ئەمڕۆ 16-9-2023، ساڵێك بەسەر شەهیدبوونی كچە كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت.
وابڕیارە ئەمڕۆ لەسەر مەزاری ژینا ئەو ساڵڕۆژە بەڕێوەبچێت و پێشبینیش دەكرێت، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان بەژداری تێدابكەن و دواتریش ببێتەهۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان.
جێگەی ئاماژە بۆكردنە بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی خۆپیشاندان، كەمێك پێش ئێستا ئەمجەد ئەمینی باوكی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە رفێندرا.
ئەمە لەكاتێكدایە بۆ ئامادەكاری خۆپیشاندانەكان، لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتن دەستیپێكردووە و دوكان و بازاڕەكان داخراون.
دوای ئەوەی بەتۆمەتی ئەوەی حیجابی نەكرد، لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە ئەشكەنجەدرا و دواتر توشی سەكتەی مێشك بوو، لەڕۆژی لە 16ی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی تاران بەکاریگەری ئەشکەنجەدانەكە گیانیلەدەستدا و لە گۆڕستانی ئایچیان لە شاری سەقز زێدی لەدایکبوونی خۆی بەخاکسپێرا.