هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، پابەندبوون بە یاسای بودجەی عێراق بە ئەندازەی پەسەندکردنی گرنگە، کە دەبێتە مایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و گەڕاندنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بە بێ لێبڕین و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییان.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە جەیمس سۆرنتن، کونسڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی هاوڕێی.

 لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان باسی لە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق کرد و جێگریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی لەو بودجەیەدا بە هەنگاوێکی گرنگ زانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان ‌حکومەتی هەرێم و ‌حکومەتی فیدراڵی.

جەختیشیکردەوە کە پابەندبوون بەو یاسایە و جێبەجێکردنی بە ئەندازەی پەسەندکردنی بودجەکە گرنگە کە دەبێتە مایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و گەڕاندنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بە بێ لێبڕین و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییان .

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، لاهور شێخ جەنگی ویستی سەرۆکایەتیی یەکێتییی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ چاکسازیی لە نێو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەوەی کوردستانیش ببێت بە خاوەنی یەک هێزی یەکگرتووی نیشتیمانیی.

هەروەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان باسی لە بەردەوامیی مەترسییەکانی چەکدارانی داعش کرد و ئەنجامدانی هەڵمەتێکی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بە پێویست زانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جموجۆڵی چەکدارانی داعش بە تایبەت لە سنوری ناوچە دابڕێندراوەکان.