هۆبەی ئەفسەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە رونکردنەوەیەکدا دوپاتی دەکاتەوە ئەفسەرانی بزوتنەوەکە سزای سیاسیی دراون و غەدریان لێکراوە، بەرزکردنەوەی پلەکانیشیان مافێکە بۆیان گەڕاوەتەوە نەک نەوەک مافی خەڵکی دیکەیان لە دەرەوەی یاسا خواردبێت.

هۆبەی ئەفسەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە رونکردنەوەیەکدا دەڵێت: چەند رۆژێکە لە هەندێک پەیج و سۆشیال میدیا، بزوتنەوەى گۆڕان بە ئامانج گیراوە سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەى لیستێک لە ئەفسەران، کە مێژوەکەی بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

لە رونکردنەوەکەدا هاتوە “بزوتنەوەی گۆڕان لە ساتى دروست بونیەوە تاکو ئێستا لە هەوڵى بە سیستماتیک کردنى دام و دەزگاکان و بە نیشتیمانیکردنى هێزى پێشمەرگە و باقى هێزە چەکدارەکان بوە و چەندین هەوڵ و پڕۆژەى هەبوە، ئێمەش وەک ئەفسەران چەندین پڕۆژە و پێشنیارمان داوە بە پەرلەمانى کوردستان و وەزارەتەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ لەوبارەیەوە.”

ئاماژە بەوەشکراوە، لەناو وەزارەتەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ و هێزە چەکدارەکان، ئەو کەسانەى کە لەدەرەوەى پارتى و یەکێتین لە هیچ شوێنێک جێگەیان بۆ ناکرێتەوە و لە پایەکانیان دورخراونەتەوە؛ هەمیشە سزاى سیاسى دەدرێن و تەنانەت لە پلە بەرزکردنەوەکانیشیان بێبەش دەکرێن، وەک هاوڕێکانیان حسابیان بۆناکرێ بۆ کەمکردنەوەى ئەو سزا سیاسییە و غەدرانەى لەو ئەفسەرانە کراوە، ئێمە لە رێگاى وەزارەتەکانى پێشمەرگە و ناوخۆوە هەوڵمانداوە کە پلەبەرزکردنەوەکانیان رانەگیرێ و وەک هاوڕێکانیشان حسابیان بۆ بکرێت.

هۆبەری ئەفسەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتی دەکاتەوە، ئەم پلە بەرزکردنەوانەش لە رێگاى وەزارەتەکانى خۆیان بۆیان کراوە بەپێى هەمان یاسا و رێنمایی، کە ئەفسەرانى پارتى و یەکێتى پێ بەرزکراوەتەوە، واتە حەقێکە بۆیان گەڕاوەتەوە، نەوەک مافی خەڵکی دیکەیان لە دەرەوەی یاسا خواردبێت.