شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی دەكات، كەشوهەوای ئەم هەفتەیەی هەرێمی كوردستان سەقامگیربێت لەگەڵ هاتنی بارستە هەوایەكی ساردو وشك و هەروەها لە سەرەتای هەفتەی داهاتو شەپۆلێكی باران بارین تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوەو بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، “لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری ئەو بەرزە پاڵەپەستۆیەی لەسەر باکوری ناوچەکە جێگیربوە کەشی ھەرێم بەدرێژایی ئەم ھەفتەیە بەسەقامگیری ئەمێنێتەوە.”
وتوشیەتی”لە سبەی ئێوارەی یەکشەممەوە ٢٢-١-٢٠٢٣ لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەکی ساردو وشکی سیبیریا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان، بایەکی وشک و سارد ناوچە شاخاوییەکانی رۆژھەڵات و باکوری رۆژھەڵاتی ھەرێم ئەگرێتەوەو بەھۆیەوە پلەکانی گەرما تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر بەرێژەی ٢ تا ٥ پلە نزمبونەوە بەخۆیانەوە ئەبینن.”
ئەوەشی خستۆتەڕو”خێرایی با ناوبەناو لەگەڵیدا چالاک ئەبێت بەخێرایی ١٥ تا ٣٥ کم/س ، لەتەواوی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمدا پلەکانی گەرما ١ بۆ ٢ پلە نزمدەبنەوە و رۆژی پێنجشەمە ٢٦-١-٢٠٢٣ کۆتایی بەکاریگەری ئەم وشکە سەرمایە دێت.”
لەبارەی كەشوهەوای هەفتەی داهاتو، ئاراس جەبار وتویەتی”لەسەرەتای ھەفتەی ئایندەوە کاریگەری شەپۆلێکی چالاکی بارانبارین لەدەریای ناوەڕاستەوە بۆ سەر تەواوی ناوچەکانمان درێژ ئەبێتەوە، ئەگەر ھەیە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوامی ھەبێت.”