سنورمیدیا_
لبژنەی ئاشتەوایی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی بەكارەكانی هێنا و ئەندامێكی ئەو لیژنەیەش دەڵێت” گەشبینم بەوەی پڕۆژەكە كاریگەری ئەرێنی دەبێت.
نزار مەحمود ساڵح، ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی بزوتنەوەی گۆڕان بە سنورمیدیای ڕاگەیاند، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە كاردەكەن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆشەی ئاشتەوایی و وتیشی”پڕۆژەكە فراوانە، قسەمان لەگەڵ زۆر كەس و گروپی جیاواز كردووە، هەم ئەو كەسانەی لە گۆڕان زویر بوون، هەم ئەوانەشی كەسایەتی و شارەزان و پێویستی كردووە بۆچوونیان وەربگرین”.
نزار مەحمود لەبارەی گفتوگۆكردن لەگەڵ سەركردە ناڕازییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان وتی”قسەمان لەگەڵ هەموویان كردووە، چەندین جار لەگەڵیان كۆبووینەتەوە، تێبینی و پێشنیارەكانیانمان بە هەند وەرگرتووە و لە پڕۆژەی ئاشتەوایی هەموویمان كۆكردووەتەوە”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاشتەوایی كە هاوكات ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە، گەشبینە بە پڕۆژەی ئاشتەوایی و پیشی وایە كاریگەرییەكی ئەرێنی دەبێت دەشڵێت” پڕۆژەكە نەرمی نواندنی زۆر تێدایە و تێبینی و سەرنجەكانی هەموو سەركردەو كەسایەتییە ناڕازییەكانی لەخۆی گرتووە، هیوادارین ئەوانیش نەرمی بنوێنن و دەسكەینەوە بە كاری پێكەوەیی”.
لیژنەی ئاشتەوایی بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەكی ئامادە كردووە، بڕیار وایە پڕۆژەكە ئاراستەی سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە بكرێت، لەو بارەیەوە نزار مەحمود وتی” پڕۆژەكە دەچێتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، پاشان لەوێ تاوتوێ دەكرێت و دواتر دەبێتە پڕۆژەیەك”.
ڕۆژی 8-2-2023، بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەی ئاشتەوایی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند” بزوتنەوەى گۆڕان داوا لە هاونیشتیمانیان و هەمو کارەکتەر و هەڵسوڕاوان و دەنگدەران دەکات “پێکەوە بە خۆداچونەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بکەین، بە هەمان گیانی ڕابردو دەست پێ بکەینەوە، هەر هەنگاو و بڕیارێکیش بۆ ئەو مەبەستە پێویست بکا، با بەیەکەوە بەرپرسیارێتی و دەرهاویشتەکانی داهاتوی بزوتنەوەکە بگرینە ئەستۆ، وا بکەین متمانەی دەنگدەرەکانمان و هاوڵاتیانی کوردستان بەدەست بهێنینەوە، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتیەکی گەورەی مێژوییە، بەم کارەش، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی بۆ گەلەکەمان -دور لە بەرژەوەندی کەسیی- ئەنجام ئەدەین”.
دەقی ڕاگەیاندراوەكە:
دەقى بانگەوازەکە:
بانگەوازێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە
وەک ئاشکرایە، هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بە دۆخێکی ناجێگیر و پڕکێشەدا تێئەپەڕێ، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان توشی بێ متمانەیی بون، تەنانەت حزب و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر و لەناو خودی خۆشیاندا، دامودەزگا فەرمییەکان، پەڕلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی پارێزگاکان، دادگاکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی و… هتد، نەیانتوانیوە لەو بێ متمانەییە بەدەر بن، بۆیە نەشیانتوانیوە هاوڵاتیان لە دۆخی بێ متمانەیی ڕزگار بکەن.
ئەمەش بوەتە هۆکاری ئەوەی، بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی و نەتەوەیی و، ژیان و بژێوی هاوڵاتیان و مافە کۆمەڵایەتییەکان لە پاشەکشەدابێ و بەرژەوەندی حزبی و کەسیی زاڵ بێت، زۆرجاریش بەرژەوەندی تاکەکەسی جێی بە هەمو ئەوانە لێژکردوە، هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق (٢٠٢١) ئەو راستیییەی دەرخست، چونکە سەرەڕای زۆری لیست و کاندیدی جیاجیا، شێوازی هەڵبژاردنەکە، گۆڕانکاری لە یاساکەدا، بە هەوڵی شیاو و نەشیاوی لیست و کاندیدەکانەوە، کەچی بە پێی ئامار و پێوەرە زانراوەکان (٧٠%)ی دەنگدەران بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان نەکرد، وە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی پارێزگاری لە ژمارەی دەنگدەرانی پێشوی خۆیان بکەن، ڕاستە هەندێکیان کورسییەکانیان بەهۆی دابەزینی نرخی کورسی زیادی کرد، بەڵام زۆربەیان لە چاو هەڵبژاردنی پێشووتردا، دەنگەکانیان کەمیکرد.
لەناو ئەم لایەنانەدا، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان نەمانتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنین! بێگومان هۆکارەکانی ئەم شکستە زۆرن، هۆکاری ناوخۆیی و تاکتیکی بزوتنەوەی گۆڕان هۆکاری سەرەکی بو، ئینجا هۆکاری بابەتی، لەو چوارچێوەیەدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخەی تێی کەوتوین؛ چەند هەنگاوێکمان گرتەبەر و ئۆباڵی شکستەکەشمان گرتەئەستۆ، کە هەر ئەبێ واش بێ، بەشێوەیەک بە قۆناغێکی سەختی ڕێکخراوەیی تێپەڕین و ئومێدمان بۆ سەرکەوتن لە دەستنەدا.
لەم سۆنگەیەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بۆ هەستانەوە بەردەوامە و لەسەر پڕۆژە و ئامانجەکانی خۆی سورە، بەو مەرجەی هەمومان بەیەکەوە بمانەوێ خواست و ویستی جەماوەرەکەمان لەبەرچاوبگرین و هەنگاوەکانمان وەڵامگۆی پێداویستیەکانی هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازان بێت، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی هۆکارە ناوخۆیی و بابەتییەکانە، دور لە گیانی ڕق و بەرژەوەندی کەسیی؛ بە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و بەرپرسانە دەتوانین ئەم دۆخە چەقبەستوە تێپەڕێنین.
لێرەوە بە پێویستی دەزانین، ئەم بانگەوازە ڕابگەیەنین و داوا لە هاونیشتیمانیان و هەمو کارەکتەر و هەڵسوڕاوان و دەنگدەران بکەین، کە پێکەوە بە خۆداچونەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بکەین، بە هەمان گیانی ڕابردو دەست پێ بکەینەوە، هەر هەنگاو و بڕیارێکیش بۆ ئەو مەبەستە پێویست بکا، با بەیەکەوە بەرپرسیارێتی و دەرهاویشتەکانی داهاتوی بزوتنەوەکە بگرینە ئەستۆ، وا بکەین متمانەی دەنگدەرەکانمان و هاوڵاتیانی کوردستان بەدەست بهێنینەوە، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتیەکی گەورەی مێژوییە، بەم کارەش، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی بۆ گەلەکەمان -دور لە بەرژەوەندی کەسیی- ئەنجام ئەدەین.
بزوتنەوەی گۆڕان
٨ی شوباتی ٢٠٢٣