دوای هێرشەكەی دوێنێی فڕۆكەخانەی عەربەت، دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە لەناو شەهیدەكان ئەقڵی درۆنی كوردستان هەیە، بەڵام ئەو دەنگۆی دوورە لە راستییەوە و ئەندازیاری سەرەكی بەرهەمهێنانی درۆن لە كوردی زیندووە.
دوێنێ دووشەممە 19-9-2023، بەدرۆن هێرشكرایە سەر بنكەیەكی دژەتیرۆری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەگوێرەی راگەیاندراوە فەرمییەكان، سێ ئەندامی ئەو هێزە شەهید بوون و سیانی دیكەش بریندار بوون.
دوای هێرشەكە، میدیاكان باسیان لەوەكرد ، ئەندازیاری سەرەكی و ئەقڵی درۆنی كوردی لەنێو شەهیدەكاندایە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سنورمیدیا كەوتووە، سەرپەرشتیار و ئەندازیاری سەرەكی درۆن لە كوردستان كە كەسێكی دیكەیە شەهید نەبووە و دوێنێ لەشوێنی هێرشەكە نەبووە.
سنورمیدیا ئەوەشی زانیوە، لەناو سێ بریندارەكەی هێرشەكەی دوێنێ، دوانیان شارەزای بواری دروستكردنی درۆنن و تەندروستیان جێگیرە و لەژێر چاودیری پزیشكدان.
بەپێی زانیارییەكان، دروستكردنی درۆن لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە نزیك لە قۆناغی كۆتایی.