سنورمیدیا –

دوای ئەوەی دژی كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێگای كەركوك – هەولێر لە لایەن ژمارەیەك لایەنگری حزبە عەرەبییەكانەوە لە كەركوك داخرا، خۆپیشاندانی لایەنگرانی پارتی لەو شارە دەستی پێكرد و بەو هۆیەشەوە چوار گەنجی كورد شەهید بوون.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ژمارەیەك لە لایەنگرانی حزبە عەرەبییەكان، دژی كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و پاشان ڕێگای سەرەكی كەركوك – هەولێریان بە تەواوەتی داخست.

ڕێگای كەركوك – هەولێر، یەكێكە لە ڕێگا بازرگانییە ستراتیجییەكان و خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل و ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەیەكەوە گرێ دەدات.

خۆپیشاندانەكە هەرزوو پارتی هێنایە سەرخەت، لەڕێی میدیاكانییەوە دژی ئەو جوڵەیەی حزبە سیاسییە عەرەبییەكان وەستایەوە و بەپێی زانیارییەكانی سنورمیدیا لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پارتی هەوڵی زۆری داوە كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنێت، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبوو.

بەپێی زانیارییەكانی سنورمیدیا، كاتژمێری 5:00ی ئێوارەی دوێنێ بە فەرمانی پارتی و بەهاوكاری میدیا سێبەرەكانی خۆپیشاندانێكی دژی خۆپیشاندەرانی عەرەب ئەنجامدا.

خۆپیشاندانەكە هەرزوو گرژی تێكەوت و بەو هۆیەشەوە چوار گەنجی كورد شەهید بوون و 15 كەسی دیكەش بریندار بوون.