وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران زیاتر دەکرێت و سبەینێش لەو بارەیەوە کۆتا بڕیار دەدرێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم بە کەی ئێن ئێن-ی راگەیاند؛ پێشتر ئەو بڕەی بۆ هەرێم دیاریکرابو بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، بڕەکەی 375 هەزار تۆن گەنم بو کە ئەوەش ناڕەزایەتی جوتیارانی لێکەوتەوە، دوای ئەوە بەدواداچونمان کرد و داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە پێداچونەوە بەو بابەتەدا بکەن.

وتیشی: سبەینێ لە کۆبونەوەی نێوان وەزارەتی بازرگانی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، ئەو بڕە یەکلادەبێتەوە کە بە دڵنیاییەوە لەو بڕە زیاتر دەبێت کە بۆ جوتیاران دیاریکرابو پێشتر.

سەبارەت بە هەڵگرتنی گەنمی جوتیاران، وەزیری بازرگانی دڵنیایی دا کە گرفتیان لە وەرگرتنی گەنم نیە، بەڵام شوێنیان کەمە و ئێستاش سێ سایلۆ هەن کە نەکراونەتەوە، بە کردنەوەی ئەو سێ سایلۆیە، کێشەی هەڵگرتنی گەنمی جوتیارانیش نامێنێت.

لەبارەی پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران، کەمال موسلیم وتی: جوتیاران لە ماوەی دو هەفتەدا بڕە پارەی گەنمەکانیان وەردەگرن و هیچ دواکەوتنێک لە شایستە داراییەکانیان رو نادات.