رۆژنامەنوسێکی گەرمیان رایدەگەیەنێت؛ وەزیری دارایی ئامادەیی نیشانداوە کە هەر پڕۆژەیەک تێچوەکەی کەمتربوە لە 500 ملیۆن دینار، پارەکەی خەرج بکرێت بەبێ ئەوەی ناوی ببەن.

دڵشاد ئەنوەر، رۆژنامەنوسی دیاری گەرمیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە نوسینێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، کە دوای ئەوەی وەفدێک بۆ داواکارییەکانی کفری سەردانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمان کردوە، ناوبراو وتویەتی: کە هەر پڕۆژەیەک تێچوەکەی کەمترە لە 500 ملیۆن دینار، ئیمزای دەکەم و ناوم مەبەن، بۆ ئەوەی هەڵا دروست نەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کە وەزیری دارایی بەڵێنی زۆری دیکەی داوە و لە زۆر سێکتەر ھاوکار بوە.

هاوکات رۆڤان سەروەرت، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردوە، کە وەزیری دارایی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی وەزارەتەکەتیدا بە بەرچاوی ئیدارەی کفرییەوە رایگەیاندوە کە ئامادەیە تا 500 ملیۆن دینار هاوکاریی و پڕۆژە جێبەجێ بکات و داواشی کردوە ناوی نەهێندرێت.

دەشڵێت: ئەوەی کەمتەرخەم بوە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی کفری خۆیانن، چونکە هێندە بە دوای پڕۆژەی بچوک و بابەتی کەسییەوە بون لە ئۆتۆمبێل و نەسرییە و پێداویستی ناو فەرمانگە، ئەوەندە خەمی پڕۆژەی گەورە و سودی گشتیان نەبوە.

دوپاتیشی کردەوە کە رێگری سەرەکیش کە ھاتوەتە پێش کفری، بەڕێوەبەری بانکی سلێمانی بوە کە بە تەداخولی حیزب کەمترین پارە بۆ کفری خەرج دەکات.