڵێی هەمووان یەكتر دەناسن. پێكەنین و شڵپوهوڕی ئەوانەی مەلە دەكەن و لەسەر بەردەكانەوە بازدەدەن و بە گوریسێكی ئەستوور جۆلانە دەكەن و خۆیان لە ئاوە ساردەكە دەهاون ناوەناوە بە دەنگی ئەو هەلیكۆپتەرەی لە سەرمانەوە دەسووڕێتەوە، دەپچڕێت.
“ئاساییە”، ئیرە وا دەڵێت، پاش ئەوەی دەمبینێت بەرەو سەرەوە دەڕوانم. “هەر ئەوەیە حكومەتی توركیا خەریكی دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئێمە تیرۆریست نین.”
لە ساڵی ٢٠١٥دا، ئاگربەستی نێوان حكومەتی توركیا و پەكەكە كۆتایی هات. چالاكوانە كوردەكان حكومەتی توركیایان تۆمەتبار كردبوو بە یارمەتیدانی دەوڵەتی ئیسلامی، یان داعش، لە هێرشەكەیاندا بۆ شاری كوردیی كۆبانێ لە سوریا. چەند هەفتەیەك پاشتر، چالاكوانە كوردەكان بانگەشەی ئەوەیان كرد كە دەوڵەتی توركیا بەرپرسیارە لە هێرشێكی خۆكوژیی داعش لە شارۆچكەی سنووریی سوروچ لە ناوچەی شانلورفەی توركیا، كە كوژرانی ٣٢ كەسی لێكەوتەوە كە زۆرینەیان خوێنكارانی زانكۆ بوون بە پلانی ئەوەی بۆ هاوكاریكردنی هەوڵەكانی بونیادنانەوەی شاری كۆبانێ لە سنوورەكان بپەڕنەوە.
جارێكی تر چیاكانی دەرسیم بوونەوە ماڵی سەدان كوڕەگەریلا و ژنەگەریلای پەكەكە. كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس و لەناوبردنێكی بەرفراوانی موڵكوماڵ دەستی پێ كردەوە. بەگوێرەی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە ماوەی زیاد لە ساڵێكدا سوپای توركیا زیاتر لە نیو ملیۆن كەسی لە ماڵەكانیان دەركرد، هەروەها قەدەغەیەكی هاتووچۆی تووندی لە دەیان شار و شارۆچكەو گەڕەكی كوردیدا ڕاگەیاند، كە تێیدا بەبێ مۆڵەتی تایبەت هاتووچۆ ڕێی پێ نەدەدرا. لەكاتی قەدەغەی هاتووچۆدا، بەگوێرەی هەندێك ڕاپۆرت بەرپرسانی توركیا، ئاو و كارەبا و خۆراكیان لە تەواوی شارەكان بڕیوە.
لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٥وە، لانیكەم ٥ هەزار و ١٢٣ كەس لە شەڕەكەدا كوژراون، لە نێویاندا سەدان هاوڵاتی مەدەنی. چەكدارانی پەكەكە نیوە زیاتری كوژراوەكان پێك دەهێنن. لە ڕاپۆرتێكی ساڵی ٢٠١٧دا، نەتەوەیەكگرتووەكان ئەشكەنجەدانی دەستبەسەران و بەكارهێنانی توندوتیژیی سێكسی، بە دەستدرێژیی سێكسییشەوە، لەلایەن سوپای توركیاوە تۆمار كردووە. ڕاپۆرتی تریش دەركەوتن كە تێیاندا بەرپرسانی توركیا ڕەسمی ڕووتی گیراوان دەگرن تا وەك كارتی فشار بەكاری بهێنن.
سوپای توركیا هەستاوە بە بۆمبارانی ئاسمانیی بنكەكانی پەكەكە لە چیاكانی دەرسیمدا و چەندین ناوچەی فراوانی هەرێمەكەی وەك “زۆنی ئاسایشی داخراو” ڕاگەیاندووە، كە بەگوێرەی خەڵكی ناوچەكە، گەر كەسێك بەوێدا بڕوات دەكەوێتە بەر مەترسی دەستڕێژی ئەو هێلیكۆپتەرانەی بە ئاسماندا دەسووڕێنەوە.
كاتێكیش تووندیی پێكدادانەكە دەڕەوێتەوە، خەڵكی ناوچەكە دەڵێن هێشتا دەیان گەریلا هەن كە لە چیاكاندا ماونەتەوە. هەلیكۆپتەرەكانی سوپای توركیا بوونەتە دەنگبەرزترین باڵندە لە دەرسیم، كە ناوەناوە بە ئاسماندا باڵەفڕە دەكەن و چاودێری تابلۆی درەختە بەڕووەكانی خوارەوە دەكەن. دانیشتوانی ئەوێ بەجۆرێك بە دەنگەكە ڕاهاتوون كە چیتر سەر بەرز ناكەنەوە.
هەڵمەتێكی نوێ دژی كوردەكان دەست پێ دەكات
لە هۆزات، لە كۆتاییدا حسێن پاش چەندین مانگ لە چاوەڕوانی لە تاقیگەكانی ئیستەنبووڵەوە پاشماوەی باوباپیرانی پێگەیشتەوە. پاشماوەكان بەجوانی لە جانتای قوماشدا پێچرابوونەوە. حسێن بە هێواشی پاشماوەكانی لەسەر قەنەفەیەكی ماڵەوە دانا و سەرپۆشێكی دا بەسەریاندا و بۆ بیست ڕۆژ لەوێ داینان- هەمان ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لە شوێنەكە بەسەری برد كاتێك بۆ یەكەمجار لەناو زەوییەكەدا دۆزینییەوە.
“هەموو ڕۆژێك قسەم بۆ دەكردن”، حسێن وا دەڵێت. “دەربارەی هەموو ئەو ئازارەی پێیدا تێپەڕین قسەم بۆ كردن. لەوە دڵنیا بوومەوە كە ئەوان دەزانن كەسێك هەیە گوێ دەگرێت و ئەوەی بەسەر ئەواندا هات هەرگیز لەبیر ناكرێت.”
حسێن ئێسكەكانی گێڕایەوە بۆ لوتكەی گردەكە، كە كردبوویە مۆنۆمێنتێك بە تابلۆی گەورەوە كە ناوی قوربانییەكانی تۆمار كردبوو، لە نێویاندا خیزانێكی كوردی عەلەوی كە لە سەردەمی عوسمانییەكاندا لەسەر هەمان گرد كۆمەڵكوژ كرابوون. كەللەسەر و ئێسكەكانی كردە ناو گۆڕێكەوە كە كەوتبووە ناوەڕاستی مۆنۆمێنتەكەوە.
“لەو كاتەوەی ئێسكەكانم دۆزیوەتەوە زۆر خەمبارم”، حسێن وا دەڵێت، چاوە گەورە و جدییەكانی لە زەویی ژووری دانیشتنەكە بڕیوە. “چەندین ساڵی پێچوو. بەردەوام هەمووی بەشوێنمەوە بوو.”
حسێن بەرنامەی وا بوو كاری كنەكارییەكە فراوانتر بكات و شوێنپێی جوگرافیای یادەوەریی بەتەمەنەكان هەڵبگرێت. “ئێمە دەزانین چەندین كەس لەسەر ئەو گردە كۆمەڵكوژ كراون، زۆر لەوانە زیاترن كە ئەوان دۆزییانەوە”. حسێن ئەمە ڕوون دەكاتەوە. ئەو دەشیەوێت گۆڕستانێك بنیاد بنێت بۆ كۆكردنەوەی پاشماوەی هەموو ئەو قوربانییانەی لە كنەكارییەكەدا دۆزرانەوە، شوێنێك كە تێیدا مردووەكان گۆڕ و مەراسیمی بەخاكسپاردنی شیاویان بۆ بكرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، پاش هەوڵی كودەتاكەی تەمووزی ٢٠١٦، ئەردۆغان باری لەناكاوی ڕاگەیاندا، ئەمەش توانای ئەوەی بە پارتی داد و گەشەپێدان بەخشی كە باز بەسەر پەرلەماندا بدەن و لەڕێگای فەرمانەوە حوكم بكەن. ئەردۆغان زۆر تووند لەگەڵ ناوچە كوردییەكاندا جووڵایەوە، دەیان كەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامە و ڕێكخراوی داخست. هەستا بە دەستگیركردنی هەزاران ئەندامی هەدەپە، كە ئەردۆغان زووزوو بەوە تۆمەتباری دەكردن كە پەیوەندییان بە پەكەكەوە هەیە، هەروەها دەیان بەرپرسی هەڵبژێردراوی هەدەپەی لە پۆستەكانیان دوورخستەوە و كەسانی جێی متمانەی دەوڵەتی لەجێگا دانان.
ئەو بەرپرسانەش كە لەلایەن دەوڵەتەوە دانران دەستبەجێ ئەو دەستكەوتە كلتوریانەیان هەڵوەشاندەوە كە شارەوانییەكان لەماوەی ئاشتیدا بەدەستیان هێنابوو، لەنێویاندا داخستنی خوێندنگە كوردییەكان و تێكدانی مۆنۆمێنت و یادگە گشتییەكان. مۆنۆمێنتی قوربانیانی كۆمەڵكوژی ڕۆبۆسكی، كە پێكهاتبوو لە ناوی هەر سیو دوو قوربانییەكە و پەیكەری ژنێك كە لەسەر ئەژنۆی دانیشتبوو و شیوەنی بۆ قوربانییەكان دەكرد و دەستەكانی بۆ ئاسمان بەرزكردبوویە و چەندین موشەكیش چواردەوریان دابوو، بەزویی لابرا.
جارێكی تر كوردەكانی توركیا كەوتنەوە بەر تارماییە بێدەنگكەرەكانی ترس؛ هەر چپەیەكی ناڕەزایی دەكرا بە ئاسانی سەربكێشێت بۆ سزای پەیوەندیدار بە تیرۆریستەوە. شارەدارانی هەدەپە لە دەرسیم، كە ئەمە بەشێكە لە ئەو سیستمەی هەدەپە كاری پێ دەكات كە تێیدا ژنێك و پیاوێك وەك شارەدار هەڵدەبژێردرێن بۆ پەرەدان بە یەكسانیی جێندەری، دەستگیر كران. نورحەیات ئاڵیوون شارەداری دەرسیم كە لە ساڵی ٢٠١٦ دا دەستگیر كرا هێشتا لە زینداندایەو بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە ڕێكخراوێكی تیرۆریستیدا” ڕوبەڕوی سزای ٢٢ ساڵ زیندانیی بووەتەوە.
لەگەڵ پاشەكشێی خەڵك بەرەو بێدەنگیی، باوباپیرانیشیان دووبارە خزانەوە ناو گڵ. پاش دۆزینەوەكەی حسێن، ئێسكی زیاتر دەركەوتن. بەگوێرەی سۆیلەمەز، ئەو كاری لەسەر كەیسێكی تریش كردووە بۆ خێزانێك لە گوندێكدا بەناوی نەزمیر، كە داوایان دەكرد حكومەتی توركیا هاوكاریان بێت لە كنەكردنی شوێنێكدا كە باوباپیرانیان كۆمەڵكوژكراون و فڕێدراونەتە چاڵێكەوە. بەڵام پاش هەوڵی كودەتاكە و ئەو دۆخە لەناكاوەی بەدوایدا هات، كەیسەكە هەڵپەسێردرا.
ئەمڕۆ، حسێن زۆر نیگەرانە سەبارەت بە بەردەوامیدان بە بنیادنانی مۆنۆمێنت بۆ قوربانیانی كۆمەڵكوژییەكە. “چیتر بۆ ئێسك ناگەڕێم. گەر بیاندۆزمەوە، ناكرێت ئەوە دیاری بكەم كە كێ بوونو چییان بەسەر هاتووە، چونكە دۆخی سیاسی ڕێگا بەوە نادات،” حسێن وا دەڵێت.
زەریفە، دایكە بەتەمەنەكەی حسێن، كە جلوبەرگە نەریتییەكانی لەبەردایە و پرچی سوور بەسەر سنگیدا بەربۆتەوە، بەرامبەری دانیشتووە، بێدەنگ و بەگرنگییەوە گوێ دەگرێت. “وا باشترە لە زەوییەكەدا جێیان بهێڵین تا ژینگەی سیاسی لە توركیادا دەگۆڕێت”. بەڵام حسێن بەردەوامە لە سەردانكردنی مۆنۆمێنتەكان و گۆڕە بەكۆمەڵەكانی تر بۆ داگیرسانی مۆم و نزاكردن بۆیان و دڵدانەوەیان تا كاتی ئەوەدێت یارمەتییان بدات بێنە دەرەوە.
بۆ حسێن، شەڕی ئەو هەرگیز دەربارەی دادپەروەری نەبوو. “ناتوانین لەم وڵاتەدا داپەروەری بدۆزینەوە. بۆیە بێسوودە بۆی بگەڕێین”، ئەو وا دەڵێت. “قەرەبوكردنەوەی داراییشم ناوێت. هەموو ئەوەی دەمەوێت پشتڕاستكردنەوەیە لەلایەن حكومەتەوە. من دەمەوێت حكومەت ئەوە پشتڕاست بكاتەوە كە هەموو ئەم منداڵ و بەتەمەنانە كۆمەڵكوژ كراون و بە زیندوویی سوتێنراون تەنها لەبەرئەوەی كوردی عەلەوی بوون.”
“دەتوانم لە قووڵایی ویژدانمدا هەستی پێ بكەم. شەوان بەخەبەرم دێنێ. ئەوەی حكومەت لێرە كردوویەتی جینۆساید بوو. من دەمەوێت دان بە تاوانەكانیاندا بنێن.”
لە حسێن دەپرسم، “گەر حكومەت لە كۆتاییدا بەرپرسیارێتی ئەوە هەڵبگرێت كە ئەنجامی داوە، هەر بەڕاستی ئەوە بەس دەبێت؟”
ئێستێك دەكات. “لانی كەم ویژدانمان ئاسوودە دەبێت”، لە كۆتاییدا وا دەڵێت. “ئێمە دەمانەوێت ناوەكانیان تۆمار بكرێن. دەمانەوێت مردووەكانمان لەبیر نەكرێن. دەمەوێت جیهان بزانێت ئەم خەڵكە بوونیان هەبووە و دەمەوێت جیهان ئەوە بزانێت كە حكومەتی توركیا بەسەری هێناون.”
ئەو مۆنۆمێنتەی حسێن بۆ كۆمەڵكوژییەكەی باوباپیرانی بنیادی نا لەسەر چیاكەی نزیك ماڵی خۆیان
“هەموو دەرسیم جێگایەكە بۆ یادەوەری”، حسێن بەردەوام دەبێت. “هەموو مێژووی ئێمە لەم چیایانەدایە. هەرشوێنێك كە دەڕۆم، شوێنپێی باوباپیرانم دەبینم. دەتوانم هاوارەكانیان ببیستم. هەر جارێك دەچمە سەردانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بۆیان دەگریم. دەتوانم منداڵەكان ببینم لەو شوێنەدا جەستەیان نێژراوە پێكەوە یاری دەكەن.”
“ڕەچەڵەكی ژان”
مەتین لە ماڵێكی هاكەزایی دارینی دووهۆدەیی لە ناو قووڵایی چیاكاندا دەژی. ڕۆژێك بۆ شوێنێكی تەنیشت ڕووباری مونزوری بردم. شەو تاریك و زوقومە. تا لە ڕووبارەكە نزیكتر دەبینەوە هەوا ساردتر و با تووندتر دەبێت. ئێمە بۆ بینینی چەكدارێكی تری پێشووی پەكەكە لێرەین. لە ترسی تۆڵەسەندنەوە، داوا دەكات نازناوێك بۆ شاردنەوەی ناسنامەكەی بەكاربهێنم. من بە عەلی بانگی دەكەم، عەلی یەكێكە لە ناوە بەربڵاوەكان لە توركیادا، بەگوێرەی گەڕانێكی خێرای گۆگڵ.
عەلی، وەك هەموو ئەو دانیشتوانەی دەرسیم كە من بینیمن، ئارام و میهرەبانە. تەمەنی ٢٤ ساڵە و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا دژی دەوڵەتی توركیا دەستی دایە چەك. بە قسەی عەلی، لە ساڵی ٢٠١٥ دا نزیكەی ٣٠٠ گەریلای ژن و پیاوی پەكەكە و ژمارەیەكی كەمی یاخییە كۆمۆنیستەكان لە چیاكاندا شەڕی سوپای توركیایان دەكرد. ئەوان بە ڕێچكەی باوانیاندا ڕۆشتوون و لە هەمان ئەو ئەشكەوت و پاوانانەدا خۆیان حەشار داوە كە چەند دەیەیەك پێشتر باپیرانیان هەوڵیانداوە بیكەنە پەناگەی خۆشاردنەوە لە سەربازە توركەكان.
هەم مەتین و هەم عەلیش بە دەنگێكی نزم و بەپارێزەوە دەدوێن. لە توركیادا، تەنانەت چپەچپێكی كەمیش بۆ پشتگیریكردنی پەكەكە دەكرێت بە دوو كەلەپچە لە دەستەكانتدا كۆتایی بێت. “ئێمە بۆ خۆمان ناجەنگین، بەڵكو بۆ خەڵك و فەرهەنگەكەمان”، عەلی وا دەڵێت، دەنگی ئامبازی جووڵەی ئارامكەری ڕووباری مونزور دەبێت. “ئەمە خەڵكی ئێران، عێراق یان سوریا یان هەر شوێنێكی تر نین. ئێمە منداڵی ئەم زەوییانەین. ئێمە ڕۆڵەی دەرسیمین”.
عەلی و مەتین شایەتحاڵی پێكران و مەرگی چەندین هەڤاڵیان بوون لەلایەن سوپای توركیا، كە بە حەسرەتەوە چنگیان لەو دوا هەناسەیەی بەر لە ئامبازبوونی باپیرانیان گیركردووە. “كە ڕوخساریان… چاوەكانیان… دەبینیت، مەحاڵە ئەو هەستانە ڕوون بكەیتەوە. زۆر سامناكە”، مەتین وا دەڵێت. بە هێواشی ملی نزم دەكاتەوە، وا دیارە بۆ ئەو وشانە دەگەڕێت كە –لە وەسف نەهاتوو- وەسف دەكەن. “هەموومان لە دارستانەكەدا پێكەوە دەماینەوە. وەك خوشكوبرامان لێ هاتبوو.”
دڵی مەتین تووند بە بەرخۆدانی كوردانەوە پێچراوە. كەسێكی خاوەن مەبدەئە و باوەڕی وایە كە ئەگەر ئەو بۆ شتێكی ڕاست دەجەنگێ ئەوا گووللە و ژووری زیندان پێویستین. هەروەها چاوەڕوانی زۆریشی لەوانی تر هەیە؛ ئەو چاوەڕێی ئەوە لە هەموو كەسێك دەكات وەك ئەو بۆ بزووتنەوەكە قوربانی بدەن. سەرەڕای ئەوەش، بۆ زۆرینەی خەڵك ترسی خۆبینینەوە لە زیندانێكی توركیادا بەسە تا جڵەو بكرێن. بۆ زۆرێكی تری كوردان، سیاسەتی توانەوەی زۆرەملێی توركیا سەركەوتوو بووە؛ هەربۆیە مەتین زۆرجار نائومێد دەبێت.
لە چیاكاندا، كە هەڤاڵەكانیان كوژراون، چەكدارانی پەكەكە بەزوویی دەیانبەن و بە خاكیان دەسپێرن. “ئێمە دەترساین سەربازانی توركیا بیاندۆزنەوە و جەستەیان بشێوێنن”، مەتین وا دەڵێت. ئاماژە بە ناوی بارین كۆبانێ دەدات، ژنەشەڕڤانێكی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) هێزێكی چەكداری زۆرینە كوردن لە سووریا، كە جەستەی لەلایەن ئەو هێزانەی توركیا پاڵپشتیانە بە ڤیدیۆ تۆمار كرا و گاڵتەی پێكرا لەكاتی داگیركردنی شاری عەفرینی سوریا لە ساڵی ٢٠١٨.
پاش بەخاكسپاردنی هەڤاڵەكانیان، چەكدارانی پەكەكە شوێنی تەواوی گۆڕەكان دەپارێزن. چەكدارەكان پێشڕەویی خێزانە تازییەبارەكان بەناو هەرێمە مەترسیدارەكەدا دەكەن بۆ سەردانی ئەو شوێنانەی كوڕ و كچەكانیان بە خاك سپێردراون. لە ساڵی ٢٠١٥ دا، چەكدارەكان بڕیاریان دا بچنەوە شوێنی مردووەكان و جەستەی تەواوی هەڤاڵەكانیان كۆ بكەنەوە كە بەدرێژایی ساڵان لە دەوروبەری دەرسیمدا نێژراون و مەراسیمێكی بەخاكسپاردنی شیاویان لە گۆڕستانێكدا بۆ ساز بكەن كە بە “گۆڕستانی شەهیدان” ئاماژەی بۆ دەكەن.
“ئەوە بۆ ئێمە گرنگ بوو كە دڵنیا ببینەوە هاوڕێكانمان پاش مەرگیان یادیان دەكرێتەوە”، مەتین بەیادی دێتەوە. “بەڵام ویستیشمان وا بكەین ئاسانتر بێت بۆ خێزانەكان تا سەردانی گۆڕی منداڵەكانیان بكەن”. بە هاوكاری گوندییەكانی ناوچەكە، گۆڕیان هەڵكەند و گۆڕستانەكەیان بونیادنا، بە وتەی مەتین، پاشماوەی ٢٧٠ چەكداریان كۆكردەوە و لەوێدا بەخاكیان سپاردن.
بەڵام لە دەرسیم ڕووبارەكانی زەوی و خوێنبەرەكانی خەڵكەكە لە ساڵی ١٩٣٨ دا ئاوێتە بوون.
هەر زوو پاش بنیادنانی گۆڕستانەكە، چەكدارانی پەكەكە بڕیاریاندا مۆنۆمێنتێك لە تەنیشت گۆڕستانەكەوە بۆ ئەو پێشینانەیان دروستبكەن كە پانزە ساڵ پاش دامەزراندنی دەوڵەت توركیا لەو چیایانەدا كۆمەڵكوژ كران.
نزیكی پەنجا چەكدار شوێن پێی یادەوەریەكانی بەتەمەنەكانیان هەڵگرت و دەستیان كرد بە گەڕان بۆ ئێسكەكانی پێشینانیان. “قسەمان لەگەڵ بەتەمەنەكانمان و گوندییەكانی ئەو ناوچانە كرد كە دەمانزانی گۆڕی بەكۆمەڵی لێن”، عەلی وا دەڵێت. “بەگشتی كۆمەڵكوژییەكان لەو شوێنانەدا ڕوویان داوە كە بەرخۆدان بەهێز بووە.”
مەتین و عەلی هەردووكیان چوونەتە ناوچەیەك لە گووندێكدا بەناوی ئەلاجیك. بە قسەی گوندییەكانی ئەلاجیك، نزیكی پەنجا ساڵ لەوەوبەر، ئێسكەكان دەركەوتن و گوندییەكانیش خۆڵیان بەسەردا كردوونەتەوە- لەوە ترساون بەرپرسانی توركیا بەئامانجیان بگرن یان هەوڵ بدەن لەڕێگای لەناوبردنی بەڵگەكانەوە تارمایی پێشینانی ئەمان لەكۆڵ خۆیان كەنەوە.
هێشتا كاتی ئەوە نەهاتبوو ئێسكەكان لە پەناگاكانی خۆیان بێنە دەرێ؛ بۆیە نێردرانەوە ژێر گڵ. بەڵام لە دەرسیم چیرۆكەكان خۆڕاگرن، زۆری پێ نەچوو تا مەتین و عەلی ڕێیان بكەوێتەسەر ئێسكەكان. “ئێمە پارچە ئێسكی پەنجە، پەراسوو، كڵۆتمان دۆزیەوە”، مەتین وا دەڵێت. لەسەر بنەمای چیرۆكەكانی بەتەمەنەكانیان و گووندییەكانیان، گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی كە ئێسكەكان پاشـاوەی باوباپیرە كۆمەڵكوژكراوەكانیانن.
ئەمە یەكەمین و دوایەمین كۆمەڵكوژیی نەبوو لە مێژووی توركیادا.
چەكدارەكان پاشماوەی كەللەسەریان لە دوو گووندی تری دەرسیمدا، گوندەكانی بۆر و لاك، دۆزییەوە كە مەزەندە دەكرا بگەڕێتەوە بۆ ١٩٣٨. ئێسكەكانیان هێنا بۆ مۆنۆمێنتی تەنیشت گۆڕستانی شەهیدان، كە تێیدا تابلۆیەكیان هەڵواسیبوو كە ڕای دەگەیاند ئێسكەكان پاشماوەی ئەو كوردە عەلەویانەن لە ساڵی ١٩٣٨ دا كوژراون لەگەڵ ئەو شوێنانەی ئێسكەكانیان لێ دۆزیبوونەوە. پاشان ئێسكەكانیان خستەناو بۆكسێكی پیشاندانی شووشەییەوە كە لە مۆنۆمێنتەكەدا بەرزیان كردوەتەوە.
“ویستمان ئەوە پیشان بدەین كە ئەو ئازارەی لە ساڵی ١٩٣٨-ەوە ئەزموونی دەكەین هاوشێوەیە”، مەتین وا ڕوونی دەكاتەوە. “لێرە ڕەچەڵەكێكی ژانی لێیە. ئەمە یەكەمین و دواین كۆمەڵكوژیی نەبوو لە مێژووی توركیادا.”
مۆنۆمێنتەكە ئامانجیشی ئەوە بوو كە مێژووەكەیان بیری خەڵكی دەرسیم بخاتەوە، كە سەردانی گۆڕستانەكەیان دەكرد تا شیوەن بۆ كچ و كوڕە كوژراوەكانیان بكەن. بە قسەی مەتین، وێرانكارترین سیاسەتی توركیا لە دەرسیم كامپینی بۆردوومانكردن یان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی نەبووە، بەڵكو هەوڵەكانی سوپایە بۆ دروستكردنی ناكۆكی لە نێوان چەكدارانی پەكەكە و خەڵكی مەدەنیی دەرسیم.
“هەموو هەوڵێكیان داوە تا خەڵكیمان لێ هەڵگێڕنەوە”، مەتین وا دەڵێت. “ئێمە ویستمان مۆنۆمێنتەكە هاوكاری خەڵك بكات تا بگەڕێنەوە بۆ ڕیشەكانیان، بۆ بیرهێنانەوەی فەرهەنگ و مێژوومان تا بتوانین بیپارێزین.”
بەڵام مۆنۆمێنتەكە تەنها چەند مانگێك تەمەنی كرد، پێش ئەوەی سوپای توركیا لە هێرشێكی ئاسمانیدا بۆردومانی بكات و گۆڕستانەكە و مۆنۆمێنتەكەش وێران بكات. ئەمڕۆ، شوێنەكە بەشێكە لە ناوچەی ئاسایشی داخراو كە قەدەغەیە دانیشتوانی دەرسیم پێی تێ بخەن.
“لە ژێرماندا هەزاران ئێسك هەن”، مەتین وا دەڵێت. هەناسەكەی وەك دووكەڵ لە دەمیەوە دێتە دەرێ. سەرماكە تەوقی داوین. “بەڵام هێشتا ئێمە دەرفەتی ئەوەمان نەبووە بە شێوەیەكی شیاو بەخاكیان بسپێرین.”
“گەر ئەوە لەبیر بكەین لێرە ڕووی داوە، كۆمەڵكوژییەكان بەردەوام ڕوو دەدەنەوە. ئەمە دەكرێت چارەنووسی منداڵێكی من بێت. ئێمە شوێن باوباپیرمان دەكەوین و دەیانپارێزین، چونكە چیرۆكەكانی ئەوان لە داهاتوودا منداڵەكانی ئێمە دەپارێزێت”، دەمی مەتین دەلەرزێت كاتێك ئەو هەڵدەلەرزێت. منگەمنگی ڕووباری مونزور بڵندتر دەبێت؛ دەڵێی دەقیژێنێت.
“دەیان سەدەیە جەنگ و كۆمەڵكوژییە. بەڵام ئێمە هێشتا لێرەداین. ڕووبارەكانی دەرسیم بە خوێنی ئێمەدا دەڕۆن. بڕوام وایە گەر بەردەوام بین لە بەرخۆدان، جا گرنگ نییە بەربەستەكان چین، ڕۆژێك دێت حكومەتی توركیا هیچ چارێكی نامێنێت جگە لەوەی تەنیا جێمان بهێڵێت.”
Be the first to write a comment.