بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی عێراق شەپۆڵێکی بەفر و بارانی چڕ روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و ئەگەری هەیە پلەکانی گەرما بۆ خوار سفری سیلیزی داببەزن.
دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، لەمڕۆوە شەپۆڵێکی سەرما و باران روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و باران و بەفر زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بۆ سفر و ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن.

لەلایەکی دیکەوە، ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی ئاماژەی بەوەدا، لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو شەپۆڵێکی بەفربارین روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و کاریگەری زۆری ئەم شەپۆلە لەسەر پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ناوچانەی ٥٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن زۆرترین رێژەی بەفرییان لێدەبارێت و تا رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم لە ماوەی ١٢ کاتژمێری رابردوودا زۆرترین رێژەی باران بارین لە ناوچەی بارزان بووە کە ٢٢ ملیمەتر باران باریوە و کەمترین رێژەی باران بارینیش ٠.٢ ملیمەتر بووە لە قەزای خەبات.