وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، کارەبای نیشتمانی زیاد دەبێتەوە و دەڵێت: “ڕۆژی 17ی ئەم مانگە، 700 مێگاوات کارەبا زیاد دەبێتەوە.”
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “ئێستا قۆناغی دووەمی پرۆسەی چاکسازیی کۆمپانیای داناگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، بەرەو کۆتایی دەچێت و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.”
ئاماژەی بەوەش دا: “ڕۆژی 17/6/2023، پڕۆسەکە كۆتایی دێت و دۆخی کارەبا بە تەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە، 600 تاوەکوو 700 مێگاوات کارەبا زیاد دەبێتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی دەبێت.”
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا جەختی لەوەش کردەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا دوای ئەو پڕۆسە دەبێتە چوار هەزار و 200 مێگاوات كارەبا.
کۆمپانیای داناگاز لە ڕۆژی 22ی ئایاری رابردوو دەستی بە پڕۆسەی ساڵانەی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کردووە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر کەم بووەتەوە.
کۆمپانیاکە رۆژانە 150 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات.
وەزارەتی کارەبا دووپاتی کردووەتەوە: “لە ماوەی پڕۆسەی چاکسازییەکەدا، هەوڵی داوە کەمبوونەی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمترین کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان هەبێت، بەهۆیەوە پێدانی كارەبا بە كارگە گەورەكان ڕاگیراوە.”