وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت؛ ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادەکراوە بۆ ئەوەی کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەمو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت.

کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان کردوە بە شێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت.

وتیشی: دەستنیشانکردنى پشکنەرى تایبەت لەهەمو بەرێوەبەراتیەکانى کاردا بۆ بەدواداچونى جێبەجێکردنى برگەکانى یاساى کار و دڵنیا بون لە پارێزراوى مافى کرێکاران باشترین نمونەى داکۆکیکردنى وەزارەتمانە لەسەر هەماهەنگى و پاڵپشتیکردنى خەباتى کرێکاران.

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵاتی رونیکردەوە، وەزارەت ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کردوە، تاکو کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەمو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. بۆ گەییشتن بەم ئامانجەش وەزارەت هەڵساوە بە زیادکردنى ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆیەکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەمو کرێکارانى کەرتى تایبەت.