وەزیری پیشەسازی و بازرگانی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ سایلۆکان ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و پێشبینیش دەکات بەرهەمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێم زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار تەن بێت.

دلێر عەبدولخالق، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ بەداواداچونی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و داواکاری ژمارەیەک جوتیاری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کەمال موسلیم، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی حکومەتی هەرێم کۆبوەوە.

دلێر عەبدولخالق بە کەی ئێن ئێن-ی راگەیاند؛ بەپێی وتەکانی وەزیری پیشەسازی، پێشبینی دەکرێت، ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆن و پێنجسەد هەزار تەن بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم بێت و حکومەتی عێراقیش بڕیاریداوە؛ هەمو بەرهەمەکە بە نرخی (٨٥٠ دینار بۆ هەر کیلۆیەک و ٨٥٠ هەزار دینار بۆ هەر تەنێک) وەربگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەناوخۆی هەرێمدا بەرهەمەکە لە ڕێگەی (٩) سایلۆوە وەردەگیرێت، پارێزگای هەولێر یەک سایلۆ، پارێزگای سلێمانی چوار سایلۆ، پارێزگای دهۆک چوار سایلۆ و جوتیارانیش داوادەکەن وەزارەتی پیشەسازی و بارزگانی پێداویستی سایلۆکان دابین بکات و میکانیزمی وەرگرتنی بەرهەمەکان ئاسان بکەن.

لای خۆیشییەوە وەزیری پیشەسازی و بازرگانی جەختی کردەوە؛ سایلۆکان ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و بڕیاردراوە هەمو کارئاسانییەک بۆ جوتیاران و ئەو پرۆسەیە بکرێت.