بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئايينى کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی لەبارەی بەڕێوەچوونی جەژنی هەستانەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، “داوای لێبووردن لە موسڵمانان دەکەین.”
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئايينى مەسیحییەکان کە رۆژی یەکشەممە 04-04-2021 بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە “ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قیامە بێ بەشداریكردنى ھاووڵاتيانى كريستيان بەڕێوەچووە و بەشێوەی ئۆنلاین بووە؛ سەرجەم كەنيسەكان داخراون، جگە لە كەنيسەيەك نەبێت كە تەنھا نوێژی جەژنی تێدا ئەنجام دراوە.”
بەڕێوەچوونی نوێژی جەژنی هەستانەوەی کریستیانەکان لە کاتێکدایە لە 31-03-2021 لەسەر راسپاردەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بڕیاردرا بە داخستنی مزگەوت و تەکیە و کەنیسە و پەرستگە و هەموو شوێنە ئایینییەکانی دیکە تاوەکو 10ی نیسانی 2021.
نوێژی جەژنی هەستانەوە كە رۆژی (شەممە 03-04-2021) ئەنجامدرا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئايينى مەسیحییەکان دەشڵێت: “لێرەوە جەخت دەکەینەوە پابەندی گشت بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەبین و رێگە نادەین هیچ کەنيسەيەك سەرپێچی بکات تاوەکو ئەو کاتەی بەفەرمی سەرجەم شوێنە ئایینەکان دەکرێنەوە”.
دەقی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئايينى مەسیحییەکان
ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان
لە سۆنگەى پابەندبوونمان بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوى ڤايرۆسى کۆرۆنا لە ھەرێمى كوردستان، جەخت لە پاراستنی ئاشتی پێکەوەژیانی ئایینی و تەبایی لە نێوان گشت ئايينەكانى کوردستان دەکەینەوە. بەڕێزان، سەبارەت بە نوێژی جەژنی قیامە كە دوێنێ شەو بەرواری 3ی مانگی چوار بەڕێوەچوو، ئەم رونكردنەوەى خوارەوە دەخەینەڕوو.
ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قیامە بەبێ بەشداری كردنى ھاووڵاتيانى كريستيان بەڕێوەچووە و بەشێوەی ئۆنلاین بووە، بۆ زانياريتان سەرجەم كەنيسەكان داخراون جگە لە كەنيسەيەك نەبێت كە تەنھا نوێژی جەژن تێدا ئەنجامدراوە.
لەم روانگەيەشەوە داوای لێبووردن لە موسوڵمانانى کوردستان و سەرجەم ئايينزاكان دەکەین کە ئەگەر ئەم كردارە بوو بێتە ھۆی بریندار کردنی ھەستیان.
لێرەوە جەخت دەکەینەوە كە پابەندی گشت بڕیارەكانی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەبین و رێگەش نادەین هیچ کەنيسەيەك سەرپێچی بکات تا ئەو کاتەی بە فەرمی سەرجەم شوێنە ئایینەکان دەکرێنەوە. بەدواداچوونى كارگێڕى خۆشمان دەكەين لە بوونى ھەر كارێك كە پێچەوانەی بڕيار و رێنمايیەكانى لێژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوى ڤايرۆسى كۆرۆنا بێت .
خوای گەورە و میھرەبان وڵاتەکەمان و کوردستانی شیرینمان و سەرجەم پێکھاتەکانی بپارێزێت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئايينى مەسیحییەکان
04-04-2021
Be the first to write a comment.