سنورمیدیا – تایبەت

لاهور شێخ جەنگی، بڕیاریداوە لیستەكەی بەژداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكات و نزیكەكانیشی پێیان وایە ئەگەر خۆی كاندید بێت، دەتوانن دەنگێكی زیاتر كۆبكەنەوە.

“پڕۆژەی بەرەی گەل شكست دەهێنێت”

بۆ گەڕانەوە بۆناو سیاسەت، لەلایەن سەركردە سیاسییەكانی چواردەوری، پڕۆژەیەكی نوێی بۆ لاهور شێخ جەنگی، پێشنیازكرا، پڕۆژەی هاوپەیمانی “بەرەی گەڵ”.

پڕۆژەكە ناوەڕۆكەكەی بەژداریكردنی چەند حزبێكی سیاسی كورد و تورك و عەرەبە لە لیستێكی هاوبەشدا، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان، بەناوی “بەرەی گەل”، بۆ ئەم مەبەستەش لاهور شێخ جەنگی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كرد، هەروەها پڕۆژەكەشی بۆ تەواوی حزب و لایەنە سیاسییە كوردیی و عەرەب و توركمانەكان ناردووە.

سنورمیدیا زانیویەتی، تا ئەمڕۆ 1-7-2023، كە یەكەم ڕۆژی ناوتۆماركردنی هاوپەیمانییە سیاسییەكانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، هیچ حزبێكی سیاسی كوردستان وەڵامی لاهور شێخ جەنگیان نەداوەتەوە.

“بەتەنها دەچێتە ناو ململانێی هەڵبژاردنەكان”

هەرچەندە زۆربەی حزبە سیاسییە كوردییەكان لە ڕاگەیاندنەكانەوە دەڵێت” دەمانەوێت بە لیستێكی هاوبەش بەژداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكەین” بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە مەكتەبی هەڵبژاردنی سێ پارتی سیاسیەوە”پارتی، یەكێتی و كۆمەڵ” دەست سنورمیدیا كەوتووە، هیچ هاوپەیمانییەك بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێكنایەت و حزبە كوردییەكان بەجیا دەچنە ئەو ململانێیەوە.

لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی، لاهور شێخ جەنگی، پلانی دووەمی هەیە و بڕیاری داوە لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی سیاسی یان لە خراپترین حاڵەتدا بەتەنها، بچێتە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە.

“داوادەكەن خۆ كاندید بكات بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك”

هەرچەندە دەسەڵاتی سیاسی نەماوە، بەڵام هێشتا جەماوەرێكی زۆری هەیە، بەتایبەت لە شاری كەركوك، هەربۆیە كەسە نزیكەكانی پێشنیاری ئەوەیان بۆ كردووە، خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت و لە دوای هەڵبژاردنیش بكشێتەوە و لەبری خۆی ئاڵا تاڵەبانی بكاتە سەرۆكی فراكسیۆنی گەل، بەڵام تائێستا لاهور شێخ جەنگی، لەو بارەیەوە هیچ بڕیارێكی نەداوە.

“پارتی دژایەتی ناكات”

سەرچاوەیەك لە مەكتەبی دیراساتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سنورمیدیای راگەیاند، ئەوان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، هاوپەیمانی پێكناهێنن، بەڵام هەوڵیش دەدەن لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، گرژی لە نێوانیان دروست نەبێت بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی پارتی”بۆ ئەوەی كەشی هەڵبژاردنی ناوچە جێناكۆكەكان تێكنەچێت”.

سنورمیدیا ئەوەشی زانیوە، كە پارتی دەیەوێت لە دوای هەڵبژاردنەكان لە ئەگەری سەركەوتنی لاهور شێخ جەنگی، لە ناوبراو زیاتر نزیك ببێتەوە و بە هاوبەشی پۆستی پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی دیكە دیاری بكەن.

كە لە لوتكەی دەسەڵاتدابوو، نوسینگەكەی جمەی دەهات، ڕۆژانە سەدان سەركردەی سیاسی و كەسایەتی و سەرۆك عەشرە و هاوڵاتی سەردانیان دەكرد، بەڵام لەدوای ڕووداوەكانی 8ی تەمووز، زۆربەی ئەو كەسانە لە لاهور شێخ جەنگی دوركەوتنەوە، دیاریش نییە لەكۆتا سەركێشی سیاسیدا، لایەنگرەكانی پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی دەكەن، یان دووبارە بەتەنها دەمێنێتەوە.