لەسەر ئەو کەشتییەی لە کەناڵی سوێس گیریخواردبوو، کچە میسرییەک لۆمە دەکرێت بەناوی مەروە ئەلسلحدار و دەڵێت “تووشی شۆک بووم”.
مانگی رابردوو، دوای ئەوەی کەشتییەک لە کەناڵی سوێس گیریخوارد، مەروە تێبینیی شتێکی نامۆی کردووە ئەویش ئەوە بوو کە دەنگۆیەک بڵاوبوویەوە و لۆمەی ئەویان دەکرد، ئەو کە یەکەمین ژنە کاپتنی کەشتییە لە میسر، دەڵێت، بەو دەنگۆیانە “تووشی شۆک بووم”.
لەکاتی گیرخواردنی کەشتییەکە لە کەناڵی سوێس، مەروە لە ئەلیکساندەریە لە ئەرکدا بووە، کە سەدان میل لە کەناڵی سوێسەوە دوورە.
دەنگۆکان لەبارەی رۆڵی مەروە لە رووداوی گیرخواردنی کەشتییەکەی کەناڵی سوێس لە ناونیشانێکی ساختەی هەواڵەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بەناوی “عەرەب نیوز”ەوە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا باس لەوە کراوە کە مەروە بەشداربووە لە رووداوەکەی کەناڵی سوێس-دا.
هەواڵە ساختەکە لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تویتەر و فەیسبووک بڵاوکرایەوە، مەروەی تەمەن 29 ساڵ بە بی بی سی-ی راگەیاندووە، نازانێت یەکەمجار کێ ئەو چیرۆکەی بڵاوکردووەتەوە و بۆچی وای کردووە، “هەستم دەکرد کە لەوانەیە کرابمە ئامانج، چونکە من کەسێکی سەرکەوتووم لەم بووارەدا، یاخود لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە من میسریم، بەڵام دڵنیا نیم لەمانە”.
لە ناونیشانی هەواڵە ساختەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، ئەو کەشتییەی لە کەناڵی سوێس گیریخواردووە، “یەکەم ئافرەتە کاپتنی عەرەبی دەستی تێیدا هەیە”.
ئەو ناونیشانە ساختەی کە بەهۆیەوە لۆمەی مەروە کرائەو ناونیشانە ساختەی کە بەهۆیەوە لۆمەی مەروە کرا
ئەوە یەکەم جار نییە کە مەروە رووبەڕووی ئاڵنگاریی لەو شێوەیە ببێتەوە لە مێژووی ئەو پیشەسازییەدا [پیشەسازیی دەریایی] کە ژنان لە جیهاندا تەنیا بە رێژەی 2% تێیدا بەشدارن. ئەو دەڵێت، هەمیشە حەزی لە دەریا بووە، پاشان لە ئەکادیمیایەک وەردەگیرێت، ئەمەش دوای ئەوەی داواکەی لەلایەن حوسنی موبارەک، سەرۆکی پێشووتری میسرەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە. لەکاتی خوێندنیشیدا وەکو خۆی باسی دەکات، رووبەڕووی سێکسیزم بووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 23-03-2021، کەشتییەک کە ئاڵای پەنەمای لەسەر بوو لە نۆکەندی سوێس گیری خوارد و بزوێنەرەکەی لەکارکەوت. ژاپۆن خاوەنی کەشتییەکەیە و لە ساڵی 2018ـش کۆمپانیای گواستنەوەی “ئێڤە گرین”ی تایوانی خستییە بواری خزمەتکردنەوە. نزیکەی هەفتەیەک دواتر و لە رۆژی 29-03-2021 کەشتییەکە خرایەوە سەر رێڕەوی خۆی.
کەشتی “ئێڤەر گیڤن”ی سەر بە کۆمپانیای ئێڤەر گرین کە 223 هەزار تۆن کاڵای لەسەربوو، رێگەی لە جووڵەی دەیان کەشتیی بازرگانی گرتبوو، بە هەوڵ و کۆمەکی میسر و چەند وڵاتێکی هاوبەش و هاوپەیمان بە ئاراستەی دەریاچەی ئاوە سوێرەکان پاڵنرا، کە پانتاییەکی ئاوییە و کەوتووەتە نێوان بەشی باکوور و باشووری کۆتایی نۆکەندی سوێس، ئەو شوێنەی کەشتییەکان بۆ پشکنینی تەکنیکی لێی دەوەستن.
ئەم کەشتییە زەبەلاحە تایوانییە، بەهۆی رەشەبا و زریانی لمەوە لە رێڕەوەی خۆی لایدا و کەوتە نێو قوڕاوێکی نزیک کەناڵەکەوە و بە لاری وەستا.
گیرخواردنی جووڵەی بازرگانیی کەشتییەکان رۆژانە زیانی نۆ ملیار دۆلاری بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەسەر ئاستی جیهان گەیاند، گواستنەوەی زنجیرەی خۆراکی پڕکرد لە ئاستەنگی کە بۆ خۆی بەهۆی قەیرانی کۆرۆناوە ئاڵنگاریی تێکەوتبوو.
12%ی بازرگانیی جیهانی و 2.5%ی بازرگانیی نەوت بەم نۆکەندەدا تێدەپەڕێت، زیانی هەر کاژێرێک لە وەستانی جوڵەی نۆکەندی سوێس بە سەرووی 420 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
کەشتی “ئێڤەر گیڤن” 400 مەتر درێژە، گۆڕەپانەکەی هێندەی چوار یاریگەی تۆپی پێ دەبێت.
بۆ دەربازبوونی کەشتییەکە، بەرپرسانی نۆکەندەکە ئاماژەیان بەوە کردبوو، پێوستیان بەوەیە 20 هەزار مەتر سێجا قوڕ و لم لە دەوروبەری کەشتییەکە دەربهێنن بۆئەوەی ژێر کەشتییەکە 12 تاوەکو 16 مەتر قووڵبکەن، تاوەکو دووبارە سەرئاو بکەوێتەوە.