ئارام قادر، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی، لە گفتوگۆیەك لەگەڵ سنورمیدیا، ئاماژەی بەوەكرد، ئەو كەسانەی دژی ئەو بەیاننامەیان دەركردووە، پێشتر پەیوەندیان بە هەندێك حزبی دیكەوە كردووە و ئەوانیش لێیان بەگومان بوون.

 

ئارام قادر لە چاوپێككەوتنەكەدا لەبارەی وەرگرتنی پارە ئۆتۆمبێل لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی قسەدەكات و پێشی وایە دۆخی هەرێمی كوردستان “بەرەو هەڵدێر دەڕوات”.

 

دەقی چاوپێككەوتنەكە:

 

سنورمیدیا: لەماوەی رابردوو ژمارەیەك ئەندامی هاوپەیمانی رایانگەیاند لە سەرۆكی حزب دورخراویتەتەوە، بەڕێزتان چی دەڵێن لەو بارەیەوە؟

 

ئارام قادر: ئەوەی ڕوویدا بەلای ئێمەوە نە كێشەیە و نە جیابوونەوەیە.

هەموو حزبێك ئەم كێشانەی یەت بەسەردا، دوو كەس دەڕوا و چوار كەسی دیكە دێن، ئەمە بەسەر زۆربەی حزبە كوردییەكانی باشور هاتووە، بۆ ئێمەش شتێكی ئاساییە.

ئەمە مەیدانی سیاسییە، تاكەكان دەكەونە ژێر كاریگەری خەڵكی دیكە یان پۆست و ماددە، لەبەر ئەوە دوو كەس سێ كەس واز بهێنێت و دوور بكەوێتەوە، زۆر ئاساییە.

ئەوانەی بەیاننامەكەیان دەركرد زۆربەیمان نەدەناسی و هیچ پلەو پۆستێكیشیان نەبوو هاودیدیش نەبوون، ئەو دوو سێ كەسەی دیكەش كە لەوێ بوون، ماوەی شەش مانگ زیاتریش دەبێت متمانەمان پێیان نەمابوو، بانگهێشتی كۆبوونەوەكانمان نەدەكردن پرسورای سیاسیمان پێنەدەكردن و ئەوانیش ئاگایان لە هاوپەیمانی نەبوو، ئەوانیش وەك كاردانەوەیەك هەستان بە دەركردنی ئەو بەیاننامەیە.

ئێمە گرنگی بەو بەیاننامەیە نادەین و سەرقاڵی كاری خۆمانین.

 

سنورمیدیا: بۆچی متمانەتان بەو ئەندامانەی هاوپەیمانی نەمابوو، دەتوانین زیاتر لەو بارەیەوە ڕوونكردنەوە بدەن؟

 

ئارام قادر: ئێمە گومانمان هەبوو كە سەرقاڵی مامەڵەن لەگەڵ چەند حزبێكی سیاسی، زۆر ئاساییە سەركردایەتی گومان و سەرنجی لەسەر ئەندامێكی هەبێت، هەربۆیە ئێمە ماوەیەك فەرامۆشمان كردبوون.

ئەوەی ڕوویدا دەستی حزبی دیكەی سیاسی لەپشتەوە بوو، كاری سیاسی لە هەرێم بەو شێوەیە، بەرژەوەندی دەخەنە بەردەم ئەندامانی حزبەكانی دیكە، بە پلە و پۆست و زۆرجاریش بە هەرەشە بۆ ئەوەی واز لە حزبەكەیان بهێنن.

 

سنورمیدیا: ئەوەندەی بزانم سەرقاڵی بەستنی كۆنگرەن، كارەكان بەكوێ گەیشتوون؟ بڕیاری ئەوەت داوە دووبارە خۆت بۆ سەرۆكی هاوپەیمانی هەڵبژێریتەوە؟

 

ئارام قادر: لیژنەیەكی چواركەسیمان داناوە بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ، دوای كارەكانی ئەوان كۆنگرە ئەنجام دەدەین.

 

تائێستا بڕیاری ئەوەم نەداوە خۆم هەڵبژێرمەوە، بەرپرسیارێتی لە هاوپەیمانی ئەركێكی قورسە، وەكو بەرپرسی دیكەی حزبەكان نین پلە و پۆست و پارە ببەخشنەوە، بەڵكو لە هاوپەیمانی ئەوەی دەبێت بە سەرۆك دەبێت خۆی پارە خەرج بكات.

 

من زۆر خۆشحاڵ دەبم هەركەسێك بێتە پێشەوە و خۆی كاندید بكات بۆ سەرۆكی هاوپەیمانی، بەدڵنیاییەوە دەنگیشی پێدەدەم.

دەمەوێ ئەوەش بڵێم بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی، كەسێك تەنها دوو خول بۆی هەیە خۆی كاندید بكات بۆ پۆستێك، ئەو بڕیارەی پەیڕەوی ناوخۆ هێڵی سورە و لەبەر هیچ كەسێكیش ناگۆڕدرێت.

 

سنورمیدیا: سەرچاوەی دارایی هاوپەیمانی لەكوێوە دێت؟

 

ئارام قادر: ئێمە سەرچاوەی دارایمان نییە، بەڵكو هاودیدان لەناو خۆیاندا پارە كۆدەكەنەوە، هەروەها كۆمەڵێ خێرخواز و هاوكار هەن لەناو هاوپەیمانی و دەرەوەی هاوپەیمانی، پشتیوانی هاوپەیمانی دەكەن، تەنها سەرچاوەی دارایی هاوپەیمانی ئەمانەیە كە بۆم باسكردی.

 

سنورمیدیا: لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراق، ڕێككەوتنێكتان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان واژۆ كرد، ئەو ڕێككەوتنە بۆ جێبەجێ نەكرا؟

 

ئارام قادر: ئێمە ئەو ڕێككەوتنەمان كرد بۆ ئەوەی كاری سیاسی و هاوكاری یەكدی بكەین، هەر هەشت خاڵی ڕێككەوتنەكەش لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستانە.

ئێمە وەك هیچ حزبێكی دیكە ناكەین، هەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ هەر حزبێك بكەین بە ئاشكرا دەیكەین و بۆ بەرژەوەندی خەڵك دەیكەین.

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە، ئێمە بارودۆخی یەكێتیمان لەبەرچاو گرتووە، پێشتر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریان لەپێش بوو و دۆخی ئێستاشمان لەبەرچاو گرتووە، هەربۆیە چاوپۆشیمان كردووە لەجێبەجێ كردنی ڕێككەوتنەكە و ڕێككەوتنەكە بە كراوەیی ماوەتەوە.

 

سنورمیدیا: دەوترێت لە بەرامبەر پشتیوانی كردنتان لە  یەكێتی لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراق، ئۆتۆمبێلێكی جۆری لانگلۆزەرتان وەرگرتووە؟

 

ئارام قادر: ئەوە دەنگۆیانە هیچ راست نین، ئەوانەشی ئەو بانگەشانە دەكەن با بەڵگەیەكمان پێشكەش بكەن.

ئێمە كە چووینە لای یەكێتی من خۆم بەتەها نەبووم، چوار سەركردەی هاوپەیمانیم لەگەڵ بوو، ئەگەر هەر شتێكم وەرگرتبێت، ئەوانیش دەیانزانی.

 

سنورمیدیا: كاك ئارام، دەوترێ پەیوەندییەكانت لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم زۆر باشە و تەنانەت یەكەیەكی نیشتەجێبونیشی بە دیاری بۆ كڕیویت، قسەت چییە لەسەر ئەمە؟

 

ئارام قادر: ئەسڵ و ئەساسی نییە، ئێمە لەگەڵ هەموو حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانمان زۆر باشە، هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی نییە.

ئەم ماوەیە هەڵمەتێكی زۆر نەخوازراو كراوەتە سەرمان، هەڵمەتەكە هەمووی دۆرو بوختان و هەواڵی ناراست و چەواشەكارین.

ئێمە لەسەر بنەمایەكی ئینسانی ئەم حزبەمان دامەزراندووە، ڕێز لە بیروبۆچونی خۆمان دەگرین، نامانەوێت وەڵام بدەینەوە یان تەشهیر بە هیچ كەس بكەین، هەرچەندە چەند كەسێكی دیاریكراو زۆر بە نارەوایانە هێرشیان كردووەتە سەرمان.

 

دەنگۆی پێدانی پارە و كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون لە لایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ من، زۆر زۆر دوورە لە راستییەوە، ئەوانەشی وادەڵێن با بەڵگەكانیان پێشكەش بكەن.

 

سنورمیدیا: بەڕێزت لە قسەكانتدا وتت پەیوەندیتان لەگەڵ هەموو حزبە سیاسییەكان باشە، بەڵام پێشتر باست لەوەكرد كە بە پلانی حزبی دیكە چەند ئەندامێكی هاوپەیمانی بەیاننامەیان لە دژی بەڕێزتان بڵاوكردووەتەوە، ئەگەر پەیوەندیتان باشە بۆ ئەم كارەیان كردووە؟

 

ئارام قادر: بەراستی ئەوە سروشتی سیاسەتە لە هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵت دادەنیشێت و پێشوازیت لێدەكات و دەستی هاوكاریت بۆ درێژ دەكات، بەڵام لە ژێرەوە قاچت دەبڕێتەوە، لەبەر ئەوە ئاساییە بارودۆخی هاوشێوە لە هەرێمی كوردستان رووبدات.

 

سنورمیدیا: دۆخی هەرێمی كوردستان باش نییە، پەیوەندییەكانی هەردوو حزبی باڵادەست باش نین، هاوپەیمانی هیچ هەوڵێكی داوە بۆ باشتركردنی بارودۆخەكە؟

 

ئارام قادر: پێش هەمووشتێ ئێمە یەكێتی و پارتی ئاگادار دەكەینەوە هەرێمی كوردستان لەبەردەم قەیرانی گەورەی دارایی، سیاسی و كارگێڕیدایە، ئێمە هەموو حزبەكانی بەژدار لە حكومەت ئاگادار دەكەینەوە، ئەگەر زوو فریای بارودۆخەكە نەكەون، هەرێمی كوردستان توشی هەڵدێر دەبێت.

 

لە لایەكی دیكەوە ئێمە هەوڵ دەدەین خەڵكی هەرێمی كوردستان هۆشیار بكەینەوە بەوەی ئەم سیستەمەی كە هەیە ناڕێكە، ئەم بەڕێوەبردنە كوردستان بەرەو قەیرانی زیاتر دەبات.