شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد کە لەدوای ناوەڕاستی ئەم مانگەوە چلەی زستان دەستپێدەکات و بەفر لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان و تەواوی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11/1/2023، شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: “لەدوای ناوەڕاستی ئەم مانگەوە چلەی زستان دەستپێدەکات و چل ڕۆژ بەردەوام دەبێت واتا دوای ڕۆیشتنی 25 ڕۆژ لە زستان، چلەی زستان دەستپێدەکات و 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکەین چلە کاری خۆی بەتەواوی بکات”.
ئەوەشی خستووەتە روو: “دەرکەوتنی ئاماژەی بەهێز بۆ هاتنی سەرمای بەهێز و بارینی بەفر بۆ ناو شارەکان و تەواوی ناوچە شاخاوییەکان بەشێوەی بەرفراوان لەناو چلەی زستاندا”.
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشیگەیاندووە: “لەمەودای هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە و هەفتەی سەرەتای مانگی دوو بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکانی ئێستا لەم مەودای ئەم دوو هەفتەیەدا بارستە هەوای بەرفراوانی سارد شۆڕ دەبێتەوە و شێی باش لەئاردایە و هەلومەرج تەواو گونجاوە بۆ شۆڕبوونەوەی بەفر بەرەو نزماییەکان و سەنتەری شار و شارۆچکەکان و تەواوی ناوچە شاخاوییەکانیش لەگەڵ دەستپێکی یەکەم بارستە هەوای ساردی بەهێز و توند”.