سنورمیدیا –

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەیە، لەگەڵ دانانی سیستمی پریپەید، نرخی كارەبا گران بكات و تەنها بریكاری ئەو وەزارەتە دژی ئەو بڕیارەیە.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەیە، نرخی كیلۆاتێك كارەبا لە سیتییەكان كە بە 18 بۆ 25 دینارە بەرزبكاتەوە بۆ 156 دینار، بەواتایەكی دیكە ئەگەر خێزانێكی نیشتەجێبووی سیتییەكان پێشتر هەزار كیلۆوات كارەبای بە 25 هەزار دینار كڕیبێت، ئێستا دەبێت هەمان بڕ بە 156 هەزار دینار بكڕێت.

سنورمیدیا ئەوەی زانیوە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی كارەبا، كامیل قەزاز، بریكاری ئەو وەزارەتە لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان، تاكە كەس بووە كە بە توندی دژی گرانكردنی نرخی كارەبا بووە.

كامیل محەمەد قەزاز لە كۆبوونەوەكە وتوویەتی” ئێمە ناتوانین 24 كاتژمێر كارەبا بدەینە هاوڵاتیان، هاوڵاتیان پارەی كارەبای مۆلیدەش دەدەن، بۆیە ناكرێت نرخی كارەبای نیشتیمانیشیان لەسەر زیاد بكەین”.

نوێنەرەكەی بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیاری ئەوەی كردووە، نرخی كیلۆواتێك كارەبا بكرێتە 100 دینار، بەڵام بەمەرجی ئەوەی 24 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت”.