بەرپرسی یۆنامی لە هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و قوڵبونەوەی کێشەکانی پارتی و یەکێتی ئاڵۆز و مەترسیدارە و لەبری چارەسەری کێشەکان، قەیرانی نوێ دروست دەکەن.
دلێر عەبدولخالق، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دوای کۆبونەوەی لەگەڵ ڕیکاردۆ ڕۆدریگێز، بەرپرسی نوسینگەی یۆنامی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ بەرپرسەکەی یونامی کە پێش سەردانەکە جیا لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆببوەوە، جەختی کردەوە لەوەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و قوڵبونەوەی کێشەکانی پارتی و یەکێتی ئاڵۆز و مەترسیدارە، چونکە ئاڵنگارییەکانی بەردەم جیهان و عێراقیش جدین، بەڵام هەرێمی کوردستان لەبری دروستکردنی کۆدەنگی و هەنگاونان بۆ چارەسەری کێشەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم سازان و لەیەکگەیشتن؛ کێشە و قەیرانی نوێ دروست دەکەن و بیر لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان ناکەنەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان جەختی کردەوە لە کۆبونەوەکەدا پێداگرییان کردوە لەسەر گەڕانەوە بۆ سازان پەیوەست بەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە لەسەروی هەمویان هەمواری یاسای هەڵبژاردن و بە کردار لابردنی ئاستەنگەکان، هاوکات بەردەوامبونی فشارەکانی یۆنامی و نێردە نێودەوڵەتیەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە لەناوخۆدا و گەڕانەوە مانا و ئەرک بۆ دامەزراوەکان و لابردنی تەدەخولە حیزبی و کەسیەکان لەسەر دامەزراوە نیشتیمانییەکان.