ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، رایدەگەیەنێت بڕیارەکەی دادگا دژی شێروان شێروانی، درێژکردنەوەی زنجیرەیەک ڕێکارە بۆ سنوردارکردنەوەی ئازادییەکان ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەرێم دەبێت، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەش دەکات.

ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای هەولێر و سزای چوارساڵ زیندانیکردن بۆ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بەندکراو شێروان شێروانی راگەیەنراوكی بڵاو کردەوە.

‎لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە بڕیارەکە درێژکردنەوەی زنجیرەیەک ڕێکارە بۆ سنوردارکردنەوەی ئازادییەکان کپکردنەوەی دەنگی ئازاد و بۆچونی جیاواز لە هەرێمی کوردستاندا، کە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەرێم و پرسی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم دەبێت.

‎ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەشداوە کە گۆڕان وەک هێزێکی سیاسیی مەدەنی و داکۆکیکار لە مافە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان و چالاکوان و رۆژنامەنوسان، بە ئەرکی خۆی دەزانێت لەسەر کەیسەکە بێتە دەنگ و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای هەولێر دژی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی دەکات، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تانەدان.

دەقی پەیامەکە
لێدوانێک لە ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

‎ئەمڕۆ (پێنجشەمە: ٢٠ی تەموزی ٢٠٢٣ )، دادگای هەولێر جارێکی دیکە و بە تۆمەتێکی دیکە، سزای چوارساڵ زیندانیکردنی بۆ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بەندکراو شێروان شێروانی دەرکرد.

‎لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەم بڕیارە درێژکردنەوەی زنجیرەیەک ڕێکارە بۆ سنوردارکردنەوەی ئازادییەکان کپکردنەوەی دەنگی ئازاد و بۆچونی جیاواز لە هەرێمی کوردستاندا، کە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەرێم و پرسی  سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم دەبێت.

‎گۆڕان وەک هێزێکی سیاسیی مەدەنی و داکۆکیکار لە مافە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان و چالاکوان و رۆژنامەنوسان، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم کەیسە و بێینە دەنگ داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای هەولێر دژی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی بکەین، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تانەدان.