وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان (KFMS) کۆبوەوە و دواین هەنگاوەکانی بەرەو پێشبردنی سیستەمەکە تاوتوێکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ عەزیز ئەحمەد جێگری بەرپرسی نوسینگەی سەرۆک وەزیران و تیمی سەرپەرشتیاری بەڕێوەبردنی سیستەمی دارایی هەرێمی کوردستان (KFMS) کۆبوەوە و لە کۆبونەوەکەدا دواین هەنگاوەکان و پێشکەوتنەکانی سیستەمەکە گفتوگۆی لە بارەوە کراو ئامادەکاریەکان بۆ داخڵ کردنی بودجەی وەبەرهێنان لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ ناو سیستەمەکە تاوتوێ کرا.
وەزیری دارایی دەستخۆشی لە تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان کرد و ڕایگەیاند؛ بەهۆی سیستەمەکەوە ڕۆتیناتی ئیداری و دارایی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە و شەفافیەت زیاد بوە.
وتیشی: لەمەدوا سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم دەچێتە ناو هەژمارێکی تایبەتەوە و هیوای خواست لە ڕێی سیستەمەکەوە سەرجەم خەرجی و داهاتەکان ڕێکبخرێت و ڕۆتیناتی ئیداری و دارایی و بەتەواوی کەمبکرێتەوە.
بەپێی داتاکانی تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان تەنها لە ساڵی 2023 دا 6142 داواکاری خەرجی لە ڕێی سیستەمەکەوە پێشکەش کراوە و لەو ماوەیەدا 104 ملیار دینار خەرجی ناپێویست پاشەکەوت کراوە.