سنورمیدیا – فەرهەنگ فەرەیدون
هاوڕێ كوڕە ونبووەكەی هەڵەبجە، دەیەوێت بە سوڵحی عەشایەری ببێت بە كوردەوان و مەحمود فەتاحیش سوڵحی عەشایەری رەتدەكاتەوە و دەڵێت” بابەتەكە زانستییە”.
ڕۆژی 15ی ئەم مانگە، دادگای هەڵەبجە بڕیاریدا هاوڕێ كوڕە ونبووەكەی هەڵەبجە “كوردەوان”ی كوڕی مەحمود فەتاح_ە، بەڵام پاش كەمێك مەحمود فەتاح رایگەیاند”كوردەوانی كوڕی مردووە و هاوڕێ وەك كوڕی خۆی قبوڵ ناكات”.
سنورمیدیا زانیویەتی، پاش ئەوەی هاوڕێ لە لایەن مەحمود فەتاح، رەتكراوەتەوە، هاوڕێ لەڕێگەی چەند كەسایەتییەكی دیاری هەڵەبجە و ئەو خزمانەی مەحمود فەتاح، كە بڕوایان بە بڕیارەكەی دادگا هێناوە، هەوڵیداوە لەڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەری كێشەكەی لەگەڵ مەحمود فەتاح بكات.
سنورمیدیا ئەوەشی زانیوە، مەحمود فەتاح، بە هەموو شێوەیەك سوڵحی عەشایەری ڕەتكردووەتەوە و وتوویەتی” بابەتەكە زانستییە و دەبێت دووبارە بە ئەنجامدانەوەی پشكنینی DNA، ئەم پرسە یەكلای بكرێتەوە”.
تائێستا دیار نییە كەی دووبارە پشكنینی DNA، بۆ هاوڕێ و مەحمود فەتاح، ئەنجام دەدرێتەوە، بەڵام ئەوەی كە دیارە هەردووكیان گومانیان لەیەكتر هەیە و یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە گۆڕینی ئەنجامی پشكنینەكان.