بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانى لە جوتیارانى مانگرتووى کورد و تورکمان دەکات و دەشڵێت: پێویستە نوێنەرانى کورد لە بەغداد هەمو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان. لەبارەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانی عێراقیشەوە پەیامێک ئاراستەى پارتى و یەکێتى دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکى بزوتنەوەى گۆڕان کە پێکهاتبون لە دلیر عەبدولخالق وتەبێژى بزوتنەوەکە و د. محەمەد شوانى- رێکخەرى ژورى ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانى گۆڕان و حەکیم عوبێد- باژێروانى کەرکوکى بزوتنەوەى گۆڕان، لە تۆبزاواى شارى کەرکوک سەردانى خێمەى جوتیارانى مانگرتوى کورد و تورکمانیان کرد.
لە وتەیەکدا، دلێر عەبدولخالق رایگەیاند: لێرەین لەژێر خێمەى جوتیارانى کورد و تورکمان، پشتیوانیانین بۆ لابردن و نەهێشتنى ئەو دەستدرێژیانەى دەکرێتە سەر زەوى و زارى ئەو خەڵکە.
جەختیشى کردەوە، ئەوان وەک گۆڕان نەک تەنها پشتیوانى ئەو جوتیارانەن کە مانگێک و 11 رۆژە بەردەوامن، بەڵکو “ئەو خێمەیە، وەک خێمەى بەدیلى پارتە سیاسییە کوردستانییەکان دەبینن کە هەست بە بەرپرسیارێتى نیشتمانى ناکەن”.
وتەبێژى بزتنەوەى گۆڕان وتیشى،” ئەوەى ئەو جوتیارانە دەیکەن لە راستیدا ئەرکى پارتە کوردستانییەکانە، بۆیە پێویستە نوێنەرانى کورد لە بەغدا و کاربەدەستان لە حکومەتى عێراق و کوردستان هەموو ئەو میکانیزم و رێگایانە بگرنەبەر کە بەرەو چارەسەر دەڕۆن بۆ کێشەى جوتیارانى کورد لە کەرکوک”.
وتەبێژەکەى بزوتنەوەى گۆڕان پەیامێکیشى ئاراستەى پارتى و یەکێتى کرد و رایگەیاند، ئێمە لە داهاتویەکى نزیکدا روبەڕوى هەڵبژاردنێکى چارەنوسساز دەبینەوە کە ئەویش هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانە، بۆیە پێویستە یەکێتى و پارتى واز لە بەرژەوەندییە حزبییەکانیان بهێنن و بە روانینێکى نیشتمانیانەوە بەرەو ئەو هەڵبژاردنە بچن و هەمووان لە چوارچێوەى یەک لیستدا لە کەرکوک و موسڵ و ناوچەکانى سنورى ماددەى 140 یەکبگرن و بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.
جەختیش دەکاتەوە، ئەوان وەک بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ ئەوەدان هێزە کوردییەکان بەیەک لیست بچنە ناو هەڵبژاردنەکە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو کەناڵە سیاسی و حزبییەکان دەگرنەبەر.