فەیسبووک رایگەیاند سەدان ئەژماری ساختەی سەر بە رێکخراوی موجاهدینی خەڵق، یەکێک لە گەورەترین رێکخراوە دژبەرەکانی ئێرانی داخستووە. بەڵام رێکخراوەکە رەتیکردووەتەوە ئەو ئەژمارانە سەر بە ئەوان بووبن.
کۆمپانیای فەیسبووک رایگەیاندووە، ئەو ئەژمارانەی، کە داخراون رەخنەیان لە حکومەتی ئێران گرتووە و پشتیوانیان لە رێکخراوی موجاهدینی خەڵق کردووە.
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای فەیسبووک، لە بەشێکی زۆری ئەو ئەژمارانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام، کەڵک لە ناو و وێنەی ساختە وەرگیراوە.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەرگری، کە سەر بە موجاهدینی خەڵقە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: “هیچ ئەژمارێکی سەر بەم ئەنجوومەنە یان رێکخراوی موجاهدین لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەدا نەسڕاوەتەوە”.
بەپێی راپۆرتی ئەسۆشەیتێدپرێس، فەیسبووک لانیکەم 300 ئەژماری رێکخراوەکەی داخستووە، ئەمەش دوای ئەوەی لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتووە، کە کاتی چالاکی ئەو ئەکاونتانە هاوکاتە لەگەڵ کاتی دەوام بووە لە ئەوروپا، بەجۆرێک لە کاژێر نۆوە دانانی پۆست زۆر زیاد دەبێت و لە کۆتایی رۆژدا کەم دەبێتەوە. هەروەها لە کاتێکی دیاریکراو لە کاتی نانی نیوەڕۆدا بۆ ماوەیەک لە پۆستکردن دەوەستن.
ئەمە فەیسبووکی بەو ئاکامە گەیاندووە، کە ئەم ئەژمارانە لە شوێنێکی دیاریکراو لە ئەڵبانیا لە لایەن گرووپێکی سەر بە رێکخراوی موجاهدینی خەڵقەوە بەڕێوەدەبرێن.
رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق تاوەکوو ساڵی 2016 لە کەمپی لیبێرتی لە عێراقدا بوون، بەڵام لەژێر گوشارەکانی گرووپەکانی سەر بە ئێران براونەتە کەمپێکی ئەلبانیا لە باکووری ئەوروپا.