لەبارەی 400 ملیار دینارەکە، وهزارهتی دارایی ڕوونکردنەوە دەدات و جەختیش دەکاتەوە كه پارهكه بۆ مووچە خەرج دەکرێت.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 23ی3ی2023، لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی 400ملیار دینارەکە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە.”
وەزارەتی دارایی روونكردنهوهیهكی بڵاو كردهوه و تێیدا هاتووه، “بە پێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.”
١- بڕی ئەو 400 ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی 2022 بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند هۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
٢- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ڕۆژی 14ی ئادار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو 400 ملیار دینارەکە تەنها بۆ مووچە هاتووەو بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.
٣- جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوەو خەرج دەکرێت هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە.
٤- بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە کە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنها 340 ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە گەڵ 400 ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوەو ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، هەروەکوو چۆن پێشتر کراوە..